په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠٢٢

    چاوەکانت بەشوێنمدا دەگەڕێن.


دڵگەش قادر

ئەگەر من مردم
تۆ لە کام چاوگەی هیواوە سەردەردەکەی؟
لە کام ئولفەتی خۆشەویستییەوە
پێکەنین بەیان دەکەی؟

ئەگەر من بوومە قوربانی،
تۆ لە کام چاوگەوە دەڕۆیت و
داوای هیوا دەکەی؟
لە کام پێکی مەمکەوە داوای پاکبوونەوە دەکەی؟

ئەگەر من گومبووم
لە کام باخچەدا پشوویەک دەنۆشی و خەیاڵێک دووگیان دەکەی و بەدیار چاوی دڵکەشەوە دەگری؟
لە کام کۆشکدا سەرخەوێ دەشکێنی بە بێ گریان؟

ئەگەر من لە هیچ شوێنێ نەبووم
ئەو رۆژە دێت
چاوەکانت بە شوێنما دەگەڕێن
هەموو جێ لە چاوتا
لە هزرتا
لە خەیاڵتا
دەبنە وەسوەسەی نەدۆزینەوە و
گەڕان.

ئەو کاتەی دڵتەنگ بووی
سەرێک بدە لە ماڵە چۆڵەکەی سینەم و
تەماشای شێوە هەڵواسراوەکان بکە
چۆن بە دیواری دڵمەوە
چۆن بە تاقی سینەمەوە
بە بێنازیی سەمای تەنیایی دەکەن
چۆن بە بێهیوایی سەیری خۆرئاوابوون و
ئاسۆ غەمگینەکان و
شەکەتی رێگای ونبوون دەکەن.
ئاخ بێنایی گوشین و
بێ مەیلیی مەستبوون.

 

سلێمانی

dlirojhelat@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک