په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

چارەنووسی کورسیەکەی سەرۆکی هەرێم بەرەو کوێ؟


(سەرنجێک لە کێشەکانی هەرێم و هەوڵەکانی بارزانی)


زانا بەهرام    

دەسەڵاتی بارزانی.


بەو پێیەیی بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و گەورەترین دەسەڵاتی ئەم هەرێمەیە ، کەواتە راستەو خۆش و بەرپرسە لەبەرامبەر هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی کە روبەرووی ئەم هەرێمە ئەبنەوە ،بارزانی بەرپرسی یەکەمە لە بەرامبەر چارەسەرکردنی کێشەی ئەمنی و سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و هەتا دەگاتە کێشەی کەلتوری و جڤاکی ..هتد ، چونکە بارزانی بەدەر لەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە ، هاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە ، کە ئەمرۆ ئەم پارتە زۆرترین کورسی هەیە لەپەرلەمانی کوردستان دا و جڵەوی دەسەڵاتی ئەم هەرێمەی بەدەستە ، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، کەئەویش ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و هاو کاتیش زاوا و برازایی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە ، بۆیەش شتێکی نامۆ نابێت ئەگەر کۆیی ئەم کێشەو قەیرانانە رووبەروو بارزانی بکرێنەوەو بە بەرپرسی یەکەمی بزانین.

 


بارزانی وکێشە ناو خۆییەکانی هەرێمی کوردستان.


ئەگەر سەیری واقعی ئێستایی کوردستان بکەین ، دەبیینن رۆژ لە دوایی رۆژ توورەیی و نارەزاییەکانی خەڵک روو لەزیاد بوونن ، بەجۆرێک ئەگەر تادوێنێ ئەم نارەزایەتییانەی خەڵک لە سەر روپەری رۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەرە ئەلیکترۆنییە سەربەخۆکانەوە بوبێت ، بەڵام ئەمرۆ شێوە وقەبارەی نارەزاییەکانیش گەورە وگۆراون، بەجۆرێک کاریگەری ئەم توورەییەی خەڵک دەزگا راگەیاندنەکانی خودی راگەیاندنی دوو حیزبە دەسەڵات دارەکەی کوردستانیش گرتۆتەوە، چیتر راگەیاندن و ئۆرگانەکانی ئەم دوو حیزبە توانایی شاردنەوە وبچووک کردنەوەی ئەم نارەزایەتیەیان نەماوە و ناتوانن نەبن بە مینبەری بەشێک لەم نارەزایەتی و گلەیی و تورەییه‌ی خەڵک ،لە مەر دابین نەکردنی پرۆژەخزمەت گوزارییەکانی رۆژانە وەک کارەبا ، ئاو ، فەرامۆش کردن و چاک نەکردنی رێگاو بانەکان و دەیان کێشەی تری وەک ناعەدالەتی ئابوری و کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و بێکاری و نەبونی پلانی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوشتوکاڵیی و نشتەجێبوون و پەروەردەیی و کێشەی گەنجان و ژنان ......هتد هەروەها زەق بوونەوەو پەرەسەندنی دیاردەی گەندەڵی لەسەرجەم دام ودەزگا و ئۆرگانەکانی حیزبی وحکومیی ئەم هەرێمە ، بەجۆریک کە بارزانی درکی بە هەستیاری و گەورەیی دیاردەی گەندەڵی کردووە ، کە وەک مەترسیەک رووبەریی بۆتەوە ، بۆیە لەچەند رۆژی رابوردوو دا گرینگی دامەزراندین دەزگای دەستپاکی بۆ هەرێمی کوردستان بە پێویستییەکی هەنوکیەیی زانیووە.

