په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٢\٢٠١٠

چاوپۆشینێک لە ئێستا و تراجیدیایەک بۆ سبەی.

 

- سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له‌ پەرتووکۆکەی "نیگایەک لە ئێستا و خەونێک بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی -

 

هەژێن

- بەشی دووه‌م -

نیگایه‌ک له‌ ئێستا خەونێک بۆ سبه‌ی.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نووسەرانی دەرکەوتەی پاش ڕاپەڕین، لاوازی زمان و هەژاریی و دەستەپاچەییە لە گەڕان بە دوای هاوواتای واژەکاندا و واژەکانیان وەک نوشتە لێکردووە و بۆ هەموو دەردێک هەر ئەوانە دەنووسن. وەک دەزانین هەر یەکە لە بوارەکانی سەربازی و ڕامیاری و ئابووری و فیلۆسۆفی و هزر و ئەڤینداری و ...تد زمانی تایبەتی خۆیان هەیە و واژەیەک کە لە بواری فەرماندان و هێرشکردنی سەربازیدا بەکار دەبرێت، ناکرێت بۆ پەیوەندیگرتنی ئەڤینداریی بەکار ببرێت و بەو جۆرە لە بوارەکانی دیکەشدا کۆمەڵێک واژە هەن و دەربڕینەکان وێنای تایبەت بە پێویستییان بەرجەستە دەکەن. لێرەدا مەبەستم لە دەستپێکی پەرتووکۆکەکەی نووسەرانە، کە هەر لە تایتڵەکەیەوە ئەو دەستەپاچەییە زمانەوانییەیان لە خۆیان نیشان داوە و وێنە زمانەوانی و کۆمەڵایەتییەکانی پشت ئەو واژانەیان لەبەرچاو نەگرتووە، ئەوی کە لەبارەی ئەم پەرتووکۆکەوە شتێکی نەبیستبێت و لە جامخانەی پەرتووکفرۆشییەکدا بەرچاوی بکەوێت، ئەوا دەستبەجێ خەیاڵی بۆ ڕۆمان یا هۆنراوەیەکی ئەڤینداری دەچێت، نەک “جیهانبینییەک” کە هەموو بوارەکانی ڕامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵناسیی و هزریی گرتووەتەوە.

چونکە “نیگا“، تەماشاکردنێکی کورت و ڕواڵەتییە، بە واتای لێوردبوونەوە و تێڕامان و سەرنجدان نایێت، فرەتر له‌ دونیای دڵداری و ئه‌وینداریدا بەکار دەبرێت و له‌ بواری دڵڕه‌قانه‌ی ڕامیاریدا زوو ده‌فلیقێته‌وه‌ و ناسکی و سۆزاویبوونی نیگا له‌ دونیای به‌رامبه‌رکێ و ململانێی ده‌سه‌ڵاتخوازیدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌. ئەگەر نووسەران بە واتای (سەرنج) بەکاریان بردبێت، ئەوا هەڵەیە، چونکە (نیگا) فرەتر ڕێکەوتییە و ( سەرنج) فرەتر ئاگاهانەیە ودەکرێت درێژخایەن بێت. واژه‌ی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە، که‌ نووسه‌ران دەستیان پێی ڕانەگەیشتوە، "تێڕامان"ه‌، کە بە واتای وەستان و وردبوونەوە لە شتێک دێت. ئه‌گه‌ر له‌ دونیای کۆمیونیکه‌یشندا بۆ هاوتای واژه‌ی "نیگا" بگه‌رێین، ئه‌وا ده‌کاته‌ یه‌که‌م دیتن و سەیرکردن و ئەمەش بە (٧) چرکه‌ی یه‌که‌م له‌ دیتن و ناسین دادەنرێت و زۆر جار بە ڕێکەوت ڕوودەدات و وێنه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی په‌یوه‌ندیگرتن یا ناسینی تێدا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن. بەڵام تێڕامان وردبوونه‌وه‌یە، کە لێکۆڵینه‌وه‌ و شیکردنەوە و هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌خوازێت و تێڕوانه‌ر، وەک نیگاگەر، سه‌رپێیانه‌ مامه‌له‌ له‌ته‌ک شته‌کاندا ناکات.

