په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٢\٢٠١٣

چەمکی زمان لە نێوان سیستەم و جیاوازیدا.


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


مرۆڤ دوای خۆناسینی لەڕووی مەعریفییەوە، دوای ھەنگاونانی لە بوونەوەرەوە بۆ بناس (عارف) و ئامادەبوونی لە دنیای بیرکردنەوە و زانست و ھونەر... بۆی دەرکەوت ئەگەرچی دوێنێ "تێگەیشتن" بە زانستی مرۆیی و رۆحەوە پەیوەست بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە پارادیمە زمانەوانیەکانەوە دەلکێت.


قەشە (سانت ئۆگستین saint Augstine ٣٥٤-٤٣٠ز فەیلەسوفی کاسۆلیکی) (لێکۆڵینەوەی زمانەوانی) بەسەرەتاییەکی ئایینیەوە بەند کردبوو، ھەر لەسەر ئەو بنەمایەش پێیوابوو زمان دەلالەت لە بوونی خودا دەکات، خودا لە ناوەوەی ھەموو کەسێکدایە و لە ڕێگای زمانەوە دەردەکەوێت. ھەڵبەتە بنەمای ئەو تێڕوانینە گشتییە راستەوخۆ پەیوەندی بە (فەلسەفەی سەدەی ناوەڕاست)ەوە ھەیە، کۆی ئەو فەلسەفەیەش پشت بە کتێبی پیرۆز (ئینجیل) و دەستەواژەی سەرەتا "وشە" ھەبوو، دەبەستێت. بەو مانایە (ئامانجی لێکۆڵینەوەی زمانەوانی) جیاکردنەوەی قسەی خودایە لە قسەی مرۆڤ. لەو گوتەیەی (ئۆگستین)دا مرۆڤ دەقێکە خودا لە رێگای زمانەوە (خەلق) یان بەرجەستەی کردووە، بەدیوەکەی دیکە زمان تاقە (ئامرازێکە) خودا بەو دەقەوە دەلکێنێت.


بەڵام ئەمڕۆ دەق ئەوەیە، کە خوێنەر دەیخوێنێتەوە. بۆیە (رۆلان بارت ١٩١٥-١٩٨٠) پێیوایە دەق لەگەڵ خوێنەر دێتە گۆ. دەق قسان ناکات، بەڵکو لە بەرکەوتنی لەگەڵ خوێنەر دێتە قسە کردن.


لێرەدا ئەوەی (ئۆگستین) و (بارت) بەیەکەوە گرێ دەدات تێگەیشتنە لە خودی زمان، بەڵام ئەوەی لە یەکتریان جیا دەکاتەوە خودی "تێگەیشتن" و "بابەتی تێگەیشتن"ە. تێگەیشتن و بابەتی تێگەیشتن "جێگیربوون" و "گۆڕان" لەیەکتریان جیا دەکاتەوە .. دەمەوێت بڵێم ئۆگستین قسە لە بابەتی تێگەیشتن دەکات، بەڵام بارت بە خودی تێگەیشتنەوە دەلکێ. ئەگەر بابەتی تێگەیشتن جەختکردن بێ لە (خالق- دانەر- نووسەر) بەو مانایەی کە ئۆگستین دەیخاتەوە، ئەوە خودی تێگەیشتن جەختکردن لە (دەق) بەو مانایەی کە بارت لە (خوێنەر/وەرگر- جیاوازی خوێندنەوەکان) دەیبینێ.


بابەتی تێگەیشتن ھەمیشە جێگیرە، کەچی مەرجەکانی تێگەیشتن لە گۆڕانی بەردەوامدایە و ناکەوێتە سەر بابەتی تێگەیشتنەوە، بەڵکو دەچێتە سەر ئاسۆکانی راڤەکردنەوە! بەمانایەکی دیکە ئەگەر زمان وەک بابەتی تێگەیشتن جێگیربوونی خۆی لە دووتوێی سیستەمێکی دیاریکراودا بەرجەستە بکات، ئەوە دەق وەک کۆمەڵێک مەرجی جیاوازی تێگەیشتن، دەکەوێتە سەر تەجاوزکردنی سیستەمی دیاریکراوی زمانەوە، دەکەوێتە سەر فرە خوێندنەوە و خوێندنەوەی جۆراوجۆرەوە، ئیتر لەوێوە دەق بەرەو بوونێکی زێتر دەبێتەوە. ھەموو خوێندنەوەیەکی جیاواز، داھێنانی دەقێکی دیکەی جیاوازە. دەقی جیاوازیش فیکرەی یەکگرتووی کۆتائامێزی نێوان دەق و خوێنەر، بابەت و خود.. قبول نییە، وەک چۆن بە تووندی یەکگرتنی نێوان دەق و دانەر رەتدەکاتەوە.


لە پشت قسەکردن لە زمان وەک ئامرازی پەیوەندیکردن و زمان وەک جەوھەری بوون، زمان وەک (قەوارەیەکی ئاراستەکراوی مەتریال) و (زمان وەک شتێکی رووت و ئازاد).. دوو بیرکردنەوەی جیاواز ھەیە، یەکەمیان زمان لە ناونانی شتەکانەوە ھەڵدەگرێتەوە، دووەمیان بوونی شتەکان لە چوونە نێو زمان ناس دەکات!! یەکەمیان سیستەمێکی دیاریکراو بەڕێوەی دەبات، دووەمیان لەسەر جیاوازی وەستاوە. کەواتە لەنێوان سیستەم و جیاوازی، کرانەوە و داخران، دانەر و خوێنەر.. دەشێ پرسیاری سەرەکی لە دەق ئەوە بێ: کاتێک دەق قسان بە زمان دەکات، کێ قسان دەکات، دانەر یان زمان؟ ئایا کەسەکە دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی ئەو ئامرازە بەکار بھێنێ، کە زمانە، یان ئەوە زمانە رۆڵی بنەڕەتی خۆی لە کردەی گوزارشتکردندا دەگێڕێ و وەک یارییەک مەرجەکانی خۆی بەسەر قسەکەردا دەسەپێنێ، قسەکەر وەک یاریکەرێک بەکار دێنێ.


ھەڵبەتە قسەکردن لە (زمان) بێکۆتاییە! لەبەرانبەر ئەوەشدا قسەکردن لە بارەی دانەر یان نووسەر قسەکردنە لە پانتاییەکی دیاریکراوی زمان. مەبەستم لە خودی نووسەر وەک شێواز نییە، چونکە وەک (جاک لاکان ١٩٠١-١٩٨١) دەڵێت شێواز خەسڵەتی خودی کەسایەتی نییە، بەڵکو نەسەقێکی کۆمەڵایەتییە، کۆی ئەو نەسەقە کۆمەڵایەتییەش بەپێی تێگەیشتنی زمان، یان لە فەشەلی تێگەیشتن دروست دەبێت، چونکە ھەمیشە نووسەر پێش ئەوەی خودی خۆی بدۆزێتەوە، دەکەوێتە نێو بوونی زمانەوە. بەڵام بەر لەوەی قسان لە خودگەری و شێوازگەری بکەم. ھەوڵدەدەم ئیشکالییەتی زمان وەک تەنیاییەکی گەورە بۆ تێگەیشتن، لە رێگای جیاوازی نێوان زمان و ئاخاوتن، زێتر روون بکەمەوە: زمان لای (فردینارد دی سوسێر ١٨٥٧-١٩١٣) دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، سیستەمێکە یان تۆڕێکە لە ئاماژە، بابەتەکەی ھەڕەمەکییە، یاسایەک دەستی بەسەرداگرتووە، تەنھا لە رێگای تێگەیشتن لە تەواوی سیستەمەکەوە نەبێ، ناشێ تێیبگەین. بە دیوەکەی دیکە سەرباری ئەوەی زمان سیستەمە، بەڵام جیاوازییشە، چونکە ناشێ لە رەگەزەکانی زمان بگەین، تەنھا لە رێگای بەراورد لەگەڵ رەگەزێکی دیکەی جیاواز نەبێت. بۆ نموونە ناتوانین مانای وشەی (دوژمن) بزانین، تەنھا لە رێگای بەراوردکردن بە وشەی (دۆست) نەبێ. دەشێ ئەو دوو رواڵەتە تەرجەمەی سەر (فۆرمی گشتی) و (جولەی جیاواز) بکەین. بەڵام ئاخاوتن (کلام) روودانی زمانەوانی راستەوخۆیە، واتە گوتنی کەسەکانە. بەڵام قسەکردن لە ئاخاوتن لای سوسێر کورتی دێنێ و سوسێر زێتر بایەخ بە سیستەم دەدات و تاڕادەیەک ئاخاوتن وەلا دەنێت. لێرەوە جەختکردن لە زمان، بەو مانایەی کە یاساو رێسای تایبەت بەڕێوەی دەبات، دەمانخاتە نێو چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا (سیستەمی زمان)ی سوسێر ھەموو زمانە، ھەموو تێگەیشتنە، ئایا جیاوازییەکان و تەجاوزکردن و دەرچوون لە چوارچێوەکان، یان فەشەلی تێگەیشتن دەکەوێتە کوێی زمانەوە؟


وەک دەزانین گوتاری (مەرگی نووسەر) بارت ساڵی (١٩٦٨) نووسیویەتی و ئەو گوتارە پشت بە گوتەکەی (ستیڤن مالارمێ ١٨٤٢-١٨٩٨ Stephane Mallarme) دەبەستێ، کە دەڵێت: زمان قسان دەکات نەک نووسەر، نووسین گەیشتنە بەو پنتەی کە زمان دێتەگۆ نەک من. ھەڵبەتە ئەو گوتەیەی مالارمێ بەو مانایە نییە، کە زمان گشتێکە لە تەنیاییەکی گەورەدا! بەڵکو بەو مانایە دێ، کە زمان بەش بەش دەبێ، چونکە ھەڵگری جیاوازییە. لێرەوە ئەگەر قسە لە جیاوازییەکان بکەین، کەواتە ئەوە بڕوا نەبوونە بە جیاوازی کەوا دەکات تێڕوانینی ئۆگستین بۆ زمان خۆی لە تێگەیشتنی ئەوانیدیکەدا نەبینێتـەوە، بەڵکو لە تاقانەیی بابەتی تێگەیشتنەوە دەربکەوێت، لەسەر ئەو بنەمایە دەیەوێ بیسەلمێنێ کە زمان گشتێکە لە تەنیاییەکی گەورەدا!


بەڵام دەق لای بارت لە جیاوازییەوە خۆی بەرجەستە دەکات، یان ئەو کاتە دێتە ئاراوە، کە (داھێنەر) یان نووسەر ھەموو پەیوەندییەکانی بە نووسینەوە دەپچڕێت. پچڕانی ئەو پەیوەندییە دەلالەت لە کەوتنی سیستەم و جیاوازییەکی دیکەی زمان دەکات! لێرەوە ئیتر زمان نە گشتێکی جێگیرە و نە موڵکی نووسەرە، بەڵکو نووسین پێگەیشتنی ئەو خاڵەیە کە زمان وەک جیاوازی تێیدا دەجولێتەوە، نەک من. ھەر لەوێشەوە گوتن بەش بەش دەبێت و دانەر وەک پەیکەرێکی بچووک دەمێنێتەوە، دەقیش لە غیابی دانەر و گەیشتن بە (خوێنەر/وەرگر)ەوە بەردەوام خۆی بونیاد دەنێتەوە.


چالاکییەکی دیکەی زمان ھەیە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو تەنیاییە گەورە و گشتگیرە ، دەکەوێتە دەرەوەی ئەو یاساو رێسایانەوە، ئەویش ئەو تێزەیە کە (جان جاک لۆسێرکل) لە کتێبی (تووندوتیژی زمان) ئاماژەی پێداوە، یەکێک لە بنەماکانی ئەو تێزەش عەقڵی ناوەکی "عەقڵی باتینی"یە، کە (سیگمۆند فرۆید ١٨٥٦-١٩٣٩) پێیوایە ناوچەیەکی تاریکە لە نێو دەروونی مرۆڤ و ناکەوێتە ژێر رێکخستنی ھیچ سیستەمێکەوە و غەریزەکانی تێدا بەرەڵڵان {بۆ نموونە خزینی زمان، یان نوکتەکردن: نوکتەکردن لای فرۆید گەڕانەوەیە، بۆ بێھودەییەکی منداڵانە لەگەڵ زماندا! ئەوەی نوکتە دەگێڕێتەوە "یاریکەری وشەکان" تووندوتیژییەک بەدژی زمان دەنوێنێ.} بەڵام لاکان وەک فرۆید عەقڵی ناوەکی بە ناوچەی ئاژاوەگێڕی ناو نابات، بەڵکو پێیوایە ناوچەیەکە سیستەمێکی ئاوێتە بەڕێوەی دەبات و ئەو سیستەمە ئاوێتەیەش وەک زمان لە دەوری دوو تەوەرەدا دەخولێتەوە: خواستن (ئیستعارە) و درکە (کینایە) . بەمجۆرە تێزەکەی لۆسێرکل دەکەوێتە دەرەوەی سیستەمی زمانەوانی سوسێرییەوە و بەلای ئاخاوتندایە، واتە ئەوەی لە زمان دەمێنێتەوە و دەکەوێتە دەرەوەی یاسا و رێساکانی زمانەوە، ئەو تێزەش بە (پاشماوە- المتبقی) زمان ناو دەبات.


لۆسێرکل لە بەدواداچوونی ئیستعارە و (پاشماوە- المتبقی)دا پێیوایە ئیستعارە بەرھەمی دەستبەسەراگرتنی (پاشماوە- المتبقی)یە تاکو لە رێگای بۆماوە بە شییانەییە رستەسازییەکان بگات، ئەو شیانەییە سینتاکسییانەی کە زمان دەکەوێتە ژێر سێبەریانەوە. بەمجۆرە ئیستعارە دەبێتە یەکێک لەو رێگایانەی کە بشێ لەمیانی چەمکی پاشماوە خۆی بۆ قەدەغەکراوەکانی زمان بگێڕێتەوە. ئیستعارە تەجاوزی رێساکانی سینتاکس ناکات، وەک وڕێنە، بەڵکو بەشێوەیەکی رەوا رێسایەک بەکار دەھێنێ بە دژی رێسایەکی دیکە، کە دەکەوێتە ژێر رێسای سینتاکسەوە بۆ نموونە: بۆنی مەرگ، لای "ئۆدن" یان دەریای زەمەن، لای "کیتس" تووڕەیی زستان، لای "شکسپیر"....


زمان قسان دەکات/ من قسان بە زمان دەکەم.
"لەبەر قسان ئاگای لە خۆی نەماوە" .


کاتێک کەسێک (یان دەق) قسان دەکات، زمان دەیبات، چونکە ھەمیشە زمان قسان دەکات!! کاتێ (دەق) قسان دەکات، سیستەمی زمان لە قسەکردندا بەرجەستە دەکات...


ھەڵبەتە ھەموو نەوەیەک سیستەمی زمانی خۆی لەنوێوە دەسازێنێ، بەمجۆرە ئێمە ھەموومان میراتگری (وارسی) فۆرمەلەکەرێکی نادیاریین، بەڵام (کەس) قسان ناکات، قسەکەر لە چوارچێوەی سیستەمێکدایە چ لە دەرەوە بێ، چ لە ناوەوە. قسەکەر چارەسەری ئەو مانایە دەکات، کە دەیەوێت گوزارشتی لێبکات، ئەویش لە رێگای شیانەی گوزارشتکردنێک، کە زمان ملکەچی دەبێت!


تێڕوانینی ئەمڕۆ بۆ تێزی زمان قسان دەکات، دەرئەنجامی یارییەکی جیاواز و ئازادانەی زمانە، نەک دەستبەسەرداگرتنی قسەکەر بەسەر زماندا. بەدیوەکەی دیکەدا تێزی زمان قسان دەکات، زمان وەک تەنیاییەکی جێگیر و گەورە، وەک تێگەیشتنێکی پەڕگیر بەجێناھێڵێ! بەڵکو زمان لە نێو فرە تێگەیشتنی بزوێنەر و دروستکەر، یان خزین و فەشەلی تێنەگەیشتنیشەوە ھەڵدەگرێتەوە. بۆیە وەک گوتمان ئیشکالیەتی ئەو تێزە خودی قسەکەرانن، چونکە لە خودی ھەر قسەکەرێکدا نێودژی جیاواز ھەیە، بۆ چارەسەرکردنی شیانی ئەو گوزارشتەی کە زمان ملکەچیەتی.. ئەزموونی ھەر یەکێک لە قسەکەران لەگەڵ ئەو تەنیاییە بۆخۆی چارەسەرێکی مامناوەندی نێودژییەکەیە.


(من دەرک بەوە دەکەم، کە ئەوە منم قسان بە زمان دەکەم، ئەو قەناعەتە بەسەر ئاگاییمدا زاڵ دەبێت، بەڵام کاتێ دەرک بەو قەناعەتە دەکەم -زاڵبوونم بەسەر زماندا بۆ ئاگاییم دەکشێ- و شتێ لە نیگەرانی دەسازێنێ! خزینی زمان، یان دروستکردنی جۆرێک لە ریتم لە کاتی قسەکردندا، یان پەناوپێچ کردن لە دروستکردنی رستەدا... ھەموو ئەوانە ئەوەم بیر دەخەنەوە، کە زمان قسان دەکات، ھەتا ئەگەر لە باشترین حاڵەتی عەقڵیشدا بم.


زمان لەمیانی مندا قسان دەکات! وشەکان دەبنە خاوەنم، دەمکەن بەھی خۆیان: راستە من خاوەنی دەنگەکانم (دەنگەکان لە دەمی من دەردەچن) بەڵام یەکێکی دیکە قسان دەکات، خوا، یان ھیچ کەسێک، یان زمان؟! ھەڵبەتە نێودژی ئەو چارەسەرییەی کە تاک پێی ھەڵدەسێت بۆ قسەکردن، زۆر لەوە قوڵتر و ئاڵۆزترە کە بۆ یەکەمجار بەرچاو دەکەوێت! چونکە من بۆ ئەوەی قسان بکەم، پێویستە لە دوو نێودژی خۆم رزگار بکەم: یەکەم، زمان وەک قەرارەیەکی مەتریال دەستلێدراو. دووەم، زمان وەک شتێکی رووت (ئەبستراک)، بێ ئەوەی قەوارەیەکی ماددی دەستلێدراوی ھەبێت.


لێرە بۆ (سوسێر) و سیستەم و جیاوازی، یان "فۆڕمی گشتی" و "جولەی تایبەتی" دەگەڕێنەوە؟! لەلایەک زمان رێگایەکە بۆ تەعبیرکردنی تاکانە و"جولەی تایبەت" لەلایەکی دیکە دامەزراوێکی کۆیە و رێگا بە مانای کۆ "فۆڕمی گشتی" دەدات؟! ئەو دوو نێودژییە، واتە کاتێ من قسان دەکەم و کاتێ ئێمە چارەسەرییەکەی دەزانین، لە چوار تێزی جیاوازدا قسەی لێکراوە:


زمان ماددییە (مەتریال):


پرسیاری سەرەکی لەو تێزەدا ئەوەیە ئایا زمان لە دەنگدا خۆی حەشار داوە، یان وڵاتی عەقڵ بە پێی "سیستەمێکی رووت" دەنگ دەخاتەوە؟!


زمان بوونێکی ماددی ھەیە، وشەکان لە جەستەی من ھەڵقوڵاون و وشەی ئەوانیدیکە دەیانبڕێ، ناشێ لێی رابکەین، زمان قەوارەیەکی ماددی ھەیە، نەک لەبەر ئەوەی یاسا و رێسایەکی مەتریالی بۆ قسان ھەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی وشەکان ھەمیشە ھەڵگری ھەڕەشەن بەوەی کە دەگۆڕێن بۆ ھاوار، ھەر لەوێشەوە قسەکەر پێگەی تووندوتیژی خۆی ھەیە. زمان رێگا بە تەعبیرکردنی تاکخوازانە دەدات. بەدیوەکەی دیکەش دامەزراوێکی کۆیە و رێگا بە مانای دەستەجەمعی دەدات.


زمان رووتە (ئەبستراکە):


زمان شتێکی رووتە (مجرد)ە. زمان وەک شتێکی رووت، لە دەرەوەی جەستەدا خۆشی لە ئازاد بوونی خۆی وەردەگرێ، بەوەی کە پاشای ھەموو کۆیە لە رابردوو و ئێستا و داھاتوودا.. راستە لایەنی ماددی بوونی زمان شتێکی بەرچاوە، شێوەی کتێبی رستەسازی، کە تۆزی لەسەر نیشتووە، بەڵام بەو مانایە زمان ئەوە نییە، کە لە جەستە دەردەچێ و دەچێتە نێو جەستەوە، بەڵکو ئەو قەوارەیەیە، کە دەچمە ناوییەوە بۆ ئەوەی لە رێگای خزینەکانی خۆمەوە ببمە تاکێک لە تاکە جیاوازەکانی کۆمەڵەی زمان. لە کۆتایی ئەو دوو تێزەوە دەتوانین بڵێین زمان (رووت و ماددییە) لە ھەمان کاتتدا.


زمان جولەی تایبەتە (تاکئامێزە):


کەسی قسەکەر بەو مانایەی کە تاکێکە ئەوە دەڵێ، کە دەیەوێت. "چۆمسکی" دەڵێت: من قسە بە رستیەک دەکەم، کە بەر لە من کەس قسەی پێنەکردووە، چونکە من رێزمان بە رێگای تایبەتی خۆم بە کار دەھێنم. ھەڵبەتە یاسا پارێزگاری لە خاوەندارێتی تاک دەکات و سزای قسەدزەکان دەدات. (مارتن ھایدگەر ١٨٨٩-١٩٧٦) لە زەرادەشت وای گوت، دەڵێت: من زارێکم نییە بۆ گوێیەکانتان.


ھەموو قسەکەرێک نووسەرە، نەک لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک رێسای گشتی بە کار دەھێنێ، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەنگی تاکێکە و بە رێگای تایبەتی خۆی دەبێتە خاوەنی زمانی خۆی.


زمان فۆرمێکی گشتییە (موڵکی گشتییە):


ئەوەی من لە قسەکردن بە خاوەندارێتی ھەڵدەستم، بە راستی موڵکی گشتییە. زمان فۆرمێکی کۆمەڵایەتی ھەیە، ئەو مانایەی، کە بە کاری دەھێنی، سەرەڕای شێوازی تایبەتی من و بەر لەوەی مۆرکی "من"ی پێوە بێت، موڵکی کۆیە. من ناتوانم شتێ بڵێم تەنھا ئەوە نەبێ، کە یاسا و رێسای زمان رێگام پێدەدات. من فیکرەکانم دەخەمە بۆتەی زمانێکی کۆمەڵایەتیەوە، ئەوەی کە ئازادیم کۆت دەکات. قسەکەر ناتوانێ ھیچ بڵێت، تەنھا ئەوە نەبێ، کە ھەڵوێستی مێژوو، یان ئەو سەردەمە رێگای پێدەدات، کە تێیدا دەژیت. ئەو لە میانی نەسەقێکی کۆمەڵایەتی قسان دەکات.


ئیشکالی تێزەکان:


تێزی یەکەم و دووەم لەگەڵ سێیەم و چوارەم ھاودژن. دوو نێودژی دیاریان ھەیە، بۆ ئەوەش دەبێ بکەوینە لای تێزیک و ئەویدیکە پشتگوێ بخەین. ئەوەش دەمانخاتە نێوان دوو شیانەی دووەم و سێیەم (واتە زمان رووتە و تاکئامێزە) لە ھەمان کاتتدا. ھەروەک بەرەو رووی دوو شیانەی دیکەمان دەکاتەوە ئەویش یەکەم و چوارەم (واتە زمان ماددییە و جەماعییە) لە ھەمان کاتتدا.


یەکەم، زمان رووت و تاکئامێزە:


زمان رووتە.. مرۆڤ بەر لەوەی بیر بکاتەوە لەسەریەتی بڕیار بدات کەوا بە شێوەیەکی شاعیرانە لە ماڵی زماندا نیشتەجێیە. ئەوە زمانە قسان دەکات، بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵی زمانەوە. بەڵام ئایا کەسی قسەکەر چۆن ئەوە دەڵێ، کە دەیەوێت، واتە بە شێوازی خۆی دەدوێت!!


لە سەرەتا ئەو تێزە پێمان دەڵێ زمان سروشتیە، زمان فەزایەکە لە ئازادی، ئازادیش خودی بوونە!! بە دیوەکەی دیکە ئەگەر ئازادی بوونی نەبێ "جیھان دەکەوێتە بەندەوە" داھێنان بوونی دەکەوێتە تەگەرەوە، تاک ناتوانێ ئیبداع بکات، ھەر لە رێگای ئازادییەوە دەتوانن بەو تەعبیرەی (ھۆڵدرین) بگەین، کە زمان گوڵی دەمە.


(بوون) لای ھایدگەر راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاگاییەوە دەکات، یان بە مانایەکی دیکە بە تێگەیشتن لە ئازادی!! ئێمە بە ئاستە جیاوازەکانی ئاگاییمانەوە دەچینە نێو ئازادی تا خۆمان رووناک بکەینەوە، بەو مانایەش ئازادی بەھایەکی گەورەی لە دەرکەوتنی بووندا ھەیە، بوونیش لە رێگای بەرزترین ئاستی ئاگایی بە (بوون) دەگات!


کەواتە داھێنان کەشفکردنی بوونە، لە رێگای ئاگاییەوە. حەقیقەتی بوون جگە لە حیکمەتی داھێنان و جەوھەری ئازادی شتێکی دیکە نییە. کۆی ئەو فیکرەیەش قەرزاری چەمکی خەیاڵی زمانەوانییە. خەیاڵی زمانیش بە مانا جەوھەرییەکی شیعرە، لێرەوە زمان قسان دەکات، پارێزگاری کردنە لە سروشتی ئەسڵی شیعر.
وەک ئاماژەم بۆ کرد، لە خودی ھەر قسەکەرێکدا نێودژی جیاواز ھەیە، خزینی زمان، یان دروستکردنی جۆرێک لە ریتم لە کاتی قسەکردندا، یان پەناوپێچ کردن لە دروستکردنی رستەدا... ھەموو ئەوانە بیرمان دەخەنەوە، کە زمان قسان دەکات.


کەواتە ئەگەر لە بارەی تاکئامێزی، یان زمان گوڵی دەمە، وەک ئەوەی کە شێواز بەپێی تێگەیشتنی زمان، یان لە فەشەلی تێگەیشتن دروست دەبێت، ھانا بۆ ((ژیل دۆلۆز Gilles Deleuze ١٩٢٦-١٩٩٥)) بەرین، ئەو دەڵێت: ھەر شێوازێک بۆ خۆی زمانێکە، فرە زمانی لە قسەکەر کۆ دەکاتەوە. بۆ نموونە: تۆ وەک باوک شێوازێک دەدوێیت، وەک کاسبکار شێوازێکی دیکە... بەو مانایەش قسەکردن لە پارچە پارچەکردنی زمان، پرۆسیسەکردنێکی (بریسەئامێزە) ئەو فرە زمانی و ھاوئاھەنگییە مەرجی بنەڕەتی زیادەڕۆیی شیکردنەوەیە.. تۆ رۆژانە قسە دەکەیت بە چەندین شێواز (یان وەک دۆلۆز دەڵێت بە چەندین زمان).


دووەم، زمان مەتریالی و جەماعییە:


زمان ماددییە، چونکە دەنگە. جگە لەوە دەنگ قابیلی ئەوەیە بێتە ھەڕەشە. زمان لە چوارچێوەی ئایکۆنەکانییەوە خۆی دەردەخات. ئێمە پابەندین بە زمانێک، کە لە رێگای دایکەوە یان بە مانا (ئۆگستین)ییەکەی لە رێگای خواوە بەرجەستە دەبێ (زمان تاقە ئامرازێکە خودا بە مرۆڤەوە دەلکێنێت) ئەو تێزە لە ناونانی شتەکانەوە رێگا بە زمان دەدات، بێتە دەرەوەی بوون! کەواتە کە خوا ناوەکان فێری ئادەم دەکات، ئەو کاتە زمان بەرجەستە دەبێ و ئەو کاتە زمان ملکەچی چوارچێوە وێنەییەکان دەبێ!


بە دیوەکەی دیکەش زمان جەماعییە، چونکە ئەو زمانەی من بە کاری دەھێنم، موڵکی کۆیە. کەواتە من لە رێگای یاسا و رێساکانی زمان، کە خودا و کۆ لەسەری پێکھاتوون، یان ئەوەی ھەڵوێستی مێژوویی لەسەری راھاتووە، دەتوانم قسان بکەم.


لێرەدا ئەگەر حەقیقەتی زمان لە ناوەکانەوە، یان بە مانایەکی دیکە لە زمانی (دایک)ەوە ملکەچی چوارچێوە وێنەییەکان بێ و دواجار ئەو چوارچێوە وێنەییانە یاسا و رێسایەک بەڕێوەی بەرێت، ئەوە داھێنان لە سەر نێودژی نێوان پاکێتی دایک و پیس بوونی دایک دێتە بەرھەم. بەو مانایە زمان ئەوە نییە کە لە جەستە دەردەچێ و دەچێتە نێو جەستەیەکی دیکەوە، بەڵکو ئەو قەبارەیەیە کە دەچمە نێوی، بۆ ئەوەی ببمە تاکێک لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵەیە کە پێی دەڵێن زمان. لێرەوە کۆمەڵەی زمان جۆرێک لە ھاوئاھەنگی نێوان زمانەکان دەنوێنێ، ئەوەش بەکارھێنانێکی (ولفسە)یانەی فۆرمەلەکردنی دەقی ئەسڵی زمانە. کەواتە زمان بەردەوام لەسەر لادان و خزین خۆی راست دەکاتەوە، لە بەکارھێنانی خوازەی دایکەوە قسان دەکات.


دوو بۆچوون:


بە کورتی زمان بەردەوام بە دوو کردار ھەڵدەسێ (پارێزگاریکردن) و (پیسکردن) ھەر لە رێگای ئەو دوو کردەیەشەوە زمان گەشە دەکات (Development) و پێشدەکەوێت. ئەگەر پارێزگاریکردن لە رووتی زمان دیدێکی گشتی و بەڵگە نەویستی خەیاڵی وشە و وڕێنەی ھەرائامێز بنوێنێ! ئەو دیدە ھاوگونجانێکی ناجێگیر لە نێوان تاک و کۆ دروست بکات و دواجار بەکارھێنانەکان ئەوە بێ، کە بە شێوەیەکی گشتی دەکەونە بەر چاو.


ئەوە پیسکردن دەکەوێتە دووتوێی زیادەڕۆییەوە، ھەمیشە لەسەر خوازەی دایک خۆی نوێ دەکاتەوە.


لێرە لە نێوان پارێزگاریکردن و پیسکردن، دەشێ بڵێین زمان بە مانا جەوھەرییەکەی شیعرە!! کەواتە لە زماندا شتێک نییە پێیبگوترێت واقیعی زمانی جێگیر، بەو مانایەش (پاشماوە)ی لۆسێرکیل، یان جیاوازی سوسێر و لادان و خزینی زمان ناوێکی دیکەیە بۆ جێگیرنەبوونی ئەو واقیعە.
_____________________________________
سەرچاوە و پەرواوێزەکان:


- زمان (Language) لە بواری زمانەوانییەوە پێکھاتەیەکە، خۆی لە درووستکردنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان ھەڵدەگرێتەوە. ئەو پەیوەندییانە دەتوانن بە شێوەی قسە، نووسین، خۆیان بنوێنن. (ئیجون، جین، مبانی زبان شناسی، ترجمەی محمد فاضل، موسسە انتشارات نگاە، تھران ١٣٨٠، ص ١٦٧. ١٥-١٨/ ٥٩-٦٩).. زمان جگە لە دروستکردنی پەیوەندی، لە داھێنانە ئەدەبی و فیکری و زانستی و فەلسەفییەکان کاری پێدەکرێت. (مارتینە، مارتینە إندرە، مبانی زبان شناسی عمومی، ترجمەی ھرمز میلانیان،انتشارات ھرمس، چاپ اول،تھران ١٣٨٠. ١٣٨٠، ص ٩-١٠).
- ئۆگستین لە جیھانی فرە کلتوری ئیمپراتۆری رۆمانی لە دایکێکی باوەڕ مەسیحی و باوکێکی بێ باوەڕ لە ئەفریقیای سەروو، شاری تاگاستە (Thagate) واتە (ئەھراس)ی جەزائیری ئێستا چاوی بە دنیا ھەڵێناوە. زمانی فینیقی زانیووە و ئاشنایی بیروڕای سامییەکان بووە، لە (٩) ساڵان پەیڕەوی ئایینی (مانەوی) کردووە و ھەر لەو رێگایەشەوە کلتور و شارستانیەتی ئێرانی کۆنی ناس کردووە، ئەدەبیاتی یۆنانی و رۆمانی خوێندۆتەوە و شارەزایی لە بەرھەمە شیعرییەکانی (فێرجیل) ھەبووە، لە تەمەنی (٣٠) ساڵیدا ھەر لە شاری (تاگاستە) دەبێتە مامۆستای رەوانبێژی، بەڵام دواتر ئەو پیشەیە واز لێدەھێنێ و لە سەر دەستی (ئەمیرۆزا) لە تەمەنی (٣٢) ساڵی واتە ٣٨٧ز باوەڕ بە ئایینی مەسیحی دەھێنێ، چونکە پێیوایە ھونەری رەوانبێژی بە ماناکانی راستی ناگەیەنێت، ئەویش لەوێوە کە ئەفلاتوون دەڵێت ھونەری رەوانبێژی راستی پێچەوانە دەکاتەوە و دەیشێوێنێ و ناتوانێ بە یەقینمان بگەبەنێت. ھەڵبەتە کۆی ئەو قسانەی ئەفلاتوون بە دژی سۆفیستەکان دەکەوێتەوە. ئۆگستین لە ساڵی ٣٩٥ز بە پلەی (ئەسقەف) دەگات. لە تەمەنی (٧٦) ساڵیدا واتە ساڵی ٤٣٠ز کۆچی دوایی دەکات.
ئۆگستین لە مانەوییەت کە پێشەواکەیان (فاستۆس) بوو، فێری ئەوە دەبێ کە یەزدان لە وێنەی رۆناکیدا ببینێت، ھەڵبەتە رۆناکی بە مانا ماتەریالیەکەی ئاگر، پاشان پەیڕەوی لە رێبازی ئەفلاتوونی نوێ کردووە، لە ژێر کاریگەری (پلۆتین- قوتابی ئەفلاتوونی نوێ) تێدەگات کە خودا نوورە، بەڵام بە مانا رۆحی و مەعنەوییەکەی، نەک ماتەرییەکەی. ئەفلاتوونی نوێ دەڵێت: مرۆڤ ناتوانێ لە رێگای زانین بە راستەقینەی ھیچ شتێ بگات. چونکە زانست تایبەتە بە شتە مەتریال و تێپەڕەکان.
- لە کتێبی (دی مایسترۆ) ئۆگستین دەڵێت: زمان بەڵگەی بوونی خودایە، خودا لە دەروونی مرۆڤ دایە و لە رێگای زمانەوە دەردەکەوێت. بڕوانە: سالار عوسمان، ھێرمینۆتیکا، لێکۆڵینەوە، ص١، ٢٠١١، دھۆک، ل٢٦.
- فەلسەفەی سەدەی ناوەڕاست لە ئایینزای کاسۆلیکی و فەلسەفە پێکھاتووە، شێوەیەکی لاھوتیانە و ئایینیانەی ھەبووە و لە خزمەت کەنیسەدا بووە، بۆ تێگەیشتن لە باوەڕ پەنایان بۆ عەقڵ دەبرد. بەڵام لێرەدا عەقڵ دوو مانای ھەیە: یەکێکیان عەقڵی مرۆڤە و سنوردارە و شتی کەم دەرک دەکات و راستی نابینێ. ئەویدیکە عەقڵی ئیشراقییە بریتییە لەو نوورەی لە خوداوە دێت و شتەکان بۆ عەقڵی مرۆیی رۆناک دەکاتەوە. وەک چۆن دەشێ بە (فەلسەفەی کاسۆلیکی) ناوی ببرێت، چونکە زۆرینەی ئەو کەسانە کاسۆلیکی بوون. (راسل)ی فەیلەسوف دەڵێت: فەلسەفەی کاسۆلیکی لە سەردەمی ئۆگستین تا رێنیسانس دەگرێتەوە، لێرەدا ئۆگستین بە سەرەتای ئەو فەلسەفەیە دادەنرێت.
- ئەو بیرکردنەوەیە زمان ھەر تەنھا وەک ئامرازی گەیاندن ناس دەکات.
- بەو مانایە ھەموو دەقەکان لە پێناو دەرکەوتنی خالق- دانە- نووسەر کار دەکەن.
- بەو مانایەی کە لە رێگای ئەویدیکەی خوێنەرانەوە بەرەو (بوون) دەبێـتەوە.
- (عنف اللغة، ترجمة و تقدیم: د. محمد بدوی، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت - لینان، ط ٢، ٢٠٠٦، ص٧).
- ە.س.پ. ل١١٣، ل١٤.
- دەتوانین زمان وەک سیستەم لای ھەر یەک لە (لیڤی ستراوس و ئەلتۆسێر و بەشێکی لای لاکان و بارت..) بدۆزینەوە. وەک چۆن زمان وەک جیاوازی لای ھەر یەک لە (فۆکۆ، دریدا، لیوتار..) درێژ دەبێتەوە.
- ە.س.پ. ل٨.
- خواستن بریتییە لە بەکارھێنانی وشەیەک بۆ دەربڕینی مانایەکی دیکە بێجگە لە مانای دروستی وشەکە، بە مەرجێ پەیوەندی نێوان مانای دروست و مانای خواستراوی وشەکە وێکچوو بێت، دەبێ نیشانەیەکیش ھەبێ کە ئێمە مەبەستمان لەو وشەیە مانا خواستراوەکەیە نەک دروستەکە.
- درکە ئەوەیە کە راستە و راست ناوی شتێ نەبەی، بەڵکو بچی ناوی شتێکی دیکە ببەی، کە پەیوەندی بە مانای یەکەمەوە ھەبێت، بۆ ئەوەی لەو مانا باسکراوەوە بۆ مانا مەبەستەکە بچیت. بۆ نموونە: گۆران دەڵێت: بە سورێکی تر ئەستێرەی ئینسان گڕ قەومی کۆنی خستەوە جەژنی ئاگر... لێرە (ئەستێرەی ئینسان گڕ) درکەیە بۆ زەوی، چونکە ھەر زەوییە مرۆڤ لەسەری دەژی.
- یان:- زمانی قسەکردنی نییە. قسەکانی نەخشی بەردە: واتا (ھەرقسەیەکی کرد دێتە دی، چونکە لێکدانەوەی زۆرەو دنیا دیدەیە). لەو بارەوە کۆمەڵێک ئیدیۆمی دیکە ھەیە، وەک (زمانی بەربووە) (قسە بەردەداتەوە) (قسەی سوارە) (قسەی لێناخواتەوە) (وەستای قسانە) (قسە قسە دێنێ).. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە:- ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا- جەلال مەحمود عەلی سوبحان، بەرگی ١،٢،٣، بەرێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوە، سلێمانی ٢٠١٢. لە زمانی کوردی وەک ئیدیۆم (idiom - عبارة اصطلاحیة) بەکار دەھێنرێت. زمانی کوردی لە چوار دیالێکت ( dialect - لهجة) پێکھاتووە: دیالێکتی کرمانجی باکور، دیالێکتی کرمانجی ناوەڕاست، دیالێکتی کرمانجی باشوور، کرمانجی گۆران.
- بەڵام زمان قسانم پێدەکات، زمان رێگام دەدات پێگەی بەرامبەر (المخاطب) بم، واتە لەو حاڵەتەدا (منی قسەکەر) منێکە زمان بۆی دەگێڕێتەوە و منی بۆ گێڕەوە قسان دەکات لە بابەتێک کە زمان بەسەریدا سەپاندوویەتی. لێرەدا زمان وەک بگۆ منی بۆگێڕەوە دەکاتەوە بە منی بگۆ، واتە منی بگۆ ئەوەی زمان دەیڵێ دووبارە بۆ ئەویدیکەی گوێگر دەگێڕێتەوە.
- توتی-بەبەغاش خاوەنی دەنگە؟!
- "کارڵ کراوس" دەڵێت: نووسەر ئەو کەسەیە، کە دەیەوێت پاکێتی بۆ ئەو (لەشفرۆش - زمان - دایک)ە، بگەڕێنێتەوە زمان لەسەر پەیوەندییەکی ئابڕووبەرانە، بەڵکو پەیوەندییەکی بکوژانەی نێوان نووسەر و زمانی دایک پێشکەوتنەکانی خۆی دەنووسێتەوە. نووسەر لەسەر دایکی دەنووسێ و بەدژی ئەو ھەڵدەسێ، بۆ ئەوەی لە نیگەرانی کاریگەرییانەی دایک رزگاری بێت. ئەوە"کارل کراوس"ی زمانناسە وەک لەشفرۆشێک لەبارەی زمانەوە قسان دەکات، پێیوایە زمان لە رێگای (خوازەی - استعارة - دایک: واتە بەکارھێنانێکی دیکە بۆ ئەو مانایەی، کە دایک دایھێناوە) پێشدەکەوێت، زمانی دایک، لەو نێودژییەی نێوان دایک و لەشفرۆش مانفێستێکی دیمە بۆ نێودژی یەکەم (واتە دایک) دەدۆزێتەوە.. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: جان (جاک لوسرکل، عنف اللغة، ترجمة و تقدیم: د. محمد بدوی، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت - لینان، ط ٢ ایلول ٢٠٠٦. ص ٤١٣).
-لە نێوان زمان وەک جولەی تاک و زمانی جەماوەر، ئتماژە بە زرەدەشتی نیتشە دەکەین، ئەو لە نێو حەشامەتدا گوتەیەک پێشکەش دەکات و تێیدا بانگەشەی مرۆڤی باڵا دەکات، بەڵام خەڵکەکە لێی تێناگات، چونکە ئەو بە زمانی تایبەتی خۆی قسان دەکات، گوێچکەی ئەوانیش لە ئاستی ئەو قسانە نین، لە ئەنجامدا زەردەشت دەڵێت: ئەوان لە من ناگەن، من زارێک نییە بۆ گوێیەکانیان.
- لێرەدا حاڵەتی شاعیرانە راستەوخۆ پەیوەندی بە جێ"یر نەبوونەوە دەکات، واتە سەفەرکردنی بەردەوام...
- (لاکان دەڵێ: وەھم سروشتێکی زمانی ھەیە).
- رەزا بەراھەنی دەڵێت: زمان ئازاد کەن، جیھان ئازاد دەبێ. زمان بخەنە بەندەوە، جیھان دەکەوێتە بەندەوە. بڕوانە:- رەزا بەراھەنی، خولیای نووسین، وەرگێرانی لە فارسییەوە ئەمین گەردیگلانی، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپی یەکەم ٢٠٠٨، ل١، ١٥.
- (عنف اللغة، ص ٢١٦، ٢١٧، ٢١٨).
 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک