٢\٦\٢٠١٧
چارەنووسی
نیئۆجەلالییەکانی سەر گردەکە و دەوروبەری بەرەو کوێ ملدەنێت؟
ھەژێن
پێشەکی، بۆ من چ ساڵی ٢٠٠٦ و چ ئێستا لیست و پارتیی بەناو "گۆڕان" ھیچ
جیاوازییەکی لەتەک پارتییەکانی دیکە و دەسەڵاتداران نەبووە و نابێت.
چونکە یەکەم ئاراستەیەکی ڕامیارییە و پارتیی و ڕێکخستنێکی قووچکەییە،
کە سەرەنجام ئامانجی دەسەڵاتداری دەبێت و دەسەڵاتیش لەپێناو دابینکردنی
مشەخۆری و دارایی تایبەت دەبێت، دارایی تایبەتیش ئامرازی کۆیلەکردن و
ناچارکردنی نەدارانە بە کرێگرتەبوون.
وەک لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابوردوو ئاماژەمداوە، جیابوونەوەی نەوشیروان
تاکتیکی (ینک) بەدیاریکراوی تاڵەبانی و نەوشیروان بوو، بۆ ڕاوکردنەوەی
دەنگە ناڕازییەکان، بەڵگەش بەخشینی گردی زەڕگەتە و (١٠) ملیۆن دۆلاری
ئەمریکی بوو لەلایەن تاڵەبانی بە نەوشیروان و بە گوێرەی نووسینێکی خودی
نەوشیروان. ھەر ئاوا کە پێشتر نووسیم؛ ئایا ھیچ دەسەڵاتدارێک ھەیە، کە
گرد و پارە بە دژەکەی ببەخشێت، بۆ ئەوەی خۆی لەنێوبەرێت؟
من دژبوونی نەوشیروان و پارتییەکەی بەرانبەر (ینک) و تاڵەبانی و
بەخشینی گرد و سامان لەلایەن تاڵەبانی بۆ لەنێوبردنی خۆی، وەک بەخشینی
مۆڵەتی چالاکیکردن و مووچەی مانگانەی پارتیایەتییە بەتایبەت پارتییە
کۆمونیستەکان لەلایەن دەوڵەت، کە بەڵگەی تەواوکەربوونی پارتییە
کۆمونیستەکانە بۆ سیستەمی چینایەتی نەک لەنێوبەربوونی ئەوان بۆ
سیستەمەکە.
وەک ئەزموونی مێژوویی نیشانیدەدات، بزووتنەوە و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان
پاش مردنی کەسایەتییە پیرۆزکراوەکان بەرەو کەرتبوون دەڕۆن، بەتایبەت لە
خۆرھەڵاتی نێوەڕاست، کە کۆمەڵەکانی بە کولتوورێکی دیکتاتۆری بارگاوین،
لەوانەیە باشتر بێت، کە لەنێو ڕەوتە کۆمونیستەکان و پارتییە
کۆمونیستەکانی ئەو ناوچەیە نموونە بھێنمەوە، کە "کۆمونیزمی کرێکاریی"
دیارترینیانە و بە مردنی ڕابەرەکە ئایدیۆلۆجییەکەی (مەنسووری حیکمەت)
پاش پازدە ساڵ ھێشتا وەک تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی و کەرتبوونی ناوکی
گەردیلە بە بەردەوامی پارتییەکانی ئەو ڕەوتە کەرتدەبن و پارتییۆکەی
دیکە دروستدەبن و ئەوانیش کەرتدەبن و پارتییۆکەی دیکە دروستدەبنەو ...
..
بزووتنەوەی بەناو "گۆڕان"/ پارتییە نیلییەکەش بەرەو ئاوا چارەنووسێک
دەڕوات، چونکە ئەویش بێجگە لە تایبەتمەندییە چینایەتی و گشتییەکەی وەک
ڕێکخراوێکی ڕامیاریی و قووچکەیی و دەسەڵاتخواز، ھەڵگری ھەمان
تایبەتمەندیی ڕێکخستن و پێکھاتەی دیکتاتۆریی و خێڵەکی خۆرھەڵاتی ناوینە،
دەسەڵاتداربوون و دارابوونی ئەندامانی خێزان و خزمانی خودی نەوشیروان و
ھاوسەرەکەی و بەدیاریکراوی منداڵەکانی باشترین بەڵگەن. ئەوەش مەترسی
کەرتبوون و شیتەڵبوونەوەکە زیاتر دەکات.
ھەڵبەتە نابێت، ئەوەش لەبیربکەین، کە وێرای تاکتیکیبوونی "بزووتنەوە"ی
پارتییە نیلییەکە و (ینک)ی-بوونی پێشینەی زۆربەی ئەندامانی نێوەندی و
سەرکردایەتی و کەسە دیارەکانی گردەکە، بەدڵنیاییەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ تاکو
ئێستا بە بەردەوامی (پدک) لەسەر کڕین و نزیکبوونەوە لە کەسانی دیاری
سەر گردەکە بەردەوامە و ھەوڵدەدات، ھەر ئاوا کە باڵێکی (ینک) لەسەر
کڕینی (کۆسرەت / ئەندامی سەرکردایەتی) و (نەجمەدین کەریم / پارێزگاری
کەرکووک) لەلایەن (پدک) بەڵگە دەھێننەوە و دەیسەلمێنن، بەدڵنیاییەوە
لەنێو گردەکە و دەوروبەری کەسانێک کڕدراون. ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە
ڕامیاران لەپێناو دەسەڵات ھەوڵدەدەن و دەسەڵاتیش بۆ دارایی و مشەخۆرییە
و لە ئێستادا مشەی دارایی و مشەخۆری لەژێر ڕکێفی (پدک)ە و خۆفرۆشی و
سیخوڕیی ڕامیاران بەگشتی و ڕامیارانی کورد بەتایبەت پارتییەکانی
بزووتنەوەی چەکداری کوردایەتی، کە وەک پەروەرندەی بەعسییەکان نیشانیدا
ئەندامانی سەرکردایەتی لایەنەکان یان خودی ڕژێمی بەعس ناردوونی یان لە
گفتوگۆکانی ١٩٧٠-١٩٧٤ و ١٩٨٣-١٩٨٤ و ١٩٩١ بەکرێی گرتوون، یان
بەکرێگیراوی دەوڵەتی سوریە و تورکیە و ئێران بوون، بێجگە لەوەی
بزووتنەوە چەکدارییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٦١ تاکو ئێستا
دەسکەلای دەوڵەتانی بریتانیا و ئەمەریکا بوون و ھەن و تەنانەت دەسکەلای
دەسکەلاکانی ئەوانیش.
بە بۆچوونی من، بێجگە لەوەی کە جیابوونەوەی نەوشیروان و دروستکردنی
لیست و پارتییەکی نیلی بە پارە و گردی تاڵەبانی تاکتیک بوو بۆ ڕۆژی
تەنگانە، دوو ھۆکاری دیکەش ھەبوون:
یەکەم، زاڵبوونی (پدک) و کشت/ مات کردنی تاکتیکی لەنێو پارلەمان و
فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان و دەرکردنی پارلەمانتاران و شالیارانی
پارتییە نیلییەکە بوون بە ھۆی خۆفریاکەوتنی (ینک) و (نیئۆجەلاییەکان)،
ھەرچەندە سیناریۆیەکی ڕامیاریی بوو بۆ بەڕێکردنی ڕێکەوتننامەی نەوت
لەتەک تورکیە، ھێنانی داعش، بازرگانی نەوت و گاز لەتەک داعش، بە
جینۆسایددانی ئێزیییەکان، کڕینی چەکێکی زۆر لە کارخانەکانی چەکسازی و
ساخکردنەوەی چەکە کۆنەکانی دەوڵەتانی بریتانیا و ئاڵمانیا و ئەمەریکا و
ئیسرائیل و... قەرزارکردنی کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان ھەتاھەتایە بە قەرزی
سەپێندراو و مەرج قورسی بانکی جیھانی و بانکی نێوەندی ئەوروپا و سندوقی
نێودەوڵەتی دراو. لە بارێکی ئاوا نەدەکرا ھەموو لایەنەکان خۆیان ڕازی
نیشانبدەن و دەبوو بە سیناریۆ و گارەگاری پارتییایەتی و دابەشکردنی
خەڵکی ناڕازی بەسەر سلێمانی و ھەولێر، خەڵک خەریکبکەن، تاکو ئەوان لە
پشت پەردەوە بەبێ خەم و ئارامی ڕێکەوتننامەکان مۆربکەن، کە
ھەڵوەشاندنەوەیان تەنیا بە ڕوخاندنی دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی
ھەرێمی کوردستان مسۆگەر دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی ١٩٩١ کە
نەوشیروان و سەرانی دیکەی گردەکە دەسەڵاتدار و (ینک)ی بوون، تاکو ئێستا
بە پلان و ئاسانکاریی زلھێزەکان و دەزگە سیخوڕییەکان و کۆمپانییە
جیھانخۆرەکان، زەمینە و ھۆکارەکانی ڕوخاندنی دەوڵەتی عیراق و
فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان ئەستەمدەکرێت، کە لە پێش ھەموویانەوە
تایبەتکردنەوە و پارتییکردنی کەرتە ئابوورییەکان و دابەشکردنی
ناوچەگەرییانەی خەڵکی ناڕازییە بە سیناریۆی ئۆپۆزسیۆنی باڵێکی دەسەڵات.
دووەم، وەک دەزانرا و دەزانین نەوشیروان موستەفا نەخۆشی شیرپەنجەی
سییەکانی ھەبوو و ڕادەی زۆری تەمەنی مانی نەخۆشەکان لە پێنج ساڵ زیاتر
نییە و گەڕانەوەی نەوشیروان و پێشوازی لەلایەن نێچیرەوان و لە
فڕۆکەخانەی ھەولێر زەنگی کۆتایی تەمەنی ئەو بوو. ھەر لەبەرئەوەش بوو،
ئەو زوو فریاکەوتوو و لەتەک (ینک) ڕێکەتننامەی کرد، تاکو پاش مردنی خۆی
ئەگەری دوورکەوتنەوەی پارتییە نیلییەکە و گردەکە لە (ینک) و
نزیکبوونەوەی لە (پدک) یان گۆڕینی ئاراستەی دووربخاتەوە و سەرانی
گردەکە لەسەر بنەمای وەفاداری بە بڕیارەکانی ئەو بچنەوە نێو (ینک) یان
پابەند بە ھاوپەیمانییەکی ستراتیجی (ینک) بمێننەوە.
ئێستا ئیدی گردەکە و پارتییە نیلییەکە کەوتوونەتە بەردەم دوو ئەگەر:
- کۆتاییھێنان بە سیناریۆی ئۆپۆزسیۆنبوون و لیست و پارتیی "گۆڕان" و
گەڕانەوە بۆ باوان و بەھێزکردنەوەی (ینک)، کە جیابوونەوەکە بۆ پاراستنی
خودی ئەو (ینک) بووە. ئێستا ئیدی پاش یازدە ساڵ دەستەمۆکردنەوەی
گۆڕانخوازە خۆشباوەڕ و ناھوشیارەکان، زۆرینەی دەنگە ناڕازییەکانی
سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و کەرکووک و تەنانەت ھەولێریش کە
ساڵی ٢٠٠٦ خوازیاری ڕوخاندنی دەسەڵاتی مافیایی (ینک) و
چەپاوڵگەرییەکانی (کۆمپانیای نۆکان و ...تد) بوون، بە خۆشباوەڕیی و
چاوەڕوانی "سەرۆکی باش و پارتیی باش و پارلەمانی باش و فەرمانداریی باش
و دەوڵەتی باش" تەواو بە سەروەریی کۆمەڵی چینایەتییەوە گرێدراون و نەک
بە گەڕانەوە بۆ نێو (ینک) ملدەدەن، بەڵکو ئامادەن لەسەر بڕیاری گردەکە
ببنە (پدک). بەڵام ئەگەری گەڕانەوە بۆ باوان زیاترە، چونکە
سلێمانیچیەتی و دژایەتی بادینانی و ھەولێرییەکان ھاندەری یەکەمی سەران
و لایەنگرانی گردەکەیە و ھەر دنەدانی ئەو قینەش بوو، کە وەک پەڕجوویەک
لە ماوەی چەند ساڵێک (٢٠٠٦-٢٠٠٩) خەڵکی ناڕازی دژە گەندەڵی گۆڕی بە
داخوازیکەرانی بەشە گەندەڵی، ناڕازیان لە ڕامیاریی و پارتییایەتی و
فەرمانداریی گۆڕی بەلایەنگرانی دەسەڵات و دەنگدەری سوپاسگوزار و
چاوەڕوانانی ھاتنی "جەلادی دڵسۆزی گەل".
- بەڵام ئەگەر ئەو کەسانەی کە (پدک) لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابوردوو
لەنێو گردەکە بەکرێیگرتوون، دەسەڵات و پلە و پێگەی بڕیاردانیان ھەبێت،
زۆر ئاسایی دیواخانی گردەکە و پارتییە نیلییەکە دەبن بە دوو کەرت و
کەرتێک بەرەو باوان (ینک)، کەرتێک بۆ چنینەوەی بەری ڕەنجی ڕامیارییکردن
بە ئاڵای سپییەوە لە سەری ڕەش.
ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، ھەرچەندە بۆ (ینک) ئەگەری یەکەم گرنگ و
چارەنووسسازە، بەڵام بۆ گشتێتی سیستەمەکە و ئایەندەی ڕەوتی نەزمی نوێی
بازار [نیئۆلیبرالیزم] لە ھەرێمی کوردستانو ناوچەکە، ئەوا کەرتبوون
باشتر و چارەنووسسازترە، چونکە بە ھۆی کەرتبوون و چوونی کەمینەیەک بۆ
لای (پدک)، زەمینەی گارەگاری ڕامیاریی و فریودانی خەڵکی خۆشباوەڕ بە
دژەخوونی کۆمەڵێک لە "ڕابەری کوردایەتی" و پیرۆزییەکانی (گردە دزراوەکە)
و لەبیربردنەوەی ھۆکاری جیابوونەوەی نەوشیروان و دروستکردنی لیست و
پارتییە نیلییەکە، کە بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە
گۆڕانخوازەکان و ناڕەزایەتییەکانی ١٩٩١- ٢٠٠٦ی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و
کەرتکردنی ڕیزەکانی گۆڕانخوازان بوو بەسەر دوو ناوچە (زەرد) و (سەوز-نیلی)
و ژاراویکردنی بزووتنەوەکە بە سلێمانی-چییەتی.
بەکورتی، دەھەی داھاتوو خەڵکی ناوچەی شارەزوور و سلێمانی و کەرکووک و
گەرمیان بە گارەگاری دووبەرەکی " وەفاداران و دڵسۆزانی نەوشیروان" و "خیانەتکاران
لە ڕابەری کوردایەتی و گردەکە" خەریکدەکرێت و دەھەیەکی دیکە
دەسەڵاتداریی مافیایی (ینک) و (پدک) مۆرکردنی ڕێکەوتنامە ئابوورییەکانی
فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان لەتەک دەوڵەتان و بانکەکان و کۆمپانییە
جیھانخۆرەکان مسۆگەر دەکرێن، ئەگەر نەمرین ئەو دیو گردەکە دەبینین و
پشت سووتان و ھاوار و ناڵەی (مالەی سەر گردەکە)ش دەبیستین.
_______________________________
تێبینی:
ئەوە دوا نووسینی من لەبارەی جیابوونەوەی نەوشیروان و لیست و پارتیی
بەناو "گۆڕان" دەبێت، چونکە وێرای ھەموو ئەو شتانە، ئەگەر بڕوام بە
پارتییایەتی و خۆشباوەڕیشم بە گۆڕانخوازیی سەرانی گردەکە ھەبێت، ئەوا
پەروەندەی گردەکەش تەواو، چونکە ھەر گروپ و بزووتنەوەیەک پابەندی
ئایدیۆلۆجیا بێت و بە "ڕابەری باش و پارتیی باش و پارلەمانی باش و
فەرمانداریی و دەوڵەتی باش" پشتببەستێت، وەک ھەموو ڕەوتێکی ئایینگەرا
سەرەنجامی لە دوو ئەگەر بەدەر نییە: گەڕانەوە بۆ باوان یان کەرتبوون و
جیابوونەوە. بێجگە لەوەش، ناخوازم ڕەخنەم لە پارتیایەتی و جەنگ و
فەرمانداریی و دەوڵەت و سەروەریی بچێتە خانەی دژایەتی کەسیی کۆچکردوو (نەوشیروان
موستەفا). دیسان دەڵێمەوە، خۆزگە نەوشیروان و ھەموو ڕامیارێک وەک
تاڵەبانی تەمەنی درێژ بووایە و درێژ بێت و بمێنێت، تاکو وەک تاڵەبانی
لە گۆشەیەکی کۆشکی سەروەری و مشەخۆری کڕبکەوێت و فەرامۆشبکرێت.
بەداخەوە کە (نەوشیروان موستەفا) زوو مرد و بەخت یاری بوو و پیرۆزکرا و
کەوتە سەرووی ڕەخنە و سەرنج و پێداچوونەوەی خەڵک.
www.hejeen.wordpress.com
٢٣\٥\٢٠١٧
ماڵپهڕی ههژێن
|