په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١١

    چاوەڕێى فرمێسکێکى تۆم.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

1

کاتێک جەستەم دەبێتە پشکۆی ئاگر و
لێوم بە وشکایی تەڕ دەبێت
دەنگم رەنگی ئاسمان دەگرێ و
رەنگم بۆنی خۆشەویستی.


2

بەرلەوەی باوەشی خۆشەویستی ببێتە
روبارێکی ماندوو
چاوەڕێی فرمێسکێکم
دامپۆشێ بە رەنگێ تۆ.


3

لەم زەمەنی پچڕ پچڕەی شەوەزەنگەدا
لە ئێوارەیەکی بەپەت خنکێنراوی
مات و مەلوولدا
تاریکی خوێنێکی مەیوەو
گوناه دەبێتە دووڕیانی خەم.

 
4

لێرە لەنێو تابلۆیەکی
رەنگ پەمەیی تەڵخکراو
بەمێژوی ئەندێشەی ژنێک
تەنهایی دەبێتە میوانی دڵم و
رووناکی دەبێتە مەنزڵی تاریکی.


5

لەم زەمەنەی، کە باڵندە باڵی دەشکێ و
پەپوولە پەردەی شەو دایدەپۆشێ
تەمەن بەرەو ئاوابوون دەچێ و
رۆحم دەبێتە گوناهێکی سپی و
چاوم دەبێتە هێلانەیەکی وێرانە و
نایەوێت لەنێو تابووتی مەرگدا
فەرامۆش بکرێت".


6

لە زەمەنی تاریکی خەونەوە
بزەی سەرلێو، نابێتە ملوانکەیەک
تاکو باوەش بەگەردنی خەیاڵ و
خەمی فرمێسکەکانمدا بکات.


7

ژیانی لێرە ئاوابووە
رەنگ سەرتاپای جەستە مانی داپۆشیووە
رەنگەکان دوورن لەبەخشندەیی
رووبارێکن لە شەپۆلێکی گێژەن و
پڕن لەوورشەی تاریکی.

 
8

لێرە زەمەن ئاوابووە
لەنێو دانیشتنی گژوگیاو
پاڵکه‌وتنی سەوازیی
خەندەیەک دەتۆرێ و
پروشەی زەردەپەری بەیانی
وەک مەوسیم و لەرینەوەی
سەمای بەهار
هێواش هێواش تێ دەپەڕن.


9

من نازانم سبەینێ بەختەوەری
کام زنجیری گەردنم لادەبات
کامەیانە هێندە ناسک
خۆی دەخزێنێتە جەستەم و
دەیەوێت یاری بەدڵم بکات.


10

ئای زەمەنی پەڕوباڵکراو و
دوور لەخەندەو خۆشەویستی
کاتێک کازیوەی بەیانیان
دێتە ناو جەستەو رۆحمەوە
سێوی دڵم فەرامۆشی دایدەگرێت و
لەسووچێکدا قژم شەتەک بدەم
دەم و چاوم پڕدەبێ لەرەنگی تۆو
دار ئەرخەوانیش لەسەرسەرم.


11

لێرە زەمەن ئاوایووە
رەنگم دەبێتە پەڕەی گوڵ و
روخساریشم گەڵای وەریوو
گەردنم دەسپێرمە، بەیانیەکی باراناوی
ژیان دەبێتە باخچەیەک لە سێبەر و
ئاسمانیش دەبێتە گەواڵە هەورو
باڵندەش دەبێتە چرای ئاشتی و
دەشتیش رەنگی خۆی دەگرێ و
دەبێتە پانتاییەک لە سەوزایی.


12

کە زەمەن بەرەو ئاوابوون دەچێت
گەروم تەڕ دەبێت بە ماچ و
لێوم دەبێتە کانیەکی نەرم
چاوم دەکەمە چاوەڕوانی
سروەی خەیاڵی تۆو
میهرەبانیش بۆتەنهایی.


13

کاتێک زەمەن ئاوا دەبێت
دەبمە گمەی کۆترێک و
جریوەی چۆلەکەیەک
لەسەر گوێسوانەی دڵت تینویەتیم دەشکێ و
لەدیمەنێکی خەیاڵیدا
دەبمە گەڵایەکی وەریوو
دەوەرمە
سەر ئەو فرمێسکە ووشک بوانەی
کە بێدەنگی باڵی بەسەردا کێشاون
.

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک