په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١١

دادە گولێ.(١)

ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان

- به‌شی یه‌که‌م -
 

لەپڕ خۆیکرد بە ژووردا، لە یارییه‌کانمەوە، سەرنجم کەوتە سەر گریە و فیغانى داده‌ گولێ، خۆى هەڵدایە باوەشى دایکم و بەهێزتر دایە پڕمەى گریان، من لەبەر هەیوانەکەدا گەمەم بە یارییه‌ رەنگاوڕەنگەکانم دەکرد و لەگەڵ َدەنگى واقویقى تۆمبێلى یارى نەژدەکەدا سەرنجم رۆییبوو، لێ ئێستاکێ یارییه‌کى سەرنجڕاکێشتر بەرەو خۆیم پەڵکیش دەکا...


بە فیغانەوە بە دایکمى گوت: دەستم دامێنت بە هانامەوە وەرە، لە تۆ پتر بەملاوە کەسم نییه‌ ئەو راستییه‌م بۆ بسەلمێنێ، بیکە بە خاترى پیاوچاکان، دەستى یارمەتیتم بدێ خۆ بە تەنێ سەرم تێ دەچێ...


داده‌ گولێ ژنێکى باڵابەرزى گۆشتن و روخسارێکى سپى تا بلێى جوانى هەبوو
(٢)، روومەتەکانى هەمیشە پەمەبه‌یی بوون بە رادەیەک دەتگوت تازە قەدە ماکیاژێکى تەنکى بۆ ناو پێخەفى بووکێنیی بۆ ورووژاندنى هەستى زاوا تازەکەى کردووە، خەندە گوڵئاساکەى ئەوەندەیتر کۆمەڵایەتیتر و شیرینترى دەردەخست، ئەو ژنە ئەوەندە خانەدان و میهرەبان و رووخۆش بوو، زۆر جار تەمەنام ده‌کرد کە دایکم بووایە، ماڵە شێواز کۆنەکەى ئەوەندە جوان رازاندبۆوە هەرکەس لە دوورەوە ئەو خانووە کۆنە لە کەرپووچ دروستکراوە رزیوە پڕ مێژووەى بدیبایە دەیگوت: ئەستەمە ژوورەوەى جێى ژیانى مرۆڤى تێدا ببێتەوە...، لێ بەپێچەوانەوە، بە دیکۆرى رەفکەى ساج(٣)و گوڵ و گوڵدانه‌ پڕ سەوزاییەکانى، ئەوەندە ناو ماڵى شیاو و رازاوە کردبوو، هەر حەزت دەکرد لەسەر خوانى ئەو ماڵە پڕ هەناسەى ئۆکسجینە خاوێنه‌دا، هەڵنەستى و ببى بە میوانى هەمیشەیى ئەو ژنە میهرەبانە پڕ له هونه‌ر و حه‌ز و ئاره‌زووه جوانه‌، دەستاوى(٤) ئەوەندە بە چێژ بوو، بە رادەیەک حەزت دەکرد هەر لەسەر خوانى ئەودا هەر سێ ژەمەکانت بخۆی و دوایێش لەسەر سێنییه‌ نیکل(٥)ە بریقەدارەکەى، دەست بۆ چایەکى شیرین درێژبکەی و لە بەرامبەریدا بە خۆشبەختییه‌کەوە هەڵیقۆڕێنی و هه‌ستییه‌ سه‌رپێیان.


ئەمن لە ماڵى خۆماندا حەزم له‌ چەند جۆرێک خواردن نەدەکرد...، لێ لە ماڵى ئەو ژنە کابانە دەستڕەنگینەدا، هێڵکە و رۆنەکەشیم وەک کەبابى یاسین
(٦) لە نێوانى دوو قەدى نانە تیرییه‌ بە رەشکە و جوان برژاوەکەدا، لولدەدا و پاروو پاروو ئاودیوم دەکردن، ئەمن لە شێوازی پێشکەشکردنى ئاوە تەزییه‌ سازگارەکەشى کە له‌نێو پەرداخە نەخشینە ئاورینگداره‌ گرانبه‌هایه‌که‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌یتر سه‌رنجڕاکێش ده‌هاته‌ به‌رچاو، وەک گوشراوى پڕتەقاڵ پڕ بە چێژه‌وه‌ هەڵمدەقۆڕاند...