“خەون”، شتێکە کە مرۆڤ ئارەزووی دەکات و بەڵام بەدیهاتنی لە سەرووی توانای خۆیەوە دەبینێت و بۆی دەچێتە خانەی شتگەلی ناکەتواری، کە لە خەونبینیندا لە دەرەوەی بازنەی کارکردی ئاگاهانەی مرۆڤەوە ڕوودەدەن و هیچ دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشکێت.

ئەگەر نووسەران خوازیاری وەدیهاتنی گۆڕانی کەتوارین لە کۆمەڵگەدا، ئەوا دەبوو ئەڵتەرناتیڤ بۆ سبەی (داهاتوو) پێشنیار بکەن، نەک خەوبینین لە دەرەوەی بازنەکانی ئاگاهی (بەخەبەربوون) دا. بەم جۆرە دەبینین نووسەران هەر لە دەستەواژەی یەکەمەوە خەریکی ڕواڵەتیانە دوان و خۆشباوەڕکردنی خەڵکن بە ڕوودانی گۆڕانەکان لە دەرەوەی ویست (ئیرادە) و چالاکی و بڕیاری خودی تاکەکانی کۆمەڵگە. ئەگەر لەڕووی زمانەوانییەوە، بمانەوێت دەستەواژەکە دروست بۆ دونیای پڕ هەراوهوریای ڕامیاریی دابڕێژینەوە، ئەوا بەم جۆرەی لێدێت: (تێڕامانێک لە ئێستا و ئەڵتەرناتیڤێک بۆ سبەی)!

... بوونی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگیمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی گه‌وره‌ی چاوه‌ڕوانکراوه‌وه‌. ل٦

“ئێمە”ی نووسەران کێن؟ ئەو بوونە ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە، کە هەمووان، کە نووسەران بەناویانەوە قسە دەکەن، کامەیە؟ بوونی ڕامیاریی کێ؛ چین، نەتەوە یا دەسەڵات و سەروەری؟

ئەگەر مەبەست لە "ئێمە" چینی فەرمانڕەوای کوردستان بێت، ئەوا دروست نییە، چونکە قۆرخگەرانی دەسەڵات لە کوردستانی پاش ڕاپەرین وەک نوێنەرانی چینی بۆرجوازی کورد، ئەوەی پێی هەستاون، تەنیا ڕاپەڕاندنی ئەرکی چینایەتی خۆیان بووە و هیچ دژەخونییەکیان لە ئامانجی چینەکەیان وەک هاوبەرژەوەندییەکی جیهانی مشەخۆران نەکردووە و هیچ کاتیش ئاوەزگیر و لۆژێکپەسەند نییە، بۆرجوازی بە پێچەوانەی ڕەوتی سیستەمە جیهانییەکەی و بەرژەوەندی خۆی و چینەکەی هەنگاو بهاوێت، وەها چاوەڕوانییەک تەنیا لە خٶشخەیاڵی وردەبورژوازی ڕیفۆرمیست یا فریودەردا جێی دەبێتەوە.

ئەگەر مەبەست لە نەتەوە بێت، ئەوا ئامانجی کەمایەتییەک ناتوانێت خەون و ئارەزووی زۆرینە بگرێتە خۆی. بۆرجوازی وەک کەمینەیەکی سەروەر هیچ کات و سەردەمێک زۆرینەی پێکنەهێناوە و هیچ کاتیش سووتەمەنی شۆڕش و ڕاپەرینەکان نەبووە، بەڵکو وەک لە ڕاپەڕینی ئازاری١٩٩١ و ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی تری جیهاندا دەبینین، چینە داراکان و دەستوپەیوەندەکانیان تەنیا حازرخۆرانی سفرەدڕن و بوون!

ئەگەر مەبەست لە "فەرهەنگ" ڕۆشنبیری بێت، ئەوا وەک ڕەنگدانەوەی ڕۆشنبیری زاڵ، چ پێش ڕاپەرین و چ دوای ڕاپەڕین لەبەر قورخکردنی دەسەڵات لەلایەن نوێنەرانی ڕامیاریی بۆرجوازی عەرەب و کوردەوە، ڕۆشنبیری باڵادەست هەریەک ڕۆشنبیری بووە؛ ڕۆشنبیری سەروەر و بندەست، کە هیچ جیاوازییەکی لەتەک ئەوەی پێشووتر نییە و پلەیەکی باڵاتری پەرەسەندنی ئەوی پێشووە. چونکە ڕۆشنبیری گشتی و جێگەوتە لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا ناتوانێت لە دەرەوەی بازنەکانی دەسەڵاتداری، سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت.

ئەگەر نووسەران بوونی دەسەڵاتی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەی کوردستان بەهی خۆیان دادەنێن، ئیتر من ناتوانم نکۆڵی لەوە بکەم و ڕاستگۆیانەترین دەربڕینە، بەڵام ئەوەی دەمەوێت لێرەدا لە بارەیەوە بدوێم، گۆڕانی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییە، کە ڕەوتێکی هەردەم ئامادەی هەموو کۆمەڵگەکانە و ئەوەی ئەو گۆڕانە بە چ ئاراستەیەکدا مل دەنێت، ئەوەیان بە ئامادەیی و کارکردنی ڕۆژانەی چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگەوە پەیوەستە.

بەگشتی گۆڕانێک کە دەسەڵاتخوازان دەیانەوێت، گۆڕانی فڵان بە فڵان و جێگۆڕکێی دەسەڵاتداران و پارلەمانتارانە لە سەرەوە، بەڵام گۆڕانێک کە چین و توێژە بندەستانی کۆمەڵگە دەیخوازن و لە بەرژەوەندییانە، گۆڕانێکە کە لە خوارەوە دەستپێدەکات، واتە ڕێکخستنەوە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە خوارەوە [لە گوند و گەڕەک و شوێنی ژیان و کار و خوێندنەوە تا ئاستی شار و هەرێم و وڵات و کیشوەرەکان] لەڕێی ئۆرگانە ڕاستەوخۆ هەڵبژڕدراوەکانی کۆمیونیتی و کارگە و فەرمانگە و خوێندنگە و کێڵگە و بەشەکان و کۆتاییهێنان بە نوێنەرایەتی دەسەڵاتخوازان و مشەخۆڕی ڕامیاران بەسەر سامان و داهاتی کۆمەڵگەوە. بەگشتی، ئەگەر چاوەڕێ بین گۆرانەکان لەناو دەسەڵاتەوە یا لە سەروەرە [لە لوتکەی دەسەڵاتی هیرارشیدا] لەسەر دەستی دەستەبژێرێک ڕوو بدەن، ئەوا بێجگە لە کاژگۆڕینی دیاردەکۆنەکان و فۆرمۆڵکردنەوەی ڕواڵەتییانەی گوتارەکان، هیچ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە چییەتی شتەکاندا ڕوو نادات و بنەما کەتوارییەکانی ستەمی کۆمەلایەتی لەجێی خۆیاندا پاریزراو دەبن و ڕۆشنبیری پاش ڕاپەڕینە تێکشکاوەکەی ئازاری ١٩٩١یش بەشێکە لەو گۆڕانە ڕواڵەتییە.

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی له‌م ساته‌دا هێناوه‌ته‌ قسه‌، خه‌م‌و ترسمانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و دونیایه‌ی له‌ هه‌ژده‌ ساڵی دوای ڕاپه‌ڕیندا دروستکراوه‌. ل٦

ئایا ئەو دونیایەی کە لە هەژدە ساڵی دوای ڕاپەڕیندا دروستکراوە، هیچ جیاوازیەکی لەتەک دونیای پێش ڕاپەڕیندا هەیە؟
من لەو باوەڕەدا نیم، چونکە فرەپارتیی پاش ڕاپەڕین و تاکپارتیی پێش ڕاپەڕین، جیاوازییان نییە. ئەگەر هەر یەک لەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە بیتوانیایە لە ڕێگەی کودەتای سەربازییەوە بە دەسەڵات بگات، بێگومان لە ڕژێمەکەی بەعس خراپتری دەکرد، بەڵگەشمان بۆ ئەمە شەڕ و کوشتارە بەردەوامەکانی شەڕە ناوخۆییەکانی ١٩٦٣-١٩٩٨ و پاشترن، بەڵام ئەوەی کە ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ ڕێگە بۆ گەڕانەوەی پارتە پەنابەرەکانی ئەو دیو سنووری ئێران خۆش دەکات، ئیتر بوار بۆ تاکپارتایەتی نامێنێتەوە و دواجاریش هاوئامانجیان لە تێکشکاندنی ڕاپەڕیندا لەتەک هێزە هاوپەیمانەکان و خودی ڕژێمی بەعس زیاتر ناچاریان دەکات، مل بە نەخشەی هاوپەیمانەکان بدەن و بچنە پای پەرلەمانی فیفتی بە فیفتی.

هەروەها وردە پارتەکان یا پارتە کۆپیکراوەکانی دیکە، کە لە ڕۆژانی جەنگی ناوخۆی١٩٩٤-١٩٩٨دا دیتمان بەسەر دوو دەسەڵات و دوو ناوچەدا دابەش بوون، هەمان لاساییکردنەوەی پارتە کارتۆنییەکانی سەردەمی (ڕژێمی بەعس)ن و ئەگەر بشبنە هێز لە وەرگرتنی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتیدا، ئەوا لە دوو پارتە دەسەلاتدارەکەی ئێستا، کە زۆر جار پارتی دایکن بۆ پارتۆکەکانی دیکە یا ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز، باشتر نابن. ئەگەر ئەوە بخەمە ئەولاوە کە من بەگشتی پارت ڕەتدەکەمەوە، ئەوا دیسانەوە بەڵگەی پێویستمان لەبەردەستدایە، کە پارتۆکەکانی دیکە هەم لە شەڕی ناوخۆدا لایەنگرییان لە بدەرانی پشکەتاڵانی کرد، هەم لە پارلەمانە سەرتاسەریی و ناوچەییەکانیدا بەشداربوون و تەنانەت لە هەندێک شاردا لەوانە ئیسلامییەکان بەڕێوەبەر و بکوژ و ببڕ هەر خۆیان بوون، کە ڕووی پارتە دەسەڵاتدارە سەرتاسەرییەکانیان سپی کردەوە.

ئەگەر سەرنجی باری ئابووری تێکەڵ و تایبەتی بدەین، دەبینین، ئەوەی ئەوڕۆکە لە کوردستان پارت بە نێوی جیاواز و جۆری وەک دەزگەی نۆکان و کۆڕەک و چی چییەوە کەرتە گشتییەکان، تایبەتی (پارتیی) دەکاتەوە، هەمان کارە کە لە پاش جەنگی (عێراق و ئێران)ەوە ڕژێمی بەعس دەستی پێکرد و دەست و پەیوەندەکانی خودی ڕژێم لە ڕژێمی هەراجگەریان دەکڕییەوە. ئایا ئه‌مڕۆ لە کوردستان هەر ئەوە نییە، کە بە بەرچاوی هەمووانەوە ڕوودەدات؟

ئەوەی کە جێی پرسیارە، بەقسەنەهاتنی نووسەرانە “ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی له‌م ساته‌دا هێناوه‌ته‌ قسه‌” لە ساتەکانی دیکەی ١٨ ساڵی ڕابوردوودا، ئایا لە هەژدە ساڵی رابوردوودا سەرکوت نەبووە، دەسەڵات سەرووخەڵکی نەبووە، ئایا تاڵان و ئاودیوکردن و گەندەڵی نەبووە، ئایا پارتەکان و دەسەڵاتداران هەر هەمان نین، کە لە ساڵی١٩٩١ەوە چەپاوڵی داهات دەکەن و کۆمەڵ دەستەمۆ دەکەن؟ ئەی ئەو دونیایەی کە لە ١٨ ساڵی ڕابوردوودا دروستکراوە، هەر ئەوە نییە، کە هەیە و خەڵک لێی هاتووەتە دەنگ و هەندێک خوازیاری گۆڕانن و هەندێک خۆزگە بە گەڕانەوەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی داگیرگەر دەخوازن، ئیتر بۆ نووسەران خەم و ترسیان لێنیشتووە؟

هەژدە ساڵ لەمەوبەر، کاتێک کە دەسەڵاتی سەرووخەڵکی بوۆرجوازی کورد خەریکی پێکهێنانی پارلەمان بوو، کەم نەبوون ئەوانەی کە دژایەتی ئەو دەسەلاتەیان کرد و پێشبینی ئەوەیان کرد، کە لە هەژدە ساڵی ڕابوردوودا لە تاڵان و ئاودیوکردن و جەنگی ناوخۆ و گەندەڵی و سەرکوت و بێسەروشوێنکردن و .. تد ڕوویدا. هەروەها هەم ناڕازیانێکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە هەژدە ساڵی ڕابوردوودا پێیان لەسەر ئەوە داگرت و هەم ڕووداوە کەتوارییەکانی هەژدە ساڵی ڕابوردووی هەرێمی کوردستان ئەوەیان سەلماند، کە ئەوەی لە هەژدە ساڵی ڕابوردوودا دروستکراوە و نووسەران خەمی لەدەستدانیان لێنیشتووە، ئەوە نییە کە لە ساڵی ١٩٦١وە خەڵکی وێنای ئازادبوونی خۆی تێدا دەکێشێت و خۆی لە پێناویدا بەکوشت دەدات، نە درێژەی ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەری ئازادی ١٩٩١یشە! هەر بۆیە بێدەنگەی ١٨ ساڵی ڕابوردوو و خەم و ترسی نووسەران لەو ساتەدا ئاشکرایە، لە١٨ ساڵی ڕابوردوودا وەک چەند مانگی پێش بەدەنگهاتنی نووسەران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک بەرجەستە نەبووبوو، هەروا لە١٨ ساڵی ڕابوردوودا پێکهاتنی ئۆپۆزسیۆنێکی دەسەلاتخوازی پێکهاتوو لە کۆنەدەسەڵاتدارانی دوێنێ نەبووبووە پێداویستی پاراستنی دەسەڵات لە خەڵک و خۆشباوەڕکردنەوەی خەڵک بە دەنگدان و بەو پێیەش جیهانبینی وەها ئۆپۆزسیۆنێک نەبووبووە بەشێک لە خەم و ترسی نووسەران. بە واتایەکی تر، ناڕەزایەتی خەڵک بەو ئاستە نەگەیشتبوو، کە دەسەڵاتداران لە خۆیان لیست و کۆمپانی بە ڕواڵەت ناڕازی [بەڕواڵەت لەبەر ئەوەی کە خوازیاری کۆتاییهێنان بە تاڵانی نین، بەڵکو خوازیاری بەشی زیاتر لە تاڵانی و گەندەڵین] بۆ فریودانەوەی جەماوەری نارازی بە پارە و کۆمەکی خۆیان دروستبکەن!

به‌بێ گۆڕینی ئه‌م جیهانبینییه‌، به‌بێ ده‌سکاریکردن‌و داڕشتنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ گشتییه‌کان‌و وێنه‌کان، گۆڕان‌و ده‌ستکاریکردنی به‌ش‌و شته‌ بچووکه‌کان ناتوانێت کاریگه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی هه‌بێت‌و ناتوانێت ڕێگایەک بۆ ده‌رچوونی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌و کێشانه‌ پێشنیاربکات ل٦-٧

لێرەوە ئیتر نووسەران نیازیان ئاشکرا دەبێت، جۆری گۆڕان و سیستەم و جیهانبینییەک کە خەونی پێوە دەبینن (نەک کاری بۆ دەکەن)، دەردەکەوێت. ئەوان تەنیا لە سەرەوەڕا لەسەر دەستی دەستەبژێرێک لەتوانادابوونی گۆڕان دەبینین و قسە لە گۆڕینی شێوەیەک جیهانبینی دەکەن، نەک گشتییەتی جیهانبینی. دواتر لە بەشەکانی تردا دەردەکەوێت، ئەوان باس لە دەسکاریکردنی واتە چاکسازی و داڕشتنەوەی چوارچێوەی گشتییەکان دەکەن. ئەوەش بەواتای ناکارایی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان دێت، ئەوان گۆڕانی هەر ڕۆژە و بەردەوام و لە خوارەوەڕا (لەسەر دەستی خەڵکی و لە ناوەندەکانی کار و ژیاندا) ناکارا دەبینن و پێیانوایە گۆڕانی ڕاستەقینە بەرهەم ناهێنێت.

کۆمه‌ڵێک پرنسیپی گشتییه‌ که‌ ده‌یه‌وێت دونیابینییه‌کی نوێ پێشنیاربکات، کۆمه‌لێک پرنسیپ که‌ له‌ ده‌ستنیشانکردنی کێشه‌ هه‌ره‌سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه‌ وه‌رگیراون. ل٧

ئەوەی جێی سەرسورمانە، ئەوەیە، که‌ له‌ لای نووسەران، ئەوە پرنسیپڵە جیهانبینی دیاری دەکات، نەک پێچەوانەکەی، هەروەها پرنسیپڵەکان لە دەستنیشانکردنی کێشەکانەوە هه‌ڵده‌هێنجێنرێن، نەک ئه‌وه‌ی لە جیهانینییەوە وه‌ربگیردرێن!

ئەوەی ئێمە لێرەدا پێشنیاریدەکەین به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی کۆنکرێت نییه‌ هێزێک له‌ هێزه‌کان به‌ته‌نیا هه‌ڵگریبێت، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک ئاراسته‌ی گشتی‌و شیوازی بیرکردنه‌وه‌و ڕوانگه‌ی بینینه‌ که‌ ده‌شێت زیاد له‌ هێزێک‌و زیاد له‌ گروپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هی خۆی بزانێت. ل٧

بەپێچەوانەی ئەوەی نووسەران پاگەندەی بۆ دەکەن، ئەوەی لەو پەرتووکۆکەدا نووسیویانەتەوە، بەرنامەی دیاریکراو و کۆنکرێتە بۆ لیستی گۆڕان، بەڵام ئەوەی کە ئەو توانا جادووییەی هەبێت، کۆمەڵێک ئاراستەی گشتی، شێوازی بیرکردنەوە، (ڕوانگەی بینین!!) لە جیهانبینییەکدا یا بە واتایەکی دی جیهانبینییەک لەو تێکەڵەیە چێ بکات، تەنیا (جیهانبینییەکی هەتیمچەیی[١]) لێدەردەچێت، کە بە کەم و زیادکردنی کەرەستە پێکهێنەرەکان، دواجار خواردنەکە هەر شۆربای هەتیمچە دەردەچێتەوە و هیچ کات نابێتە چێشتی بایزنجان یا کولەکە یا بەرسیلە یا نیسکێنە یا شلەبرنجی تەواو و وەها شۆربایەک هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە ئاشپەزی!

ئەمە بەرهەمی دەستکورتی هزری و کەمی ئایدیا و گیرخواردنە لە بازنەیەکی داخراودا. بەڵام ئەوەی کە لە ڕاستیدا نووسەران خەریکن بەرنامەیەک بۆ قوتارکردنی سەروەری بۆرجوازی لەبەر ڕۆشنایی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستیدا دادەڕێژن، بە دڵنیاییەوە زۆر گروپ و هێزی هاوئاراستە، هاوجیهانبینی و هاوشێواز دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن و ئەمە نکۆڵی لێناکرێت.

باوای دابنێن، کە دەکرێت هەتیمچەیەک لە ئاراستەی گشتی و شێوازی بیرکردنەوە و ڕوانگە دروست بکەین، ئایا دەکرێت ئاراستەی گشتی و شێواز و ڕوانگەی ناسیونالیستی، ئایینی، مارکسیستی، پێکەوە کۆبکەینەوە و دەرخواردی هەتیوانی کوردستانی بدەین، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، دەکرێت بزانین چۆن؟

ئەگەر مەبەستیش لە ئاراستە ناسیونالیستەکان و بیرکردنەوە ناسیونالیستەکان و ڕوانگە ناسیونالیستەکان بێت، منیش دەڵێم، بەڵێ، دەکرێت هەموویان لە دەوری قیبلەکەیان واتە دەوڵەتی بورژوازی (لە ژێر دێوجامەی نەتەوەیی)دا کۆبکەنەوە، بەڵام کۆکردنەوەی هەموو ڕوانگە جۆراوجۆرەکان بەبێ دیاریکردن، ئەستەمە و مەگەر لە توانای جادووییەکی ئاوادا هەبێت، کە نووسەران خەریکن لە خەڵکی دەکەن!

کێشه‌یه‌ک بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ربکرێت ده‌بێت سه‌ره‌تا بووبێت به‌ کێشه‌، زمانێکی دۆزیبێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌وڕێگایه‌وه‌ بناسێنێت‌و دواتریش له‌ناو جیهانبینییه‌کدا جێگیربووبێت ل٧

ئایا لە هیچ سەردەمێکدا کێشە هەیە، کە نەبووبێتتە کێشە یا کێشە نەبێت؟


من ئەمە بە مەتەڵ تێدەگەم، ئاخر کێشە، کێشەیە و بوونی بە کێشە، چ واتایەک دەبەخشێت؟ کێشە، زمان دەدۆزێتەوە یا کێشەداران زمانی دەربڕین و خستنەڕووی کێشەکە دەدۆزنەوە؟ کاتێک کێشەیەک لە ئارادا بێت، ئیتر ناساندنی واتە چی؟ ئەگەر مەبەستیش قسە لەسەر کردنییەتی لە پارلەماندا، ئەوا بەئاگاهاتنی خەوتووانی سەر کورسی و وەرگرانی بەخشیشەکانی پارلەمان لە کێشەیەک، بە واتای سەرهەڵدان و پێناسەی کێشەکە نییە، بەڵکو دەستنیشانگەری دەمی تەقینەوەیەتی و ئەو کات ئیتر کار لە کار ترازاوە.

لە هەر شوێنێک یا کۆمەڵگەیەکدا کێشەیەک هەبێت، کەواتە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و سەرخانێکی ڕامیاری و ژێرخانێکی ئابووری دیاریکراو هەیە، کە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکەوە بزاڤێکی دژ بە باری جێگیر یا سیستەمێکی سەپاو، کە بە هۆی ناکۆکبوونی سیستەمەکە لەتەک ویست و خواستە کۆمەڵایەتییەکان، کێشمەکێش دروست دەبێت و دێتە ئاراوە. کاتێکیش بزاڤێکی کۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە، ئیتر ئەوە ئەو کاتەیە، کە ئاراستە ڕامیارییە دەسەڵاتخوازەکان لەبەر ڕۆشنایی جیهانبینی-یەکانیاندا خۆیان بە بزاڤەکەدا هەڵدەواسن و وەک گیاکەڵە لە هێز و گەشەکردنی سروشتی خۆی دەخەن؛ وەک ئەوەی کە لیستی "نیئۆ جەلالیزم” بەنێوی "گۆڕان”ەوە سوار ملی بزووتنەوەی گۆڕانخوازی هەرێمی کوردستان بوو.

ئەگەر هەڵە ڕیزمانییەکان واز لێبهێنم، ئەوا من لە تەواوی ئەو پەڕەگرافەدا تەنیا وشەڕیزکردنی بێواتا دەبینم، یا ئەوەتا دەرکی من لە ئاستی فۆرمۆلکردنی دەستەواژەکانی نووسەراندا لاوازە و پێویستم بە ڕوونکردنەوەی زیاترە!
___________________
په‌راوێز:
[١]. “هەتیمچە” چێشتێکی هەژاران و بێسەرپەرشتانە کە لەناوچەی سنەدا باوە لە کۆمەڵێک کەرەستەی خواردەمەنی دروست دەکرێت، کە دەکرێت سەربەخۆ بۆ خۆیان خواردن و چێژو جۆری تایبەتی بن.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن