په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١١

سڵاو ئەى خانمە میهرەبانەکە...
ئەو پێچە
(١)یەت فڕێدە، تا وەک دایکم دەرکەوی، نەک وەک من...

ناڵه‌ عه‌‌بدولڕه‌حمان


بە شێوەیەک هەروەک ئێستا قەرەباڵغ بوو، دەرزیت فڕێدابایه‌ عەردە، نەدەکەوت(٢). زۆر جار دەمبینى خەڵکى لەو ناو ئه‌و (قەیسەری(٣))ەدا شتگەلێکیان لێ ون دەبوو...، وەکى: زەمبیلە(٤) تشتى کڕدراو لە سەوزە و میوەجات، کەرەسەى دۆڵمە و مریشکى سەربڕاوى خۆمانە، عەبا(٥) و پیچەى تازەکڕدراوى هاوردەى وڵاتانى هاوپەیمان، کەچى من شتێکى دیکەم لێ ون بوو...


عەبا و پێچەکدار، هەموو ژنەکانى ناو قەیسەرى به‌ یه‌ک دەچوون، وابوون، هەر لەبەر هەندێش ناهەقم نەدەبوو ئەگەر جار جارە لە دایکم بەجێ دەمام و دەستى ژنانى دیکەم دەگرتن و بێباک پێ به‌ پێی هەنگاوە درشتەکانیان دەڕۆیشتم، پاشان دواى هەستکردنم بە جیاوازیی شێوازى دەستگرتنەکەیان، دەستیانم بەردەدا و له‌ جێی خۆم ده‌چه‌قیم، تا دایکمم دەدۆزیەوە و ئاسایی لەگەڵی بازاڕکردنە نابەدڵەکەى ناو قەیسەریم تەواودەکرد...


ڕۆژێکیان لە نزیکى دوکانە زۆر گچکەکەى بۆنبڕەکە(٦)، دایکمم لێ بەجێماو خۆم لە دەستى ژنێکى دیکە دۆزیەوە، لە دواوە باڵا و عەباکەى کتومت به‌ دایکم دەچوو، ئاسایی له‌ ته‌کیدا بە جووتە دەڕۆشتین، کەچى بەو سەیرکردنە پڕ حەپەسانەى ئەو ژنە لەژێر پێچە نەخشاوەکەیدا، هەرچەند دەستیشى بەرنەدەدام، گومانى لا دروستکردم...، ئەمن زانیم ئەو جۆرە دەستگرتنە و تەماشاکردنە پەچەدارە، شێوازى دەستگرتن و تەماشاکردنى دایکم نییه‌، یەکسەر دەستیم بەردا و لە شوێن خۆما ئاوڕم لە هەر چوار دەورم دایەوە و به‌ پەژارەیەکى زۆرەوە تەماشام گرتە ونبوونى دایکم...


دایکم وەک ژنانى دیکە پەچەى نەدەکرد، تەنیا عەبا و بەس، زۆر حەزى لە عەباش نەبوو، لێ نه‌یده‌وێرا ئەو نه‌ریتی عەباپۆشینەى بازاڕکردنى ناو قەیسەرى بشکێنێ...، هەرچەنده‌ ئەوکات فەرمانبەرى میرییش بوو، بۆى هەبوو قاتێکى شاڵستۆن(٧)ى شیک لەبەربکا و بچێتە دەرەوە، ئا بەس بۆ ناو قەیسەرى نا.


ئەو ژنە نیانە دایکم نەبوو، لێ تا بڵێى هێندەى دایکم میهرەبان بوو، دڵى نەدەهات دەروونم تێکبشکێنێ و دەستم بۆ بۆشایی بەردات و بە ئاماژەیەکى کەمیش بێ تێمبگەیەنێ کە ئەو دایکم نییه‌، وەک ئەوەى لە گەورەییدا دەوروبەر هەوڵى تێکشکاندنت دەدەن، تا بە خۆیان بە تەنێ لە مەیدانەکە دیاربن...، ئێ ئەوەى لەسەر حیسابى خەڵکى تاوێ پێیوایە سەرکەوتنى وەدستهێناوە، سەرکەوتنەکەى بنى بۆشە و ئەوەندە نابا و بن دەکەوێ...


ئەو ژنە کە رۆشتیشم هەر بە حەپەساویی ئاوڕى لێمدەدامه‌وە، نەوەک جارێکى دیکە ون ببمەوە و دەستێکى دى بمگرێتەوە، ئا...دەستێکى رەش...


ئەوکات لە هەولێر گەرماو لە ماڵان نەبوو، ژنانى گه‌ڕه‌کەکانى دەوروبەرى بازارى گەورە، هەر بەناو قەیسەریەکەدا رێگه‌کانیان کورت دەکردنەوە و دەچوونە گەرماوەکان، گەرماوى عەسرى و گەرماوى سەرقەڵات و یازده‌ى ئازارى لاى کۆترى سەلام کە وەک گوێم لێبووە پێشتر گەرماوى مۆدە بووە، و گەرماوى گچکە ئێستا شوێنەکەى بووە به‌ پارکى ناو بازاڕ (باغى شار)یان ناو ناوە، ژنان بە کۆمەڵ خڕدەبوونەوە و خۆیان دەشت و لە کاتى سەر هەڵکێشانێکیان بۆ هەناسەیەکى ساردى کەشى دەرەوە، عەورەتیان بە جام(٨) و بە ده‌سته‌کانیان دەشاردەنه‌وه‌، ئاى خوایە چ ژنێکى گەورە و باڵا بڵند لە یەکێک لەو گەرماوانە سەرنجى راِکێشابووم، بە راددەى ئەوەى لێى دەترسام، هێندەش ئارەزووى سەیرکردن و لێ وردبوونەوەیم دەکرد، بگرە شەوانەش بەر لە خەوتن زۆرم بیر لێدەکردەوە، ئەو ژنە نەگبەتە ئەوەندە باڵاى بەرز بوو بە راددەیەک خۆى لە ده‌رگه‌کانى گەرماوەکە تا ئاستێک دوو قەد دەکرده‌وه‌، ئینجا دەیتوانى بە هاوکاریی ڕێنموونیی دوو ژنى هاوەڵى بەردەوامى بێتە ژوورەوە و خۆى لە چڵک و گەردى جەستە زەبەلاحە قەلەندەرەکەى پاک بکاتەوە، دوو ژن لە هەردوو دەستیان دەگرت و بە هێواشیی بە ده‌رگه‌ دارەکانى گەرماوەکە دەیانهێنایە ژوورەوە...، ئێستاش سەرم لەوە دەرناچێ ئەو دوو ژنە بێدەنگە که‌ هەمیشە هاوەڵى ئه‌و شینه‌ژنه‌ بوون و دەستیان دەگرت.. لەبەرئه‌وه‌ بوو که‌ گەورەیى قەبارەى جەستە نائاساییەکەى بە رادەیەک بێهێزى کردبوو خۆى بۆ رانه‌ده‌گیرا یان ترسى ئەوەیان هەبوو دەست لە ژنانى ئەوێ بوەشێنێ...؟!


هەر له‌ ترسی ژنە زەبەلاحە، رقم لە چوونە گەرماوى بازاڕ دەبۆوە و لەبەر ئەو قەرەباڵغیی و هه‌ناسه‌سوار بوونەشم، رقم لە بازاڕکردنى دایکم دەبۆوە...


ناتر(٩) هەبوو ژنه‌ خانەدان و دەوڵەمەنده‌کانی دەشت و بوخچە بەهادارەکانیانى دەهێنایە گەرماو و دواتر جلە پیسەکانیشیانی لە هەمان بوخچەدا، دەبردەوە ماڵ.
بیرم دێ ده‌بووا هەر ماڵێک لایەکى ژوورەکەى بکا بە گەرماو و لەناو لەگەن و تەشتى گەورە گەورە و بە گەرمکردنى تەنەکەیەک یان مەنجەلێکى گەورەى ئاو، کۆر(١٠)یان دەکرد و خۆیان و جلەکانیان دەشت...، ئەگەر بیانویستایە زوو زوو نەچنه‌ گەرماوە جەنجاڵەکانى دەرەوە، کە پڕ بوون لە ژنانى هەولێریى رەسەنى بازن لە دەست و خڕخاڵ لە پێ زێڕپۆش، زۆربەیان هى گه‌ڕه‌کەکانى دەوروبەرى بازار بوون، وەکى: سەرقەڵات و تەیراوە(١١)ى لاى ئۆرزدى کۆن و تەعجیل(١٢) و گەرەکى عارەبان(١٣)...، ئەمن ئێستاش هەندەک لەو چرپه‌چرپانه‌ی دایکم و ژنه‌ ناسیاره‌کانم لە گوێدا ده‌زرنگێنه‌وه که‌ دەیانگوت: ئەها ئەوەى دەبینى.. ئەوە ژنى حەج حەیدەرى کورەچیە(١٤)، ئەوەش بووکى سێد نورەدین تارزیە(١٥).. تەماشاى زێڕى بەری بکە دەڵێی هاتیتە ئەگلەنجە(١٦)ى، ئەوەش کچى حەج جەودەت بەقاڵە.. تازە مێردى بە کوڕە پلکى خۆى کردیە.. دەڵێن رۆژى ختووبەکەى کۆشى پڕکردیە لە زێڕ، ئەوى تەنیشتى وەقسە دەهات: هەهاااا نە بەختلیدى(١٧)، کەشکەیەک(١٨)ى لە رووى خۆى دەکرد و دەیگوت: ئم عەمرى مەش نەمینێ ئەوەیە شەنس و بەخت! ئیدى هەر باس باسى زێڕ و پارە و دەوڵەمەندیی بوو، کە لە وەختى جل لەبەرکردنى دواى خۆششتن دایکم تووشى ژنەکى دیکەى ناسیار دەبوو، زراوم دەچوو، دەمگوت تازە حیسابم ڕۆى، تازە بۆ کاتژمێرێکى دیکەش مەجلیس داژوا... چونکى من دواى خۆشتن و لیفکە(١٩)لێدانە قایمەکانى دایکم لە دەست و قاچ و پشتم، بە رادەیەک ماندوو و بێهێزى دەکردم، زۆرم خەودەهات... خۆزگەى زووگەیشتنە ماڵەوەم دەخواست...


دواى تێپەڕینى سێ به‌هار بەسەر لە دایکبوونم، ماڵمان لە قەڵاتەوە چووە گهڕه‌کى عارەبان، ئەمن لەو گه‌ڕه‌کە کووچە تەنگ و ئاوەدانە، بیرم دێ دایکم هاوینان لەبەر تینى هەتاوێ و بە تەنەکەیەک ئاوى گەرم سەرى دەشتم و توند سەرى دەگرتم و پرچى شانەدەکردم، هەموو سەرشتنێ چەند جارێ هەوڵمدەدا رابکەم و لەژێر دەستى قورتار بم، سندان لەو سەر شوشتنەش بدا بەو دەردەسەریە، کەچى ئەو دەیگرتمەوە و به‌ تۆمبزەک کووڕی ده‌کردمه‌وه‌ و درێژەى بە شانەکردنى قژە درێژەکەم و لیفکە لێدانەکانى دەدا...


ئەمن زستانانیش کە هەفتانە وەختى سەرشوشتنم دەهات زراوم دەچوو، نەمدەزانى لە پەنایەک خۆم گیرکەم؟ هەر خواخوام بوو، پێنجشه‌م، دانەیێ، ئەگەر هاتیش یان مێوانەکیشمان لەگەڵ خۆیدا بۆ بێنێ یان خۆمان بە بۆنەیەکەوە دەرفەتمان بۆ بڕەخسێ بچینە دەرێ، تا دایکم بابەتى ئه‌و کۆرکردنه‌ی له‌بیربچێته‌وه‌ که‌ زۆر به‌ تووندیی وه‌ریگرتبوو.


لە هەر جێیەکى ئەو خانووە ڕۆژهەڵاتییه‌ حەوشە گەورە و چوار چاوەیە خۆم حەشاردابا، ئەو ژنە پاک و خاوێنە وەسواسە زوو دەیدۆزیمەوە و تێر لیفکەى لە پشت و ژێر قاچەکانم دەدا و قدیلانکێى دەکردمەوە... تا لە برى ئەوەى بگریم، بدەمە قاقاى پێکەنینێکى خۆنەویستانە، تا بۆ خۆشتنە بە زۆرەملێکە خۆ شل کەم، بە جۆرێک هەموو گیانى سۆر هەڵدەگەڕاندم و دادەدادم بوو لە بن دەستوپلە نەرمە گۆشتنەکانى.


لەو ناو قەیسەریەدا جەنجاڵەشدا، هەموو تشتەک دەستدەکەوتن، لە گوندەکانى دەوروبەریشەوە، بە ماتۆڕ یان بە پیکابى مۆدێل کۆن دەهاتنە شار و شتومەکى پێویستى خۆیان دەکڕى و بۆ نزیکى ئێوارە دەڕۆشتنەوە گوند، یان هەبوون لە چۆله‌وانییه‌کى ناو شار یان دەوروبەرى شار مەڕ و ماڵاتیان دەلەوەڕاند و بەروبوومەکانیان بە هۆکارى گواستنەوەى زۆر سەرەتایی دەیانگەیاندە شار و تشتى دیکەیان پێ دەکڕیەوە، هەروەکى بەزمەکەى کاڵا بەکاڵا (المقایضة(٢٠))ى کۆن لێ بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ...

١- هەرچۆنێ بووایە، بۆ بازارکردنى دایکم، دەبوو بچمەوە ناو قەیسەری، هەتا بۆ گەرماویش با، کە خۆى زۆر ناخۆش بێزارکەر بوو، لە ماڵیش،دەبوو جارەکى دیکەش ون ببمەوە و دەستى ژنەکى دیکە بگرمەوە (بەس ئەوەم بیرنەچووە بڵێم: سڵاو ئەى خانمە میهرەبانەکە...
ئەو پێچەیەت فڕێدە، تا وەک دایکم دەرکەوی، نەک من...
هەرچەنده‌ ئەوکاتى نەمتوانى وا بڵێم، لێ ئێستاکە هەتا ماوم دەیڵێم).


٢- ئەو ژنە باڵا قەبە ترسناکە - لە چاوى منى منداڵییمه‌وه‌ - چەند ساڵێ دواى وازهێنانمان لە گەرماوى بازاڕ و کڕینى خانووه‌کى نوێى بە گەرماو، ماڵاوایی لە ژیان کرد، بە داخەوە نەمزانى کێ بوو یان تەنانەت ناوى چ بوو، بە راى من زۆر جوان دەبوو ئەگەر وەک درێژترین ژنى وڵات بناسرایە لەو دەمەدا.


٣- بۆ یەکەمین جار لە ژیانم شتێکى قەدەغەکراوم تامکرد، ئەویش خواردنى (دەرمان حەمام(٢١)) بوو. هەموو زمانى سوتاندم، لێ زۆر لەو دوو شتانەى سەرەوەم لا خۆشتربوو.
__________________________________________
(١) پێچە، پەچە، چارشێو: لە کۆن ژنان لە روخساریان ده‌پێچا.. بە جۆرێک تاکو لە بەشى بینین - چاوەکان - پتر دەرنەکەوێ، جا مۆدە و ستایلى جیاوازى هەبوو، بە تایبەت چینى خانەدانەکان جۆرى نەخشدار و گرانبەهاکەیان بۆ جوانیی نەک وەک کلتوور دەپۆشى.
(٢) پەندێکى پێشینانى کوردییه‌، بۆ گوزارشتکردنە لە شوێنى جەنجاڵ(قەرەباڵغ) .
(٣) قەیسەرى: بازارگایەکى گەورەیە لە هەولێر، پێکدێ لە کۆمەڵێک دوکانى رووبەر کەمى پێداویست و شتومەک فرۆشتنى جۆراوجۆر، هەر کۆڵان یان هەر رووبەرێکى ئەو قەیسەرییه‌ تایبەتەکراوە بە جۆرێک که‌لوپه‌لی تایبەت، وەک بەشى عەتاران، بەقاڵان، دارتاشان، قوماشفرۆشان، جوانکاریی ژنان و پەنیرفرۆشان، ئێستا بە رادەیەک لەبەر کەمبوونى بەروبوومى سپیاتیی رووبەرەکەیان کەمتربۆتەوە، پێشتریش هەولێر بە گشتیی بەو جۆرە بەروبوومانە زۆر بەناوبانگ بوو، بە تایبەت ماست.
(٤) زەمبیلە، کاتى خۆى دەمبینى لە زەمبیلە که‌ لە مادەى نایلۆنى پتەو دروست ده‌کرا، شتومەکە کڕدراوەکان بە دەست یان بە سەرشان دەگواسته‌وه‌...
(٥) عەبا، لە (عباء)ى عەرەبییه‌وە وەرگیراوە، پارچەیەک قوماشى گەورەى رەشە، بە سەروبەرى باڵاى ژنانەوە ئەیدورن، جێى هەردوو دەستەکانى لێ دەکەنەوە بۆ هەڵگرتنى بارەکەى، ژنان لە کۆنەوە تاوەکو ئێستاشى لەگەڵدابێ بۆ چوونە دەورەوەیەکى کورتخایەن و خێراى وەک بازارکردن دەیپۆشن.

(٦) بۆنبڕەکە پیاوێکى کوردى پۆشى سەر بە جەمەدانى بوو، لە به‌شێکی دوکانێکى زۆر گچکه‌ی شەپڕێودا کورتانى دەدورى و لە به‌شەکەى تریدا کارى بۆنبڕیی دەکرد، وا باو بوو منداڵى تازە لەدایکبوو تا تەمەنى شیرەخۆریی، جا چ ترساو یان لەگەڵ مندالێکى دیکەى چلەدار بەسەریەکدابچووبان، واتە لە شوێنێکدا یان لە ماڵ و ژوورێکدا بۆنى یەکتریان هەڵمژتبا، دەیانبردنە لاى مامەى بۆنبڕ و ئەویش سەیرى چاوەکانی دەکردن ئەگەر برژانگەکانى تیژ و دانەدانە وەستابان، دەیزانى بۆنى کردووە یان ترساوە، بەم جۆرە گیراوەى لە بۆنى نەعناع و هاڕاوەى لە شێوەى رازیانەى وەک چارەسەر پێدەدا، لاى خەڵکى بە پیاوى پیرۆز سەیردەکرا، ئێستاش نەوەکانى ئەو پیاوە جەمەدانى بەسەرە درێژە بەم پیشەیەى دەدەن.
(٧) جۆرە کۆستەمێکى تایبەت بوو ئەو سەردەمى مۆدەى بوو، زۆر لە کیلۆتى ئێستا دەچوو، یان باشترە بڵێم لە پانتۆڵى شێوازى چارڵس دەچوو، ژنانى شارستان و خانەدان و فەرمانبەر لە کاتى چوونەدەرەوەیاندا لەگەڵ درێسێکى یاخە گەورە لەبەریان دەکرد.
(٨) جام، تاس، قاپى قوڵى ئاو بە خۆداکردن، لە ناو جوڕمى ئاوە شلەتێنکراوەکانەوە بەم قاپە قوڵانە کە لە مادەى باغە یان فافۆن(مس) دروستدەکران، ئاویان دەکرد بە خۆیاندا.
(٩) ناتر، سەرشۆرى گەرماوەکان بوو، بەرامبەر بە بڕە پارەیەک سەرى ژنانى خانەدانى دەشتن و جلەکانى لە بوخچەیەکدا بەپیادەیی بۆ دەگواستنەوە.
(١٠) کۆرکردن، مەبەست لە سەرشتن و جل شتنە.
(١١) گه‌ڕه‌کى تەیراوە یەکێکە لە گه‌ڕه‌کە کۆنەکانى شارى هەولێر، بە زۆریی خەڵکى قەڵا بە هۆى نزیکیی لە بازاڕ، دەهاتنە ئەو گه‌ڕه‌کە و نیشتەجێ دەبوون، بۆیە زۆربەى دانیشتوانەکەى بگرە لە دواى کۆچى گوند بۆ شار، بە تایبەت لە ساڵى حەفتاکانەوە، تورکى (عوسمانى)یەکى باشیان دەزانى، ئێستاش هەر بە تورکمان ناودەبردرێن، ئۆرزدییه‌کى گەورە و بەناوبانگیشى لێ نزیک بوو، خەڵکى هەندێک جار بە گهڕه‌کى ئۆرزدى ناوزەدیان دەکرد.
(١٢) گهڕه‌کى تەعجیل گهڕه‌کى نیشتەجێبوونى جولەکەکان بوو، لە ساڵانى دواى جەنگى جیهانیی، حکومەتى عێراق بە زۆرەملێ دانیشتوانەکەى رەوانەى زێدى خۆیان کرده‌وه‌، دەگێڕنەوە ئەو خەڵکە لە کاتى چۆڵکردنى ئەو گه‌ڕه‌کە، بە نیازى دووبارە گەڕانەوەیان، کوپەى زێڕ و خەزێنەى پارەیان لە دیوارەکان بە قوڕ سواخ داوە و شاردۆتەوە، لە هەندێک ناوچەدا بە هۆى هەڵمەتى چاکسازیی و فروانکردنى شەقام و جادە و باندا، هەندێک لەم گەنجینە بەنرخانە دۆزراونەتەوە.
(١٣) گهڕه‌کى عارەبان، گه‌ڕه‌کى نیشتەجێبوونى عارەبەکان بوو لە ساڵانى دواى جەنگى جیهانى دووەم، ئێستاشى لەگەڵدابێ ئەو گه‌ڕه‌کە هەر بە ئاوەدانیی ماوەتەوە.
(١٤) کوورەچیەکان، بە پیشەى قوڕکارییه‌وه‌ خەریک بوون، بە گەرمکردنى کەرەستەکان لە کوورەى گەرمى ئاگر، هەندێ بەرهەمى لە قوڕ دروستکراویان دەخستنە بازاڕ وەک: کوپە، گۆزە... تد.
(١٥) تارزى، بەرگدروو، خەیات.
(١٦) ئەگلەنجە، ئاهەنگ، (حفلة)، لەو جۆرە ئاهەنگەدا گۆرانى و هونەرى تورکمانیی پێشکەش دەکرا، وەک مەقامات و قۆریات و گۆرانى و موزیک و هەڵپەڕکێ.
(١٧) نە بەختلیدى، چەند بە بەختە، بەختەوەرە. (Ne bexitlidir).
(١٨) کەشکە، کەشغە، بە تورکمانیی: ئمجەح (emjeh).
(١٩) لیفکە، لیفە، ئەو پارچەیەى بە کەفى سابوون ده‌کرێ و جەستەى پێ دەشۆردرێ، لە سوف، یان تۆڕ یان بە گوێرەى ئارەزووى کەسەکان دروست دەکرێن.
(٢٠) شێوازێکى کۆنى شت گۆڕینەوەیە لە برى کڕین و فرۆشتنى بە پارەى نەخت، بەروبوومى زیادە بە پێداویست ئاڵوگۆڕ دەکرا.
(٢١) دەرمان حەمام، گیراوەیەکى وەک نیشاستەیه‌، شێوازێکى زۆر کۆنى لابردنى مووى جەستەیە، ژنان لە حەمامى گەرم لە خۆیانى دەسوون، بۆ ئەوەى مووى لەشیان پێ داماڵن. ئێستا زۆر بە کەمیی بەکاردێ، مەگەر بۆ شەوى بووکێنیی نەبێ، ئەویش بە دەگمەن. بە هۆى ئەوەى کرێم و هاڕاوەى نوێتر و پێشکەوتووتر پەیدابوون‌، کە لە وڵاتانەوە هاوردە دەکرێن.

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان