په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٩\٢٠١٣

چەمکى ''بونیادى شاراوە''ى نەجات حەمید
لە خوێندنەوەیەکى فینۆمینۆلۆجیانەدا.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

پێشەکی:

ئەگەرچی بارودۆخی رەخنەی ئەدەبی کوردی قەیراناوییە، بەڵام ئەوە ھەرگیز بەو مانایە نییە، کە ئەو چەند قەڵەمەی لەو بوارەدا بیرکردنەوە و کاری جیدی پێشکەش دەکەن، فەرامۆش بکەین.. ھەڵبەتە چەند قەڵەمێک ھەن توانیوویانە ئاستی بیرکردنەوە و بینین و بەدواداچوون و رەھەندەکانی مانا و فەزا ئیستاتیکییەکان لە دەقدا بخەمڵێنن، ھەموو ئەوانەش دەکەونە سەر خوێندنەوە و نووسین وەک دوو رووی یەک کردە، چونکە خوێندنەوە ھەڵناوەشێتەوە و بە دەوری نووسیندا دەخولێتەوە، نەک ھەر ھێندە بەڵکو خودی نووسینە، بەڵام بە رێگایەکی دیکە. ھەروەک نووسین ھەڵناوەشێتەوە بەدەوری خوێندنەوەدا دەخولێتەوە و بۆ خۆی خوێندنەوەیە، بەڵام بە رێگایەکی دیکە. بەو مانایە دووانەی (خوێندنەوە/نووسین) و (نووسین/خوێندنەوە) لە یەکتر جیا نابنەوە. ھیچ شتێک لە نووسیندا نییە خوێندنەوە نەبێت، وەک چۆن ھیچ شتێک لە خوێندنەوەدا نییە نووسین نەبێت.

(نەجات حەمید ئەحمەد) لەژێر ناونیشانی (تیۆری بونیادی شاراوە) و دواتریش لە کتێبی (زمان و فیکر لە نێوان تیۆر و پراکتیکدا) کە لە بەرێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، ٢٠١٣) چاپکراوە.. قسە لە (ئازادی خوێندنەوە) دەکات، بەڵام نەک بەو مانایەی کە میتۆدی (ئازادی تەئویلکردن) وەک لای (رۆلان بارت ١٩١٥-١٩٨٠) ھاتووە، لە سەر (مانای مەجازی دەق) راست بێتەوە، بەڵکو لەوێوە کە (نووسینی نێو بیرکردنەوە یان پێش نووسینی یەکەم)، بونیادی مانای لە نێو خۆیدا ھەڵگرتووە.. ھەر لەوێشە بە بڕوای ئەو دەبێ ھەموو دەقێک ھەڵگری (یەک بونیاد لە مانا) بێت، ئەو تێگەیشتنەش لە رووی ئۆنتۆلۆجییەوە بە (گەوھەری بوون) دادەنێت و (دەق)یش بە شێوەی بوون دەچوێنێ! بەڵام بارت بڕوای بە تەئویلکردنی بێ سنور ھەیە، لەوێوە کە ماناکان جێگیر دەبن و لە نێوانیاندا ململانێ دروست دەبێ، لە دوای دروستبوونی ئەو ململانێیە ئیتر دەگۆڕین، دەق بەردەوام لەسەر خۆوەپاشدانی مانا راستەبێتەوە، بەردەوام ماناکان دەڕۆن، بەڵام پرسیارەکان دەمێننەوە.


ئەو خوێندنەوە فینۆمینۆلۆجیەی بەر دەستتان، جگە لە ھەوڵێک بۆ بەدواداچوونی چەمکی (بونیاد)، کاتێک لە رێگای دەق لە مانای (بوون) نزیک دەبێتەوە و چەمکی (ئیپۆکی Epoche)، کاتێک لە (فینۆمینە-دیاردە) وەک بابەت ورد دەبێتەوە، شتێکی دیکە نییە.


