١٣\١٠\٢٠١٤
جەلال ساعیدپەناە
خەڵاتی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی درامای یۆنانی بەدەستھێنا.
مەنسوور جیهانی
سینەماکاری
کورد "جەلال ساعیدپەناە" بە کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" خەڵاتی نوقرەیی
باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە
فیلمی دراما لە وڵاتی یۆنانی بەدەستھێنا.
کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "جەلال
ساعیدپەناە" و لە بەرھەمھێنانی بەشی سینەمای دھۆک لە ھەرێمی کوردستان
لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە
سنەییە لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی ٣٧ـەمین خولی نەتەوەیی و بیستەمین
خولی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی دراما لە وڵاتی
یۆنان نمایشکرا و توانی خەڵاتی دووەمی باشترین فیلم و تەندیسی نوقەریی
تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە لە نێوان ٦١ فیلم لە
کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئاسیا و ئەمەریکا بەدەستبێنێت.
"جەلال ساعیدپەناە" دوای بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی دراما، لە وتەیەکدا خوازیاریی
کۆتایی تەواوی جەنگەکانی جیھان بوو و ئەم خەڵاتەی پێشکەش کرد بە ئاشتیی
و ئاسایش بۆ مرۆڤەکان لە جیھاندا.
ئەم فیستیڤاڵە کە یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی تایبەت بە کورتە فیلم لە
ئەورووپا دێتەئەژمار لە ٣٧ـەمین خولی نەتەوەیی و بیستەمین خولی
نێودەوڵەتیی خۆیدا بە نمایشی ١٠٢ فیلم لە فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری
جیھان لە بەشەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١٥ تا ٢٠ی
ئەیلوولی ٢٠١٤ لە وڵاتی یۆنان بەڕێوەچوو.
فیلمی "ڕەش و سپی" بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە، لەگەڵ فیلم
گەلێک لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، شیلی، ھۆڵەندا،
ئیتاڵیا، ئیسپانیا، کڕۆواسی، ڕووسیا، بڕازیل، کەنەدا، دانیمارک،
مەقدوونییە، یوونان، تورکیا، ھەنگاریا، نیووزلەند، کووبا، چین، مۆریای
باشوور، کۆلۆمبیا، ژاپۆن، تایلەند، سەنگاپوور، پۆڵەندا، بەریتانیا،
ئۆسلۆڤاکی و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕکابەریدا بوو.
کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی
سنە" بە بەرپرسیارییەتی "سەتار چەمەنی گوڵ" و "ڤیدا ساڵحی" لە ئاستی
دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتیی بڵاودەکرێتەوە، تا ئێستا لە فیستیڤاڵی
جۆراوجۆر لە دنیادا نمایشکراوە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستھێناوە،
لەوانە: خەڵاتی ئەنستیتۆ گۆتەی ئەڵمانی لە دووەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک لە ھەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە
بەشی پێشبڕکێی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "جەیپوور" لە
وڵاتی ھیندستان و خەڵاتی باشترین فیلم و تەندیسی فیستیڤاڵ بە ناونیشانی
باشترین پەیامی "سەبر و خۆڕاگریی" لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمە ماناییەکانی فرێسکۆ لە وڵاتی ئەرمەنیستان.
کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی
پێشبڕکێی ١٨ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئاوانکا" لە وڵاتی
پورتوگال نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم
فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین وێنەگر بە "ئەمیر عەلی وەیسی" وێنەگری
کوردی ئەم فیلمە بەخشرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە ڕۆژانی
٢٣ تا ٢٧ی تەمموز / یۆنیۆی ٢٠١٤ لە شاری ئاوانکا لە وڵاتی پورتوگال
بەڕێوەچوو.
ستافی ئامادەکردنی کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" بریتین لە:
نووسەری سیناریۆ و دەرھێنەر: جەلال ساعیدپەناە، بەرھەمھێنەر: بەشی
سینەمای دھۆک لە ھەرێمی کوردستان و جەلال ساعیدپەناە، بەڕێوەبەری
بەرھەم: سەتار چەمەنی گوڵ، ئەکتەرەکان: سارینا تەرەقی، سینا فەیزی،
کاڵە ڕەشیدی، ئەفشین خدری، مێھدی فەیزی و چەندین ئەکتەری دیکە، وێنەگر:
ئەمیر عەلی وەیسی، یاریدەدەری وێنەگر: سیروان خزری، فۆتۆگرافەر:
ئیبراھیم عەلیپوور، دەنگدانەر: بەھمەن ئەردەڵان، دەنگھەڵگر: قادر
قادری، مونتاژ: لوقمان سوخەنوەر و مەرجان شیرازی، بەرنامەداڕێژ و
یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر: ڤیدا ساڵحی، یاریدەدەری دەرھێنەر: ئەمیر
ناھیدی، دیزاینی سەحنە: جەلال ساعیدپەناە، یاریدەدەری یەکەمی سەحنە:
سەلاح ساعیدپەناە، بەڕێوەبەری سەحنە: مێھدی خەلیلی، مونشی سەحنە:
نەسرین میرەکی، بەڕێوەبەری تەدارەکات: سادق فەلاحی، بەڕێوەبەری
ئابووری: ساڵح عارف و بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور
جیھانی و مەنووچێھر جیھانی.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی کورتە فیلمی
"ڕەش و سپی".
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|