په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٧\٢٠٢٥

چەند بابەتێک.


ئەرسەلان مەحمود      

پۆپۆلیزم لە سەردەمی نوێدا.


پارادۆکسی سەردەمی ئێمە - دیموکراسی لە بەرامبەر خۆیدا.

لە کاتێکدا کە جیهان شانازی بە بڵاوبوونەوەی دیموکراسی دەکات، دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش خەریکە بنکۆڵ و ناوکۆڵی سیستەمە دیموکراتییکەکان دەکات. پۆپۆلیستەکان- ئەوانەی کە خۆیان بە "دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک" وێنا دەکەن – تا ڕاددەیەکی زۆر توانیویانە لە ڕێگەی خودی میکانیزمەکانی دیموکراسییەوە، بنەما و پرەنسیپەکانی دیموکراسی بخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەمە پارادۆکسێکی مەزنی فەلسەفییە. ئاخر چۆن دەکرێ کەسێک هاوکات هەم دەسەڵات و هەم دژە دەسەڵاتیش بێت!؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە سەرەتا لە جەوهەری دیموکراسی تێبگەین. دیموکراسی تەنها سندوقی دەنگدان نییە؛ بەڵکوو سیستەمێکی ئاڵۆزە، کە لەسەر چەند بنەمایەکی بنەڕەتی دامەزراوە: نوێنەرایەتی فرەچەشن، کێبڕکێی ئازادانە، پاراستنی مافی کەمینەکان، و بەرپرسیارێتی حکومەت بەرامبەر خەڵک. کاس مودە، فەیلەسووفی هۆڵەندی، پۆپۆلیزم بە "ئایدیۆلۆژیای کەمخوێن" پێناسە دەکات - ئایدیۆلۆژیایەک کە دنیابینییەکی زۆر سادەی هەیە: کۆمەڵگە تەنها دوو گرووپە - "خەڵکی پاک و ڕاستگۆ" لە بەرامبەر "بژاردەی گەندەڵ و خیانەتکار".

میکانیزمی دەروونی پۆپۆلیزم - چۆن ترس دەبێتە دەسەڵات.

پۆپۆلیستەکان وەستای بەکارهێنانی دەروونناسی جەماوەرن. ئەوان دەزانن چۆن لە ترس، دڵەڕاوکێ و هەستی بێدەسەڵاتی خەڵکی کەڵک وەربگرن. کاتێ هاوڵاتییەک هەست دەکات دەنگی نابیسترێ، کاتێک کرێکارێک دەبینێت کارەکەی دەچێتە دەرەوەی وڵات، کاتێک مووچەخۆرێک ناتوانێ کۆتایی مانگ مووچەکەی وەربگرێت - لەم ساتانەدا پۆپۆلیست دەردەکەوێت و دەڵێت: "من هەستت پێدەکەم، چونکە منیش یەکێکم لە ئێوە." مارین لۆپێن لە فەرەنسا نموونەیەکی زیندووە. کاتێک باس لە "فەرەنسای فەرامۆشکراو" دەکات - ئەو شار و گوندە بچووکانەی کە کارخانەکانیان داخراون و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان کەمبوونەتەوە - دەست دەخاتە سەر برینێکی ڕاستەقینە. بەڵام چارەسەرەکەی؟ لۆمەکردنی کۆچبەران و یەکێتی ئەوروپا، وەک ئەوەی هەموو کێشەکان لەوێوە سەرچاوە بگرن.

ستراتیژییە سەرەکییەکانی پۆپۆلیزم - ڕێبازی فریودان.

١. دروستکردنی "دوژمنی گەل": هەموو چیرۆکێک پێویستی بە پاڵەوانێک و خراپەکارێک هەیە. پۆپۆلیستەکان مامۆستای دروستکردنی ئەم چیرۆکانەن. ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا جۆرج سۆرۆسی کردووە بە هۆکاری هەموو کێشەکانی وڵات. ئەردۆغان لە تورکیا لۆبی نێودەوڵەتی سوودگەرایی و دۆسییەی گولەنی و کوردی کردوە بە هۆکاری هەموو کێشەکان. دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا "دەوڵەتی قووڵ" و "میدیای ساختە"ی کردوەتە دوژمن. ئەم ستراتیژییە، چونکە وەڵامی پێداویستییەکی دەروونی بنەڕەتی دەداتەوە، ڕوونکردنەوەی سادە بۆ کێشە ئاڵۆزەکان. بۆ نموونە، کاتێک بۆلسۆنارۆ لە بەرازیل هەموو کێشە ئابوورییەکان دەبەستێتەوە بە "کۆمۆنیستەکان" و "ئەجێندای سەوز"، خەڵکێک کە لە تیۆری ئابووری تێناگەن، هەست بە ئاسوودەیی دەکەن و دەڵێن کە ئەها ئەوە هۆکارەکەیە!
٢. زمانی هەست دژی زمانی لۆژیک: پۆپۆلیستەکان بە زمانێک دەدوێن کە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو دڵەوە، نەک مێشک. ماتیۆ سالڤینی لە ئیتاڵیا کاتێک دەڵێت "ئیتاڵیا بۆ ئیتاڵییەکان"، ئەم دروشمە سێ وشەیییە، کاریگەری زۆر زیاتری لە هەر ڕاپۆرتێکی ئابووری دەربارەی کاریگەری کۆچبەران هەیە. رودریگۆ دوتێرتە لە فیلیپین ئەم ستراتیژییەی گەیاندە ئاستێکی نوێ. کاتێک دەڵێت "من لە پێناو پاراستنی منداڵەکانتان لە ماددەی هۆشبەر، ئامادەم ببمە بکوژ"، خەڵک ئەم پەیامە توندوتیژە وەک نیشانەی "خۆشەویستی باوکانە" وەردەگرن، نەک وەک هەڕەشە بۆ سەر یاسا و دادپەروەری.
٣. تێکەڵکردنی ڕاستی و درۆ: پۆپۆلیستەکان شارەزای دروستکردنی نیوە ڕاستیعن. ئەوان کێشەیەکی ڕاستەقینەی وەک بێکاری یان کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان، هۆکارێکی هەڵە و چارەسەرێکی درۆیینەی بۆ دادەنێن. نارێندرا مۆدی لە هیندستان نموونەیەکی تەواوە، باسی گەشەپێدانی ئابووری دەکات (کە تا ڕادەیەک ڕاستە) بەڵام لە هەمان کاتدا پەردە دەخاتە سەر زیادبوونی نایەکسانی و توندوتیژی کۆمەڵایەتی.

بزنسیاسەت - کاتێک پارە دەبێتە دەسەڵات.

دیاردەی تێکەڵبوونی بزنس و سیاسەت یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕەهەندەکانی پۆپۆلیزمی نوێ. سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی لە ئیتاڵیا پێشەنگی ئەم دیاردەیە بوو، سەرمایەدارێک خاوەنی ئیمپراتۆرییەتێکی میدیایی بوو و توانی ببێتە سەرۆک وەزیران. لە ماوەی دەسەڵاتیدا، یاساکانی بە شێوەیەک گۆڕی کە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی خۆی بپارێزێت. میخائیل ساکاشڤیلی لەجۆرجیا، تاکسین شیناواترا لە تایلەند، سێباستیان پینیێرا لە چیلی - هەموو ئەمانە نموونەی ئەو بزنسمانانەن، کە بوونەتە سیاسەتمەدار. بەڵام خەتەرەکە لە کوێدایە؟ ماکس ڤێبەر جەخت لەوە دەکاتەوە سیاسەتمەدار دەبێت بەپێی "ئیتیکای بەرپرسیارێتی" کار بکات، واتە بیر لە ئاکامی بڕیارەکانی بۆ سەر کۆی کۆمەڵگە بکاتەوە. بەڵام کاتێک سیاسەتمەدارێک خاوەنی بەرژەوەندی تایبەتی گەورەیە، ئەم جیاکردنەوەیە دەبێتە مەحاڵ. ئاندریخ بابیش لە چیکیا نموونەیەکی تازەیە - سەرمایەدارێکی میلیاردێر کە بووە بە سەرۆک وەزیران و بەردەوام ڕووبەڕووی تۆمەتی تێکەڵکردنی بەرژەوەندییەکان دەبێتەوە. کۆمپانیاکانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا سوودیان لە یارمەتییە حکومییەکان وەرگرتووە.

