چه‌مکی گۆڕان له
نێوان بانگه‌شه‌ی لیسته‌کان و بزاڤی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.

محه‌مه‌دی مشیر
"کۆر ئه‌و که‌سه‌یه خۆی
نابینێ!" (حیکمه‌تێکی
رووسی)
هه‌تادێ له رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان نزیکتر ده‌بینه‌وه،
لێره‌و له‌وێش سه‌رجه‌م لیسته‌کان که هه‌ریه‌که و هه‌ڵگری په‌یامێکی
فیکری و سیاسی تایبه‌ته و خۆی به نوێنه‌ری چین و توێژگه‌لێکی کۆمه‌ڵایه‌تی
ده‌زانێ، باس له گۆڕان ده‌که‌ن، گۆڕانێک ده‌شێ هه‌موومان باسی لێوه‌بکه‌ین
و له دیدی خۆمانه‌وه که‌ره‌سته وچلۆنایهتییهکهی دیاری بکه‌ین، به‌ڵام
له راستیدا ئه‌و که‌سه ده‌توانێت ببێته هه‌وێن و که‌ره‌سته‌ی گۆڕان
که وه‌ک ئه‌و (کۆره)ی حیکمه‌ته روسیه‌که نه‌بێت ،ئه‌مه‌یان به‌زمانێکی
زۆر ساده و دوور له فه‌لسه‌فاندن و قورسترکردنی شته‌کان و فریودانی
جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ر دیوێکی مه‌سه‌له‌که‌یه.دیوه‌که‌ی تری مه‌سه‌له‌که
له‌وه‌دایه که پڕۆسه‌ی هه‌ر گۆڕانێک له ئاسماندا روونادات، به‌ڵکو
زه‌مینه‌یه‌ک هه‌یه که پێی ده‌گوترێ کۆمه‌ڵگه، له نێو هه‌ناوی ئه‌و
کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هێزگه‌لێکی کۆمه‌ڵایه‌تی جووڵه و بزاوت ده‌که‌ن و به‌پێی
زه‌مه‌ن و پێگه‌یان له پڕۆسێسی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا
جێگۆڕکێدهکهن، پڕۆسه‌ی گۆڕانیش وابه‌سته‌یه به ئاماده‌گی ئه‌و
هێزگهلانه و کاریگه‌رییان به سه‌ر گۆڕینی ئارسته‌ی جووڵه‌ی مێژوودا.
که‌واته گۆڕان پڕۆسه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه و له ناوه‌وه‌ی مێژوودا
هه‌نگا و به‌ره‌و گۆڕینی ناوه‌ڕۆک و سیمای ده‌ره‌وه‌ی به‌هاکانی کۆمه‌ڵگه
ده‌دات نه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا.
وه‌ک تێبینی ده‌کرێ زۆرێک له‌و حزب و لایه‌نانه‌ی له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا
کێبه‌رکێ ده‌که‌ن باس له (گۆڕان) ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و باسکردنه لای
زۆربه‌ی لایه‌نه‌کان ( به‌ده‌ر له تێڕوانینی هێزه چه‌پ و
دیموکراسیخوازه به‌رژه‌وه‌ند گشتیخوازهکان) زیادتر وه‌ک کاڵایه‌کی
بازاڕی تێکچڕژاوی هه‌ڵبژاردن موزایه‌ده‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێ و له دوور و
نزیکه‌وه پێمان ناڵێن ئه‌و هێزگه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه کامانه‌ن که
ئاماده‌ن جێگۆڕکێ بکه‌ن و ببنه که‌ره‌سته‌و هه‌وێنی ئه‌و گۆڕانه و
خۆیان له ماوه‌ی هه‌ژده ساڵی رابردوودا چه‌نده رۆڵیان له ئاماده‌سازی
ئه‌و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیانه و زه‌مینه‌که‌دا هه‌بووه تا جڵه‌وی پڕۆسه‌که
بگرنه‌ده‌ست؟؟
به‌مجۆره روانین له گۆڕان ته‌نها و ته‌نها پشت ئه‌ستووره به
ورووژاندنی هه‌ستی ده‌نگده‌ر له ماوه‌ی دیاریکراوی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا
و دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش وه‌ک چرای پیره‌ژن پرته‌پرت ده‌کا
و ده‌کوژێته‌وه. هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که هه‌ڵگری وزه‌ی به‌رده‌وامیی
پڕۆسه‌که نه‌بێت وه‌ک چرای پیره‌ژن به‌ئه‌ندازه‌ی نه‌وته‌که‌ی ناوی
رووناکیمان پێده‌به‌خشێ و هیچیتر. به‌زمانێکی دیکه گۆڕان پڕۆسه‌یه‌که
به‌رده‌وام و له سه‌ره‌خۆ نه‌وه‌کو کاتی و خێرا، پڕۆسه‌یه‌که له
ماوه‌ی بیست و چه‌ند رۆژێکدا روونادات، به‌ڵکو پێویستی به که‌ڵه‌که‌بوونی
به‌رده‌وامی هۆکاره‌کانی هه‌یه.
یه‌کێ له پێداویستییه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی
هوشیاربوونه‌وه‌ی خودی تاکه به هه‌ستکردن به زه‌رووره‌تی گۆڕان و ده‌رچوون
له‌و قاوغ و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی رێگرن له بهرهم پڕۆسه‌ی گۆڕان
و بهروپێشچووندا. ناشێ بارگاویکردنی تاک به شێوه‌یه‌کی ده‌ستکرد و
بۆ مه‌رامێکی تایبه‌ت (که بریتییه له به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند کورسییه‌ک
له په‌رله‌ماندا) ببێته بناغه‌یه‌کی پته‌و بۆ پڕۆسه‌ی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی،
ئه‌گه‌رچی ره‌نگه ببێته چه‌خماخه‌یه‌ک بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به مه‌رجێ
هه‌مان ئه‌و هێزگه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه (دواتر) نه‌بنه‌وه کۆسپ له به‌رده‌م
خودی پرۆسه‌که‌دا دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێکیان وه‌ک چۆن گهرمکران به هه‌مان
شێوه سارد ده‌کرێنه‌وه و هه‌ندێکی تریشیان هه‌ر ئه‌وه‌نده گوڕ‌و
تینیان تێدایه تا پڕۆسه‌ی ده‌نگدان ته‌واو ده‌بێت.
به‌شێکی زۆری هه‌ڵگرانی ئاڵای گۆڕان و چاکسازی هه‌تا ئه‌م یه‌ک دوو
ساڵه‌ی دوایی له هه‌ناوی ئه‌و هێزه‌ی ئه‌وانی لێزا له سه‌رجه‌م ئه‌و
گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تییه‌ی ئه‌مڕۆکه خۆیان باسی ده‌که‌ن به‌شداربوون
و شه‌ریکی ژماره (1)ی هه‌موو ئه‌و دیارده قێزهوهنانهن که ئه‌مڕۆ
له کوردستاندا ته‌شه‌نه‌یان سه‌ندووه. هه‌ندێک هێزی دیکه‌ش له بنه‌مادا
مه‌به‌ستیان له چاکسازی و گۆڕان راگرتنی ره‌وڕه‌وه‌ی زه‌مه‌ن و به‌ره‌و
دواوه گه‌ڕانه‌وه‌یه، که ئه‌مانه‌ش زیادتر خۆیان له چوارچێوه‌ی
میتۆد و جیهانبینی ئیسلامی سیاسی دا ده‌بیننه‌وه و ئه‌و مۆده گۆڕانه‌ی
ئه‌وانیش مه‌به‌ستیانه پیرۆزراگرتنی هه‌موو ئه‌و نه‌ریت و خوه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه
که‌جگه له به‌ندایه‌تی مرۆڤ به هیچی دی قایل نییه. چه‌ند گرووپگه‌ل
و ده‌سته‌و کۆمه‌ڵێکیش زاده‌ی ئه‌زموونی ئه‌م هه‌ژده ساڵه‌ی کوردستانن
و زیاتر له روانگه‌ی مهقولهبازی و فه‌نتازیاوه ده‌ڕواننه واتا و
ئیشکالیاته‌کانی چه‌مکی گۆڕان، به قسه‌یه‌کی دی پێیان وایه گۆڕانی
رووکار و پێشڕووی دیارده و شته‌کان به‌سسه بۆ ئه‌وه‌ی به‌و پڕۆسه‌یه
بگوترێ گۆڕان.
که‌واته زۆر ئاسته‌مه ئه‌و موزایه‌ده‌یه‌ی به‌ناوی گۆڕان ده‌یکه‌ن له
مه‌ودای هه‌ڵبژاردنه‌کان تێپه‌ڕێ و ببێته پڕۆسێسێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مه‌لایه‌ن،
هۆکاری ئه‌مه‌ش زۆر روون و ئاشکرایه چونکه ئه‌وه‌ی به‌درێژایی ساڵانی
شاخ و دوای راپه‌ڕین کۆسپ بووبێت له به‌رده‌م پڕۆسه‌ی گۆڕان، هه‌رگیز
ناتوانێت ئه‌مڕۆ جڵه‌وی بزاڤی گۆڕان بگرێته‌ده‌ست. گۆڕان به عه‌قلیه‌تی
به‌رته‌سکی ناوچه‌گه‌رێتی و بێڕیزی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی ناوچه و ده‌ڤه‌ره‌کانی
دیکه‌ی کوردستان نایه‌ته‌دی، گۆڕان به‌لایه‌نێک نایه‌ته‌دی لاوانمان
بکاته سووته‌مه‌نی هه‌ڵچوون و داچوونه‌کانی خۆی. گۆڕان به‌وانه‌ش نایه‌ته‌دی
که له ئێستا و رابردوودا تۆسقالێک قوربانیان بۆ کێشه نه‌ته‌وه‌یی و
نیشتمانییه‌کان نه‌دابێ و سۆزی خه‌ڵکی هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌تی وڵاته‌که‌م
له په‌نای ئاییندارییه‌وه بۆ کورسی ده‌سه‌ڵات ده‌قۆزنه‌وه. گۆڕان به‌وانه‌ش
نایه‌ته‌دی که ئێستا به تابلۆ و پۆسته‌ره‌کانی خۆیان تابلۆ و پۆسته‌ره‌کانی
دیکه داده‌پۆشن و لافیته و پۆسته‌ری لیسته‌کانی تر لێده‌که‌نه‌وه و
ده‌یدڕێنن. گۆڕان به‌وانه‌ش نایه‌ته‌دی که له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا
ببنه عه‌ریف حهفلی عه‌زیز وه‌یسی!
ئه‌وه‌ی هه‌میشه هه‌ڵگری په‌یامی راسته‌قینه‌ی گۆڕان و جوانترکردنی
مرۆڤه‌کان بووه و موزایه‌ده‌ی به‌و چه‌مکه نه‌کردووه ته‌نها هێزه
چه‌په‌کانن و هه‌ر ئه‌وانیشن به شێوه‌یه‌کی شارستانی و دیموکراسیانه
کێبه‌رکێ له هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن و ده‌توانن جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و
که‌ناری یه‌کسانی و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رن و لێنه‌گه‌ڕێن جارێکی دی
دووچاری هه‌ڵه‌ی کوشنده ببنه‌وه.
________________________________________________
* له‌م
وتاره‌دا ناوی گۆرانیبێژ ( عه‌زیز وه‌یسی) هاتووه من رێزم بۆ که‌سایه‌تی
ئه‌و هه‌یه و مه‌به‌ستم تانه‌دان له که‌سێتی ئه‌و نییه.
|