١٢\٣\٢٠١٢
چێژوەرگرتن لە تەنهایی!

گۆران رەئوف
ئەم وڕێنانە بۆ
روونبێژییەکانی ھاوڕێی ئەزیزم کاک(جەمال جەلال).
١
کاتژمێری ژورەکەم
وەستاوە!
پەردەی پەنجەرەکە
شەرمێکی یەکجار قورس دایگرتووە!
کتێبخانەکەم... ماتە،
بێدەنگە... دۆشداماوە!
٢
تیڤییەکەم تۆز خواردویەتی و
بەکراویی وەک ڕابردو!
کاسێتێک ئیشپێدەکەم و
دەیخەمە سەر ئەو میوزیکەی
کە تۆ حەزت لێی بو!
٣
ئاوێنەکەم کەدەمبینێ دەگریەت!
جێگەی خەوەکەم وڕوکاسە!
دەرگای ژورەکەم ھەر ھێشتا داخراوە!
ئەزانی قژم درێژە،
چڵکنە، ئاڵۆسکاوە؟!
٤
دوو کورسییەکەی جاران،
ھەنوکە یەکێکیان شکاوە!
دوو کوپەکە...
قاوەکەیان تیادا وشک بۆتەوە!
گەلە پێکەنینەکان
ئەوەندە چاوەڕێبوون،
ئێستا ترشاون!
٥
تیانوسی بیرەوەرییەکان
بەکراوەیی لەسەر ئەو لاپەڕەیە
کەبۆیەکمجار پێتوتم:
"نائومێدییەکانم بە درێژی پرچمەوە گرێداوە"!
٦
ئینجانەی گوڵەکان
ھێشتاکە حاڵیان نازانم.
وابزانم ھاوسێکەمان
باخچەکە ئاوەدات.
٧
پێموابێت دوێنی بوو
ھەستام وێنەکەتم سەیرکرد.
ئا...ئا ھەروابوو،
دوێنی ورچە پەڕۆینەکەتم
لەباوەشگرت.
دوێنی لەتاریکدا و
بەدزی شیعرەکانی نیچەوە
ماچێکی وێنەکەتم کرد!
٨
کەی دێیتەوەی ئەمیرم؟!
ئەم وێرانەیە کوشتمی!
پایزی ٢٠٠٦
goranrauf@yahoo.com
|