٩\١١\٢٠٢٣
چاوەڕوانی سەرابێک.

سمکۆ ئەحمەد
سی ساڵە من لە دووی جێپێیەك دەگەڕێم
کە دیتمەوە گەنج نەمابووم
بەس خەونەکەم هەر هەرزە بوو
ئەویش
وتی منیش گەنج نیم
ئێستا دایکی دوو منداڵم
درەنگ هاتی منیش ماندووم
پەڕەی گوڵی باخچەکەم بۆ سی وەرز
بە دێ و نایە بۆت هەڵوەراند
من گریام و تۆ نەهاتی
من تەنیا بووم تۆ نەهاتی
بە بووک برام تۆ نەمابووی
کە تۆ هاتی پەردەی شانۆ داخرابوو
سی کورسی چۆڵ
لەسەر سنگی سی ساڵ هەڵچنرابوو
زەمەن لای من
وەك سەعاتەکەی دەستم راوەستابوو
تەمەن لای من دوو چاو بوو
لەسەر جێپێت واق وڕمابوو
ترێ گەیشت دەستم نەگەیشت لێیکەمەوە
کە دەستم گەیشت ترێ نەبوو لێیکەمەوە.
٢٠١٢
- لەندەن
ماڵپهڕی سمکۆ ئهحمهد
|