وەک ئاماژەم بۆ کرد، ئەگەر بۆچوونی یەکەمیان پەیوەندی بە نووسینی (نێو بیرکردنەوە) بێ، نەک نووسینی سەر کاغەز (فیعلی دەرکەوتن)، ئەوە بیرکردنەوەی دووەمیان کردەی درککردن لە رێگای (ئاگایی بێگەرد)ەوە دەبینێ.. دەمەوێ بڵێم فینۆمینۆلۆجیای (ھۆسرەل ١٨٥٩-١٩٣٨) چەمکی ئیپۆکی بە مانای وەستان لە حوکمدان و خۆ نەبەستنەوە بە تێڕوانینی پێشترەوە، یان وەرگرتنی شتەکان وەک چۆن بۆ ئاگایی تاک دەردەکەون، بەکار دەھێنێت.


خاڵی بەھێزی ئەو دوو بیرکردنەوەیە لەوەدایە کە حەقیقەت رێژەییە! ئەگەر لە تیۆری بونیادی شاراوە ھەمیشە خۆمان لە دوای (ھەڵوەشانەوە)ی حەقیقەتەوە ببینینەوە! ئەوە لە فینۆمینۆلۆجیا ئەو کاتە حەقیقەت بوونی ھەیە، کە رووبەڕووی شتەکان دەبینەوە، لەوێشەوە بوونی ئاگامەندی یان شعور وەک (دازاین) بەڵگەیە بۆ (بابەت) و دەکەوێتە دەرەوەی ئەو ناوەڕۆکە گیانەکییەی کە (دێکارت ١٥٩٦-١٦٥٠) لە بۆچوونە میتافیزیکەکەیدا بەرجەستەی کردووە! بەڵام لە بونیادی شاراوەدا (بونیاد) ھەمیشە بەڵگەکانی خۆی لە ساتەوەختی (دەرکەوتن) ھەڵدەوەشێنێتەوە.


حەقیقەتی بوون لە نێوان بونیاد و مانادا.


گۆرگیاسی سۆفیستایی دەڵێ: حەقیقەت بوونی نییە، ئەگەر لەو باوەڕەدابین کە ھەیە، ئەوە نایناسین، ئەگەر بیناسین، ئەوە ناتوانین رایبگەیەنین.. (بڕوانە: فینۆمینۆلۆجی، د. کەمال محەمەد، چاپخانەی بینایی ٢٠١٣، ل٤٢) وەک دەزانین حەقیقەت لە ھەموو ئەو ناسین و نەناسینە دەبێتە بەشێک لە ئەزموونی مرۆڤ و بە جیھانی ناوەوە و دەرەوەی مرۆڤەوە دەلکێ، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا لە ئەزموونی کەسیدا، وەک تایبەتمەندی کەسایەتی.. مەرج نییە بتوانین بەشداری خۆمان لە حەقیقەتدا نیشان بدەین، دەمەوێ بگەمە پرسیارێک ئەویش ئەوەیە ئەگەر سروشتی مرۆیی گشتی نەبێ، چۆن بتوانین لە سەر (مانا)یەکی دیاریکراو رێکبکەوین؟!


کاتێک قسەکردن لە چەمک و مانای دیاریکراوی (بونیاد) دەبێ بە قسەکردن لە گەوھەری (بوون) بەو مانایەی کە (نەجات حەمید) لە تیۆری بونیادی شاراوە ھەڵوەستەی لەسەر کردووە، ئەوە کێشەی مانا وەک بونیاد مۆرکێکی بونگەرایانەی ھەبووەکان بەخۆوە دەبینێ، واتە بونیاد دەبێتە سەرەتای ھەموو بوون و ھەبوون، یان بە مانا (سارتەر ١٩١٣-١٩٦٠)ییەکەی بوون و نەبوون.. لێرەدا (بونیاد) بەرانبەر واقیعی مرۆییانە، یان (دازاین) بە مانا (ھایدیگەر ١٨٨٩-١٩٧٦)ییەکە دەوەستێ! بەڵام لای بوونگەراکان مرۆڤ ئەوەیە کە خۆی داوا دەکات وابێ، ئەوەش پاش دەرکەوتنی لە جیھانی بووندا لە بارەی خۆیەوە دەیخاتە روو، بەو مانایەش دازاین ھەم بوونە و ھەم ھەبوون، بە ھەمان شێوە (بونیاد) لای نەجات حەمید سەرەتای ھەبوون و بوونەکانی لەخۆدا ھەڵگرتووە! بەڵام بیرکردنەوەی دووەم کاتیگۆرییەکەی (ئەرستۆ ٣٨٤-٣٢٢ پ.ز)ی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، چونکە جیاوازی لە نێوان بوونی (مرۆڤ) و (بابەت)ەکانی دیکە ناکات.. لای (دێکارت)یش ھەمان کاتیگۆری لە لۆجیکەکەیدا بەسەر ھەموو جۆرە بوونەوەرێکدا سەپێنراوە.


