|
٢٣\٣\٢٠٢٦
چەند بابەتێک
دەربارەی جەنگی ئەمریکا-ئیسڕائیل و
ئێران.

ئەرسەلان مەحمود
دوا مەرگی دەوڵەت.
لە جەنگی ئەمریکا-ئیسڕائیل و ئێراندا، ئەوەی دەشکێ وڵاتێک نییە، باوەڕە.
ئەگەر هەبێت بیەوێت قووڵتر سەیری جەنگی ئەمریکا-ئیسڕائیل و ئێران بکات،
دەتوانێت وێنەیەکی جیاوازی دەوڵەت لە ناوچەکەدا ببینێت: ئەوەی لەم
جەنگەدا تێکدەشکێت، دەوڵەت نییە بە واتا فیزیکییەکەی، بەڵکوو باوەڕی
مرۆڤە بە دەوڵەت. جیاوازییەکە بنچینەییە: دامەزراوەکان دەتوانن
بمێننەوە، وەزارەتەکان هەن، سوپا هەیە، یاساکان هەروەتر، بەڵام
ڕۆحییەتی ئەو باوەڕەی پشت بە دەوڵەت بە مانا کلاسیکییەکەی دەبەستێت،
چیتر لە گۆڕێدا نییە.
دەوڵەت-نەتەوە لە سەدەی بیستدا، خۆی گەیاندە لوتی هەڕەمەکە لە پیرۆزیدا.
بوو بەو شوێنەی مرۆڤ تێیدا دەیتوانی بگاتە سێ پێداویستی بنچینەیی:
هەستی ئەمنییەت، داهاتووی هاوبەش و مردنی مانادار ئەگەر پێویست بوایە.
مرۆڤ لە ڕێگەیەوە دەیزانی کێیە، لە کوێیە، بۆچی دەژی، لە پێناو چیدا
ئامادەیە بمرێت. ئەو پەیوەندییەی مرۆڤ و دەوڵەت، پەیوەندییەکی ئاینی
بوو - بە مانا سۆسیۆلۆژییەکەی: دەوڵەت خوداوەندی سەروەری و ئاشتی و
یاسایی ڕێکخراو بوو، مرۆڤیش بەندەی دڵسۆز و فیداکار. ئەمە تێگەیەک بوو
سەرووتر لەوەی ماکس ڤێبەر پێیدەوت مۆنۆپۆلی هێزی ڕەوا - واتا دەوڵەت
تەنها هێز نەبوو، بەڵکوو باوەڕی کۆمەڵایەتی بوو.
ئەوەی لەم جەنگەدا ئاشکرایە، هەواڵی سەربازی یان ئاماری قوربانیان نییە.
شکستی باوەڕێکە سەدساڵەیی: دەوڵەتی بچووک وەک خاوەنی جیهان. ئیسرائیل،
وەک نموونە، توانی بەشێکی زۆری سەرچاوە ستراتیژییەکانی ناوچەکە بکاتە
قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی و جیهانیش تەنها سەیری کرد. ئێرانیش بوو
بە شەڕگەیەکی کراوە: تێیدا حکومەتی ناوەندی، میلیشیاکان، قەبیلەکان،
نەتەوە بچووکەکان، هێزە ئاینییەکان، تا کۆمپانیا و بازرگانە
ناوچەییەکانیش، هەر هەموویان لە یەک کاتدا بژی و بکوژ. ئەوەی ئەم
ڕاستییە دەیخاتەڕوو ئەوەیە: دەوڵەت واتا کلاسیکییەکەی لە دەستداوە و
بۆتە ئامرازی پڕۆژەی هێزمەند، لەگەڵ فەرامۆشی سنوورەکانی خۆی، سنوورە
جیهانییەکانیش پشتگوێ دەخات.
بەڵام ئایا ئەم شکستە جیهانییە یان ناوچەیی؟ ئەگەر سەیری جیهان بکەین،
هێشتا زیندووێتی دەوڵەت لە ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئەڵمانیا، دەبینین،
باوەڕی هاووڵاتی بە دەوڵەت هێشتا بەهێزە و دامەزراوەکان تا ڕادەیەکی
زۆر کار دەکەن. ئەوانە ئەو وڵاتانەن تاکەکەسەکانیان هێشتا خۆیان وەک
هاووڵاتی و بوونەوەری زیندەوەر دەبینن. کەواتا قسەی ئێمە لێرە لەم
وتارەدا لەسەر وڵاتانی دوای کۆلۆنیالیزمە، ئەو شوێنانەی هەر لە
بنەڕەتەوە دەوڵەت تێیاندا نەبووە بە پڕۆژەیەکی خۆجێیی خەڵکەکە، بەڵکوو
هاوردە یان لەسەر حسابی ئەم گەلە کراوەتە دیاری ئەو گەل و یان
سەپێنراوە.
ئەمریکا لەم جەنگانەدا خۆی وەک دەوڵەتێکی کلاسیک ڕەفتار ناکات. ڕۆڵی
بگۆڕی خێرا و پشتیوانیی لۆجستیکی و دارایی و تەکنەلۆژی دەگێڕێت، بڕیارە
ستراتیژییەکان بە ئاشکرایی نەک لە واشنتنەوە، بەڵکوو لە ئاخاوتنی
بەرژەوەندیی چەند لایەنەوە دەردەچن. ئەمە واتادارە: سوپەرپاوەر خۆی
بووە بە بەشێک لە تۆڕی هێزمەندی، نەک سەرچاوەی فەرمانڕەوایی. ئەمریکا
ئیتر ئیمپراتۆرییەتێکی نییە بە واتا کلاسیکییەکەی، بەڵکوو نۆدێکی
گەورەیە لە تۆڕێکی ئاڵۆزدا - هەڵدەکێشێت و دادەبەزێت بە پێی بارودۆخ و
بەرژەوەندی، نەک بە پێی بنچینە و باوەڕ.
ئەنجامی ئەم تێکشکانە، مرۆڤی ناوچەکەی لە تارانەوە بۆ تەل ئەبیب، لە
بەغداوە بۆ سەنعا بردوەتە ناو قۆناغێکی نوێ. چیتر پرسیارە سەرەکییەکان
کێم و لە کوێم نەماون، بوونەتە چۆن و چیبکەم زیندوو دەمێنمەوە. ئەمە لە
قووڵترین گۆڕانکارییە مرۆییەکانە: گۆڕان لە ناسنامەییەوە بۆ مانەوەیی
بایۆلۆژی. کاتێک مرۆڤ چیتر خۆی وەک بەشێک لە نەتەوە یان وڵات
نابینێتەوە، تاکە ویستی دەبێتە مانەوە، لە ئاستی هەبوویەکی سیاسی و
مەدەنییەوە دادەبەزێ بۆ ئاست زیندەیەکی بایۆلۆژی ئەوتۆ تەنها هەوڵی
مانەوە دەدا. ئەو قۆناغەی ئێستا تێیدا دەژین، دەکرێ ناوی لێبنێین:
سەردەمی دوای مانادار بوونی سیاسی.
ئەم بگۆیە بێبنەما نییە. ئەگەر سەیری ئەزموونی خەڵکی ناوچەکە بکەین -
هەڵاتنی ملیۆنان لە سووریا و عیراق و یەمەن، ئاڵودەبوونی مرۆڤ بە
ئابوورییەکی ڕەش و ناڕەسمی لە لوبنان و ئێران، بزووتنەوەکانی
ناڕەزایەتی چیتر داوای گۆڕینی ڕژێم ناکەن بەڵکوو تەنها داوای نان و
کارەبا دەکەن، هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن مرۆڤی خۆرهەڵاتی لە ئاستی
ناسنامەیی و سیاسییەوە داکشاوە بۆ ئاستی مانەوەی ڕۆژانە. چیتر شۆڕش
نییە، بزووتنەوەی ناسنامەیی نییە، تاک ویست بووە بە ژیان و مانەوە.
لەم سەردەمەدا، ئەو ستوونانەی دەوڵەتی مۆدێرنیان لەسەر دامەزرا -
پیرۆزی، سوپای نیشتمانی، سەروەری سیادی، حکومەتی خاوەنی خەڵک، هەموویان
لەناو ڕاستییەکی تازەدا تواوەن. سنوور بووە بە هێڵی سەر نەخشە و ئەوەی
دەیپارێزێ تەنها هێزە نەک باوەڕ. سوپاکان بوونە ئامرازی بەرژەوەندی نەک
پارێزەری هاووڵاتی. حکومەتەکان بوونە بەربەست یان ئامراز. ئەوەی
ماوەتەوە تەنها هێزە: هێزی فیزیکی، هێزی دارایی، هێزی زانیاری، هێزی
مانەوە. دەوڵەت لەم چوارچێوەیەدا بووە یەکێک لە چەندین ئامرازی وەک
میلیشیا، وەک کۆمپانیای نەوت، وەک درۆن، وەک تۆڕی بانکی ناوچەیی. هەموو
ئەو ئامرازانە لە یەک ئاستی هێز و بەرژەوەندیدا دەوەستن. مرۆڤیش لە ناو
ئەم جیهانەدا دەژیەت نەک وەک هاووڵاتی، بەڵکوو وەک زیندەوەرێک هەوڵی
مانەوە دەدات. دەوڵەت ئیتر ماڵ نییە؛ تەنها ناوچەیەکی نیشتەجێبوونە.
بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو، سێ سەرەکیترین سەرچاوەکانی مانا ئەمانە
بوون: ئایین، ئایدیۆلۆژیا، دەوڵەت. ئایین دەیگوت: مانای تۆ لە
خوداوەندەوەیە. ئایدیۆلۆژیا دەیگوت: لە شۆڕشەوەیە. دەوڵەت دەیگوت: لە
نیشتمانەوەیە. ئێستا ئایین بووە بە ئامرازی هێز، ئایدیۆلۆژیا شکستی
هێناوە و دەوڵەت تەنها ناوچەیەکی بوونەوەرییە. ئەمە لەم ناوچەیەدا –
ناوچەی وڵاتانی تێکشکاو ئاشکرا و ڕوونە. ئیتر هیچ لەم سێ سەرچاوانە
ناتوانن وەک پەناگەی دڵنیاکەرەوە بۆ مرۆڤ کار بکەن. ئەم قۆناغە لە
مێژوودا بێوێنە نییە، بەڵام وەک هەموو قۆناغێکی مێژوویی، جیاوازی هەیە.
لە کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمادا، کاتێک دامەزراوەکان هێشتا کاریان
دەکرد بەڵام ڕۆحیان مردبوو، مرۆڤ ڕوویکردە ئایین و مانایەکی نوێ:
مەسیحییەت. لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی، کاتێک دەوڵەتە ئەورووپییەکان
شکستیانخوارد بەوەی نەیانتوانی مانایەک بۆ مانەوەی دەستەبەر بکەن، مرۆڤ
ڕوویکردە ئایدیۆلۆژیای ئیفراتی: فاشیزم و کۆمۆنیزم. بەڵام ئەو
سەردەمانە جیاوازن لە ئێستا: لەو کاتانەدا هەمیشە بەدیلێک هەبوو. مرۆڤ
لە چێوەیەکی مردوو دەرچوو و چووە ناو چوارچێوەیەکی تازەوە. ئێستا
تایبەتمەندی سەردەمەکە ئەوەیە هیچ بەدیلێکی ئامادە نییە. ئایین،
ئایدیۆلۆژیا و دەوڵەت هەر سێکیان پێکەوە بێکاریگەرن. ئەوەی کە
ئێگزیستانسیالیستەکان وەک سارتر و کامۆ لە سەدەی بیستەدا وتیان مرۆڤ
دەبێ خۆی ببێتە سەرچاوەی مانای خۆی، ئەو کاتە فەلسەفەیەکی ئابستراکت
بوو بۆ ڕۆشنبیران. ئێستا بووە بە واقعی ڕۆژانە بۆ ملیۆنان مرۆڤ: بێ
چوارچێوە، بێ پەناگە، بێ مانا.
ئێستا شتێکی تریش هەیە: تەکنەلۆژیا. لە سەردەمانەی پێشووتردا، کاتێک
مرۆڤ لە چێوەی مانایی دەرچوو، کۆمەڵگەی فیزیکی هێشتا هەبوو گوند، گەڕەک،
خێزان، ئایین بە واتا کۆمەڵایەتییەکەی. ئەمانە وەک تۆڕی ئەمنییەت
کاریان دەکرد. ئێستا تەکنەلۆژیا دوو شتی کردووە: یەکەم، تاکەکەس
کردووەتە بینەری جیهانی، هەرکەسێک لە مۆبایلەکەیەوە دەیبینێت جیهان
چۆنە، بەڵام ناتوانێت هیچی بۆ بکات. دووەم، تەکنەلۆژیا کۆمەڵگەی فیزیکی
تێکشکاندووە، هەرکەس تەنهاتر بووە لە فیزیکیدا هەرچەند پەیوەندیدارتر
بێت لە دیجیتاڵیدا. ئەمە واتای ئەوەیە مرۆڤی ئەمڕۆ نەک تەنها بێ چێوەی
ماناییە، بەڵکوو بێ تۆڕی کۆمەڵایەتییشە لە واتای فیزیکییەکەیدا.
تەنهایی دووئاست بووە: تەنهایی مانایی و تەنهایی فیزیکی.
پرسیاری باشە مرۆڤ ڕوو بکاتە کوێ ئەگەر هەموو سەرچاوەکانی مانا شکستیان
هێنابێ - لە ئێستادا بێوڵامە. ئەوەی هەستی پێدەکرێت تەنها بێدەنگییەکی
قووڵە لە ناو وێرانەکاندا. بەڵام ئەمە واتای نیهیلیزمی سیاسی نییە.
بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە بیربکاتەوە: ئەگەر
دەوڵەت و ئایین و ئایدیۆلۆژیا چیتر نەتوانێ واتات بدەنێ، تۆ ناچاری خۆت
ببیتە سەرچاوەی مانای خۆت. ئەمەش ڕەنگە سەختترین ئەرکی مرۆڤایەتی بێت
لەم سەدەیەدا: دروستکردنی مانا لە سەردەمێکدا هەموو چوارچێوەکانی پێشوو
تێکشکاون. جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەم سەدەیە ئەوەیە: سارتر لە کافێیەکی
پاریسەوە لەبارەی ئازادیی مرۆڤەوە دەنووسی. ئێمە لەناو وێرانەکانەوە
لەبارەی مانەوە. ئەوەی دەیزانین: هەوڵی مانەوەیە. ئەوەی دێت - هێشتا
کەس نازانێ چییە.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------
ترامپ، ناتۆ و تەنگەی هورمز.
جەنگی ئەمریکا-ئیسڕائیل و ئێران بەردەوامە و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا'ش
بە ئاشکرا دەڵێت بریتانیا ناچێتە ناو شەڕێکی فراوانتر. وەزیری بەرگری
ئەڵمانیا هەمان پەیام دەدات: ئەمە شەڕی ئێمە نییە. فەرەنسا، ئیتالیا،
ئیسپانیا و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ هەریەکە بە شێوەیەکی جیاواز
بەشداریکردنیان لە جەنگەکەدا دژی ئێران ڕەتکردووەتەوە.
ترامپ تووڕەیە و تووڕەییەکەیشی نەشاردووەتەوە. لۆمەی هاوپەیمانەکانی و
گلەیی لە ناتۆ دەکات: ئێمە یارمەتیمان دان، ئەوان یارمەتییان نەداین.
هەر ئەوە نا، هەڕەشەش دەکات: ئەمە دەرئەنجامی خراپی بۆ داهاتووی ناتۆ
دەبێت. ئایا ترامپ مافی گلەیی هەیە؟ وڵامەکە لە بنەماکانی ناتۆدایە -
ناتۆ ساڵی ١٩٤٩ وەک هاوپەیمانێتییەکی بەرگری دامەزرا. ماددەی پێنجی
پەیماننامەکە دەڵێت: هەر هێرشێک بکرێتە سەر هەر ئەندامێک، وەک هێرش بۆ
سەر هەمووان دادەنرێ. ئەم ماددەیە تەنها جارێک لە مێژوودا چالاککراوە:
دوای ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، کاتێک ئەمریکا هێرشی کرایەسەر. لەو کاتەدا
هەموو ئەندامانی ناتۆ ئامادە بوون و زیاتر لە ١٠٠٠ سەربازی هاوپەیمان
لە ئەفغانستاندا کوژران.
دیارە لە دۆخی ئێستادا، هیچ وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ هێرشی نەکراوەتەسەر.
ئەمریکا و ئیسڕائیل خۆیان هێرشکارن. ئەمە جیاوازییەکی بنەڕەتییە، نەک
تەنها جیاوازییەکی فۆرمی یاسایی. ماددەی پێنج بۆ بەرگرییە نەک پەلامار،
دابەزاندنی ماددەکە بۆ ئاستی یارمەتیدانی شەڕی خوازراو، نەک تەنها هەر
هەڵەیە، بەڵکوو سووکایەتییە بە گیانی ئەو سەربازانەی لە پێناو ماددەی
پێنجدا گیانیان لەدەستدا. ئەمە جگە لەوەی ترامپ لە ساڵانی ڕابردوودا
بەردەوام سووکایەتی بەهەمان ئەو هاوپەیمانانەی دەکرد ئێستا داوای
هاوکارییان لێدەکات. هەڕەشەی داگیرکردنی گرینلاند. کەنەدای دراوسێ و
نزیکترین هاوپەیمانی وەک ولایەتی ٥١ ناوبرد. باجی بازرگانی بەسەر
هاوپەیمانەکانیدا سەپاند، هەڵبەتە وەک سزایەکی دوژمنکارانە، نەک وەک
ئامرازی بازرگانی. لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا وەک زاڵخوازێک
هەڵسوکەوتی کردووە لەگەڵیاندا نەک وەک هاوپەیمان.
مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، تەنانەت باسی جیابوونەوەی کەنەدا
لە ئەمریکای کرد. ئەمە ئاساییە؟ کەنەدا و ئەمریکا سنوورێکی ٨٨٩١
کیلۆمەتری هاوبەشیان هەیە، گەورەترین پەیوەندی بازرگانی جیهان
لەنێوانیاندایە و تەنانەت سیستەمی بەرگریی هاوبەشیان هەیە. ئەگەر
کەنەدا بەم ئاستە بڕوایان بە پەیوەندییەکە لاوازبووبێ، ئەوروپا چیبڵێت؟
چاوەڕوانی چی لێبکرێت؟ پەیوەندی نێودەوڵەتی وەک سەرمایەی بانکی وایە.
ناتوانی بەردەوام ڕاکێشیت و هیچی تێنەخەیتەوە. ترامپ بە سووکایەتی و
هەڕەشە و باجی بازرگانی، سەرمایەی متمانەی نێودەوڵەتیی خاڵیکردوەتەوە.
ئێستا لە ناوەڕاستی شەڕێکدا خۆی دەستی پێکردووە، دەگەڕێتەوە بۆ
هاوپەیمانەکانی و دەبینێت ژمارەکە بەتاڵە. ئەمە نە جێگەی سەرسوڕمانە و
نە نامەردییە - ئەمە ئەنجامی کارکردەیی خۆیەتی.
لەوەش خراپتر، لەم شەڕەدا ئامانجی ڕوون دیار نییە. ترامپ ڕۆژێک دەڵێ
ئامانجەکە ڕێککەوتنی ئەتۆمییە، ڕۆژێکی دیکە دەڵێ ئامانجەکە گۆڕینی
ڕژیمە، ڕۆژێکی دیکەش دەڵێ ویستەکەمان وەک ڤێنزوێلا بوو. ئەمە جگە
لەسەدان هەڵبەز و دابەزی تەژی لە پارادۆکس لە لێدوان و پۆستەکانیدا،
ئەم ناکۆکییە نەک تەنها هاوپەیمانان، بەرچاوی سوپای ئەمریکاشی
پەرتکردوە، سەربازان و فەرماندەکان پێویستیان بە ئامانجێکی ڕوونە تا
بزانن سەرکەوتن دەبێ واتای چیبدات. بێ ئامانج، بڕیاری تاکتیکی واتای
نامێنێت و شەڕ دەبێتە مەشقی کوشتن و وێرانکردنی بەبێ کۆتایی.
ئەم بێئامانجییە ئەنجامی مەترسیداری بەرهەمهێناوە. تەنگەی هورمز
داخراوە و قەیرانی ئابووری جیهانیی لێکەوتووەتەوە. لوبنان کەوتووەتەوە
ناو جەنگ و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون. تورکیا موشەکی ئێرانی
بەرپەرچداوەتەوە، عیراق، عومان، قەتەڕ، ئیمارات، کوێت و تەنانەت هەرێمی
کوردستان هەریەکە بە جۆرێک بووەتە قوربانی شەڕێک سووچیان تێیدا نییە.
ئەمە ئەوەیە ڕوودەدات کاتێک گەورەترین هێزی سەربازی جیهان بێپلانی ڕوون
و بێ پشتیوانی نێودەوڵەتی شەڕ دەکات: زیانەکان بڵاودەبنەوە، بەڵام
بەرپرسییارێتییەکە تایبەت دەبێت.
ڕاستە ئەم شەڕە شەڕی ئەوروپا نییە و ئەوروپا مافی ڕەتکردنەوەی هەیە.
بەڵام مافی ڕەتکردنەوە بە واتای ڕاکردن لە دەرئەنجام نییە. تەنگەی
هورمز داخراوە و ئەوروپا زیاتر لە ئەمریکا پێویستی بەو نەوتەیە پێیدا
تێدەپەڕێت. ئەوروپا ناتوانێ تەماشاکار بێت کاتێک دەبینێ ئابووری خۆی و
ئاسایشی وزەی خۆی لەژێر مەترسیدایە. یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتاوە
دژایەتی ئەم شەڕەی کردووە و هەوڵی دیپلۆماسیانەی داوە. ئەمە هەڵوێستێکی
بەرپرسیارانەیە. بەڵام بەرپرسییارێتی لە ئاستی ئەوروپا نابێت لە
ڕەتکردنەوەدا بوەستێت، دەبێت بگاتە ئاستی پێشکەشکردنی بەدیل.
پرسیارە دژوارەکە ئەمەیە: ئەم بەدیلە چییە؟ ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئۆباما (JCPOA)
هەوڵێکی ئەوتۆ بوو و خودی ترامپ لێیدەرچوو. ئایا ئەوروپا ئەو توانایەی
هەیە چارەسەرێک پێشکەش بکات ئەمریکا نەیتوانی بێت؟ ئایا ئەوروپا ئەو
کاریگەرییەی لەسەر ئێران هەیە؟ ئەم پرسیارانە پێویستیان بە وڵامی وردە،
نەک تەنها هەڵوێستی ئەخلاقی.
ئەم قەیرانە وانەیەکی تاڵ بۆ هەمووان لە خۆ دەگرێت: هیچ لایەنێک
بێتاوان نییە. بۆ ئەمریکا: ناتوانی بەردەوام پردی متمانە بسووتێنیت و
پاشان گلەیی بکەی بۆچی کەس بە پردەکەدا تێناپەڕێ. ئەگەر هاوپەیمانەکانت
وەک دوژمن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەی، نابێت سەرسام بیت کاتێک وەک
هاوپەیمان هەڵسووکەوت ناکەن لە تەکتا. بۆ ئەوروپا: تەنها وتنی «نا»
بەسە نییە. ئەوروپا ئەگەر دەیەوێ جیاواز بێ لە ئەمریکا، دەبێت
جیاوازییەکەی لە کرداردا نیشان بدات - بە دیپلۆماسییەکی چالاک، بە
ڕاوێژکردن لەگەڵ ئێران و بە پلانی ئابووری بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی
وزە. بۆ ناوچەکە و جیهان: کاتێک گەورەترین هێزی سەربازی جیهان بەبێ
ئامانجی ڕوون و بێ هاوپەیمان شەڕ دەکات، زیانەکان دەگەنە هەموولایەک.
ئەوانەی بڕیاریان نەداوە بەشدار بن - لە عیراقەوە تا هەرێمی کوردستان،
لە عومانەوە تا تورکیا دەبنە قوربانی بەبێ ئەوەی بەشێکبن لە بڕیارەکە.
ترامپ لە خاڵێکدا ڕاستە: تەنگەی هورمز گرفتی هەموو جیهانە، نەک تەنها
ئەمریکا. بەڵام وڵامەکە ئەوە نییە بانگەوازی سەربازی بۆ بکرێ. وڵامەکە
ئەوەیە هەمووان - ئەمریکا، ئەوروپا، و وڵاتانی ناوچەکە -
بەرپرسییارێتییەکەیان ببینن و لە جیاتی ئاماژەکردن بە یەکتر، هاوکاری
بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانێک ئەگەر بەردەوام بێت، هیچ براوەیەکی
نابێت.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------
گولـلە
ئایدیاڵۆژیا ناکوژێ.
پارادۆکسی کوشتنی سەرکردەکان لە ڕژێمە ئایدیاڵۆژییەکاندا.
ئەمریکا و ئیسرائیل مێژوویەکە لە جەنگ و ململانێی دژبەرەکانیاندا
سەرکردە باڵاکانی نەیار دەکوژن. سێ هەفتەیە لەگەڵ ئێران لە جەنگدان و
تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ بەرپرسی باڵای سیاسی و سەربازی و ئەمنیی
ئێرانییان کوشتووە - لە ڕابەری باڵا و وەزیر و فەرماندەکانی سوپای
پاسدارانەوە بگرە تا زانایانی ناوەکی و سەرکردەی تۆڕی ناوچەییەکانیان.
ئەم ستراتیژییە لەسەر ئەوە بنیات نراوە - بەبێ سەرکردەکان، ڕژێمەکە
لاواز و تا ئاستی ڕووخان دەبات. بەڵام ئایا ئەم تێگەیە لە واقیعدا
دەتوانێت ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بهێنێتە دی؟
رژێمی ئایدیاڵۆژیی و دامەزراوەیی.
ڕژێمی ئێران، ڕژێمێکی ئاسایی سەربازی و دیکتاتۆری نییە بە کوشتنی
سەرکردەکانی بڕووخێت. ئەمە ڕژێمێکی ئایدیاڵۆژییە و لەسەر بنەمای
بیرۆکەیی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتیی قووڵ بنیاتنراوە. جیاوازیی بنەڕەتی
هەیە لە نێوان ڕژێمێکی کەسیی سەرکردەبنیاد و ڕژێمێکی ئایدیاڵۆژیی
دامەزراوەبنیاد.
لە ڕژێمە کەسییەکاندا - وەک ڕژێمی سەددام لە عیراق و قەززافی لە لیبیا
- کەوتنی سەرکردەکان دەتوانێت تەواوی سیستمەکە هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە
هەرچی هەیە بە دەوری ئەو تاکە کەسەدا دەخولێتەوە. بەڵام ڕژێمی ئێران -
دامەزراوەیی و نەهادییە. سوپای پاسداران دەزگەیەکی ئابووری و سەربازی و
ئیداری و میدیاییە، ملیۆنان کەس بەرژەوەندیی ماددییان لە بەردەوامی
سیستمەکەدا هەیە. کوشتنی فەرماندەیەک وەک لابردنی بەڕێوەبەری
کۆمپانیایەکە: کۆمپانیاکە بەردەوام دەبێ و بەڕێوەبەرێکی نوێ دەبێت بە
جێگرەوە. کوشتنی قاسم سلێمانی - ٢٠٢٠ نموونەیەکی ڕوونی ئەم حەقیقەتەیە.
کاتێک دوژمنەکەت دەرفەتی پرۆپاگەندابۆ دروست دەکات.
گەورەترین پارادۆکسی ئەم ستراتیژییە ئەوەیە ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە
بنەڕەتەوە لەسەر ڕووایەتێکی قوربانیبوون و شەهادەتپەرستی بنیات نراوە.
ئەم ڕووایەتییە لە واقیعەی کەربەلاوە دەستپێدەکات و بە جەنگی عیراق و
ئێراندا تێدەپەڕێت تا دەگاتە ئەمڕۆ. کوژرانی هەر سەرکردەیەکی ئێرانی
لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، بەخشراوێکی پرۆپاگەندییە بۆ ئەم ڕژێمە.
قاسم سلێمانی نموونەی ڕوونی ئەمەیە. بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران،
تایبەت نەوەی گەنج، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ دا دژی سیاسەتی
ڕژێمەکەیان دەنگیان هەڵبڕی. بەڵام لەدوای کوشتنی، ملیۆنان کەس
بەشداریان لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەیدا کرد - تەنانەت ئەوانەی کە پێشتر
ناڕازی بوون.
ئەمە ئەو واقیعییەتەیە پێویستە وردی تێبگەین: ئەو ڕژێمەی بە ناوی
بەرگری لە مەزلوومان هاتووەتە سەر تەختی دەسەڵات، کوژرانی هەر
سەرکردەیەکی دەکاتە فیلمێکی نوێ بۆ بەردەوامی. ئەمە نە ستایشی ئەو
ڕژێمەیە و نە بێ تاوانکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل - ئەمە تەنها شیکاری
ئەو میکانیزمەیە کار دەکات لە واقیعدا.
ستراتیژیی ترس دروستکردن و سنوورەکانی.
ئەمریکا و ئیسرائیل لەوانەیە ئامانجیان لە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران
تەنها لەناوبردنی تاکەکەس نەبێت، بەڵکوو ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ
بێت لە دەڵ و دەروونی خەڵکی ئێراندا، بەو هیوایەی بڕژێنێتە سەر شەقام و
ڕژێمەکە بگۆڕن، یان لانیکەم ڕژێمێکی نەرمتر بهێننە سەر کار. ئەم لۆژیکە
لەسەر کاغەز مەنتیقییە: فشار بخەرە سەر لوتکە، شۆڕش لە خوارەوە ڕوودەدا.
بەڵام مێژوو شتانی تر دەڵێت.
ڕژێمە سەرکوتکارەکان فشاری دەرەکی بۆ ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی ناوخۆیی
دەگۆڕن. ڕژێمی ئێران بە ئاسانی دەتوانێت بە خەڵکی بڵێت: ئەو نان و
ئازادی و ژیانەی نییە، هۆکارەکەی گەمارۆی ئەمریکایە نەک ئێمە. لە
ڕاستیشدا گەمارۆکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی
ئاسایی ئێران - ڕژێمەکە بەمە تیری فشارەکە بە ئاراستەی پێچەوانەدا
دەگۆڕێت. لە دەروونزانیی سیاسیدا پێدراوێک هەیە بە ناوی کۆبوونەوە لە
دەوری ئاڵا، واتا کاتێک خەڵک هەست بە مەترسیی دەرەکی دەکات، بە
شێوەیەکی سروشتی دەچێتەوە پشت ڕژێم و دەسەڵات، تەنانەت ئەو ڕژێمەی لێشی
ناڕازیین. ئازادیخوازانی ئێران هەم لە ڕژێمەکەی خۆیان و هەم لە ئەمریکا
تووڕەن، بەڵام کاتێک ئەو دوژمنە دەرەکییە بە کردەوە سەرکردەکانیان
دەکوژێت، هەستی بەرگری نیشتمانی دەجوڵێت و ڕژێمەکە سوودمەند دەبێت.
فشاری دەرەکی ڕەوایەتی خواستی گۆڕانکاری لە ناوخۆ لاواز دەکات. کاتێک
ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ هەڵدەستێ، ڕژێمەکە بە ئاسانی دەتوانێ بڵێ ئەمانە
کاری سیئایئەی و مۆسادە. ئەو هاووڵاتییەش لە ڕژێمەکە ناڕازییە، لە چاوی
ئەودا بەشداریکردن لە بزووتنەوەیەک دوژمنی دەرەکی پاڵپشتی دەکات جۆرێکە
لە خیانەت بە نیشتمان. ئەمریکا و ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بیانەوێت
بارگرانییەکی زیادە دەخەنە سەر شانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی ئێران.
ڕووخاندنی ڕژێم واتای ئاسایش نییە.
تەنانەت ئەگەر گریمانە بکەین ئەم ستراتیژییە سەرکەوتووبێ و ڕژێمی
ئیسلامی بڕووخێنێت، مێژوو نیشانمان دەدات ئەنجامەکە زۆر جار ئەوە نییە
ڕۆژئاوا دەیەوێت و خوازیارییەتی. لە عیراقدا ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی سەددام
ڕووخا، بەڵام ئەنجامەکەی شەڕی ناوخۆ و داعش و بەهێزبوونی نفووزی ئێران
بوو. لە لیبیا ساڵی ٢٠١١ قەززافی لەناوچوو، بەڵام وڵاتەکە بووە بە
دەوڵەتێکی شکست خواردوو. لە چیلیدا ساڵی ١٩٧٣ ئەمریکا پاڵپشتی
کودەتایەکی کرد و ڕژێمی ئاللیندەی ڕووخاند، بەڵام ئەنجامەکە
دیکتاتۆرییەتی پینۆشێ بوو. واتا ڕووخاندنی ڕژێم مانای ئاسایشی زیاتر
نییە، بەڵکوو زۆر جار واتای نائارامی و کاریزایی زیاترە.
لەوەش زیاتر، ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕاستی شۆڕشی ڕاستەقینەی
خەڵکیان دەوێت؟ ئەگەر بە وردی بڕوانین، ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٩شای
هاوپەیمانی ڕووخا و لە جێگەیدا ڕژێمی دوژمن هاتە سەر کار. شۆڕشی
ڕاستەقینەی خەڵک کۆنتڕۆڵ ناکرێت و ئەنجامەکەی پێشبینی ناکرێت. بۆیە
ئەوەی دەیانەوێت ئەوە نییە خەڵک بڕژێنێتە سەر شەقام - بەڵکوو فشارە بۆ
ئەوەی ڕژێمەکە لەناوەوە ڕەفتاری بگۆڕێت. بەڵام جیاوازیی نێوان
گۆڕانکاری ڕژێم و گۆڕانکاری ڕەفتار لە واقیعدا ناڕوونە و کۆنتڕۆڵکردنی
ئاڵۆزە.
ئەوەی بیرۆکەیەک دەکوژێت.
هیچ ڕژێمێکی ئایدیاڵۆژیی تەنها بە کوژرانی سەرکردەکانی نەڕووخاوە. دوای
کوژرانی ملیۆنان کەس لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، یەکێتی سۆڤییەت مایەوە
و نزیکەی نیو سەدە دواتریش بەردەوام بوو. کوبای کاسترۆ ٦٠ ساڵ بەرگەی
هەموو دژبەرییەکانی ئەمریکا گرت. ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بەرگەی جەنگی ٨
ساڵەی عیراق و دەیان ساڵ گەمارۆ و فشاری گرت و هێشتا بەردەوامە.
ئەوەی ڕژێمێکی ئایدیاڵۆژیی دەکوژێت گولـلە نییە، بەڵکوو بیرۆکەیەکی
باشترە. سۆڤییەت لەبەر ئەوە ڕووخا خەڵکەکەی خۆیان باوەڕیان بە سیستمەکە
نەما، نەک ئەوەی سەرکردەکانی کوژران. ئەپارتایدی ئەوەی کۆتایی بە
ئەفریقای باشوور هێنا بەدیلێکی ئەخلاقی هەبوو، ماندێلا و بزاوتەکەی -
هەم خەڵکی ناوخۆ و هەم جیهان باوەڕیان پێهێنا. لە حاڵەتی ئێراندا، تا
ئەو کاتەی بەدیلێکی بیرۆکەیی و سیاسیی باوەڕپێکراوی ناوخۆیی نەبێت -
بەدیلێک خەڵکی ئێران خۆیان بژاردەی بکەن نەک لە دەرەوەوە هاوردە بکرێ -
کوژرانی سەرکردەکانیان تەنها جێگۆڕکێی سەرکردایەتییە لەناو هەمان سیستم.
ڕژێمەکە دەمێنێت، ئەوەی دەگۆڕێت تەنها ناوەکانن.
ئایدیاڵۆژییەکان بە گولـلە ناکوژرێن. ئەوەی دەیانکوژێت، بەدیلی باشترە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|