 

ئەوەی بۆتە جێگەی سەرنج ئەوەیە ئەگەر تائێستا تورەیی و نارەزاییەکانی خەڵک لەمەر نەبونی پرۆژەی خزمەت گوزاری رۆژانەو دیاردەی گەندەڵی بوبێت ، بەڵام ئەمرۆ ئەم نارەزاییەتیانە بوعدێکی سیاسیشی وەرگرتووەو رووەو دروست بوونی رایی گشتی هەنگاو دەنێ لە کوردستان، بەو پێیەی لە بەرواری 1012009 چوار پارتی سەرەکی کە بریتی بوون لە : یەکگرتوویی ئیسلامی ، حیزبی سۆسیالیست ، کۆمەڵی ئیسلامی ، حیزبی زەحمەتکێشان ، راپۆرتێکی رەخنە ئامێزیان بەدژی سەرۆکایەتی هەرێم وحکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دا بلاو کردەوە ، سەبارەت بە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و ئەو کێشەو مەترسیانەی کە روو بەروویی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە ،هەروەها کارا نەبونی ئەدایی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە بەغدا ، بۆ بەدەست هێنانی مافە دەستوورییەکانی کورد ،هەروه‌ها ناڕوونیی لە دابەشکردنی ئابوری لە هەرێمی کوردستان ...هتد ئەوەی کە لە هەمووی زیاتر جێگەی سەرنجە لەم راپۆرتە دا ئەوەیە ، کە ناراستەو خۆ رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیار لەمەر چارەسەرنەکردنی ئەم کێشانە ، کە نەیتوانیوە سێبەری حیزبایەتی لە سەر ئەدائی کارەکانی کاڵ بکاتەوە و نەیتوانیوە وەک سەرۆکی هەموو هەرێمی کوردستان رۆڵ ببینێت ، بۆیەش لە راپۆرتەکەیان دا داوایی دەست لە کار کێشانەوەی سەرۆکی هەرێم دەکەن ،لە پلە حیزبیەکەی.

 

ئەگەر چی ئەم باسە دەهێنێ زۆر قسەی لە بارەوە بکرێ ، بەڵام ئەوەی مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەیە لەم بارەیەوە ئەوەیە ، کە توانا و دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم کەوتۆتە رۆژەڤەوە ،چونکە ئەم چوار پارتە لەکاتێکدا دەنگ هەڵ دەبرن و راپۆرت بڵاو دەکەنەوە ، کە هەر چوار پارتەکە ئەندامی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکانی کوردستانن ، کە سەرۆکی هەرێم سەرۆکایەتی دەکات ، کە پرسیار و گومانەکانیش لێرە دا دروست دەبن ، کە ئەگەر سەرۆکی هەرێم نەیتوانیبێت رۆڵی خۆیی بگێرێ لە ناو ئەو ئەنجومەنەدا و سەرەنجامەکەی بەوە شکابێتەوە کە ئەندامەکانی داوایی دەست لەکار کێشانەوەی لێبکەن ؟! چۆن بتوانین چاوەروانی رۆڵی زیاتر و کارا تر لە سەرۆکی هەرێم بکەین ، لەبەرامبەر چارەسەر کردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە لایەک و هەرێم و وڵاتانی دراوسێ لەمەر کێشەی پکک و پژاک لە لایەکی تر و راستکردنەوەی ئەو وێنە ناشیرنەی حکومرانی لە هەرێمی کوردستان ،کە لە ئەنجامی سیاستە هەلەکانی پارتی ویەکێتی دروست بووە لە لایەن بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئیقلیمی و ئەوروپی و هەتا لە لایی بەشێکی زۆر لە ناوەندە سیایسی وبریار بەدەستەکانی ئەمرۆیی ئەمریکا و ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگایی مەدەنی و دیموکراسی ...هتد ، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لە قەبارە و هەمەلایەن بوونی ئەم کێشانە و لێدوان و سیاسەتەکانی سەرۆکی هەرێم لەبارەیانەوە ، دەگەینە ئەو برواییەی کە بڵێین لە توانایی سەرۆکی هەرێم دا نەماوە بتوانێ جڵەوی کۆنترۆڵکردنی هەموو ئەم کێشانە بکات.

 


بارزانی و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.