(ئەفلاتوون ٤٢٨-٣٤٦) (بوون) دەکات بە دوو بەش، ھەر بەشە و لەویدی دادەبڕێت، بەڵام (ئەرستۆ) بە پێچەوانەی مامۆستاکەی پەیوەندی نێوان (فۆرمی ھەمەکی) و (بابەتی ھەندەکی) بە پێویست دەزانێت.. وەک ئاماژەمان بۆ کرد، بە ھەمان شێوەش (دێکارت) سیستمە میتافیزیکیەکەی خۆی لەسەر ھەمان فیکرە دامەزراندووە، بەڵام ئەوە فەلسەفەی گیانەکی (دێکارت)ە، نەک (ئەرستۆ) کە زەمینە بۆ سەرھەڵدانی رێبازی فینۆمینۆلۆجیای ھۆسرەل خۆش دەکات..


فینۆمینۆلۆجیا بە واقیعەوە بەندە، بەڵام ھۆسرەل وەک دێکارت لە گومانەوە قسە ناکات، بەڵکو لە ھەڵوێستی سروشتیانەوە یان (خستنە نێو کەوانە) کە خۆ رزگارکردنە لە کارتێکردنی ھەموو (پێش بیر) و (پێش بڕیارێک) ھەنگاو بۆ ئاستی تێگەیشتن دەنێت.. بەڵام ئەو بیرکردنەوەیە راستەوخۆ دەکەوێتە بەر رەخنەی ھایدیگەر، چونکە بەرای ئەو مەحاڵە دیاردەیەک لە دەوروبەر دابڕین و لە نێو کەوانەی دابنێین.. (بڕوانە فینۆمینۆلۆجی ل١٠٤).


ھۆسرەل دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ بابەتی بیرکردنەوە بکات، بەو شێوەیەی کە دەکەوێتە بەرچاو، بەو شێوەیەی کە خۆی دەردەخات.. دەیەوێ ئاگامەندانە بیناسێ و ناوەڕۆکی خەسڵەتەکانی بخوێنێتەوە! گرفتی ھۆسرەل وەک دێکارت لەوەدا نییە کە ئاگامەندی لە گوماندا دەژی و دەبێ خۆی رزگار بکات، بەڵکو لەوێوە سەر ھەڵدەدات کە دەبێ لە چ رێگایەکەوە ئاگامەندی خۆی بگەیەنێتە بابەت و چۆن ناوەڕۆکی ئاگامەندی کەشف بکات؟! بەمجۆرەش ئاگامەندی دەبێ راستەوخۆ و بێلایەنانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.. بە دیوەکەی دیکەش ھەر ئاواش دەبێ ھەوڵی دیتنی بابەت بدرێت، (بەڵام نەک وەک راستەقینەیەکی (بەرز-ترانسندنتال Transcendental) و جیاواز، بەو مانایەش ھیچ شتێ لەو دیوو فینۆمینەی فینۆمینۆلۆجیاوە بوونی نییە) لەو خاڵەشەوە بوونگەراکان لە ھۆسرەل جیا دەبنەوە، چونکە دەبێ ئەو ھەبووە واتە (مرۆڤ) بەو جۆرە ببینین، کە خۆی دەردەخات، ئەویش دازاینە، کە بوونێکی رووتی ھەیە و ئەو ھەر چییەک بێت، لەسەر بوونی رادەوەستێت! بێگومان بەشێکی زۆری ئەو بۆچوونە لەوێوە ھاتووە کە ھۆسرەل ئاگامەندی و بابەت بە تەواوکەری یەکتر دادەنێت و لەیەکیان دانابڕێت.


ھۆسرەل ئاگامەندی بۆ (شت) دەگەڕێنێتەوە، وەک چۆن دێکارت ئاگامەندی و بابەتی ئاگامەندی بە دوو (شت) دادەنێت، ئەو دوو (شت)ەش (گیان و لەش) مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا دەکەن و بەرانبەر یەکدی دەوەستن، لەبەر ئەوەی ئاگامەندی (روو- لە دەرە)، تیشک دەخاتە سەر بابەتەکە و ھەوڵی ناسینی دەدات.. (بڕوانە: د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی سارتەر، ناوەندی رۆشنبیریی کورد-ئوسترالیا،٢٠٠٢، ل٢٦).


بەڵام لە تیۆری بونیادی شاراوەدا ھەموو بونیادێک کە سیستمی دەربڕین لەخۆکردنی خۆی تەواو دەکات، دەبێتە مێژوو بەو مانایەی کۆتایی بە دەوری بونایەتیی خۆی دێنێ، لەبەر ئەوەی لە بناغەوە بونیاد سیفەتێکی خۆ ھەڵوەشانەوە و خۆ دروستکردنەوەی بەردەوامی ھەیە، ئەوە ھەموو بونیادێک کە چووە ژێر دەسەڵاتی سیستمەوە وەزیفەیەک جێبەجێ دەکات و دەچێتە ماناکانی بە مێژووبوونەوە و ھەر مانایەکی سیستمداریش کە چووە نێو مێژووەوە و بە تەواوکردنی دەورەکانی ئەوە مردنی خۆی بەیان دەکات.. ماناکانی بونیاد ئەو کاتە زیندوون کە لە ساتی دروستبوونی یەکەمی بە بونیاد بووندان، پێش ئەوەی بگوازرێنەوە نێو زمانی نووسراوەوە (ئەوەی من ناوم نا فیعلی دەرکەوتن) سیفەتی رەھابوونی ئازاد ھەڵدەگرێت.. ھەموو بوونێکی بەرجەستەیی و نا بەرجەستەیی ھەڵگری بونیادێک لە مانا دەبێت لە دەرەوەی سیستمە ئەو لە دەرەوە بوونەش ئازادیی چۆنێتی بەخشینی بە بونیادکردن بە کەسەکان دەبەخشێت، کە چۆنیان ویست ھەر ئاواش ئەو بوونانەی مانا بخەنە زمانەوە، لێرەدا زمان بوونی نابێت لە شێوە خوێنراوە و نووسراوەکەیدا بەڵکو زمان چۆنێتی بە بونیادبوونە، نەک بە مانا بوون، چونکە مانا دەرئەنجامی بوونە، نەک خولقێنەری بوون، ھۆی ئەو پارادۆکسی بوونەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مانا نە کۆتاییەکی لە بونیادا ھەیە و نە کۆتایی بوونیشە... (ھێلی ژێر رستەکان، لەلایەن من دانراوە...بڕوانە، زمان و فیکر..، ل١١).


دەشێ بیرکردنەوەی نەجات حەمید لە (خۆ ھەڵوەشانەوە) و (خۆ دروستکردنەوە) وەک مانا، راستەوخۆ بیرکردنەوەی (لەناوچوونی لەش) و (مانەوەی گیان)مان بیر بخاتەوە، واتە بە بیرکردنەوە ئایدیالیستیەکەی (ئەفلاتوون) و (ئەرستۆ) و لەوێشەوە (دێکارت)وە بەند بێت؟!


بەڵام لەلایەکی دیکە ئەگەر (بونیاد) وەک گەوھەری (بوون) فینۆمینە بێ و فینۆمینە وەک بەرھەمھێنانی مانا تەماشا بکەین، ئەوە پێویست ناکات بیر لە بوونی (بونیاد) بکەینەوە، نەک بەو مانایەی کە گەوھەری بوون دەخەینە نێو دوو کەوانەوە، بەڵکو بەو مانایەی کە خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە..


نەجات حەمید بونیادگەرییانە قسە لە بونیاد دەکات و ھەموو شتێک لە بونیاددا دەبینێتەوە! بونیادگەرەکان، بونیاد (structure) وەک بونیادنان، یان وەک ئەوەی بناغەی شتێکە و بابەتێکی سیستماتیکە و فۆرمی تایبەت بە خۆی ھەیە و یەکەیەکی خودییە.. سەیر دەکەن، ھەر لەوێشەوە لە مانای فۆرم (form) نزیک دەبنەوە! دەمەوێ بڵێم بونیادگەرەکان بونیاد وەک بونیادی شتێک دەبینن، کە پێکھاتە و فۆرمی سەربەخۆی ھەیە، پێکھاتە و یەکگرتنی چەندین رەگەز دەنوێنێ، بەو مانایە بونیاد لای بونیادگەرەکان تۆڕێکە لە پەیوەندی رەگەزە یەک لە دوا یەکەکان، ھەر لە رێگای ئەو تۆڕە بونیادییەشەوە (مانا) دێتە بەرھەم. بەڵام جیاوازی نێوان بونیادەگەراکان و تیۆری بونیادی شاراوە لە بەرھەمھێنانی (فرە مانایی) و بە (ھەڵمبوونی مانا) دایە؟! دواجار دەتوانم بڵێم چەمکی (فینۆمینە/بونیاد) لەوەدایە کە خۆیان دەردەخەن و بوونی خۆیان ئاشکرا دەکەن. بەڵام ئەگەر لای بوونگەراکان بۆ ناسینی فینۆمینە گرنگی بە دازاین بدرێت، لە تیۆری بونیادی شاراوەدا (مانا/بە ھەڵمبوون) وەک دەرئەنجامی (بوون/بونیاد) ئەو بایەخەی ھەیە؟!


ھیچگەرایی دەربڕین لە نێوان ھەڵوەشانەوە و بونیادنانەوەدا.


چەمکی بوون لای بوونگەراکان راستەوخۆ پەیوەندی بە فیعلی فرێدانەوە دەکات، واتە (دازاین/مرۆڤ) ئەو ھەبووەیە کە فڕێدراوە، بێ بڕیاردانی خۆی ھێنراوەتە ئێرە.. چەمکی (فڕێدان)، فیعلی بوونی دازاین دیاری دەکات، بەو مانایەش ئەگەر سەیری ھیچێتی بوونی دازاین بکەین، دەبینین لەوێوەیە، کە زەمینەی بوونی خۆی نییە! چونکە دازاین کە (خۆ)ی خۆیەتی، ھەمانکات دەبێت بە زەمینە بۆ بوونی ئەو زەمینەیە... کەواتە بوونی دازاین جگە لەوەی کە دەیەوێت ببێت بە زەمینەی بۆ بوونی ھیچیدیکە نییە.. (بڕوانە: بوون و کات، و: محەمەد کەمال، دەزگای سەردەم ٢٠١٣، ل٣٧٩، ٣٨٠). ئەو ھیچگەراییەی دازاین دەشێ لە (ھەموو شتێ رەوایە)ی ئیڤان کارامازۆفی- دیستۆڤیسکی- مێژووەکەی دەست پێبکات!!.. بەڵام لای نەجات حەمید، ئەوە بونیادە زەمینەیەکی چەسپاوی بۆ سەلماندنی بوونی خۆی دەست ناکەوێت، کاتێک (سیستمی دەربڕین) لەخۆ کردنی خۆی تەواو کرد، دەبێتە مێژوو، واتە کۆتایی بە دەوری بونایەتیی خۆی دێنێ و مردنی خۆی بەیان دەکات (ھەڵدەوەشێتەوە).. لێرە ھەڵوەشانەوەی بوون، (یان بە ھەڵمبوونی ماناکانی بوون) وەک ھەستێکی نزیک لە عەدەم، دەبێ بە زەمینە بۆ بوونی ئەو زەمینەیە! لە بونیادی شاراوەدا ئەو مردن و ھەڵوەشانەوەیە، یان بوون بە زەمینە بۆ بوونی ئەو زەمینەیە، راستەوخۆ لە ھیچێتی زمان و مانای بە ھەڵمبوودا خۆی ھەڵدەگرێتەوە!!


بەڵام ئەگەر ئەو ھیچێتییە یان وەک من ناوم نا ئەو بە ھەڵمبوونە، بونیادی رووکەش دەستنیشان بکات.. ئەوە بونیادی شاراوە و ماناکانی بونیادی شاراوە زێندووێتی خۆیان لە ساتی دروستبوونی یەکەمی بە بونیاد بوون و پێش ئەوەی بگوازرێنەوە نێو زمانی نووسراوەوە (پێش دەرکەوتن) ھەڵدەگرنەوە، بەو مانایەش بونیادی شاراوە ئەو بونیادەیە، کە لە ساتی خۆ دروستکردنەوەدا دەردەکەوێت، یان ساتی (پێش بە زمان بوون) و دەرکەوتن. بەڵام بونیادی رووکەش لە (ساتی بە زمان بوون)دایە. بە گشتی دەشێ ھیچگەرایی بونیادی رووکەش و بونیادی شاراوە لە دروشمی (ژیان و مردن بەرانبەر بە ئاوێنە)ی (داندیزم) نزیک بکەینەوە، بەو مانایەش (سیستمی دەربڕین)ی نەجات حەمید تەنھا دەتوانێ لە بەرانبەر (بونیاد) وەک (خالق) بوەستێ! سیستمی دەربڕین ھەمیشە پێویستی بە بونیادە، تا لەگەڵیدا درێژە بە پەیوەندییەکی غەمگینانە بدات... (بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: کامۆ، مرۆڤی یاخی، و:ئازاد بەرزنجی، کتێبخانەی ئەندێشە-سلێمانی، ٢٠١٢، ل٩٢، ٩٧).


لە لایەکی دیکە چەمکی (رووکەش) و (شاراوە) کۆمەڵێ پرسیار لەخۆ دەگرن، ئەگەر ھایدیگەرانەش قسە بکەین: ئەوە زمان لە پێش بوونی دازاین ھەیە. دیاردەی زمان رەگی لە نێو پێکھاتەی بوونگەرانەی دەرخستنەکەی دازاین داکوتاوە.. ئەوەی لە نێو زمانیش دەناسرێت مانایە..( بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە، بوون و کات، ل٢٣٦).

 
لێرەدا بۆ قەڵەمکێشی یەکێک لە پرسیارەکانم ھەوڵدەدەم قسە لە (سیستمی دەربڕین) بکەم، بۆ ئەو قسەکردنەش پێویستە بزانین کە دەربڕین دوو خەسڵەتی ھەیە، یەکەمیان گەیاندنی مانایە. دووەم، ئاماژە کردن بۆ شتێکی دیکە، کە ئەو شتە خودی دەربڕینەکە نییە. ئەو دوو خەسڵەتە پێکەوە گرێدراون و ھیچ دەربڕینێک نییە، ئەو دوو خەسڵەتەی نەبێت، ھیچ دەربڕینێک نییە، مانا نەبەخشێت، چونکە ئاماژە بۆ شتێک دەکات، مادام دەربڕین ئاماژەکردنە، دەبێ مانا ببەخشێت، مانا ئەو خەسڵەتەیە، کە لە رێگای دەربڕین ئاماژە بۆ بابەتەکەی دەکات. بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا (مانا و بابەت/بونیادی رووکەش و بونیادی شاراوە) چەند لە یەک دەچن؟


ھۆسرەل لەو باوەڕەدایە، کە ئێمە ناتوانین مانا و بابەتە دەرەکیەکەی دەربڕینەکە ئاماژەی بۆ دەکات، بە لێکچوو دابنێین.. دوو ھۆکار بۆ ئەو وەڵامە نێگەتیفە دەدۆزێتەوە، یەکەم: ھەندێجار دوو دەربڕین ئاماژە بۆ یەک بابەت دەکەن، کەچی دوو مانای جیاوازیان ھەیە. بۆ نموونە: ئەوەی لە جەنگی (جینا)دا سەرکەوت لە جەنگی (واترلۆ)دا دۆڕا. ئەو دەربڕینە دوو مانای جیاوازی ھەیە (دۆڕان/سەرکەوتن) بەڵام ئەو دوو مانا جیاوازە بۆ یەک بابەتی دەرەکی یان یەک کەس بە کار ھێنراوە، ئەویش (ناپلیۆن)ە. دووەم: دەشێ دوو جۆر دەربڕین یەک مانایان ھەبێت و ئاماژەکردنەکەیان جیاواز بێت.. مرۆڤ لە دوو دەربڕینی جیاوازدا یەک مانا دەبەخشێت، بەڵام ئاماژەکردنەکە جیاوازە، بۆ نموونە: سوکرات مرۆڤە. ئەو مرۆڤە کار دەکات. لێرەدا مرۆڤ یەک مانای ھەیە.


وەک دەبین دەکەوینە نێوان ماددە کە لە دەنگ و نووسیندایە لەگەڵ ئایدیای ماناکەی... بەشی ماتەری ھەموو خەسڵەتە سروشتیەکانی تێدایە، لە سێ رەھەند پێکدێت و لە نێو کات و شوێن دایە، بەڵام مانا خاوەنی سێ رەھەند نییە، لە نێو کات و شوێندا نییە.. بۆ نموونە مانای (مێز) دوای تەواو بوونی دەربڕینەکە و لەناوچوونی مێزەکەش ھەر دەمێنێتەوە، لەمڕووەوە مانا بۆ ھۆسرەل دەبێت بە جەوھەری دەربڕین.. (بڕوانە: فینۆمینۆلۆجی، ل٤٨) بەڵام لای نەجات حەمید بە گشتی مانا لە فیعلی دەرکەوتن (کەوتنە سەر کاغەز، وەک نووسین) بە ھەڵم دەبێت؟!


شێوە و گەوھەر.


بێگومان قسەکردن لە ناسینی بیرۆکە و گەوھەر بە مانا ھۆسرەلییەکەی وەک ئاماژەمان بۆ کرد، قسە کردنە لە فینۆمینە، ئەوەش دەکەوێتە دەرەوەی ئەو تێگەیشتنە ئەفلاتوونیەی کە نایەوێ فۆرم و جەوھەر لە یەک جیا بکاتەوە. ئەو قسەکردنە لە کێشەی (مەبەستگەرایی) بەو مانایەی کە پەیوەندی نێوان ئاگامەندی و جیھان دیاری دەکات، شێوە قسەکردنێکە ھەوڵدەدات لەو ھەڵوێست و بۆچوونە ئایدیالیستانەمان دوور خاتەوە، کە دەسەڵاتێکی رەھا بۆ دامەزراندنی مانا بە ئاگامەندی دەدەن و بایەخ بە جیھانی دەرەکی نادەن.


لە کتێبی زمان و فیکر لە نێوان تیۆر و پراکتیکدا ھەموو دەقێک شێوەی بونیادەکانی بوونە نەک گەوھەرەکەی، چونکە (گەوھەری ھەموو بونیادەکانی بوون) لە سەرەتایەتی بیرکردنەوە و نووسینی یەکەمدایە، لەوێدایە، کە ھێشتا شێوە لە دایک نەبووە و تەنانەت زمانیش بریتییە لە زمانی بە شێوەی نەبوو کە پاش بە دەقبوونی بونیادەکان ئەوسا بۆ دۆزینەوەی ھۆکاری ھەر دەقێک پێویستیمان بە دۆزینەوەی ھۆکارە پێشینەکانی بە دەق بوونە، کە بە جارێک رەھایەتی بونیادەکان بە زیندوویی لە زمانی سێیەمی بە شێوە بووندا دەپارێزێ.. (بڕوانە: زمان و فیکر ل١٣،١٤).


بیریارانی فینۆمینۆلۆجی ئامادەبوونی بابەت بە گرنگ دەزانن و پێیانوایە ھەموو بیرکردنەوەیەک روو لەو بابەتە دەکات، کە دەیەوێت بیناسێت.. کەچی لە تیۆری بونیادی شاراوە، بونیاد دەبێ بە شێوەیەک لە دەق، وەکو (مۆری پەنجە)، تایبەتمەندێتی بوونی کەسایەتی ھەڵدەگرێت، بەو مانایە شێوەکانی بوون لە بناغەوە بردنی بیرکردنەوەی سەرەتاییە بۆ ئەو زنجیرە شێوە گۆڕینانەی کە بوون بە خۆیانەوە دەیانبینێ... (بڕوانە: زمان و فیکر ل١٣،١٤) .


دەرئەنجام:


بە کورتی لەو بەداواداچوونەدا دەتوانم دوو خاڵی سەرەکی دەستنیشان بکەم:


یەکەم: وەک دەبینین بابەتی تێگەیشتن (بونیاد/ بابەت) لە ھەردوو لادا جێگیرە، بەڵام مەرجەکانی تێگەیشتن تاکو ئەمڕۆ لە گۆڕانی بەردەوامدان و ناکەونە سەر (بیرکردنەوە/مانا)ی تێگەیشتنەوە، بەڵکو لێرەدا لەلایەک دەچێتەوە سەر بردنی بیرکردنەوە بۆ سەرەتایەکانی بیرکردنەوە، لە لایەکی دیکە بەرەو خۆ رزگارکردن لە پێش بیرەکان و گەڕانەوە بۆ خودی شتەکان و دانان ھەنگاو دەنێت! یەکەمیان بەردەوامیەتی خۆی لە ھەڵوەشانەوە و خۆدروستکردنەوەدا دەبینێتەوە. دووەمیان خۆی لە تێگەیشتنی رەسەنانەدا دەدۆزێتەوە، بۆ تێگەیشتنی رەسەنانەش پێویستە بابەتەکە بە تەنیا بخەینە نێو دوو کەوانەوە و راستەوخۆ رووی تێبکەین، لەو حاڵەتەدا بابەتەکە بەو جۆرەی ھەیە، خۆی بۆ ئێمە ئاشکرا دەکات و لە ئەزموونەکەماندا دەبێت بە دیاردە یان فینۆمینە.


دووەم: ئەگەر گومانی نەجات حەمید پەیوەندی بە فاشیەتی زمان و وەھمی مانا و باوەڕپێھێنانی فێڵبازانە و چەسپاندنی لۆجیکی نابوونایەتی بێت لە بیرکردنەوەدا، پرسیار ئەوەیە ئەوە نەجات حەمید چۆن دەتوانێ تێگەیشتن وەک کاتیگۆرییەکی ئۆنتۆلۆجی دابمەزرێنێ؟! بە دیوەکەی دیکە ئەگەر ھۆسرەل لە رێگای گومان کردن لە پێش بیرەکان، بابەت بخاتە نێو دوو کەوانەوە.. پرسیار ئەوەیە ئایا زمان دەکەوێتە کوێ؟


لە کۆتایی ئەو دوو خاڵەشەوە دەگەینە دوو جۆر لە درککردن، لای ھۆسرەل، دەرککردنی یەکەم، دەرککردنی بابەتە تاکەکان، دەرککردنی دووەم، درککردنی جەوھەر، یان ناوەڕۆکی دیاردەیە، ئەو دوو درککردنەش لێکجیا نابنەوە. بەڵام لە تیۆری بونیادی شاراوەدا وەک لە سەرەوە قسەم لێکرد، ئەو دوو شێوەیە لە درککردن دەکەوێتە نێوان (بونیاد) وەک جەوھەر و (مانا) وەک بیرۆکەیەکی بە ھەڵمبوو!؟


دواجار دەمەوێت بڵێم ئەگەر ھۆسرەل فینۆمینۆلۆجیا لە نێو ئایدیالیزمدا گیر بکات، وەک شێوازە (کانت ١٧٢٤-١٨٠٤)ی و دێکارتیەکە تەماشای بکات؟! ئەوە تیۆری بونیادی شاراوە ئەو ئازادییەی خوێندنەوە، کە لە سەرەتادا بانگەشەی بۆ دەکات، لە نێو پارادۆکسی (ھیچگەرایی) وەک ھەستێکی نزیک لە عەدەم و (مۆری پەنجە) وەک تایبەتمەندی بوونی کەسایەتی، تێکەڵ بە یەکتر دەکات.


ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک