٢٠\٣\٢٠١٢
جەژنی نەورۆز..
شاجەژنی کوردستان.

رەزا ساڵح
نــەورۆز بوو
ئـــاگرێکی وەھای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەروپیری مەرگەوە
جەژنی نەورۆز ، دێرینترین و رەسەنترین و
پیرۆزترین و خۆشترین جەژنی گەلی کوردمانە .. جەژنی نەتەوەییمانە ..
جەژنی یەکڕیزی وتەبایی و برایەتیمانە .. جەژنی راپەڕین و سەرھەڵدانە ..
جەژنی ئازادی و سەرفرازی و ئاشتیمانە .. جەژنی .. جەژنی خۆشی و گەشی و
شادیمانە .. جەژنی شایی و گۆڤەند و سەیرانە .. جەژنی ئەوین و
خۆشەویستیی عاشقانە .. رۆژی تازەکردنەوەی بەڵێن و پەیمانە .. نەورۆز
مژدەھێنی ژیانەوەی گیا و درەخت و گوڵ و گوڵزارە .. لە مانگی نەورۆزدا ،
مەلە کۆچکردووەکانی ھۆگر و شەیدای بەھاری رەنگین و جوانی کوردستان
دەگەڕێنەوە .. گۆڵە نێرگزی شای گوڵان و ، حاجیلە و ، گۆڵاڵەسوورە و ،
رێحانە و ، کنگر و ، ھەپڵۆک و ، پیشۆک و ، ترشۆکە و ... ھتد . ھەموو
دەخەمڵێن .. دەشت و دەری کوردستان ، کراسێکی ھاودامانی گوڵ سرۆشتی
لەبەر دەکات .. سەرەتای وەرزی بەھارە .. جەژنی دێھات و شارە .. نەورۆز
جەژنی ھەژاران و نەدرانە .. مانگی خێر و بێر و گەشەکردنی دەغڵ و دانە
.. رۆژی ماڵئاوایی زستان و سەرما و سۆڵە و بەفر و زریانە .. نەورۆز
جەژنی سرۆشتی قەشنگ و جوانی کوردستانە .
نەورۆز ، جەژنی یەکەمین رۆژی سەری ساڵی کوریمانە .. ھێما و سومبولی
خەبات و کۆڵندان و راپەڕینمانە .. جەژنی نەورۆز پەیامی ئاشتی و
پێکەوەژیانە .
جەژنی نەورۆز ، لای ئێمەی کورد بایەخێکی گرنگی مێژوویی ھەیە .. تیکەڵ
بە ھزر و ھۆش و بیرمان بووە .. بۆتە بەشێکی رەسەن و نەمر لە لە
کولتووری کەلەکەمان .. رەگی بە ناخی ئەدەبی کوردیماندا شۆڕبۆتەوە ..
نەورۆز بووە بە ھەوینی چەندین شاکاری ئەدەبییمان ، ھۆنراوە ، چیرۆک ،
رۆمان ، دراما .. بە تایبەتیشی بۆ ئیلھامی شیعرەکانی شاعیرەکانمان .
ئەمڕۆش ( نەورۆزنامە ) بووە بە چمکێکی پەخشانی کوردیمان .. لە جەژنی
نەورۆزدا ، ھاوڕێ بۆ ھاوڕێ و دۆست و دەزگیران و ، خۆشەویستان ، کەس
وکار بۆ یەکتری دەنێرن .
جەژنی نەورۆزە ، کە توانیوێتی گیانی ھەمیشە خەبات و خۆڕاگری و کۆڵنەدان
و بەرخودانی لە دڵی گەلەکەماندا رابگرێ .. سۆز و پەرۆش و خۆشەویستیشمان
بۆ کوردستانی شیرینمان .. شیرینتر و بەسۆزترو بە پەرۆشتر بکا .
ئەوەتا ئەتاتورکلیزمەکان ، تۆقیان لە جەژنی نەورۆز و لە .. مەشخەڵ و گڕ
و کڵپەی ئاگری نەورۆز چووە .. ھەموو ھێزێکیان خستۆتە باری وریایی و
نائاساییەوە .. رژێمی فاشستی تورکیا ، گەمژەیی و بێ ئەقڵییەکی گەورە
دەکا . ئەگەر بێتو لە باکووری کوردستاندا جەژنی نەورۆز و ، کردنەوەی
ئاگری نەورۆز کە سومبولی نەورۆزە ، قەدەغە بکات .. بە دڵنیاییەوە ،
ئەگەر ھەموو ھێزەکانی ( ناتۆ ) ش بھینن .. ناتوانن جەژنی نەورۆز قەدەغە
بکەن و نەھێڵن ئاگری نەورۆز بکرێتەوە .. نەورۆز ، جەژنی نەتەوەییمانە و
، شاجەژنی کوردستانە و .. ھەموو کوردێک شانازی بە جەژنی نەرۆزەوە دەکا
.. ھیچ جەژنێکیش بە قەد جەژنی نەورۆز لای کورد شیرین نییە و .. ھیچ بۆن
و جەژنێکیش بەقەد جەژنی نەورۆز ، رەگی لە دڵی کورد دا دانەکوتیوە ..
نەورۆز رەنگدانەوە و کاریگەرییەکی قووڵی ، لەسەر ھەموو بوارەکانی ژیانی
گەلەکەماندا ھەیە .. بۆتە فاکتەرێکی گرنگی ھاوخۆشی و ھاوڕیزی و یەکێتی
گەلی کوردمان .
لە رۆژی نەورۆزی ( ٢١\٣\١٩٩٠) دا .. کچە کوردی قارەمان و دلێرمان ،
خوێندکار (زەکیە ئالکان ) کە پۆلی شەشەمی کۆلێجی پزیشکی بوو ، لە
زانکۆی دیجلە لە شاری ئامەد ( دیار بەکر ) .. لە باکووری کوردستاندا ..
میت و پۆلیسی تورکیای فاشستی ، بە چەکەوە دڕندانە چوونە ناو زانکۆکەوە
و ، نەیان ھێشت خوێندکارانی کوردمان جەژنی نەورۆز بگێڕن و ، ئاگری
نـەورۆز بکەنەوە .. بەڵام خوێندکار( زەکیە ئالکان ) کە دڵسۆز و
کوردستان پەروەرێکی ناسراوبوو .. بڕیاری دا ، کە دەبێت ئاگری نەورۆز
ھەر بکاتەوە .. زەکیە خان لە ناوەڕاستی شاری ئامەد دا لە بەردەم میت و
پۆلیسی تورکیادا ، ھاواری کرد و وتی : " ئەی فاشستییە داگیرکەرەکانی
کوردستان .. ئێوە ناتوانن نەھێڵن من ئاگری نەورۆز بکەمەوە .. بڕوانن کە
چۆن ئاگری نەورۆز دەکەمەوە.. ".. گاڵۆنێ بەنزینی بە سەری خۆیدا کرد و
خۆی سوتاند و ، بە گیانی ناسک و پیرۆزی ئاگری نەورۆزی کردەوە .. شەھیدی
نەمرمان ( زکیە ئالکان ) بە جیھانی سەلماند ، کە کورد نەمردووە و
نامرێت .. بە داگیرکەرانی کوردستانیشی سەلماند ، کە کورد لە مردنیش
بەھێزترە .. ھیچ ھێزێکیش ناتوانێت ، کورد و نەورۆز لە یەکتری دابڕێ ..
ھەموو ئەوھەوڵانەش کە تا ئێستا داگیرکەرانی کوردستان داویانە .. بۆ کاڵ
کردنەوەی بایەخی نەورۆز .. یا شێواندن و لەبەرچاوخستنی ، سەریان
نەگرتووە و پووچەڵ بوونەتەوە .
نازانم رژێمی تورکیا ، لە گوێی گادا نووستوون ، یا بە ئەنقەست خۆیان
گیل دەکەن .. لە ( ٢٣\٢\٢٠١٠ ) لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ، کە
تورکیاش ئەندامێکێتی ، بە فەرمی ( جەژنی نەورۆز ) بوو بە بۆنەیەکی
جیھانی دانپێنراو .. پێویستە لەسەر دەوڵەتان رێز لەم بۆنەیەیە بگرن ..
بەڵام کەی رێز و شەرم و شوورەیی لای ڕژێمی فاشستی تورکیا ھەبووە .. ؟؟
بە بۆنەی جەژنی نەورۆزی پیرۆز و ، سەری ساڵی نوێ ی کوردیمان( ٢٧١٢) لە
ناخی دڵمانەوە .. جوانترین پیرۆزبایی لە ھەموو کوردێکی دڵسۆز دەکەم ،
لە ھەر چوار پارچەی کوردستان ، یا لە ھەر شوێنێکی ھەندەراندا بن .. بۆ
یەکە بە یەکەشتان چەپکێ گۆڵە نێرگزی چاومەستی ، نێرگزەجاڕی ئەم بەھارە
ھاتەی کوردستانی شیرینمان پێشکەشتان دەکەم .
ھیوادارین ، جەژنی نەورۆزی ساڵی داھاتوومان .. جەژنی ئازادی کورد و
رزگارکردنی کوردستان بێت .
جەژنی گەڕانەوەی شاری کەرکوک و ، ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان بێت بۆ
باوەشی کوردستان .
جەژنی داھاتوومان ، جەژنی جەژنان بێت ، جەژنی بڕیاردانی مافی چارەی
خۆنووسین بێت .. جەژنی جاڕدانی ( دەوڵەتی کوردستان ) بێت .
٢٠\٣\٢٠١٢
- نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|