لەدوایی روخانی رژێمی سەدام و هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی ئێراق ، هەر لە کابینەی حکومەتەکەی عەلاوی و ئیبراهیم جەعفەرییەوە دواجاریش کابینەی حکومەتەکەی نوری مالکی ، پرس و دۆسیە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک جێبەجێ کردنی مادەی 140 و پرسی پێشمەرگەو مەسەلەی فیدراڵی و دواتریش کێشەی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم ..هتد نەک تەنها بەهەڵ پەسێردراویی ماوەتە و رووەو چارەسەرکردن نەچوون ، بەڵکو هێندەی تر رووەو ئاڵۆزی و گرژی چووە ،بەتایبەت لە شەش مانگی رابوردو ئەم کێشانە رەهەندێکی ئیقلیمی وتارادەیەک نێو دەوڵەتیشی وەر گرتوە، بۆیەش چارەسەرکردنیان هێندەی تر ئاڵۆز بووە ، ئەوەی کە قەبارەی کێشەکانیشی گەورەتر دەرخست و ئاڵۆز بوونی زیاتری بە دوایی خۆیی دا هێنا ئەوە بوو ، کە بەرپرسانی هەرێم و نوری مالکی بەبەیاننامە لە دژی یەکتر بنوسن و هێرش بکەنەسەر یەکتر و بەکەم تەر خەم و دەرچوو لە یاساو دەستور یەکتر تۆمەت بار بکەن ، بەشێوەیەک ئێستا کار گەیشتۆتە ئەوەی کە لە راگەیاندنە ناوخۆیی و بیانیەکانەوە چەند جارێک نوری مالکی و سەرۆکی هەرێم لێدوانی توند لە دژی یەکتر بدەن .

بێگوومان ئەگەر بمانەوێ کۆیی ئەم قەیران و کێشانە بخەینە ئەستۆیی بارزانی بەتەنها ، بێگوومان هەم بێ ویژدانییە بەرامبەر هەوڵەکانی بارزانی لەم نێوەندە دا ،هەم بێ دیقەتییە لە هەوڵەکانی بارزانی ، چونکە وەک دەزانین بارزانی هەر لە سەرەتایی دامەزراندنی ئەنجوومەنی حکوم لە دوایی روخانی رژێمی سەدامەوە ، دواتریش نوسینی دەستوری کاتی ئێراق و هەتا دووبارە نوسینەوەی دەستووری دائیمی ئێراق ، رۆڵی زۆر باشی بینی ، بۆ دەستە بەر کردنی بەشێکی زۆر لە مافەکانی کورد لەم دەستوورە دا ، بەڵام ناکرێت بەشێکی زۆر لە هەڵەو کەم تەرخەمیەکان نەکەوێتە ئەستۆیی بارزانی ، چونکە بەو پێیەی بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە ، لە هەمان کاتیشدا بەهاوبەشی لەگەڵ تاڵەبانی بریاری سەرکردایەتی سیاسی کوردی بە دەست بووە ، لە دانو سان و گفتو گۆ و تەنانەت لە زۆربەی قۆناغەکانی پێنچ ساڵی رابوردو بە بێ رۆڵ گێرانی ئەو موکین نەبوو ئەو حکومەتەی ئێستایی ئێراق دروست ببێت ، کەچی نەک هەر نەی توانی سود لەم دەرفەت و کاتە زێرینانە وەر بگرێ و پرۆسەیی سیاسی ناو خۆیی ئێراق بە سود و بەرژەوەندی مافەکانی کورد بگێرێ ، کەچی ئەوەی کە ئەمرۆ دەیبینین رێک پێچەوانەکەیەتی ، کە هەر بەرەو پێش چوون و هەنگاوێکی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە ئێراق بە زیانی بەرژەوەندییەکانی کورد دەشکێتەوە ، کە ئەمەش ئەگەر تەنها هۆکاریکی سەرەکی لە پشتی بێت بریتییە لە هەڵەی سەرکردایەتی سیاسی کورد بەرامبەر بە هێزە سیاسیەکانی ئێراق بەگشتی و نوری مالکی بەتایبەتی ، بۆیەش شتێکی سەیر نیە و نابێت کە بارزانی لە چاوپێکەوتنەکانی دا لە کەناڵەکانی راگەیاندن ، مەسەلەی راگەیاندنی جیابوونەوەی کوردستان بوروژێنێ و وەک دوا کارتێکی سیاسی بیەوێ سودی لێ وەربگرێ ، ئەگەر چی بارزانی هەر کارێکی لەم شێوەیەش بە نامەنتقی و ئیش بۆ نەکراویش بزانێ لە ئێستا دا .

 


بارزانی و کێشە ئیقلیمیەکان.


ماوەی ساڵێک زیاترە کە بەشێوەیەکی نیمچە بەردەوام هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران سنوری هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکەن ، بەبیانوویی هەبوونی چالاکی پکک و پژاک لەم سنورانە دا بەدژی ئەم دوو وڵاتە ، کە بێگوومان ئەگەر بە دیدێکی سیاسیانە سەیری ئەم کێشەیە بکەین ، دەبینین وەک چۆن پکک و پژاک شەرعیەتی بەکار هێنانی خەباتی چەکداری بە رەوا دەبینن لە دژی ئەم دوو وڵاتە ، بەهەمان شێوەش ئەم دوو وڵاتە شەرعیەتی پاراستنی سنوورەکانیان بە رەوا دەبینن ، جا ئەوە مەبەستی سەرەکی ئەم وتارە نیە باسی رەوایەتی چالاکی ئەم دوو پارتە کوردییە بکەم ، وە بەپێچەوانەشەوە ، بەڵکوو ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە : ئایا بارزانی توانیویەتی رۆڵی سەرەکی خۆیی ببینێ لەم نێوەندە دا ؟ کە هەم هاوسەنگییەک راگرێ لە نێوان هەرێمی کوردستان وئەم دوو وڵاتەی دراسێ و هەم رەچاوی خەباتی ئەم دوو پارتە کوردییە بکات ، هەروەها سنوری ولاتەکەی بپارێزی لە تۆپبارانی ئەم دوو وڵاتە؟ بێگوومان بارزانی هەر لەسەرەتایی دەست پێکردنی تۆپبارانەکانی ئەم دوو وڵاتەوە و دوایی ئەوەی لەلایەن ئەم ولاتانەوە کەوتە ژێر فشار بە داڵدەدەری ئەم دوو پارتە کوردییە ، کەوتە جمو جۆڵ و هەوڵی زۆری دا لەم نێوەندە دا ، بۆ ئەم بەمەبەستە لە رێگەی کەناڵی جۆر بەجۆرەوە کەوتە گفتو گۆ و دانوسان لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە ، کە دواتر خۆیی سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ لێپرسراوانی ئەم وڵاتە کۆبۆوە، بەڵام ئەوەی کە دەیبینین نەپێکانی هەوڵەکانی بارزانی دەر دەخات لەم بارەیەوە ، چونکە تۆپ بارانەکان هەر بەردەوامیان هەیە و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هەولەکانی بارزانی لەگەڵ ئێران هیچ دەرئەنجامیکی نەبووە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی بارزانی لەگەڵ تورکیا وەک دەزانینین تورکیا هەر لەسەرەتاوە لە هەوڵەکانی بارزانی بە گوومان بوو ، بۆیەش شتێکی نامۆ نەبوو کە تورکیا بارزانی و حکومەتی هەرێمیان بە یارمەتی دەر و داڵدەدەری سەرەکی پکک دەزانی ، ئەگەر چی سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانی خۆیان نیشان داوە بۆچارەسەرکردنی ئاشتیانەی چارەسەرکردنی کێشەی پکک ، وە هەوڵی زۆریشیان دا لەم بارەیەوە بۆ رازی کردنی تورکیا بەرامبەر رۆڵ گێرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە ، بەڵام دیار بوو هیچ سودێکی نەبوو ، ئەگەر چی ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وتورکیا گۆران کاریان بەسەر هاتووە ، بەتایبەت دوایی ئەوەی کە تورکیا دەرئەنجامی هیڕشی سەربازی نەیگەیاندە هیچ دەرئەنجامێکی دڵ خۆشکەر و بەپێچەوانەشەوە هاو کێشە ناو خۆیی و دەرەکییەکان لە بەرژەوەندی تورکیا نەبوون.

 

بۆیە دەشێ وایی لێک بدەینەوە کە دوا رێگا لەبەردەم تورکیا گۆرینی ستراتیجی رووبەروو بوونەوە بوو لە گەڵ پکک ، کە بۆ پیادە کردنی ئەم سیاسەت وستراتیجەش تورکیا پێوستی بەوە یە بۆ لایی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بێت ، بەڵام پرسیارەسەرەکییەکەی ئەم وتارە لێرەد ائەوەیە ئایا : رۆڵی سەرەکی سەرۆکی هەرێم چیەو چی دەبێت لەمەر ئەم پرسە ؟ چونکە لەکاتێکدا ئەجندایی ئەم ستراتیجە نوێیەی تورکیا چارەسەرکردنی کێشەی کورد نیە لە باکور ، بەڵکوو مەبەستی سەرەکی تورکیا جارەسەرکردنی کێشەی چالاکییەکانی پکک یە لە دژی خۆیی ، واتا تورکیا نایەوێت پکک بە خاوەنی کێشەی کورد بزانێ لە تورکیا ، بەڵکوو مەبەستی سەرەکی لێک جیاکردنەوەی پکک و کوردی باکوورە ، بۆیەش پکک وەک گروپێکی چەکداری تیرۆرستی سەیر دەکات ، کە ئەمەش هێندەی تر بەربەست بۆ رۆڵ بینینی بارزانی سەخت دەکات ، چونکە وەک دەزانین بارزانی تەنها سەرکردەیە لەم هەرێمە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پکک) بەتیرۆرست نازانێ و باجی قورسیشی بۆ ئەم هەڵ وێستەی داوە لەم پێناوە دا ، هەڵبەتە ئەم تیروانینەی بارزانی بۆ پکک دەشێ ئەوە بێت کە لە رۆڵ وکاریگەری پکک تێگەیشتبێت لەناو خۆیی باکوری کوردستان.

 

بۆیە لێرە دا ناتوانین گەشبین بین بە رۆڵ گێرانی بارزانی بەرامبەر بەم سیاسەت وئەجیندایەی کە تورکیا خستوویەتیە بەردەم بارزانی ، چونکە ئەگەر هەتا بارزانی بۆ رازی کردنی تورکیا و سیاسەتەکانی بکەوێتە رۆڵ بینین و گفتوو گۆ و دانوسان و یارمەتی دانی تورکیا ، بەڵام سەرەنجام وەک چۆن هەر هەوڵێک بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا و بەبێ پکک سەر ناگرێ و دەرئەنجامی نابێت ، بەهام شێوەش هەر هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پکک بەبێ جارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا هیچ دەر ئەنجامێکی نابێت ، بۆیەش رۆڵ بینینی بارزانی لەم نێوەندە دا ئەگەر بەئاراستەی بەرژەوەندییەکانی تەنها تورکیا بێت هیچ دەر ئەنجامێکی نابێت و بەپێچەوانەشەوە خۆشەویستی وسۆزی کوردی بەگشتی وباکوری کوردستان بە تایبەتی دەدۆرێنێت .

 


بارزانی لەدیدی ئەوروپا و ئەمریکا.


رۆڵی سیاسی بارزانی لە سەر وڵاتانی رۆژئاوا : لەئەمرۆیی سەردەمی تەکنەلۆجیاو سەرمایەدارییدا بێگوومان هیچ حکومەتیک و دەسەڵات دارێک ناتوانێ بەردەوامی بەژیانی خۆیی

بدات ، ئەگەر سیاسەتەکانی بە پێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ولاتانی رۆژ ئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی بێت ، کەنموونە زۆرە لەم بارەیەوە و دیارترینیان یەکێتی سۆڤیەت بوو ، هەتا دەگاتە دەسەڵاتە شمولی و نادیموکراتەکانی لە شێوەی رژێمی بەعسی ئێراق ..هتد ،جا بۆیە ئەگەر بۆ ئەو دەوڵەتانە کە خاوەن سەروەری یاسایی و ئاڵایی خۆیان بن لە نەتەوە یەکگرتووەکان ، ئەی هاوکێشەکە بۆ هەریمێکی بێ پشتیوان و گەمارۆ دراو بە چەندان دوژمن ، دەبێت چۆن بێت ، کە دروست بوونی خودی ئەم هەرێمە بە پاڵپشتی و هاوکاری وڵاتانی رۆژ ئاوا هاتبێتە دروست بون و پاراستن تا ئەمرۆ ؟

 

بۆیە من پێم وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەو راستییەیان باش درک پێکردووە ، بۆیەش هەر لە دوایی راپەرینەوە سیاسەتەکانیان بەرەو ئاراستەی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی رۆژئاوا برد ، کە ئەمە دەشێت بە کارێکی ئیجابی بزانین ، وە ئەم سیاسەتە تائەمرۆش بەردەوامە ، بەڵام سلبیاتی ئەم سیاسەتە لە وەوە دەست پێ دەکات ، کە پێمان وابێت تەنها گۆرینی دروشی حیزبەکانمان بۆ سۆسیال دیموکرات و گونجانیان لەگەڵ دروشمی پارتە دیار و دەسەڵات دارەکانی ئەمرۆیی رۆژ ئاوا، هەروەها بینینی چەند سەرۆک ولات و چەند لێپرسراو سەرکردە و پارتێکی ئەوروپا وئەمریکا زامنی پاراستنی بەردەوامی دەست کەوتەکانی گەلی کوردە لە هەرێمی کوردستان دا بۆ ئێستا وئایندە ، بۆیە بەداخەوە ئەوەی کەبینیمان سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بارزانی بەتایبەتی نەیتوانی سود لە سیاسەتەکانی رۆژ ئاوا بەگشتی وئەمریکا بەتایبەتی وەر بگرێت ، نەک لە ئاستی نێودەوڵەتی ، بەڵکو لەسەر ئاستی ئیراقیش ، جونکە وەک دەزانین ئەمریکا بەشێوەیەکی فعلی لە دوایی روخانی رژێمی سەدامەوە لە ئێراقە ، کە باشترین دەرفەت بۆ بارزانی رەخسا تا بتوانێ کار لەسەر بەدیهێنانی زۆرترین مافەکانی کورد بکات ، بەتایبەت کە لە جەند ساڵی رابورد وو وەزعی ئەمریکا لە هەموو رووەکانەوە لە وەزعی حکومەتەی مالکی باشتر نەبوو ، بەو پێیەی کە ئەمریکا بە سیفەتی هێزیکی داگیر کەر هاتۆتە ئێراقەوە ، هەوەها لە باری ئەمنی و سیاسیەوە بە بی پشتیوانی کورد و بارزانی نەک هەر نەی دەتوانی سیاسەتەکانی بەرەو پێش بەرێت ، بەڵکوو تەنها هێزێک کە لە ئێراق چارەی ئەمریکایی دەویست کورد بوو.

 

جا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە : بۆ چی بارزانی نەیتوانی لە ماڵەکەی خۆییدا واتا ئێراق هیچ دەست کەوتێکی بە دیکۆمێنت کراو بۆ کورد بەدەست بهێنێ ؟! لەکاتیکدا پێشتر یەکێک لە بیانووەکانی سەرکردایەتی کورد ئەوە بوو ، کە ناتوانن پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی رۆژ ئاوا دروست بکەن و لێپرسراوانی باڵایی ئەم وڵاتانە ببینن ، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابوردوو خودی بارزانی چەندان جار بە دوو قۆڵی لە گەڵ جۆرج بۆش سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆبۆتەوە ، ئەمە جگە لە بینینی بەردەوامی سەرکردەو لێپرسراوە باڵاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایی رۆژ ئاوا وەک بەریتانیا و فەرەنساو ..هتد ؟!

 

ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە سەر ئاستی سیاسی نەیتوانیبێت سود لەو دەرفەت و هەلە زێرینانەی وەر گرێت کە لە چەند ساڵی رابوردوو بۆیی هاتبێتە پێش ،کە کارتی بەهێزی زۆر باشی بەدەستەوە بوو، لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستی حکومرانیش لە هەرێمی کوردستان بە درێژایی ئەو حەڤدە ساڵەی رابوردوو نەیتوانیوە ، نمونەیەکی جوانی دیموکراتی پێش کەش بکات ، کەسەرنجی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ لایی خۆیی رابکێشێ ، بەپێچەوانەوە ماوەی ساڵێک زیاترە چەندین جار لەلایەن نێوەندەکانی راگەیاندن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی وڵاتانی رۆژ ئاوا کەوتۆتە بەر رەخنەو سەرنج ، بەجۆرێک کە لە راگەیاندنە جیهانیەکانەوە بە ئەزموونێکی نادیموکراسی و گەندەڵ وەسف دەکرێ ، کەئەمەش لە راگەیاندنەکانی ئەمریکا شێوەیەکی نیمچە بەردەوامی وەرگرتووە ، کە بێگوومان هەر یەک لەو کەسانەش کە لە سەر ئەزموونی حکومرانی هەرێمی کوردستان دەنوسن ، بەشێوەیەکی گشتی پشت بە بەڵگە ودیکۆمێنت دەبەستن ، یان بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ژیاون و بەچاوی خۆیان واقعی ژیانی خەڵک و حکوم رانیەکەیان بینیوە ، کە بەرچاوتریان مایکل رۆبن بوو ، کە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان وحکومرانیەکەی بە گەندەڵ و نادیموکراسی وەسف کردبوو لەو راپۆرتەکەی کە بلاوی کردبۆوە ، هەروەها چەند جارێک رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا پەردەیان لە سەر پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ هەڵدایەوە لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ، کە بەهۆی ئەم راپۆرتانە و چەندان راپۆرت و لێکۆڵینەوەی تر لە سەر بار و دۆخی هەرێمی کوردستان لە مەر پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و ژنانەوە ، ئەزموونی حکومرانی لە بەرچاوی وڵاتانی رۆژ ئاوا بەشیوەیەکی گشتی ناشیرن بووە ، چونکە یەکێک لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی دیموکراسی بوونی هەر حکومەتێک ،بەدیدی وڵاتانی رۆژئاواو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بریتییە لە: پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشێل نەکردنی ئازادی ژنان ...هتد لەناو ئەم حکومەتە دا ، بۆیەش لەم نێوەندە دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمە لەبەرامبەر ئەو رەشەکوژییەی ژنان لەلایەک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی لەم هەرێمەدا لەلایەکی ترەوە ، جا ئەگەر هەرێمێک لەسەر هەموو ئاستەکاندا لێوان لێو بێت لە کێشەو کەموو کوری ، هەوەها کەوتبێتە بەر نارەزایی خەڵکی وڵاتەکەی خۆیی و لە سەر ناستی دەرەکیش رۆژ بەرۆژ دۆستەکانی لەکەم بوونەوە دابێت ، بەرامبەر ئەو پێشێل کاریانەی تێیدا ئەنجام دەدرێت ، دەبیت چارەنوسی ئەم هەرێمەو کورسی سەرۆکەکەی چی لێبێت ؟

 

 لەندەن
z_bahram80@yahoo.co.uk