میدیا- مەیدانی شەڕی ڕاستی.

یورگن هابەرماس باس لە "بواری گشتی" دەکات - ئەو شوێنەی کە هاوڵاتیان دەتوانن بە ئازادی گفتوگۆ لەسەر کاروباری گشتی بکەن. میدیای سەربەخۆ ستوونی سەرەکی ئەم بوارەیە. بەڵام پۆپۆلیستەکان ئەم بوارە دەگۆڕن بۆ "تیاترۆی پڕوپاگەندە". لە پۆڵەندا، حزبی "یاسا و دادپەروەری" لە ماوەی چەند مانگێکدا میدیای حکومی گۆڕی بۆ ئامرازی پڕوپاگەندە. لە هەنگاریا، دۆستان و هاوکارانی ئۆربان زۆربەی میدیا سەربەخۆکانیان کڕی و کردیان بە بەشێک لە "بنکەی میدیای ناوەندی". لە تورکیا، ڕێژەی ٩٠%ی میدیا لە کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی حکومەتدایە. کاریگەری؟ لە ڕاپرسییەکدا لە پۆڵەندا، ٧٢%ی ئەوانەی تەنها میدیای حکومی دەخوێننەوە یان دەبینن، باوەڕیان وایە کە یەکێتی ئەوروپا "مەترسییە بۆ سەر شوناسی پۆڵەندی". لە بەرامبەردا، تەنها ٢٣%ی ئەوانەی سەرچاوەی جۆراوجۆر دەخوێننەوە هەمان باوەڕیان هەیە.

چۆن ڕابەری ڕاستەقینە بناسینەوە؟

تێستی شەفافیەت: ئەنگێلا مێرکڵ لە ٢٠١٥ کاتێک بڕیاری دا سنوورەکان بۆ پەنابەران بکاتەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە وردی هۆکارەکانی ئەو بڕیارەی ڕوونکردنەوە: بارودۆخی مرۆیی، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی درێژخایەنی ئەڵمانیا. تەنانەت ئەوانەی دژی بڕیارەکە بوون، دەیانتوانی لە لۆژیکی بڕیارەکە تێبگەن. جاسیندا ئاردێرن لە نیوزیلەندا لە کاتی پاندێمیای کۆڤید-١٩ نموونەیەکی نایاب بوو. ڕۆژانە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی دەکرد، دانی بە هەڵەکاندا دەنا، و بە ڕاستگۆیی باسی نادڵنیاییەکانی دەکرد. کاتێک گوتی "ئێمە بە هەموومان پلانەکەمان لەسەر زانیاری باشترین دادەڕێژینەوە"، متمانەی خەڵکی بەدەست هێنا.

تێستی قبووڵکردنی ڕەخنە: نێلسن ماندێلا دوای ئەوەی بووە سەرۆک ئەفریقای باشوور، بەردەوام لەگەڵ ڕەخنەگرانی کۆدەبۆوە. لە یەکێ لە دانیشتنەکان گوتی: "ڕەخنەگران ئاوێنەن کە هەڵەکانمان نیشان دەدەن. بێ ئەوان، دەبینە دیکتاتۆر بێ ئەوەی خۆمان بزانین." ئیمانوێل ماکرۆن لە فەرەنسا، سەرەڕای ڕەخنەی زۆر، کۆبوونەوەی "گفتوگۆی نیشتمانی گەورە"ی ڕێکخست بۆ گوێگرتن لە دەنگی خەڵک دوای خۆپیشاندانەکانی "جلیقە زەردەکان". ئەمە نیشانەی ڕابەرییەکە کە ئامادەیە فێربێت و خۆی بگۆڕێت.

تێستی بەرنامەی واقیعی: "دیوارێکی گەورە دروستدەکەین و مەکسیک پارەکەی دەدات" - بەڵێنی ترامپ نموونەی کلاسیکی بەڵێنی پۆپۆلیستییە. لە بەرامبەردا، حکومەتی سوسیال دیموکراتەکانی دانیمارک کاتێک بەڵێنی باشترکردنی سیستەمی تەندروستی دەدەن، پلانێکی ١٠ ساڵەیان دانا لەگەڵ سەرچاوەی دارایی ڕوون و هەنگاوی دیاریکراو.

قەیران و چارەسەرەکان: پۆپۆلیزم بەرهەمی قەیرانی دیموکراسییە، نەک هۆکارەکەی. کاتێک خەڵک هەست دەکەن سیستەم کاریان بۆ ناکات، دەگەڕێن بەدوای بەدیلدا. بێگومان چارەسەرەکە لە بە شەیتانکردنی پۆپۆلیستەکاندا نییە، کاتێک پۆپۆلیستێک هەڵەت و پەڵیت دەڵێت و نزم دەدوێت، ئامانجەکەی ڕووتکردنەوەی هەر شتێکە لە بەهادارییەکەی، کاردانەوەی بەرامبەر بە هەمان تۆن و سیاق و ڕیتم، دەچێتە خانەی خزمەت کردن بە ئامانجەکەی، چارەسەری بنەڕەتی کێشەکە لە بنەبڕکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم بەرو بازەڕەدایە، بە نموونە:

گەشەپێدانی بەشداری دیموکراتیک: پۆرتۆ ئەلێگرێ لە بەرازیل پێشەنگی "بودجەی بەشداری" بوو - سیستەمێک کە هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر بەشێک لە بودجەی شارەوانی دەدەن. دوای ٢٠ ساڵ، ئەم شارە یەکێک لە کەمترین ڕێژەکانی گەندەڵی و بەرزترین ڕێژەکانی ڕەزامەندی هاوڵاتیانی هەیە لە بەرازیل. یان بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراتیکەکان، دادگای دەستووری ئەڵمانیا چەندین بڕیاری حکومەتی ڕەتکردەوە، تەنانەت لە کاتی قەیرانەکانیشدا. ئەمە ڕەمزی دامەزراوەیەکە توانای بەرگریکردن لە دەستوور و مافەکانی هەیە، تەنانەت لە بەرامبەر فشاری سیاسیشدا. پەروەردەی میدیایی و سیاسی دەشێ گرنگترین بێت، فینلاند پڕۆگرامێکی نیشتمانی بۆ "خوێندنەواری میدیایی" دەستپێکرد. ئەنجامەکە؟ فینلاند یەکێ لەو وڵاتانەیە کەمترین هەواڵی ساختە تێیدا بڵاودەبێتەوە و خەڵکەکەی باشترین توانای جیاکردنەوەی ڕاستی و درۆیان هەیە. هەروەها چارەسەری نایەکسانی، ئورۆگوای بە سەرۆکایەتی خۆسێ موخیکا سیاسەتی کۆمەڵایەتی فراوانی جێبەجێکرد کە نایەکسانی کەمکردەوە. ئەنجامەکە؟ ئورۆگوای یەکێکە لە سەقامگیرترین دیموکراسییەکانی ئەمریکای لاتین، بێئەوەی تووشی شەپۆلی پۆپۆلیزم ببێت.

کاتێک دیموکراسی خۆی دەخواتەوە.

وایمار ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٩٢٠کان یەکێک بوو لە پێشکەوتووترین دیموکراسییەکانی جیهان. بەڵام قەیرانی ئابووری، پۆلارایزەیشنی سیاسی و سەرهەڵدانی پۆپۆلیزمی ڕادیکاڵ کۆتایی بە هەمووی هێنا. دەرسەکە ڕوونە: دیموکراسی ناتوانێ تەنها لەسەر دەستوور و دامەزراوە بژی؛ پێویستی بە کەلتوری دیموکراتیک و هاوڵاتیانی هۆشمەند و چالاک هەیە. کارڵ پۆپەر هۆشداریدا "پارادۆکسی لێبوردەیی" - ئەگەر بێسنوور لێبوردە بین بەرامبەر بە نالێبوردەکان، دەسەڵات دەگرنە دەست و لێبوردەیی لەناودەبەن. هەر بۆیە، دیموکراسی دەبێت بەردەوام ئاگاداری مەترسییەکان بێت و ئامادە بێت بۆ بەرگریکردن لە بەهاکانی.

ئایندەی دیموکراسی - نێوان هیوا و مەترسی.

سەردەمی ئێمە سەردەمی تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ دیموکراسی. لە لایەکەوە، تەکنۆلۆژیای نوێ دەرفەتی بێوێنە دەخاتە بەردەممان بۆ بەشداری زیاتر و شەفافیەتی تەواوتر. لە لایەکی ترەوە، هەمان تەکنۆلۆژیا دەبێتە ئامراز بۆ دەستکاری و کۆنترۆڵ. بەڵام مێژوو فێرمان دەکات کە دیموکراسی هەمیشە لە ململانێدا بووە. ئەمە لە ئەسینای کۆن تا شۆڕشی ئەمریکی، لە شۆڕشی فەرەنسی تا بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان - دیموکراسی هەرگیز ئاسان نەبووە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە نەوەی ئێمە ئەرکی پاراستن و پەرەپێدانی بگرێتە ئەستۆ. وەک ڤۆڵتێر دەڵێت: "ڕەنگە لەگەڵ قسەکانت نەبم، بەڵام تا دوا هەناسە بەرگری لە مافی تۆ دەکەم بۆ گوتنیان." ئەمە جەوهەری دیموکراسییە - نەک یەکدەنگی، بەڵکو ڕێزگرتن لە فرەدەنگی. پۆپۆلیستەکان ئەم فرەدەنگییە دەکەن بە کێشە و بەڵێنی "دەنگێکی یەکگرتوو" دەدەن. بەڵام ئێمە دەزانین کە دەنگی یەکگرتوو دەنگی دیکتاتۆرییە، نەک دیموکراسی.

رێگەکە ڕوونە: نەک شەڕکردن لەگەڵ پۆپۆلیزم بە هەمان چەکەکانی خۆی، بەڵکو بەهێزکردنی ئەو بەها و دامەزراوانەی کە دیموکراسی دەپارێزن. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین دڵنیا بین کە "حوکمی گەل" نابێتە ستەمی گەل بەسەر خۆیدا.

تێبینی: ئەم وتارە پشت بە چەندین سەرچاوەی ئەکادیمی و شیکاری ڕووداوە هاوچەرخەکان دەبەستێت.

 

 

 

-------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

نیگەرانییەکانی ئەمڕۆ.

 


هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدا دەژییەت، قۆناغێک کە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ تێیدا بوونەتە دیاردەیەکی فراوان و سیستماتیک. لەبەر ئەوە دەکەوینە هەڵەیەکی مێژوویی قوڵەوە، ئەگەر ئەمە تەنها وەک هەستێکی کاتی یان دەربڕێکی ساکار لێکبدەینەوە، بەڵکوو پێویستە وەک دەقێکی کۆمەڵایەتی قووڵ بخوێنرێتەوە، کە هەڵگری پەیام و ئاماژەی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پێشهات و ئەگەری گۆڕانکارییە بنەڕەتییە ناوخۆیی و ناوچەکەییەکان بە گشتی.

قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ساڵانی دوایی و ئێستاکە بە تایبەتی، کاریگەری قووڵی دەروون-کۆمەڵایەتییان لە دڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستکردوە و شتێک نەماون کە تەنها وەک کێشەیەکی کاتی و تەکنیکی بگۆبکرێن، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی ناو سیستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتین. کاتێک سەیری ڕەفتاری کۆمەڵایەتی خەڵک دەکەین، ئەم حەقیقەتە بە ڕوونی دەبینین، کە دەنگ و بێدەنگییەکی بەرچاو باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە. 

ئەو دەنگە بێدەنگ و ئەم بێدەنگییە قووڵە دەنگدارە ناوەکییە، خۆیان لە خۆدا جۆرە زمانێکن - زمانی جەستە و زمانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی کە گوزارشت لە ژانی لە دایکبوونی دۆخێکی نوێ دەکات. زمانێک کە ئامارەکانیش بە ڕوونی دەیخوێننەوە: تەنها سێ لە هەر دە کەس متمانەیان بە دەسەڵات مایەوە، ئەمە مەترسیدارە و لە خۆیدا نیشانەی قووڵایی ئەو شکستە دامەزراوەییەیە کە هەموومان هەستی پێدەکەین.

لە ڕووی بوونناسییەوە، نیگەرانییەکانی ئێستا تەنها بە نیگەرانی لە داهاتووی تەیار نین، بەڵکو بوون بە گومان - گومان لە خودی بوون خۆی. پرسیاری "من کێم؟" و "ئێمە چین؟" بوونەتە پرسیارێکی ناوەندگیر لە ژیانی ڕۆژانەی تاکی کورددا. شڵەژانی ناسنامە، لێڵبوونی سنوورەکانی نێوان کۆن و نوێ، ناکۆکی نێوان واقیع و خەونەکان، نێوان خەڵک و دەسەڵات، هەموو ئەمانە خەریکن پێکەوە دەبنە سەرچاوەیەکی بەردەوام بۆ کامڵبوونی نیگەرانی و گریمانەی بژاردە کراو، کە دواجار کاریگەری لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیان دادەنێت.

ئەم پرسیارە بوونناسییانە، تەنها فەلسەفی نین، بەڵکو واقیعێکی مەیدانین، کە توێژینەوەکانیش دەیسەلمێنن: چوار لە دەی منداڵان و هەرزەکارانی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ ناتوانن بە کوردییەکی ڕوون و ڕەسەن بدوێن، ئەمە دەربڕینێکی ڕاشکاوە بۆ قووڵایی ئەو شکستەی کە لە گواستنەوەی ناسنامەی کلتووریدا ڕوویداوە. دیاردەناسی ئەم دۆخە، پێویستی بە میتۆدێکی فرەڕەهەند هەیە، کە بتوانێت لایەنە جیاوازەکانی بخاتە بەرچاو.

کەمبوونەوەی متمانەی تاک و هاوڵاتی بە پرۆسەی سیاسی، چاکسازی و گەشەپێدان، هەژموونی گوتاری فەیک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانی گوتاری گشتی بەرەو ڕەشبینی، زیادبوونی ڕەفتاری خۆپارێزی و دوورەپەرێزی، دروستبوونی میتافۆری نوێ بۆ گوزارشتکردن لە نیگەرانییەکان و وێنا کردنی بارودۆخ - هەموو ئەمانە نیشانەی گۆڕانکارییەکی قووڵن لە بنیادی کۆمەڵایەتیدا. کاتێک دەڵێین "هەژموونی گوتاری فەیک"، ئەمە تەنها بڕوایەک نییە، بەڵکو واقیعێکە کە لە ڕێگەی ئەزموونی ڕۆژانەی خەڵکەوە دەردەکەوێت: دوو لە سێ زیاتری کەسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداری دەکەن، بەڵام یەک لە چوار کەسیان ئاشکرای دەکەن کە هەواڵی ساختە بۆیان بووەتە سەرچاوەی ترس و پانیک.

ئەم خوێندنەوە تەنها بۆ تێگەیشتنی تیۆری نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دەستنیشانکردنی ڕێگەچارەکان. گفتوگۆی کراوە لەسەر نیگەرانییەکان، بە شێوەیەکی زانستی و بابەتیانە، لەم دۆخەدا دەتوانێت ببێتە دەستپێکێک بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنی. ئەم باوەڕە مەڵامەت نییە، ئەمڕۆ نموونەی سەرکەوتووەکان بوونیان هەیە لە نێوان خۆماندا. کاتێک دامەزراوەیەک هەزار کەس چارەسەر دەکات، کاتێک پسپۆڕان و خوێندکارانی پزیشکی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی دروست دەکەن بۆ گەیاندنی چارەسەری دەروونی، کاتێک نزیکەی حەوت هەزار ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام لە کارکردندان - ئەمانە نیشان دەدەن کە هێزی گۆڕانکاری لە نێوان کۆمەڵگەدا بوونی هەیە. لێرەوە دەسەڵات، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیا و میدیا، هەمووان پێویستە بەشداربن لە پرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەر و دروستکردنەوەی متمانە و ئومێد.

دواجار، ئێمە لە بەردەم دوو ڕێگەدا وەستاوین: یان بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی دەنگە بێدەنگ و بێدەنگی دەنگەکان لە قووڵاییدا و هێشتنەوەی نیگەرانییەکان تا دەگەنە ئاستێ کە کۆنترۆڵکردنیان دژوار دەبێت، یان دەستپێکردنی پرۆسەیەکی جیددی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرچاوەکانی نیگەرانی و کارکردن بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر. هەڵبژاردن لە دەست هەر تاکێک و هەموو لایەنە کاریگەرەکانی کۆمەڵگە و لایەنە سیاسیەکانە. کات بۆ بژاردەی ڕێگەی دووەم تەنگتر بۆتەوە. بەڵام ئومێد هەیە، چونکە ئەو ئەزموونانەی کە ئەمڕۆ لە نێوان خۆماندا دەیبینین، پیشانی دەدەن کە گۆڕانکاری مومکینە کاتێک ئیرادە و یەکگرتووی هەبێت.

 

 

 

 

-------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

چاوپۆشی میدیای عەرەبی لە ئاگری ڕاستەقینە.



غەسان شەربەل، سەرنووسەری "الشرق الأوسط"، لە نوێترین وتاریدا بە ناونیشانی 'العراق ونار الجوار' چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە. کارمەندێکی کۆشکی کۆماری عیراق گوێی لێبووە، کە سەدام حسێن دەڵێت "أبو إيران على أبو تركيا"، واتە لەعنەت لە ئێران و تورکیا. شەربەل ئەم ڕستەیە وەک نیشانەیەکی بێزاری سەدام لە "قەدەری جوگرافی" عیراق لێکدەداتەوە، وەک ئەوەی ئەم هەلومەرجە جوگرافییە شتێکی سروشتی و ئەزەلی بووبێ! لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێشەوە: ئایا بەڕاستی ئەمە قەدەری جوگرافییە، یان ڕاستەوخۆ بەرەنجامی دەوڵەتی دەستکرد و دابەشکردنی دەستکردی خاکی کوردستان؟

شەربەل لە وتارەکەیدا نیگەرانی دەردەبڕێت لەوەی عیراق کەوتووەتە ناو ئاگری دراوسێکانی. وەک فەزڵیش سەرەڕای ئەوە کە ئەو بە ڕاستی وێنای دەکات، باس لەوە دەکات چۆن عیراق توانیویەتی خۆی لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل بەدوور بگرێت و ئەمەش وەک سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی پیشان دەدات. بەڵام کاتێک میدیای عەرەبی لە "ئاگری داهاتوو" دەترسێت، بە شێوەیەکی سەیر بێدەنگە لەسەر ئەو ئاگرانەی کە ئێستا هەن و بەردەوام دەسووتێنن. ئەو "بەدبەختییە جوگرافییە"ی عیراق کە شەربەل باسی دەکات، لە ڕاستیدا بەرهەمی سایکس-پیکۆی ساڵی ١٩١٦ و کۆنفرانسی لۆزانی ١٩٢٣ـە، کە کوردستانیان بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکرد و گەلێکی یەکگرتوویان کردە قوربانی لە چوار وڵاتی جیاوازدا.

کاتێک سەدام لۆمەی جیرانەکانی دەکات، لە ڕاستیدا ئاگری ئەو حەقیقەتە لە ناخەوە دەیسوتێنیت کە لە بونیادی دەوڵەتەکەیدا بنەمای گرتووە، ئەو بونیادەی کە زامە قووڵەکەی لە دڵی هەر تاکێکی کورددا سەد ساڵە قەتماغە ناگرێ، بەڵام هەزار هێندە بووە بە مایەی بێ ئۆقرەیی و ناسەقامگیری عیراق و دەوڵەتانی ناوچەکە کە لەسەر خاکی کورد بیناکراون، ئەو دەیزانی کە کورد گەلێکی جیاوازە و زۆرینەی دانیشتووانی ئەو شوێنە پێکدەهێنێت کە بە با باکووری عیراق ناوی دەبرد، گەلێک کە بەردەوام داوای مافە نەتەوەییەکانی دەکات. ئەم داواکارییە بۆ سەدام و بۆ زۆربەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا، وەک هەڕەشەیەک بینراوە بۆ سەر ئەو یەکپارچەییەی کە هیچ بنەمایەکی یەکپارچەیی نییە - کۆنسێپتێک کە خۆی لەسەر بنەمای ستەمی نەتەوەیی دامەزراوە.

بەشێکی دڵتەزێنی وتارەکەی شەربەل ئەو شوێنەیە کە باسی ئەحمەد شەرەع، سەرۆکی نوێی سووریا دەکات. دەڵێ فەسیلەکانی بەغدا لەبیریان نەچووە، کە شەرەع چەند ساڵێک لە زیندانەکانی عیراقدا بووە، پێش ئەوەی "ڕۆژاوا باڵی بگرێ". لێرەدا شەربەل ماوەی زیندانیکردنی شەرەع وەک خاڵێکی سیاسی ساکار دەبینێت، بێئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە هەمان ئەو زیندانانە شوێنی ئەشکەنجەدانی سەدان هەزار کورد بوون. لە ئەنفالەوە کە ١٨٢ هەزار کوردی تێدا کۆمەڵکوژ کران، زۆربەیان ژن و منداڵ، تا کیمیابارانی هەڵەبجە، کە پێنج هەزار هاوڵاتی لە چەند خولەکێکدا کوشتن، تا سیاسەتی تەعریب، کە سەدان هەزار کوردی لە زێدی باوباپیران دەرکرد و لەگەڵیدا چەندان شار و شارۆچکە و ٤٥٠٠ گوندی وێرانکردن.

شەربەل لە تەواوی وتارەکەیدا، هێشتا بە چاوی دەوڵەت-نەتەوە سەیری ناوچەکە دەکات. باسی "عیراق" و "ئێران" و "تورکیا" و "سووریا" دەکات، وەک یەکەی سیاسی سروشتی و گاڵتەجاڕ. کاتێک باسی پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان عیراق و سووریا دەکات، هیچ ئاماژەیەک ناکات بەوەی هەردوو دەوڵەت لەسەر خاکی دابەشکراوی کوردستان دامەزراون و میلیۆنەها کورد لە هەردوو لای سنوور دەژین، کە هەمان زمان و کولتوور و مێژوویان هەیە، بەڵام بە زۆر لێک جیاکراونەتەوە. ئەم جۆرە لە ڕوانین تەنها چاوپۆشی لە واقیع نییە، بەڵکو بەشداربوونە لە درێژەپێدانی ستەم. کاتێک میدیای عەرەبی سنوورە دەستکردەکان وەک شتێکی پیرۆز و نەگۆڕ دەبینێت، لە ڕاستیدا پاساو بۆ بەردەوامی سەرکوتی گەلانی بێ دەوڵەت و ناسەقامگیری هەمیشەیی ناوچەکەش دەهێنێتەوە.

کاتێک شەربەل باسی سەرکەوتنی عیراق دەکات لە خۆ بەدوورگرتن لە شەڕ، پشتگوێی دەخات کە هەرێمی کوردستان خاوەنی سیاسەتی تایبەتی خۆیەتی و پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن و پایتەختەکانی جیهان هەیە. ئەم "سەرکەوتنە" زیاتر بەرهەمی ناکۆکی ناوخۆیی و فرەیی سیاسییە لە عیراقدا، نەک دانایی دیپلۆماسی یەکگرتوو. ئەگەرنا شەربل و هەرکەس باش دەزانن، بەشێکی زۆر لەوانەی بە سەرکردەی عیراقی ناودەبرێن، پێش عیراقیبوون، شتانی ترن، هەرێمی کوردستان زۆرجار جیاوازی بیروڕای قووڵی لەگەڵ بەغدا هەیە لەسەر دۆسیە هەرە هەستیارەکان و ئەمە نیشاندەری ئەوەیە "عیراق" وەک یەکەیەکی سیاسی یەکگرتوو تەنها وەهمێکە کە میدیای عەرەبی خۆشحاڵە بە درێژەپێدانی.

سەیرترین شتیش لە وتارەکەی شەربەلدا ئەوەیە کە نیگەرانە لە "ئاگری داهاتوو" لە کاتێکدا بە تەواوی بێدەنگە لەسەر ئەو ئاگرانەی ئێستا دەسووتێنن. تورکیا تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سێ سەد هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و زیاتر لە پێنج سەد گوندی بە زۆر چۆڵ کردووە، دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە لەوانە گەشتیاران و خوێندکاران. ئێران بەردەوام ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکات و کۆڵبەرانی کورد دەکوژێت. حکومەتی بەغدا بودجەی هەرێم دەبڕێت و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی داخستووە و کێشەی نەوت و گاز وەک چەکێک دژی خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت.

کاتێک شەربەل دەپرسێ ئایا عیراق "نەجاتی بووە" لە شەڕ، پێویستە بپرسین: لەچی و کێ نەجاتی بووە؟ لە کوردی باکوور کە تورکیا هێشتا وەک هاونیشتمانی ئاسایی و پلە یەکی وڵاتەکە نایانبینێ؟ لە کوردی ڕۆژهەڵات کە ڕژێمی ئێران هێشتا سەرکوتیان دەکات؟ یان کوردی باشوور کە حکومەتی بەغدا زۆر ورد کار لەسەر گەمارۆدانی ئابووریان دەکات؟ یان کوردەکانی ڕۆژئاوا کە تازە لە داعش ڕزگاریان بووە و ئێستاش تورکیا هەڕەشەیان لێدەکات؟ میدیای عەرەبی، بە نوێنەرایەتی کەسانی وەک غەسان شەربەل، دەبێت بڕیار بدات. ئایا دەیەوێت بەشێک بێت لە چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە، یان بەردەوام دەبێت لە پاساودان بۆ ستەمی بەردەوام؟ چونکە هەتا "قەدەری جوگرافی" دەوڵەتە دەستکردەکان بە پیرۆز بزانرێت و چاوپۆشی لە مافی سروشتی گەلان بکرێت، کورد و گەلانی تری بێدەوڵەت بەردەوام دەبن لە سووتان - سووتان لە ئاگرێکدا کە کەس نایبینێت، کەس باسی ناکات و کەس بە "قەدەر" دایناننێت.

ئەمە قەدەر نییە، سیاسەتە. سیاسەتی دابەشکردن، سیاسەتی سەرکوت، سیاسەتی پشتگوێخستن. کاتی ئەوە هاتووە میدیای عەرەبی واز لە چاوی دەوڵەت-ناوەند بهێنێت و بە چاوی گەلان سەیری ناوچەکە بکات. تەنها ئەو کاتە دەتوانین بە ڕاستی باسی چارەسەری کێشەکان بکەین، نەک تەنها نیگەرانبوون لە "ئاگری داهاتوو" لە کاتێکدا ئاگری ئێستا خەڵکێکی زۆر دەسووتێنێت.

 

 

 

 

 

-------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

بۆ ئەوەی چارەسەر نەبێتەوە بە کێشە.

 


ئەوەی بینیمان، لەو دیمەنە دەچێت، کە کەسێک دوا جگەر دەکێشێت و بە دەنگێکی قووڵ ڕایدەگەیەنێت، کە وازی لە جگەرەکێشان هێناوە – لە کاتێکدا پاکێتێکی نوێ لە گیرفانیدا دیارە. ئەم شانۆگەرییە دراماتیکییە تەنها بۆ کامێراکان نەبوو. لەناواخندا هەڵگری ڕەمزیەتێکی قووڵە، کە دەمانباتەوە سەر چۆنیەتی کارکردی دەسەڵات لە سەردەمی ئێمەدا. کاتێک دەسەڵاتەکان ناتوانن کێشەیەک بە شێوە کلاسیکییەکەی - بە زۆر، هەڕەشە، سەرکوت - چارەسەر بکەن، پەنا دەبەنە بەر شتێک کە دەکرێ بە "دراماتیزەکردنی وەهمی چارەسەر" ناودێر بکرێت. ئەوان نمایشێک دەکەن، شانۆیەک دادەڕێژن کە تێیدا وا دەردەکەوێت کێشەکە چارەسەر دەبێت، بێئەوەی لە ڕاستیدا دەست لە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە بدەن.

ئایدیۆلۆژیای سەردەمی ئێمە، فۆرمولای تایبەت بە خۆی هەیە، فۆرمولایەک لە سادەیی خۆیدا ترسناکە: "ئێمە هەموومان دەزانین ئەمە چارەسەری ڕاستەقینە نییە، بەڵام هەموومان وەک ئەوە ڕەفتار دەکەین چارەسەرە." هەموو لایەک - حکومەت، میدیا، تەنانەت خودی گەریلاکانیش - ئاگاداری ئەم ڕاستییەن، هەمووان دەزانن کێشەی کورد ناکرێ لە سووتاندنی چەند کڵاشینکۆفدا کورت بکرێتەوە. بەڵام هەمووانیش بەشداری ئەم یارییە دەکەن، ڕۆڵی خۆیان دەبینن لەم شانۆیەدا.

لە ماوەی چل و حەوت ساڵی ڕابردوودا، وشەی "ئاشتی" بۆ کێشەی کورد بەقەدەر پارەی تەزویر بەکارهاتووە. هەر جارێک زاراوەی "پڕۆسەی ئاشتی" هاتە ناو گوتاری سیاسییەوە، دەرەنجامەکە زیاتر لە شەڕ نەبووە. ئەمە ئەوەیە کە فەیلەسووفەکان پێیدەڵێن "دایالێکتیکی ئاشتی"، دیاردەیەک کە تێیدا قسەکردن لە ئاشتی دەبێتە ئامرازێک بۆ ئامادەکاری شەڕی داهاتوو. وشەی "ئاشتی" لە کۆمەڵگەی نوێدا ئیتر نە ئامانجە و نە خەون، بەڵکو تەکنیکێکی بەڕێوەبردنی قەیرانە، شێوازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین لایەنەکانی ئەم ڕووداوە، ئەو زمانە هەستیار و سۆزدارییە کە بەکار دەهێنرێت. لە جیاتی قسەکردن لە سەر مافی نەتەوەیی، دادپەروەری، مێژووی سەرکوت، قسە لەسەر "دایکان" و "منداڵان" و "ئارامی" دەکرێت. ئەم گۆڕینە لە زماندا ڕێکەوت نییە. بەڵێ دووبارەی دەکەمەوە، کاتێک دەسەڵات ناتوانێ بە میکانیزمە کلاسیکییەکانی خۆی - بە زۆر، بە یاسا، بە هێزی چەکدار کێشەیەک کۆنترۆڵ بکات، پەنا دەباتە بەر ئەوەی دەتوانین ناوی بنێین "سیاسەتی سۆزدارانە"، کە کێشەی سیاسی دەگۆڕدرێت بۆ "دۆخێکی مرۆیی"، مافی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ژێریدا دەبن بە "پرسی ئاسایشی"، داوای دادپەروەری دەبێتە "پێویستی ئارامی".

ئەم گۆڕانکارییە لە زماندا ئامرازێکی زۆر بەهێزە. چونکە کێ دەتوانێ دژی "ئارامی" بێت؟ کێ دەتوانێت بڵێت "دایکان" و "منداڵان" شایانی ژیانێکی باشتر نین؟ بەم شێوەیە، دەسەڵات دەتوانێت هەر کەسێک کە ڕەخنە لەم پڕۆسەیە بگرێت، وەک کەسێکی دژە-مرۆڤ، دژە-ئاشتی پیشان بدات. لە ئاستی دەروونناسی کۆمەڵایەتیدا، ئەم چەکدانانە خزمەتی پاراستنی فانتازیایەکی کۆمەڵایەتی دەکات - فانتازیای "ئەگەر چەکەکان نەمێنن، هەموو شتێک چارەسەر دەبێت". ئەمە ئەردۆغان و باخچەلی ڕێک بەو جۆرە موخاتەبەی تورک و گەلانی تورکیا دەکەن، بێ ئەوەی خۆیون لەو حەقیقەتە بە خاوەن و بە خەبەر بکەن کە خودی ئەم چەکانە کاردانەوەن، کاردانەوەی ستەم و بێ نەزمی بەردەست ئەوان و فەلسەفەی تورکیزم.

ئەم فانتازیایە زۆر گرنگە بۆ پاراستنی سیستەمی ئێستا، چونکە ڕێگە بە خەڵک دەدا باوەڕ بەوە بکەن کێشەکە لە چەکەکاندایە، نەک لە سیستەمێکی نادادپەروەر کە بۆ دەیان ساڵە کەمینە نەتەوەیییەکان سەرکوت دەکات. ئەمە وەک ئەو کەسەیە کە باوەڕی وایە ئەگەر بتوانێت بگەڕێتەوە سەردەمی منداڵی، هەموو کێشەکانی ژیانی کۆتاییان دێت. بەڵام لە قووڵایی دەروونیدا دەزانێ کێشەکان لە شوێنێکی تردان، دەزانێت گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە. بەڵام ئەم فانتازیایە ڕێگەی پێدەدات بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕاستییە تاڵەکانی ژیانی ڕۆژانە ببێتەوە.

رەنگە قووڵترین لایەنی ئەم ڕووداوە لەوەدا بێت کە چۆن دەسەڵات فێربووە لە ڕێگەی نیشاندانی "لاوازی" و "ڕەزامەندی"یەوە، دەسەڵاتی خۆی بەهێزتر بکات. ئەمە پارادۆکسێکی سەردەمی ئێمەیە: دەسەڵات ئیتر تەنها لە ڕێگەی هێزەوە خۆی نانوێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی نواندنی نەرمی و سازشەوە هەژموونی خۆی دەسەپێنێت. حکومەت خۆی وەک لایەنێکی "قوربانیدەر" نیشاندەدات، کە بۆ ئاشتی ئامادەیە، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەش دابنیشێت کە بە تیرۆریست ناوان دەبات. بەم شێوەیە، خۆی وەک لایەنی عەقڵانی و میانڕەو دەردەخات، بەرپرسیارێتی هەر شکستێکیش دەخاتە ئەستۆی "ئەوانەی هێشتا چەکیان پێیە"، وەک ئەوەی خۆی دەستی لە چەک هەڵگرتبێ و گەڕابێتەوە ئەودیوی سنوورەکان، لە هەمانکاتدا مەرجەکانی گفتوگۆ بە دڵی خۆی دیاری دەکات.

زیرەکییەکە لە بەکارهێنانی زاراوەی "پڕۆسەی ئاشتی"یە، نەک تەنها "ئاشتی". پڕۆسە واتە شتێکی بەردەوام، شتێکی بێکۆتا، شتێک کە هەمیشە لە جووڵەدایە بەڵام هەرگیز ناگاتە شوێنێک. ئەمە دەرگەی زێڕین بۆ دەسەڵات دەکاتەوە: هەر کێشەیەک دەبێتە "بەشێک لە پڕۆسە"، هەر پرسیارێکی قورس وڵامی "هێشتا لە قۆناغی سەرەتاداین" وەردەگرێتەوە، هەر شکستێک دەبێتە "پێویستی بە کاتی زیاتر". بەڵام ڕەنگە گەورەترین مەکری ئەم هەموو پڕۆسەیە لەوەدابێ کە چۆن "چەکدانان" خۆی دەبێتە میکانیزمێک بۆ پاراستنی هەمان ئەو سیستەمەی کە گوایە دەیەوێت بیگۆڕێت.

کاتێک پکک چەک دادەنێ و "دەچێتە ناو سیاسەتی یاسایی"یەوە، لە ڕاستیدا دەبێتە بەشێک لەو سیستەمەی کە چل و حەوت ساڵ شەڕی لەگەڵ کردووە. ئەمە بەرزترین ئاستی زیرەکی دەسەڵاتە - توانای هەڵقوتاندنی دژەکانت و کردنیان بە بەشێک لە خۆت. لە کاتێکدا کۆی سەرنج و چاوەکان لەسەر ئەم "دیمەنە مێژووییە" چڕبوونەتەوە، لە شوێنێکی تر، لە دەرەوەی بینینی کامێراکان، ژیانی ڕۆژانە بە هەموو ناعەداڵەتی و کێشەکانییەوە بەردەوامە. دەیان هەزار چەکداری دەوڵەت هەر لە شوێنی خۆیان ماون. گرفتە ئابوورییەکان کە خەڵکی هەژار دەکەن هەر بەردەوامن. سنووردارکردنی زمان و کولتوور، کە ڕۆحی نەتەوەیەک دەکوژێت، درێژەی هەیە. بێکاری، هەژاری، بێ ئومێدی - هەموو ئەمانە لە پشت پەردەی ئەم شانۆیە دراماتیکییەوە، وەک هەمیشە بەردەوامن.

پێشینان دەیانگوت "ئەگەر ئاشتیت دەوێ، بۆ شەڕ ئامادەبە". بەڵام سەردەمی ئێمە دروشمەکە پێچەوانە بووەتەوە: "ئەگەر شەڕت دەوێت، بۆ ئاشتی ئامادەبە". چونکە لە جیهانی ئەمڕۆدا، کاریگەرترین شێوەی شەڕ ئەوەیە کە بە ناوی ئاشتییەوە بکرێ. گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر دادپەروەری ئەوەیە کە بە ناوی "ڕێککەوتن"ەوە بێت. بۆیە کاتێک دەسەڵاتەکان دەست بە قسەکردن لە "ئاشتی" و "ئاشتەوایی" دەکەن، ئەوکاتە پێویستە زیاترین هۆشیاریمان هەبێت. چونکە لە سەردەمێکدا کە تێیدا حەقیقەت دەبێتە درۆ و درۆ دەبێتە حەقیقەت، لە سەردەمێکدا کە تێیدا شەڕ بە ناوی ئاشتی دەکرێت و ستەم بە ناوی ئازادی، لەوانەیە تاکە ڕێگە بۆ پاراستنی ئاشتیی ڕاستەقینە و دادپەروەری ڕاستەقینە، گومانکردن بێت لە هەموو ئەو شتانەی کە بە ناوی ئاشتی و دادپەروەرییەوە پێشکەش دەکرێن.

ئەم ٣٠ گەریلایەی لە جاسەنە چەکەکانیان سووتاند، لەوانەیە بە دڵسۆزییەوە باوەڕیان بەوە بێت کە کارێکی باش دەکەن. بەڵام لە گەمە گەورەکەی دەسەڵاتدا، ئەوان تەنها سەربازی سەر تەختەی شەترەنجن، سەربازگەلێک کە دەجووڵێنرێن بۆ ئەوەی پاشا لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە. تا ئێمە لەم گەمەیە تێنەگەین، تا ڕۆڵی خۆمان لەم شانۆ گەورەیەدا نەناسین، بەردەوام دەبین لە بەشداریکردن لە نمایشێکدا کە کۆتاییەکەی لە پێشەوە نووسراوە - نمایشێک کە تێیدا "ئاشتی" تەنها ناوێکی ترە بۆ درێژەدان بە هەمان کۆنە شەڕ. لە بیرت بێت: کاتێک ئەم وشانە دەنووسم، لە ناخەوە دژە شەڕ و هەر جۆرە توندوتیژییەکم.


بەڵام ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە فارس دەڵێت پێداچوونەوە بە سایکس-پیکۆ دەبێت "لەژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ" بێت. ئەمە کۆمیدیای ڕەهایە! یاسای نێودەوڵەتی، ئەو یاسایەی کە خۆی بەرهەمی هەمان سیستەمی وێستفالیایە، کە سایکس-پیکۆ نموونە دواییەکەیەتی. مافی مرۆڤ، ئەو مافانەی کە هەمیشە لە بەرامبەر "مافی دەوڵەت"دا دۆڕاون. ئەمە وەک ئەوەیە بڵێی دەتەوێت سیستەمی سەرمایەداری بە یاساکانی خۆی سەرمایەداری ڕەخنە بکەیت. کورد لێرەدا لە بەردەم دوو ڕێگەدایە: یان بەردەوام بێت لە چاوەڕوانی "ڕزگاربەرە گەورەکە" - ئەمریکا، ڕووسیا، یان هەر زلهێزێکی دیکە - کە بێت و چارەنووسی بۆ دیاری بکات. یان تێبگات کە تەنها ڕێگەی ڕزگاربوون بریتییە لە دروستکردنی "ڕووداوێک" بە مانا فەلسەفییەکەی - واتە شتێک کە سیستەمی ئێستا چاوەڕوانی ناکات و ناتوانێت لەخۆی بگرێت.

ڕووداو، وەک ئالان بادیۆ ڕوونی دەکاتەوە، ئەو شتەیە کە "ناکرێت" بەڵام ڕوو دەدات. شۆڕشی کۆبانێ ڕووداوێک بوو - کەس چاوەڕوانی نەدەکرد شارێکی بچووکی کوردی بتوانێت لە بەرامبەر داعشدا بوەستێ و ببێتە سیمبۆلی بەرگری. بەڵام دوای ڕووداوەکە هەموو شتێک گۆڕا. پۆستەکەی فارس، لەگەڵ هەموو نادیاری و گشتگۆییەکەی، دەتوانێت تەنها وەک نیشانەیەک بخوێندرێتەوە - نیشانەی ئەوەی کە سیستەمی کۆن لە هەڵوەشاندایە، بەڵام سیستەمی نوێ هێشتا دروست نەبووە. ئێمە لە "کاتی بەینابەین"دا دەژین، لەو کاتەی کە گرامشی پێی دەڵێت "کۆن دەمرێت بەڵام نوێ ناتوانێت لەدایک بێت." لەم کاتە بەینابەینەدا هەموو جۆرە خەیاڵ و فانتازیا سەر هەڵدەدەن. "سڕینەوەی سایکس-پیکۆ" یەکێکە لەم فانتازیایانە - خەیاڵی ئەوەی کە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ "خاڵی سفر" و لە نوێ دەست پێبکەینەوە. بەڵام وەک هێراکلیتۆس دەڵێت، "ناتوانیت دوو جار پێ بخەیتە هەمان ڕووبارەوە" - مێژوو بەرەو پێشەوە دەڕوات، نەک بەرەو دواوە.

کورد، لەبری چاوەڕوانی "سڕینەوەی" شتێک کە هەرگیز بە ڕاستی بوونی نەبووە، دەبێت لەسەر دروستکردنی شتێکی نوێ کار بکات. نەک کوردستانێک کە "دەگەڕێتەوە" بۆ پێش سایکس-پیکۆ (چونکە ئەو قۆناغە بە گەڕانەوە بەرەو خۆی هیچ مومکین نییە ڕوو بداتەوە)، بەڵکو کوردستانێک کە بوونەکەی زەوتکراوە دەبێت سەرلەنوێ بینابکرێتەوە، نیشتمانێک نە لەسەر دار و پەردوی ڕوخاو، بەڵکوو لە دیزاینکردنەوەیەکی نوێدا. ئەم کوردستانە نوێیەیش هەڵبەتە ناتوانێت تەنها لە ڕێگەی "ڕێککەوتنی بەرگری هاوبەش" یان دانوستان لەگەڵ زلهێزەکان دروست بێت. پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ هەیە، ڕادیکاڵ لە تێگەی کورد بۆ خۆی و جێگەکەی لە جیهاندا. پێویستی بەوە هەیە ببێتە "سوبێکتی سیاسی" سۆبێکت بە مانا ڕاستەقینەکەی - نەک تەنها وەڵامدەرەوە بە ڕووداوەکان، بەڵکو دروستکەری ڕووداو.

دواجار، پۆستەکەی فارس، سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی، یەک شتی گرنگ دەکات: نیشانی دەدات کە کاتی "کارکردنی ئاسایی" تەواو بووە. ئیدی ناکرێت بە هەمان شێوەی جاران بەردەوام بێت. گۆڕانکاری دێت، ئەمە حەتمییە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کورد دەبێتە کارەکتەری سەرەکی لەم گۆڕانکارییەدا، یان تەنها تەماشاکەر و چاوەڕوانی ئەوە دەبێت کە چارەنووسەکەی لەلایەن کەسانی دیکەوە دیاری بکرێت؟ هیوادارم هەڵبژاردنی دروست بکەین. چونکە وەک ڤاڵتەر بنیامین دەڵێت، "هەموو ساتێک دەروازەیەکە کە مەسیح دەتوانێ لێیەوەی بێتەوە ژوورەوە" بەڵام مەسیح نایەت ئەگەر دەروازەکە نەکرێتەوە.
_______________________________________________
* وێستفاڵیا (Westphalia) ناوچەیەکە لە باکووری ئەڵمانیا کە بەشێکە لە ویلایەتی نۆردراین-وێستفاڵیا (North Rhine-Westphalia). ئەم ناوچەیە بەهۆی چەندین شتەوە بەناوبانگە: مێژووی سیاسی - ساڵی ١٦٤٨دا پەیمانی وێستفاڵیا لێرە واژۆ کرا، کە کۆتایی بە جەنگی سی ساڵە هێنا و بنەمای سیستەمی نوێی نێودەوڵەتی دامەزراند. ئەم پەیمانە بنچینەی سەروەری دەوڵەتان و پرەنسیپی عەدەمی تێکەڵ بە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتانی تردا دانا. جوگرافیا - وێستفاڵیا دەشتاییەکی فراوانە لە ئەڵمانیا کە بە خاکی کشتوکاڵی دەوڵەمەند و شارە پیشەسازییەکانی ناسراوە. شارە گرنگەکانی - کۆی شارەکانی وێستفاڵیا: دۆرتموند، گێلسەنکیرشەن، مونستەر و بیلەفێڵد.

 

 

 

 

 

-------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

چەرخەلەی خۆخافڵاندن و خەڵکخافڵاندن.



سەرچاوەکانی خۆخافڵاندن و خەڵکخافڵاندن-دیاردە بەربڵاوەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ، وەک دوو ڕووی دراوێک، هاوبەشە: "ترس لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان، خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی." زۆر جار خەسڵەت هەڵگرەکانی کەسانی "لاستیکی"ن - واتە ئەوانەن کە خۆیان لەگەڵ هەر دۆخێکدا دەگونجێنن و سواری شەپۆلی ڕووداوەکان دەبن، ئەمە بەبێ ئەوەی هەڵوێستێکی ڕوون و جێگیریان هەبێت.

•خۆخافڵاندن - کاتێک مرۆڤ لە خۆی دەڕەوێت.

خۆخافڵاندن پرۆسەیەکی دەروونی ئاڵۆزە، کە تێیدا تاکەکەس بە ئەنقەست یان ناهۆشیارانە خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییە ناخۆشەکانی ناخی خۆی دەدزێتەوە. وەک دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵی کە تێیدا هەم کارەکتەری سەرەکی و هەم بینەری فیلمەکەیە لە یەککاتدا. لەم جیهانە دروستکراوەدا، مرۆڤ دەتوانێ هەستە ڕاستەقینەکانی بشارێتەوە، بیرکردنەوە ناخۆشەکانی ڕەتبکاتەوە و تەنانەت کردەوەکانی خۆیشی بە شێوەیەکی جیاواز بنوێنێ و لێکبداتەوە.

خۆخافڵاندن چەندین شێوەی جیاوازی هەیە، هەریەکەیان خزمەتی مەبەستێکی تایبەت دەکات: یەکەم، خۆخافڵاندنی بەرگریکارانە - ئەم جۆرە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ترۆما یان ئازارێکی قووڵدا ڕوودەدات. مرۆڤ بۆ پاراستنی خۆی لە داڕووخانی دەروونی، پەنا بۆ درۆکردن لەگەڵ خۆی دەبات. بۆ نموونە، کەسێک کە عەزیزێکی لەدەستداوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەک باوەڕ نەکات کە ئەو کەسە مردووە. دووەم، خۆخافڵاندنی خۆپەرستانە - لەم حاڵەتەدا مرۆڤ وێنەیەکی زیادەڕۆییکراو لە خۆی دروست دەکات. کەسێک کە شکستی خواردووە، لەوانەیە قەناعەت بە خۆی پێبهێنێ کە هەموو کەسانی دیکە هەڵەن و تەنها ئەو ڕاستە. سێیەم، خۆخافڵاندنی کۆمەڵایەتی - ئەمە کاتێ ڕوودەدات کە مرۆڤ قەناعەت بە خۆی دەهێنێت کە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە ناڕاستەکانی ئاساین. بۆ نموونە، کەسێک کە بەردەوام درۆ دەکات، دەیەوێت باوەڕ بکات کە "هەموو کەس درۆ دەکەن."

خۆخافڵاندن، کاریگەری قووڵی لەسەر ژیانی تاکەکەس دادەنێ. لەلایەک دەبێتە هۆی دروستبوونی کەسایەتییەکی دووانەیی - کەسایەتی ڕاستەقینە کە شاراوەیە لە جێیدا کەسایەتی "درۆیین" بۆ جیهانی دەرەوە نمایش دەکرێت. ئەم دووانەییە دەبێتە سەرچاوەی ئازارێکی بەردەوام، چونکە مرۆڤ ناچارە هەمیشە هەوڵ بدات ئەم دوو کەسایەتییە لە یەکتر جیا بکاتەوە.

• خەڵکخافڵاندن - هونەری دەستکاری کردنی کەسانی دیکە.

خەڵکخافڵاندن، هونەر و زانستی کاریگەری دانانە لەسەر بیرکردنەوە، هەست و ڕەفتاری کەسانی دیکە، بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خافڵێنەر بکات. ئەم پرۆسەیە پشت بە تەکنیکی جۆراوجۆر دەبەستێت، لە بەکارهێنانی زانیارییە هەڵەکانەوە بگرە تا دەستکاریکردنی هەستەکان و دروستکردنی کەشوهەوایەکی ساختە.

خافڵێنەرەکان چەندین تەکنیکی جیاواز بەکاردەهێنن: گاسلایتینگ - ئەمە تەکنیکێکە کە تێیدا خافڵێنەر وا دەکات قوربانی گومان لە ڕاستی خۆی بکات. بۆ نموونە، نکۆڵیکردن لە ڕووداوێک کە ڕوویداوە، یان گۆڕینی ڕاستییەکان بە شێوەیەک کە قوربانی گومان لە یادەوەری خۆی بکات. دەستکاری هەستەکان - بەکارهێنانی هەستی بەزەیی، تووڕەیی، یان ترس بۆ کۆنترۆڵکردنی کەسانی دیکە. خافڵێنەر دەزانێ چۆن ئەم هەستانە بجوڵێنێت بۆ ئەوەی مەبەستەکانی خۆی بەدی بهێنێت. بەڵێنی درۆ و وەهمخوڵقاندن - دروستکردنی چیرۆک و سیناریۆی ساختە کە تێیدا خافڵێنەر خۆی وەک پاڵەوانێک یان قوربانییەک نیشان دەدات.

خەڵکخافڵاندن، پرۆسەیەکە پرسیاری ئەخلاقی قووڵ دەوروژێنێت. کاتێک مرۆڤێک کەسێکی دیکە وەک ئامێرێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، ئەوا کەرامەت و ئازادی ئەو کەسە پێشێل دەکات. ئەمە دژی بنەماکانی ڕێزگرتنە لە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیی و پەیوەندییە مرۆییەکان دەکاتە پەیوەندی سەرکەوتن و دۆڕان.

• پەیوەندی نێوان خۆخافڵاندن و خەڵکخافڵاندن.

کەسێک کە خۆی دەخافڵێنێت، بە شێوەیەکی سروشتی دەبێتە خافڵێنەری کەسانی دیکەش. ئەمە بۆیە ڕوودەدات کە کاتێک مرۆڤ لە ڕاستی خۆی دادەبڕێت، ناتوانێت پەیوەندی ڕاستەقینە لەگەڵ کەسانی دیکەدا دروست بکات. هەموو پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای ئەو "خودە درۆیینە"یە کە دروستی کردووە. بۆ نموونە، سەرکردەیەک خۆی وەک کەسێکی بێ کەموکوڕی نیشان دەدا، ئەمە  خۆخافڵاندنە، ناچارە  قەناعەت بە کارمەندەکانی پێبهێنێ، ئەمە خەڵکخافڵاندن . ئەم چەرخەلەیە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە و قووڵتر دەبێت.

نموونە لە ژیانی ڕۆژانە، بیر لە کەسێک بکەرەوە کە لە شوێنی کارەکەیدا خۆی وەک کەسێکی زۆر بەهێز نیشاندەدات. لە ڕاستیدا، ئەم کەسە لە ناخەوە پڕە لە ترس و دڵەڕاوکێ، بەڵام ناتوانێت ئەم ڕاستییە قبووڵ بکات، ئەمە خۆخافڵاندنە. بۆ ئەوەی ئەم وێنە درۆیینەی خۆی بپارێزێت، ناچارە هاوکارەکانی قەناعەت پێبهێنێ کە کەسێکی بەهێزەو پێویستی بە یارمەتی نییە، ئەمە خەڵکخافڵاندن. کاتێک هاوکارێک هەوڵدەدات یارمەتی بدات یان نیگەرانی خۆی دەربڕێت، ئەم کەسە بە تووڕەیی یان بە شێوەیەکی سووکایەتیکارانە وەڵام دەداتەوە. ئەمە نەک تەنها پەیوەندییەکان تێکدەدات، بەڵکو کەشێکی ناتەندروستیش لە شوێنی کاردا دروست دەکات.

• ڕێگەکانی دەرچوون لە چەرخەلەی خافڵاندن.

هەنگاوی یەکەم: خۆناسین و ئاگایی، یەکەم و گرنگترین هەنگاو بۆ دەرچوون لە چەرخی خافڵاندن، ناسینەوەی خۆیە. ئەمە پێویستی بە چاودێری خودە،- بە وردی چاودێری بیرکردنەوە، هەست و ڕەفتارەکانی خۆت بکە. تێبینی ئەو کاتانە بکە هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت یان خۆت لە ڕاستییەک دەدزیتەوە. نووسینی ڕۆژانە، - نووسینی بیرکردنەوە و هەستەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی نەخشە و شێوازەکانی خۆخافڵاندن. پرسیارکردن لە خۆت - بە ڕاستگۆیی لە خۆت بپرسە: "ئایا من لە چی دەترسم؟ بۆچی پێویستیم بە دروستکردنی ئەم وێنەیە هەیە؟"

هەنگاوی دووەم: ڕووبەڕووبوونەوە، پاش خود ناسینەوەکە، پێویستە بوێری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکانت هەبێت. قبووڵکردنی لاوازییەکان - هەموو مرۆڤێک لاوازی هەیە و ئەمە شتێکی ئاساییە. قبووڵکردنی لاوازییەکانت یەکەم هەنگاوە بەرەو بەهێزبوون. داواکردنی یارمەتی - ناکرێت هەمیشە بە تەنها بەرەنگاری هەموو شتێک ببیتەوە. داواکردنی یارمەتی نیشانەی بەهێزییە، نەک لاوازی. ڕەتکردنەوەی فشارە کۆمەڵایەتییەکان - زۆرجار خافڵاندن لە ئەنجامی فشاری کۆمەڵایەتی دێت. فێربە چۆن "نەخێر" بڵێیت بەو شتانەی کە دژی بەها و باوەڕەکانتن.

هەنگاوی سێیەم: پەرەپێدانی ڕاستگۆیی و سادەیی، ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆت - سەرەتا لەگەڵ خۆت ڕاستگۆ بە. ئەمە بنەمای هەموو گۆڕانکارییەکە. شەفافیەت لە پەیوەندییەکان - هەوڵ بدە لە پەیوەندییەکانتدا شەفاف و ڕوون بیت. ئەمە متمانە دروست دەکات و پێویستی بە خافڵاندن نامێنێت. مەشقی سادەیی - ژیانێکی سادە و بێ ئاڵۆزی هەڵبژێرە. ئەمە فشار کەم دەکاتەوە و پێویستی بە دروستکردنی وێنەی ساختە نامێنێت.

هەنگاوی چوارەم: دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست، هەڵبژاردنی هاوڕێی ڕاست – هاوڕێیەتی کەسانێک بکە کە ڕاستگۆیی و سادەیی بەهاترینە بەلایانەوە. سنووردانان - فێربە چۆن سنوور بۆ خۆت و کەسانی دیکە دابنێیت. ئەمە دەتپارێزێت لە کەوتنە ناو جەرخەلەی خافڵاندنەوە. بەردەوامی لە گەشەکردن - گۆڕانکاری پرۆسەیەکی بەردەوامە. ڕۆژانە هەوڵبدە باشتر بی لەوەی دوێنێ بوویت.

• بەرەو ژیانێکی ڕاستەقینە.

خۆخافڵاندن و خەڵکخافڵاندن دوو دیاردەی پەیوەستن، کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە. دەرچوون لەم چەرخەلەیە پێویستی بە هەوڵ و بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەنجامەکەی ژیانێکی ڕاستەقینەتر و پڕ لە متمانەیە. کاتێک مرۆڤ دەتوانێت بە ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆی و کەسانی دیکەدا بژی، ئەوا دەگاتە ئاستێکی نوێ لە ئازادی و ئاسوودەیی دەروونی. پەیوەندییەکان قووڵتر و ڕاستەقینەتر دەبن و واتایەکی شایستەتر بە ژیانت دەبەخشن. دواجار... پێویستە بزانین کە ڕێگەی گەیشتن بە ڕاستگۆیی تەواو ئاسان نییە، بەڵام هەر هەنگاوێک بەرەو ئەم ئامانجە، هەنگاوێکە بەرەو ژیانێکی باشتر و پڕ مانا. هەر کەسێک دەتوانێت ئەم ڕێگەیە بگرێتەبەر تەنها پێویستی بە ئیرادە و بەردەوامی هەیە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک