په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

جێگرى بەڕێوەبەری پەروەردەى هەولێر؛

بەرپرسێک کە بەگژ پرسیاردا دەچێتەوە.


 شـوان جەلال   


لە ژمارەى (855) و لە هەواڵێکى لاپەرە یەکى ژمارەى (855)ى هەفتەنامەى " رێگاى کوردستان"دا هاتووە: "جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر (م.فارس) هەڕشەى دڕاندنى مامەڵەى مامۆستایەک دەکات وەپێی رادەگەیەنێت: جارێکى تر بێیتەوە مامەڵەکەت دەدڕێنم." لە هەواڵەکەدا روون کراوەتەوە ئەو هەڕشەیەى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر لەو مامۆستایە پاش ئەو دێت پرسیارى چۆنێتى هاتووچۆکردنى هاوسەرکەى لێ دەکات کە مامۆستایە و گواستراوەتەوە لە گوندێکى دوور دانراوە. پاش خوێندنەوەى ئەو هەواڵە بە پێویستم زانى ئەم دێرانەى خوارەوە بنوسم.


من لە کات و جێگاى تردا نوسیومەو ، بە پێویستى دەزانم لێرەشدا جەختى لەسەر بکەمەوە: بڕوام وایە ئێمە وەک کۆمەڵگایەک ئەگەر بمانەوێ خۆمان بگۆڕیین بەرەو ئاراستەیەکى چاکتر، سەردەمیانە، ئەوا گۆڕینى سیستەمى پەروەردەییمان دەستپێک، یان بەلاى کەمەوە وێستگەیەکى گەورە و گرنگە لەو گۆڕانە، هەڵبەتە لە ماوەى رابردوودا هەندێ هەنگاو نراون بە ئاراستەى گۆڕینى سیستەمى پەروەردەییمان جێگاى ئومێدن، بەڵام کاتێک هەڵسوکەوتی چەشنى ئەو هەڵسوکەوتەى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر دەخوێنینەوە ئەو کات مافی خۆمان نیە بە گومان رەشبینەوە تەماشاى ئەو بەرەو پێشچوونانەى ئوبژێکتى پەروەردەیی بکەین لەم هەرێمەدا؟، بڕوام وایە ئەرکى داهاتووى وەزارەتى پەروەردە دەستکاری و لابردنى ئەو کەسانەیە کە جگە لە زەرمەندى و تیرۆرى دەروونى خەڵک و مامۆستایان هیچ سودێکى ئەوتۆیان نەبووە بۆ کایەى پەروەردە و، دانانى کەسانى شیاو و بە کافەئەت و پشوو درێژ.


سەیرە کاتێک کەسێک کە بەرپرسبێت لە جێگایەکى هەستیارى وەک بەڕێوەیەتى گشتى پەروەردەى یەکێک لە سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان حەوسەڵەى وەڵام دانەوەى پرسیارێکى مامۆستایەکى بەڕێوەبەرایەتیەکەی نەبێت و، بەشێوەیەکى زۆر ناشیرین بەڕوویدا دەتەقێتەوەو هەڕشەى دڕاندنى مامەڵەى هاوسەرەکەى لێدەکات!، باشە ئەو مامۆستایە پرسیارى هاتووچۆکردنى هاسەرەکەى (کە مامۆستایە) لە جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر نەکات لە کێی بکات؟ ئەى جەنابی (م.فارس) لە خۆى ناپرسێت هۆکارى دانانى بەڕێزیان لەو جێگا بەرپرسیارێتییە بۆ چییە؟ باشە ئەو خاوەن شکۆیە نازانێت هەموو ئینسانێک خاوەن شکۆ و هەست و کبریائی خۆیەتى.


لە راستیدا ئەو هەڵسوکەوتەى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر شایانى لێپرسینەوەى توندە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە و پێویستیشە پێش هەر سزایەک ناوبراو داواى لێبوردن لەو هەڵسوکەوتە چەوتەى بکات کە بەرامبەر بەو مامۆستایە نواندوویەتى.


دەبێ ئەو مامۆستایەى کە پرسیارى هاتووچۆکردنى هاوسەرە مامۆستاکەى لە جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر کردووە چەندەمین مامۆستا بووبێت بەوشێوە دزێوە وەڵامیان دارابێتەوە یان بەراستى بێڕێزى بەرامبەریان کرابێت.


لە کۆتایدا دەلێم: جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر بەو هەڵسوکەوتەى کە بەرامبەر بەو مامۆستایە نواندنوویەتی، تەنها دەتوانین بە بەرپرسێکى بە گژ پرسیاردا چوو ناوزەدى بکەین.

 


Shwanjalal2005@yahoo.com