ئەو ژنە میهرەبانە جگە لە سفرەى رازاوە و چایه‌ پڕ هێلەکەى
(٧) سەر سەماوەرەکه‌ی، لێهاتوویى و قسەزانیی و شارەزایی لە ئەتەکێتى ژیان و ئاگاداریی لە مێژووى فه‌رهه‌نگه‌ جیاوازەکانى گەلان و شکستە یەک لەدوا یەکەکانى بزووتنەوە شۆڕشگێرییه‌کانى نەتەوەکەمان، ئەوەندەیتر کۆڕه‌که‌کانی گەرمتر و گەورەتر ده‌کرد، تەنانەت لە بابەتە زۆر تایبەتە کۆمەلاًیەتیی و خێزانییه‌کانیشدا، ژنانى گەڕەک و بگرە هاوکاره‌کانیشی - لە کاره‌ فه‌رمییه‌که‌ی - پرس و رایان وەردەگرت...


ڕۆژێکیان بانگکرایە (سوڵح)ێکى خێزانیی بۆ دوو هاوکارى لە بەشى خزمەتگوزاریی فه‌رمانگه‌که‌ی، کە ئێوارە درەنگ دەگەڕێتەوە ماڵ، هاوسەرەکە
(٨)ى لە بن هەنگڵى(٩)ەوە دەیگرێ و فڕێى دەداتە دەرەوە و دەرگه‌کەى بە روودا دادەخا...، منداڵەکانیشى دەیکەن بە داد و فیغانێ کۆڵان لەسەریان کۆدەبێتەوە...، ئەوەندەى لە مێردەکەى دەپاڕێنەوە کە لە کەرى شه‌یتانێ بێتەخوارێ(١٠) و لەگەڵ ژنە خانەدانە دڵسۆزەکەى ئاشت ببێتەوە، کەچى ئەو رازى نابێ و بڕیارى کەلله‌ڕەقانە(١١)ى خۆى دەگەیەنێتە سەر...


کاک قەهار، پیاویکى باڵا مام ناوەندیی ورگن بوو، لە بەرامبەر قوربانییه‌ زۆرەکانى دادە گولێ، هاوسەرێکى گوماناویی بێ ئەمەک بوو، هەمیشە خۆى لە قەبارەى ئەو ژنە میهرەبان و پڕ سۆز و پڕ له‌ جوانییه‌‌ بە کەمتر دەزانى و دڵپیسییه‌کی زۆر کوشندەى لێدەکرد و دواییش هەر خۆى پەشیمان دەبۆوه‌ و ئاشتى دەکردەوە، ئەوەندە حەزى له‌ خواردن و گەڕان و سەیران بوو، تەنانەت ئەگەر گەورەترین ناکۆکییشیان لە نێواندا دروست بووایە، دەبووا بۆ رۆژانى پشوو مەنجەڵە دۆڵمەى بەهاریی دادە گولێ، بۆ سەیرانێ ئاماده‌بووایە، ئەگینا (فەرتەنە)کە لە قەبارەى خۆى دەردەچوو و گەورەتر دەبوو، دادە گولێ بەوپەڕى سەلیقە و هونەرکارییه‌وە، مەنجەڵە دۆڵمەیەکى کەرەستە تازەى بەهاریی دەپێچایەوە و لەسەر سێنییه‌ گەورە نیکلەکەى رۆژانى پشوو، روویدەکرد و پاروو بە پاروو دەیکرد بە دەمیدا، (ئەوەندەى خۆشدەویست).


دادە گولێ شەو نەیویست بچێتەوە ماڵى باوکى کە کەمێک لە شارەوە دوورە و هۆکارى گواستنەوەش زۆر کەم بوو، بە رادەیەک دەتوانم بڵێم ئەگەر ناچاریش با لە کۆڵان بخەوتایە هەر نەدەگەیشتەوە ماڵى باوانى، ئارەزووشى نەبوو ماڵی باوکی به‌و ناکۆکییه‌ى نێوانیان نیگەران بکا، بۆیە ماڵى ئێمەى هەڵدەبژارد وەک پەناگەیەک تا رۆژى تێدا بکاتەوە.


نە دایکم لەو ژنانە بوو بێ ویستى لایەنەکان خۆى هەڵقوڕتێنێتە ناو کێشەکانى خەڵکى، نە رێگەى بە منیش دەدا لە کاتى ئاژاوە و پشێویی گەڕەک بچمە بەردەرکێ، بگرە هەتا نەچوومە بەرخوێندن و چەند پۆڵێکم لە قۆناغێکى سەرەتاییش نەبڕى، نەمتوانى راستەوخۆ داوابکەم بهێڵێ ئەمنیش وەکى کچانى دیکەى گەڕەک، بچمە نێو کۆڕى یارییه‌ بە جۆشەکانى کۆڵان، لە راستییدا زمانى ئاخاوتنە کوردییه‌کەشم زۆر باش نەبوو بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵ منداڵانى گەڕەک بە گشتیی، زۆر جار لە شوێنان گاڵتەیان پێدەکردم...


داده‌ گولێى خەمکى خەمان
(١٢) پێشتر لە چارەسەرکردنى جۆرەها کێشەى خێزانى و کۆمەڵایەتیی رۆلِى مەزنى دەگێڕا و تەنانەت زۆر جار باج و قەرەبووى کێشەکان و زیانه‌ مادییه‌کانیشى لە مووچەى مانگانەى وەک هاوکارییه‌ک دەدایەوە، تا ئاسوودەیى بخاتەوە نێو ماڵە تاریکەکانەوە، کەچى ئێستێ دادە گولێ خۆى بابەتى کێشەکانە، بگرە بابەتى گەورەترین و نابوودترین کێشە، قێزەونترین کەیسى داداگایى کە ئەوکات لە رێگەى (شەرع) و یاساش بە سەد جەڵدە کۆتایی دەهات...، بگرە ئەگەر گەیشتبایە ئەوەى پیاوەکە دەستى چووبایە خوێنى ژنەکەشیه‌وه‌، سزاى سووک(١٣)ى بۆ بڕیار دەدرا و لە رووى یاساییەوەش پشتى لایەنى تاوانکار، زۆر بەهێزتر بوو...
_______________________________________________
(١) دادە گولێ تەمەنى لە نزیکەى دەوروبەرى ٣٥ ساڵانێک دەبوو، خوێندەوارییه‌کى تا ئاستێکى باشى هەبوو، بە رەچەڵەک کورد بوو، لێ لە منداڵییه‌وە لە ناوچە عەرەب نشینەکانى وڵات ژیابوو، دواى شووکردنى بە کاک قەهار لە گەڕەکى (عارەبان)ى هەولێر نیشتەجێ دەبێ. دادە گولێ ناوێکی خوازراوە، خۆى ناوێکى عەرەبیى هەبوو.
(٢) (ئەوەندە جوانە براى خۆى عاشقى دەبێ) گوێم لێ بوو، ژنانى گەڕەک لە کاتى کۆبوونەوەکانیان، وایان دەگوت.
(٣) رەفکەى ساج، پارچە دارى ساجى رەنگ قاوەیى شێوە سێگۆشەیی بوو، لە ژێرەوەى بە هۆى دوو پارچە ئاسنى پتەوەوە کە شوێنى بزمارى هەبوو، بە قولینچکى(سوچى) دیوارەکانەوە دەکران و بۆ جوانیی گوڵدانیان لەسەر دادەندرا.
(٤) دەستاو، له‌ هه‌ولێر به‌ شێوازی جوداجودای چێشت لێنانی هه‌ر که‌سێک ده‌گوترێ ده‌ستاو.
(٥) نیکل، ستیل، ئه‌و کات هه‌ندێک قاپوقاچاغ له‌ ماده‌ی نیکل درو‌ست ده‌کران و به‌ قاپوقاچاغه‌ گرانبەهاکان هەژماردەکران، لە ماڵان زیاتر قاپوقاچاغی فافۆن(مس) بەکاردەبردران.
(٦) کەبابى یاسین، کەبابخانەیه‌کی زۆر دێرینى ناو قەیسەریی شارى هەولێرە.
(٧) هێل، حێل.
(٨) هاوسەرى دادە گولێ، لە تەمەن پازده‌ ساڵ لەو گەورەتربوو، لێ ئەو پیاوە ورگنە ئەوەندە نازى بەسەره‌وه‌ دەکرد، داده‌ گولێى ناچارکردبوو به‌و پڕتەمەنیەوەش خۆشیبووێ.
(٩) بن هەنگڵ، بن هەنگر، ژێر باڵ.
(١٠) لە کوردەواریی بۆ ئاشتکردنەوەى ئه‌و جۆرە کەسانە داوادەکەن و دەڵێن: لە کەرى شەیتانێ وەرە خوارێ. بە واتا ئه‌وه‌ کارى پیاوچاکان نییه‌ و شەیتان(ئه‌هریمه‌ن) پێى کردووە.
(١١) کەلله‌ڕەق، سەرسەخت، کەسێک ته‌نیا بڕیارى خۆى بەلاوە گرنگ بێ.
(١٢) خەمکى خەمان، رێک هەر وەکى مامەخەمە وایە، لێ بە پێچەوانەوە لێرەدا ئه‌و جۆرە کەسایه‌تییانه‌ دەتوانن رۆڵ لە چارەسەرکردنى کێشەکاندا ببینن.
(١٣) سزاى سووک، (ظرف قانونى مخفف)، کۆمەڵێک بارى یاسایی هەن لە یاساى سزادانى عێراقیدا، سزاى کەیسى تاوانکاریی سووکتر دەکەن، لەوانە: (الدفاع الشرعى و زنا الزوجیة)ى جاران، کە ئێستا ئەوەى دووەم تا رادەیەک نەک وەک پێویست هەموارکراوە.

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان