٦\٣\٢٠١٣
چەکدانان ..
دۆڕاندنە.

رەزا ساڵح
ئێمەی کورد ، لە ئێستا و لە رابردوودا ، تا جامی ستەم و چەوسانەوەمان
پڕ نەبووبێت ، تا داگیرکەرانی کوردستان ناچاریان نەکرووبێتین ، چەکمان
هەڵنەگرتووە ، چەک هەڵگرتنیشمان لە پێناوی ، بەرگری کردنبووە لە
گەلەکەمان و لە خاکی کوردستانمان ، ئەمەش مافێکی رەوای هەر گەلێکی ماف
خوراو و نیشتمان داگیرکراوە.
تا ئەمڕۆش ئەو چەکانەی بە دەستی شۆڕشگێڕانی کوردەوەن ، چەکی سادەن و
مەودا کورتن ، گرنگترینان " کڵاشینکۆف " ـە ، کە لە وڵاتانی تردا ،
وەکو چەکێکی ئاسایی ، شوان و جوتیار و راوکەرەکان بە کاری دەهێنن.
بەڵام بە پێچەوانەی کوردەوە ، هەردەم داگیرکەرانی کوردستان پەلاماری
گەلەکەمانیان داوە و ، کوشندەترین چەکی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و
سووتێنەری قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیان لە کوشتنی کورد و کاولکردنی
کوردستان تاقیکردوونەتەوە .. بۆنموونە : بۆمبی ناپاڵم ، فسفۆری
سووتێنەر ، دەبە تیزاب ، کیمیاوی ، بۆڵە بۆمب ، مین ، فرۆکەی مێگ ،
فانتۆم ، سیخۆی ، هێنتەر ، فرۆکەی بێ فرۆکەوان ، راجیمە ، قورسترین
تۆپی دوورهاوێژ ، تازەترین تانک و زرێپۆش ... هتد . لە سێدارەدان و
ئەنفال ، گۆڕی بە کۆمەڵ ، تا ئێستا بەهەزاران کوردی بێ تاوانمان هە
لەبەر ئەوەی کە کوردبوون شەهید کران .. تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان
دەستیان لە کوشتن و دەربەدەرکردنی کورد هەڵنەگرتووە .. درێژە بە هەمان
سیاسەت دەدەن .. هەموو هەوڵێکیان ئەوە بووە کە ناسنامەی کورد بسڕنەوە.
بەڵام هیچ کاتێک ێێمەی کورد ، حەزمان بە کوشتن و خوێن رشتن نەبووە ،
هێچ کاتێک لەگەڵ تۆڵسەندنەوەدا نەبووینە ، هەردەم لەگەڵ زمانی گفتوگۆ و
چارەسەری ئاشتیانەدا بووینە ، لە رابدوو و ئێستاشدا لەگەڵ ئەو رایەداین
، کە " سەد ساڵی گفتوگۆ لە رۆژێکی شەر باشترە ".
بەڵام بە داخەوە ، هەردەم ناحەزان و داگیرکەرانی کوردستان ، دڵپاکی و
نیەتباشی و خۆشبڕوایی ئێمەی کوردیان قۆستۆتەوە و ، بە خاڵی لاوازمانیان
زانیوە .. تا ئێستا چەندین جار فڕوفێڵیان لێ کردووین و ، بە بەڵینی درۆ
و زەردەخەنەی ژاراویان بڕومان کردووە و ، تێکەوتووین ، زۆر کەمیش وانە
و پەندمان لەم هەڵخەڵەتاندن و شکستییانەمان وەرگرتووە.
لەم ماوەیەدا ، دوو جار ئۆردوگانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ، داوای لە
شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستان کرد ، کە بەبێ هیچ مەرجێک چەک دابنێن ..
هەر دوای قسەکانی لەم ماوەیەدا هێلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا
، زۆر بە خەستی و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ بەزەییانە ، چەندین جار ،
بۆ ماوەی زیاتر لە پانزە کاژمێر.. دێیەکانی بناری قەندیل و چەندین
ناوچەی تری باشووری کوردستانیان بۆردوومان کرد ، کە زیانێکی گیانی و
ئابووری و ژینگەیی زۆریان بەو ناوچانە گەیاند ، بە داخە وە ، نە
حکومەتی عێراق و نە حکومەتی کوردستان و نە پەڕلەمانی کوردستانیش ، بە
فەرمی پرۆتستۆی ئەم تاوانانەیان نەکرد و ، خۆیان ڵێ کەڕ و لاڵ کرد ..
هەر لەم کاتەشدا بوو کە وەفدی کوردی ، سەردانی تێکۆشەر عەبدوڵڵا
ئۆجەلانیان کرد ، لە ئیمرالی کرد بە مەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ
چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە.
ئەم کارە قێزەوەنانەی تورکیا ، ئەوە دەگەیەنن کە ئۆردوگان و
دەسەڵاتدارنی تورکیا ، ئەوەی لە دڵیاندایە ، ئەوە نییە کە لەسەر
زاریاندایە .. دڵیان پڕە لە رق و کینە ، تا ئەمڕۆش لەگەڵ مەنتیقی
لەشکرتاری و هێز و خوێنڕشتندان.
تا ئەمڕۆ بچووکترین هەنگاوی پراکتیکیان نە ناوە ، تا نیەتباشی و
راستگۆیی خویان بسەلمێنن .. بۆیە تا ئێستاش کورد گومان لە راستی و
نیەتپاکیان دەکا.
تا ئێستا یەک لایەنانە ، پارتی کرێکارانی کوردستان ، چەند جارێک شەڕی
راگرتووە و ، داوای گفتوکۆ و چارەسەرێکی ئاشتیانەی بۆ دۆزی کورد لە
باکووری کوردستاندا کردووە .. بەڵام تورکیا ئەم هەڵوێستانەی شۆڕشگێڕانی
باکووری کوردستانی ، بە لاوازییان زانیووە ، بە هێزێکی گەورەتر و ، بە
شێوەیەکی دڕندانەتر پەلاماری کوردستانیان داوە .. کوشتن و کاولکاریی
زیاتریان لە کوردستان کردووە .. بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە ، بڕوای
پۆڵایینی گریلەکان و ، هەستی کوردسانپەروەری لە دڵی کوردا خامۆش بکەن.
کورد لە پێناوی لێبووردندا و چەکداناندا ، چەکی هەڵنەگرتووە ، چی
وەرگرتووە ، تا بەبێ مەرج چەک دابنێ ؟ چەندین هەزار لاومان لە پێناوی
چیدا شەهید بوون ..؟ ئەگەر تۆرکیا راست دەکا و بەراستی دەیەوێت بە
رێگای گفتوگۆ و ئاشتییانە کێشەی کورد کۆتایی پێ بهێنێت .. با وەکو
نیەتباشی . هەزاران زیندانی بێ تاوانی کوردمان ئازادبکەن ، با سەرۆکی
زیندانی کراومان عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکەن ، با شەڕ رابگرن ، با
بۆردوومان کردنی گوند و ئاوەدانی و ، کوشتنی گوندنشینەکان رابگرن.
پێویستە شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستان ، هەڵەی شۆڕشی ئەیلوولی باشووری
کوردستان دووبارە نەکەنەوە ، کە بەبێ هیچ ، مەرجێک لە ساڵی (١٩٧٥) دا
چەکیان دانا ـ ئەگەر چی بە پیلانێکی نیۆ دەوڵەتی ناچار کردین. بە
بۆچوونی من ئەگەر هەزار پێشمەرگەمان لە شاخدا بمانایەتەوە و ، شەڕی
پارتی زانیان بکردایە ، شۆڕش گەورەتر دەبۆوە و ، حکومەتی عێراقیش
نەیدەتوانی هێڕشەکانی ئەنفالی بەدناو ئەنجام بدات .. ناچار دەبوون کە
ملکەچی بەشێک لە داخوازییەکانی کورد بن.
وەکو دەڵێن : " ئازادی لە لوولەی تفەنگدا هەڵدێ " بۆیە تا کردارەکانیان
بە چاو نەبینین ، نابی بڕوای تەوامان بە تورکیا هەبێ ، چونکە جێی
متمانە نین. بۆ ئەوەی ئەمجارەش تێ نەکەوین .. نابێت بە بەڵێنی زاری و
زەردەخەنەی درۆ بخەڵەتێین .. کردارەکانیان شەرتە نەک قسە و
بەڵێنەکایان.
من حەز بە ڕشتنی تنۆکە خوێنێکی نە کورد و نە تورکیش دەکەم ، لەگەڵ
راگرتنی شەڕدام ، لە گەڵ زمانی گفتوگۆ و ئاشتیدام ، بە مەرجی کە
تورکیاش پێ بەندبێ ، بە رێکەوتنی راگرتنی شەڕ . هەموو هێڕش و بۆردوومان
و جمووجووڵێکی سەربازی رابگرێت .. ئەگینا مافی شۆڕشگێرڕانی باکووری
کوردستانە ، کە بەرگری لە خۆیان بکەن و ، وەڵامی پێشێلکارییەکانی سوپای
تورکیا بدەنەوە.
بەڵام تا نەگەنە رێکەوتنێکی تەواو ، لەگەڵ ئەوەدا نیم ، شۆڕشگێڕانی
باکووری کوردستانمان چەک دابنێن و ، قەندیل چۆڵ بکەن .. دڵنیام کە ئەمە
مەرجی ئەمانیشە چونکە ، ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ حکومەتەکانی پێشوو و
ئێستای تورکیادا هەیە و دەیاناسن ، کە دەیانەوێت سوود لە کات وەربگرن.
بەڵێن دەدەن ، بەڵام کرداریان نییە .. بەڵکو رەفتارەکانان بە تەواوێ بە
پێچەوانەی بەڵێنەکانیانەوەن.
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|