په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٠\٢٠١٦

چەند بابەتێکی ٢٠١٦.

هەڵۆ محەمەد      

بەرەو یادی ٣٠ ساڵەی هاوبیر بێستون، گیانبەختکردووە لەیادنەچووەکەی پاسۆک.
 


چارەنووسی گەلێ لە رۆڵەکانی نیشتمانە داگیرکراو و دابەشکراوەکەی ئێمە،وا بووە،هەر لە منداڵییەوە دەکەویتە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانەوە..ئیدی لای گەلێک لە خێزانەکان، باوک،برا، ئامۆزا،پورزا، خالۆزا، هەرنەبێت،منداڵی دراوسێ و هاوڕییەک ،لە پێناوی کوردایەتیدا گیانی بەختکردووە..یان زیندانیکراوە،یاخود پێشمەرگە بووە.. شێرکۆ بێکەس دەڵێ:


شەوی تاریک وا چۆکی لەسەر سنگی شار داداوە...... لە سەیوانی هەر ماڵێکدا دارئەرخەوانێ ڕواوە.


لەم چیرۆکەشدا، باسەکان بە هەمان ئاراستەدا رەوت دەکەن. منداڵیکی خنجیلانە لە باوەشی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر، چاوە گەشەکانی بە دیمەنی رەنگینی کوردستان هەڵدێنێ.جوگرافیای لە دایکبوون،شاری سلێمانییە ،باژێڕێکی بندەستی گەمارۆدراوی نێو نیشتمانێکی دابەشکراوی گەورەیە . هەر لە یەکەم چرکەساتی كەوتنە باوەشی دنیاوە،ئازار و ژان و کوێرەوەریی نەتەوەکەی، دەبێتە هاوڕی و هاوتەمەنی ئەم چارەنووسی لەدایکبوونە.


ئەم رۆڵە بەئەمەک و نازدارە،دوای ئەوەی دەرک بەراست چەپی خۆی دەکات و هێدی هێدی خۆی دەناسێ و لەدەوروبەرەکەی تێدەگات، رووداوەکان دەبینێ و چیرۆکە خەمناکەکانی بۆ دەگێڕنەوە و داستانە گەورەکانی مێژووی نەتەوەکەی دەخوێنێتەوە، یەکەوراست دەکەوێتە نێو مەیدانی بیرکردنەوە و تێکۆشان و بەهەر چوار پەل، تەقەلا دەکات،تا زوو پێبگات و خۆی دروست بکات،بۆئەوەی بە پەلە بچێتە شاخ و بێتە پێشمەرگەی رێی رزگاریی وڵاتەکەی.


زۆر بە پەرۆشەوە هەنگاوی زل دەنێ ،تاوەکو نیشانی بدات و لێی بسەلمێندرێ،کەڵکی دارەدارەی هەیە و دەتوانێ، لەگەڵ کاروانی خوێناوی خەباتە سەختەکەی کوردایەتیدا بکەوێتە ڕێ،بەرەو ئاوات و ئامانجی هەرە پیرۆز و گەشی سنووری نادیاری ئاسۆی پڕ هیوا و نیشتمانپەروەری و ئەودیوو هەواری کوردایەتییەوە.


سەرەتا دەبێتە شاگردێکی بەردەست رەوانشاد،کاک ئازاد مستەفا، ئەو بە چاکی کار بۆ پەروەردەکردنی دەکات. دواتر وەک مەلێکی تینوو،عەشقی بە کوردایەتی دەچێ و زۆری پێناچی لە ریزەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک دا خۆی دەدۆزێتەوە.. ئەم بڕیار و خۆدۆزینەوەیە لە نێو ریزەکانی پاسۆکدا،بەڵگەی تێگەیشتنە لە قوڵایی مێژووی کورد و باوەڕی بەرز، بە شێوازی خەبات و چەکی بەرگری و ستراتیژی کێشە نەتەوەییەکەی. لە ریزەکانی پاسۆکدا،چەند خولێک دەبینێ و باشتر لە پرسە هزریی و نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافییەکاندا قوڵ دەبێتەوە.


ئەم لاوە جوامێرە هەر زوو باوەشی بە پانتایی هەموو کوردستانی بەریندا کرد و خۆی لە بۆتەی ئەڤینی نیشتمانە بریندارەکەیدا تواندەوە. بارتەقای چیای ئەزمەڕ و پیرەمەگروون، باوەڕی مەتین و پۆڵایینی بە دۆزی رەوای نەتەوەکەی لا دروست بوو. لە چاوترووکانێکدا چەندان وێستگەی خۆشەویستی و دڵسۆزیی و ئازایەتی بڕی و ئیدی زۆری نەبرد، هاوبیر بێستون ئەو هەموو جوانی و چەکە رۆشنبیرییەی کردە ئاڵای دەستی چووە گۆڕەپانی کوردایەتیەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە، ناوە جوان و خۆشەکەی کەوتە سەرزاری هاوبیران و خۆشەویستانی شاخ و پێشمەرگە. گیانبەختکردنەکەشی لە چرکەساتێکی هەستیاریی مێژوویی دا بوو،کە ئاماژەیە بۆ مانایەکی گەورە و خوێنەکەشی ڕژا،بەسەر سەنگەرێکی پڕ لە قارەمانێتی و بووە هەوێنی یەکێتی ریزەکانی کورد،بە کردەوە و بە بەڵگە.ئاخر گیانبەختکردوو ،دەیویست بە دۆست و دوژمنان نیشان بدات،بە خوێنی خۆی ئیمزا و مۆری یەکێتی و تەبایی و ئاشبوونەوەی گشتی دەکات و لاشەشی دەکایە رایەڵە و پردی بەستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کورد،لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی داگیرکەراندا. ئەم هەموو مانا و هێما سەنگینانەیە،گیانبەختکردنی هاوبیر بێستونی کردۆتە دیاردەیەکی تایبەت بۆ پاسۆک و مێژووی کوردایەتی...

ئەم رۆڵە خۆشەویست و بە ئەمەکە،کاکە"بێستون"ی دەم بەخەندەی رۆحسووک و رەزا شیرینە.چۆن پەیمانی دابوو بێتە پێشمەرگەی پاسۆک، ئاوهاش بۆ شەهیدبوونی بە ئەمەکەوە عەشقی نواند.ئەم هاوبیرە بێنیاز و دڵسۆزەی پاسۆک، بووە تاجی شانازیی بۆ هاوبیران و هەڵگرانی بیری نەتەوەیی و قوتابخانەی کوردایەتی و پاسۆک بۆ ی ن ک سەلماند،کەوا راستگۆ و پابەندە بە ئاشبوونەوەی گشتی و ئامادەشە،بە کردەوە، گیانبازی بە کادێر و پێشمەرگە و سەرکردەکانی لە پێناوی یەکریزی کورد و سەرکەوتنی خەباتی رەوا و گەیشتن بە هەواری ئازادیی و یەکسانیدا بکات.


بریا رۆژگاریش وەک دەمژمێر،ئامێرێک بوایە و مرۆڤ بیتوانیبایە،میلەکەی با بدات و بە پیی ئارەزوو و داخوازی خۆی پاش و پێشی بخستایە.بەڵام هیچ لەگەڵ قەدەر و چارەنووسە خەمناک و تاڵەکەدا ناکرێ.


من لێرەدا ئارەزووی پێشبڕکێم لەگەڵ (کات)دا،نییە و ناشمەوێ بزانم سبەی چی روودەدات!..هەڵبەت "حەز و ئاوات"م گەلێ زۆرن،.لێ ئەوەیان گرێ دەدەم بە هەوڵەکانمەوە و هەندێکیشیان دەسپێرم بە چارەنووس.


بەڵام ئەگەر ئەو دەسەڵاتەم هەبوایە،کات بۆ ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابووردوو بگێڕمەوە، دەستبەجێ زوومی کامێرام دەخستە سەر "بارەگا" خنجیلانە و پیرۆزەکەی پاسۆک، لە قەدپاڵی چیای "سوورێن"ی دەڤەری شارەزووری نیشتمان..ئەو رۆژەی چووم بۆ دیداری سەرکردە و رابەری خۆشەویست کاک ئازاد مستەفا و هاوبیرە هێژاکانی دیکەم.


بارەگا چادرێک بوو،لە ئەشکەوتێکی نسرمدا هەڵدرابوو. کاک ئازاد بەدەوری چەند کتێب و کاخەزێکی پەرش و بڵاوەوە دانیشتبوو.هاوبیری رەوانشاد شێرکۆ، لە لایەکی ترەوە سەرقاڵی کۆمەڵێ کاخەز و رێکخستنی لەشێوەی گۆڤارێکدا بوو. هاوبیرێکی تری پۆشتەوپەرداخ لەو لاوە گورجوگۆڵانە لە رۆیشتن و نازدار و لە دانیشتن و چاپوک و لە ئیشکردندا و لێوەشاوە و لە بەڕێکردنی کاروباری هاوبیراندا و بە ئەزموون و لە رێکخستنی ئەرکەکاندا بەسەلیقەوە دەجوڵایەوە..بە هەموو شتەکاندا رادەگەیشت و جارەوجاریش سەرێکی بە مەنجەڵە چێشتەکەی سەر ئاگردەکەدا خواردەکردەوە. چێشتی چی؟ مەنجەڵێکی گەورە، هێندەی نیوە بەرمیلێک،تەنیا دۆشاوی تەماتە و چەند قل بامێیەکی تێدا بوو. زۆر هەژارانە بوو،لێ پاشایانە خۆی دەنواند.ئەو کەسە کاکە بێستونی،پێشمەرگە و کادێری لێهاتووی سەربازیی ،هاوکات بەڕێوەبەری سەرکەوتووی بارەگا، پاڵەوانی ئەم باسەیە..


کاکە بێستون،لە گەرەکی سەرشەقام/شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٩ دا لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی تا پەیمانگای بەڕیوەبردن هەر لەم شارەدا تەواو کردووە.


لە دوای ئازاد بوونی کاک ئازاد مستەفا و هاوبیرانی دیکە لە زیندان،ساڵی ١٩٧٩،لە ریی کاک ئازادەوە،وەک خزم و مێردی پوری، دەکەوێتە ژێر کاریگەرێتی کاک ئازاد و بیروباوەڕی پاسۆک وەک چرای رێ رۆشنکەرەوەی خەبات هەڵدەبژێرێ و پێوەندیی بە ریزەکانی رێکخستنەکانی پاسۆکەوە دەکات. باپیری دەمانچەیەکی بە دیاری پێشکەش دەکات،ئەویش دەستبەجێ دەیکاتە دیاری بۆ رێکخستنەکانی پاسۆک،کۆمەڵی چالاکی سەرکەوتووانە بەو دەمانچەیە ئەنجام درا...دواجار هاوبیر سەردار کەمال، بەو دەمانچەیە کۆمەڵی چالاکی ئەنجام دەدات،دوای چالاکییەکی قارەمانە بریندار دەبێت و بە خۆیی و دەمانچەکەیەوە، دەکەوێتە دەست دوژمن لە سلێمانی و گیان لەدەست دەدات...


هاوبیر،جگە لەوەی خەون و خەیاڵی کوردایەتی بوو، بە پەڕۆش و ئەڤینێکی گەرمەوە دەروێش ئاسا چالاکییی ئەرکەکانی ئەنجام دەدا،لێ ئارەزووی وەرزشی هەبوو،یاریزانێکی کارامەی تۆپیپێش بوو. رەنگە گەربهاتایە و کوردایەتی لێبگەڕایە،وەرزشوانێکی بەرچاوی لێدەردەچوو...دوای ئەوەی دەکەوێتە ژێر چاودێری دامودەزگا داپلۆسێنەر و خوێناوییەکانی رژێمی بەعسەوە، ریزەکانی رێکخستن و ناو شار جێدێلێت و ساڵی ١٩٨١،چەکی روومەت و کوردایەتی لە ریزەکانی پاسۆکدا دەکاتە شانی و دەچێتە ریزی ئەو دەستە هاوبیرە قارەمانەی لە رۆژگارێکی تەواو سەخدا،لە هەلومەرجێکی زۆر نالەبار و دژواردا،ببوونە پێشمەرگە. بەشداریی چەندین داستان و قارەمانێتی دەکات و هەرجارێ چووبێ بۆ مەفرەزە،بە گۆرانی گووتنەوە،لەپێش هاوبیرەکانییەوە دەڕۆیشت. ئازایەتی و لەشسوکی رەوشتی بەرز و هێمنی و قسەخۆشی و گەشبینی،لە خەسڵەتە دیارەکانی بوون.


لە بیرمە کاک ئەبو مەجید،بەرپرسی سەربازیی (اتحاد الدیموقراطین)،کە خۆی کوردێکی فەیلی خەڵکی شاری کوت بوو،زۆر نێزیکی پاسۆک و کاک ئازاد بووو،لە ژمارەیەکی گۆڤارەکەیاندا،ساڵی ١٩٨٥،چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هاوبیر بێستون دا سازدابوو، بە خۆشمی گووت:" هەر حیزبێ بیست کادێری وەک کاکە بێستونی هەبێت،پێویستی بە کەسی دیکە نییە".


تا لە رۆژی ١٧/٩/١٩٨٦،دا لە داستانی قەیوان و ماوەت،دوای قارەمانێتییەکی گەورە، گوللەی داگیرکەری بەعسی عەرەبی عێراقی دەیپێکێ و، گیانی بەرز و پیرۆزی دەبەخشێتە کورد و کوردستان.


بەندە، ساڵانێکە کێنگڵ دەخوا،چۆن و لە چ دەرفەتێکدا بتوانم چەند سەرە قەڵەمێ بۆ یادی ئەم هاوبیرە نەمرە بنووسم. هیوادارم ئەم کورتە وەبیرهێنانەوەیە،پەیامێک بێت،رەوانی هاوبیرە ئازیزەکەمی پێ شادتر بێت و بۆ منیش وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی هاوبیرانە بێتە پەسەندکردن.

 

١\٩\٢٠١٦

 

 

 

(برێکسیت)ی بەریتانیای مەزن و حیزبە کوردییەکان.

 


بڕیاری کشانەوە و دەرچوون(برێکسیت - Brexit)ی بەریتانیای مەزن،لە یەکێتی ئەوروپا،هەر چرکەساتێکی گرنگی مێژوویی و رووداوێکی چاوەڕوانەکراو ،نییە بەڵکو دەشێ بە بوومەلەرزەیەکی ئەم سەدەیەی لەقەڵەم بدەین. رووداوێکە لەدەرەوەی لێکدانەوە و پێشبینی زۆر کەسدا بوو. ئاخر وەک دەزانین و بانگاشە دەکرێت، لەسەردەمی گلۆبالیزەیشن و بە خێڕێ بچووک بوونەی جیهان و گوایە نەمانی سنوورەکان و بەسەرچوونی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیدا،وڵاتێکی ئەوروپا،کە بە درێژایی مێژوو، هەر لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە زۆر بواردا پێشڕەو و ئاڵا بەدەست بوون خاوەنی زمانی ئینگلیزی،کە تاکە زمانی نێونەتەوەییە لەسەرتاسەریی گۆی زەویدا و هاوکات فەرهەنگ و کەلتوری لە چڵەپۆپەدایە و چەندین سەدە ئاغای سەرزەمین و دایکی دیموکراسی و پێشکەوتن و شارستانێتیە، رووداوێکی لەم جۆرە جێی سەرسووڕمانی گەورەیە. ئەوروپای خستۆتە بەردەم واق وڕمانێکی نامۆ و سیناریۆی جۆراوجۆرەوە.


ئەم بڕیارەی لەندەن،لە کاتێکدایە، هەر ساڵی پار بوو،ئینگلیز، بە گوشاری زۆری ئابووریی و سیاسیی و دارایی،رێگریی لە سەربەخۆیی سکۆتلەندە گرت،کەچی وا ئیمڕۆ خۆی لە رێگەی گشتپرسییەکەوە،بە شێوەیەکی تەواو دیموکراسییانە و بە رێژەی ٥١،٩%،دەنگی بە دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دا.ئەگەرچی رێژەکە بە جیاوازییەکی گەورە نییە،لێ دیسان لەنیوە زێت بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیان دا و کاریان مەیسەر بوو.


هۆ و هۆکاری زۆروزەبەند هەن،وایان لە ئینگلیزەکان کردووە،دەنگ بۆ کشانەوە بدەن... سەرەتا لەندەن لە سیاسەتی برۆکسل زۆر نارازییە.لە لایەکی ترەوە ،شاڵاوی زۆری کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە و پرسی ئابووریش کاریگەریی خۆیان هەیە..لە هەموویشی گرنگتر،پرسی ئاسایش و ئاسوودەی وڵات و هاووڵاتیان ،کە پێیان وایە خۆشگوزەرانی ژیانیان لێ تێکچووە. بەواتایەکی دیکە ئاسۆیەکی روون لە ئایندەیان دا بەرچاو ناکەوێ. هەر بۆیەشە،لە چرکەساتێکی هەستیاردا ،گەڕانەوە بەرەو ناسیونالیزمێک،کە بە بانگاشەی خۆیان، رەنگە ساڵانی ساڵێکی زۆر بێت ماڵئاواییان لێ کرد بێت.


سەرەتا هەموو دەزانین ئەم بڕیارەی ئینگلیز لە چەندین بوار و مەیداندا زیانی کوشندە بەدوای خۆدا کێش دەکات. لە بواری ئابووری، سیاسی،پێوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپادا،کێشەی کۆمەڵایەتی و بێکاری زیاد دەکەن...هتد بەڵامئەوەیسەیروسەمەرە و جێی پرسیارە، ئینگلیز هەموو ئەم شتانە،چاک دەزانێ و دیسان بڕیاری جیاکردنەوەی ماڵی خۆیان لە ماڵی ئەوروپا دا.ئەم بڕیارە هەستیارەیان دا،لە پێناوی سەربەخۆیی و وڵات و سەروەریی ئینگلیز و پاراستنی ماڵی خۆیاندا.. ئەوانەی دەنگیشیان بە مانەوە لە یەکێتی ئەوروپادا داوە،زێتر لاو و گەنچ و بێ ئەزموونەکانن.


خاڵێکی لێرەدا،جێی سەرنج بێت،ئەوەیە،گەلانی (سکۆتلەندە و ئیرلەندە و وێڵزییەکان)،هەموو بە پێچەوانەی ئینگلیزەوە، دەنگیان بە مانەوە داوە. کەواتە تەنیا ئینگلیز داوای کشانەوە و دەرچوونی کردووە.


مەترسی ئەم هەنگاوە لەوەدایە،وڵاتی دیکە لە ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا، هەبێت چاوی لێ بکەن..چونکە دەنگی ناڕەزایی و رادیکالی لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵەندە و گەلێ شوێنێ تر هەیە...بە واتایەکی دیکە دوو بەرە لەم کیشوەرەدا دژ بە یەكیتییە ئەوروپا. هێزە چەپەکانی خوارووی ئەوروپا،راسترەوەکانی ناوەند و باکوری ئەوروپا. وڵاتانی وەک : هەنگاریا و مەکەدۆنیا و کرواتیا و نەمسا و زۆر شوێنی تر،هەر زوو پەرژین و تەلبەندی سنووری وڵاتەکەیان بۆ رێگریکردن لە کۆچبەر کرد..کار بەوە گەیشت هەر حکومەت و وڵاتە سەرقاڵی پێداویستتەکانی وڵاتی خۆی بوو.وڵاتە ئەوروپاییەکان نەیانتوانی بڕیارێکی یەککرتوو بدەن..بەمەش نەیانتوانی لەئاستی ئەو راگەیاندن و بانگاشانەدا بن،کە بەناوی مافی مرۆڤەوە دەریان کردووە. لە نێو ئەم وڵاتانەدا،تەنیا ئەڵمانیا دەرگای وڵاتەکەی بۆ پەنابەران واڵا کردبوو. ئێستا بڕەک سەختییان کردووە.


لە هەموو بارێکد،کشانەوەی ئینگلیز،بە کاپیتالێکی رەش و تاریک لە مێژووی ئەوروپادا دێتە هەژماردن وئەوروپای خستۆتە بەردەم ئەگەری سیناریۆیی سەیروسەمەرە.


ئەڵمانیا لە ئەوروپا و جیهاندا،بە وڵاتێکی بەهێزی خاوەن ئابوورییەکی تۆکمە و هەناردەی تەکنەلۆژیا و جۆرەها پیشەسازی دیکە دادەنرێ..توانای پێشوازیی و وەرگرتنی چەندەها هەزار پەنابەریی دیکەی هەیە. هەڵبەت بەشێک لەم سیاسەتە پێوەندیی بە هەلومەرجی تایبەتی نێوخۆی ئەڵمانیاوە هەیە،کە بەکورتی بریتین لەم خاڵانە:


ـ کێشەی کەمی منداڵبوون لای ئەڵمانەکان..لە لءکۆڵینەوەیەکدا دەڵێن تا ساڵی ٢٠٥٠،ئەڵمان ١٧ ملیون لە دانیشتوانەکەی کەم دەکات. ئەو پەنابەرەی دێ یان گەنجە،یاخود خێزانە و چەند منداڵێکیان پێیە.


ـ گەنجەکە ،بە پێی دوا لێکۆڵینەوە مانگی ١٠٠٠ یۆرۆ لەسەر حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ماوەی ٥ ساڵ دەکەوێ و دوای ئەوە دەست دەکات بە کار،یا ناچاری دەکەن کار بکات و باج بدات.لە ئەڵمانیا وەک دەڵێن مەنجەڵی باج پارەی زۆری تێدا نەماوە.یاخود ئێستا خەڵکێکی زۆری ئەڵمان،کە بەدەستوبازووی خۆیان دوای جەنگی جیهانی دووەم وڵاتەکەیان ئاوەدان کردۆتەوە، پیر بوون و بەرەو پیربوون دەچن،کاتی خۆی کاریان زۆر کردووەە و باجیان داوە،ئێستا پێویستیان بە باجدەرە بۆ پڕکردنەوەی مەنجەڵەکە.


لە لایەکی دیکەوە لکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، کە رێژەیەکی زۆری شوێنی فێربوونی پیشە،لە کارخانەکاندا،بە چۆڵی ماونەتەوە ،کەس ئامادە نییە فێری پیشەی جۆراوجۆر بێت،کە بە ملیۆنان کارخانە لە وڵاتی ئەڵمانیادا هەیە.ئەمەش کێشەیەکی گەورەی وەزارەتی پیشەسازی و نەخشەکێشانی ئەڵمانیا..
بە کورتی چ منداڵەکان یاخود گەنجەکان لە مەودایەکی کورت یان درێژی ئینتگراسیۆندا،گەر نەشبنە ئەڵمانێکی راستەقینە،وا دەبنە هاووڵاتییەکی بەفەڕ بۆ ئەڵمانیا.
ئەڵمان گرفتی دەروونی بەهۆی مێژوویی شەڕەکانی جیهانییەوە هەیە و لەزۆر وڵاتی ئەوروپا و جیهاندا،خۆشەویست نەبوون ،ئەم دەرفە بۆ تێهێنانەوەی گرنگی خۆی هەیە.


بەرلین کە ئێستا لە زۆر رووەوە لە لەندەن پێشرەوترە لە جیهاندا،ئەو ترسە گەورەی ئینگلیز لە ئەڵمان هەر نە رەویوەتەوە. سەردەمی روخانی دیوارەکەی بەرلین هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا لەندەن بە سەرکردایەتی سەرکردەی پۆڵایین خاتوو مارگرێت تاتشەر،زۆر بە توندی دژ بە یەکگرتنەوە ئەڵمان وەستایەوە. بەڵام ئەڵمانەکان بە رێبەرایەتی هێلمەت کۆل،راوێژکاریی ئەو سەردەمە،توانییان ئیرادەی یەکگرتنەوە بە ئازایەتی و بە بەرتیل و رازیکردنی مۆسکۆ و واشنتۆن و پاریس بسەپێنن.


بیریارێکی ئەمریکایی دەڵێ: " ئەڵمانەکان بیر لە ئایندە دەکەنەوە و ئێمە بیر لە رابووردیان دەکەینەوە". ئەوە ئێستا ئەڵمانەکان گەیشتوون بەو خەونەی بۆی تێدەکۆشان و لەندەنیش هەر بەرەو پاشەوە دەڕوات.


ئەم پێشهاتە، دەرگا لەبەردەم پرسی سەربەخۆیی سکۆتلەندە و ئیرلەندە و وێلزییەکاندا ئاواڵە دەکات.هەروەک،لەگەڵ ئاشکرابوونی ئەنجامی دەنگدانەکە،سکۆتلەندە راگەیاند،پرسی سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەخاتەوە گەڕ. هاوکاتی ئەمەش بۆن و بەرامە و ئاماژەی هەست وهۆش و بەخۆنازین و هەڵوێستێکی ناسیۆنالیستانە لە بڕیارەکەی ئینگلیزدا دەکرێت.بە مانایەکی دیکە،لە ئەوروپاشدا،دوای بڕینی ئەو هەموو قۆناخە لە پێشکەوتن و دیموکراسی و شارستانێتی،هەرچرکەساتێ ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت و میللەتێک بکەوێتە مەترسییەوە،گورجوگۆڵانە بەشێوازی خۆیان هەڵوێست وەردەگرن و شەرمیش لە جیهان ناکەن..


من جگە لەوەی دڵشکاوانە و بە چاوی رەخنەوە،تەماشای ئاغای ئینگلیزم کردووە،چونکە تاوانبار لەو کوێرەوەرییەی بەسەر کورددا هاتووە،پێمخۆشە ئینگلیز گرفتاری دەردی خۆی بێت،ئەوەی بەسەر خەڵکیدا هێناوە بەسەر خۆیدا بێتەوە..ئیمڕۆ دەبینین ئەو دەوڵەتانەی بەدەستی ئینگلیز قووتکراونەوە،لە سەرتاپایاندا کێشە هەیە و قەوارەی عێراق و سوریا و لوبنان و زۆری تریش بە تەواوی لەبەیەک هەڵوەشاوەتەوە،هەموو ئەمانە بەڵگە و ئاماژەی پاشەکشەی زلهێزێکی گەورەی ئەفسانەیی ئینگلیزە لە جیهاندا.


ئینگلیز دەرەقەتی سیاسەتی ئەڵمان و فەرەنسییەکان نایەن و رۆژگار خەریکە بەجێیان دێڵێ.دۆستایەتی قووڵ و پتەوەی ئینگلیز ئەمریکا وەک پشتیوانی سەرەکی،وا لەمێژبوو،گرفتاری دەردی کوشندە دەبوو.


ئینگلیزەکان چی دیکە ناتوانن یاخود شەرمەزار دەبن،رێگریی لەسەربەخۆیی کورد بگرن.ئەوان تا ئێستا،لەگەڵ هیچ جوڵانەوەیەکی کورددا نەبوون،ئامانجی تێکدانی ئەو دەوڵەتە دەستکردانەی خۆیان بێت. ئینگلیز بە هەموو گەمە و یارییەکانی بە ئاشکرا و نهێنی و لەرێی دارودەستەکانییەوە، نەیهێشتووە و نایەوێ کورد بگات بە ئاواتی دەوڵەت.کارێکیش خۆی نەیتوانی ئەنجامی بدات وا لە ڕێی چڵکاوخۆرەکانییەوە ئەنجامی داوە. کەواتە لە بارێکی ئاوادا،لاوازبوونی لەندەن ،بزرکردن و کەمبوونەوەی، کاریگەرێتییەتی،بەسەر ئەو لایەنانە و رژێمی دەوڵەتە داگیرکەرانەوە.


لە روانگەیەکی دیکەشەوە، هەر سێ گەلی شانشینی یەکگرتوو،سکۆتلەندی و ئیرلەندیی و وێڵزەکان، پرۆسەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان دەگرنە بەر.. لەندەنیش ناتوانێ وەک جاران رێگرییان لەبەردەمدا قووت کاتەوە.. ئەم هەنگاوانە جارێکی تریش دەبێتە سەرتۆپ و ووزەبەخش بۆ نەتەوە بندەستەکان،لە نێویاندا کورد.


گەر لە هەموو ئەم حاڵ و عەأماردەیە بگەڕێین و لە روانگەیەکی ترەوە ئەم رووداوەی ماڵ جیاکردنەوەی ئینگلیز لە ئەوروپا بڕوانین.رووداوەکە لە خودیی خۆیدا،زۆر ناسیونالیستانە و پەرۆشییە بۆ قەوارە و بوون و هەبوونی نەتەوەیی و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی،کە لێرەدا خۆپارێزییە لە مەترسی و هەڕەشەکانی کۆچبەر و بیانی لۆ سەر بەریتانیا.


جا کەوا بێت..ئەم رووداوە چ دەگەیەنێ بۆ ئەوانەی فەریکە رۆشنبیر و سیاسی سەقەت و بەکرێگیراوی ئایدۆلۆژیی و دەرەکی و ئاڵا بەدەستی دژ بە دەوڵەتی کوردین،کە بەردەوام جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە و دەکەنەوە:


مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە...زۆر بە زمان و دڵ و مێشکیاندا خۆش دێ،ئەم دروشم و چەمک و قسە ئاڵوواڵایانە بڵێن و بڵێنەوە..


دنیای گلۆبالیزم،هەڵوەشێنی سنوور و داڕمانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەگەێنێ و جیهان بچووک بۆتەوە مرۆڤایەتی گەشتۆتە قۆناخی، تێکەڵبوون و پێکەوە ژیان لە سەرزەمین،بە مانای بێ نرخ و بەها بوونی دەوڵەت و سنووری نەتەوەیی.


داخۆ،ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە ترکیا و ئێران و عێراق و سوریادا،چاوەڕێی دیموکراسی بێت و خۆی بکاتە هاووڵاتی ئەو دەوڵەتانە و دەستبەرداری مافە نەتەوەییەکانی بێت،ئێستا چ دەڵێن و کام پەیامێک بە نەتەوە دەدەن؟؟!!


بەلێ ئەوانە لە قەندیلەوە داوای کۆماری دیموکرات دەکەن و چەمکی دەوڵەتی نەتەوەییان پێچاوەتەوە فرێ داوەتە نێو زبڵدانەوە و ئەوانەی لە کۆیە دانیشتوون،نیگەرانن بەوەی دەوڵەتانی دنیا هەڕەشە و گوشار بۆ سەر ئێران دەهێنن و لە فیردەسی ئێرانچیترن و ئەوانەی دەیانەوێ سلێمانی لە هەولێر جیا بێتەوە و کەرکووک بکرێتە هەرێمێک،کەچی هەر خەریکی چاوشارکێن لەگەڵ بەخدادا و رازی نین کوردستان لە عێراق جیابێتەوە و ئەوانەی بە کوڕ و کیژانی نەتەوە داستانی کۆبانییان تۆمارکرد،کەچی نە دەیانەوێ سوریا پارچە پارچە بێت و نە گەرەکیشیانە لێی جیاببنەوە،ئەوانە چ پەندێ لەم رووداوەی برێکست وەردەگرن؟؟!!


ئەوەی تا ئێستا لەبەرچاومانە، حیزبێکی کوردی نەبوو بتوانێ نەک میللەت و جەماوەری ترک و عەرەب و فارس رازی بکات بە مافەکانی کورد،بەڵکە ١٠ کەسییان پێ رازی نەکراوە،کەچی هەردەم باس لەوە دەکەن،دەبێ دەوڵەتانی درواسێ! رازی بکەین.ناوچەکە بکەینە بەهەشتی دیموکراسی.


کاتی ئەوە لەمێژە هاتۆتە پێش کە جەماوەری هۆشیاری کورد،خۆی سەرکردایەتی پرسە نەتەوەییەکەی بکات و جڵەو نەداتە ئەوانەی سەرمەستی بازرگانی و هەرزانفرۆشین بەناوی کوردایەتییەوە،،، لەگەڵ ئەوەشدا کە نموونەی سەربەخۆخوازی و نیشتمانپەروەریی لە مێژوودا زۆرە،لێ سەرانی حیزبی کوردی هەرگیز وانە و پەنیان لێوە وەرنەگرتووە و فێرنەبوون..دیسان منیش لەگەڵ هاوبیری هێژام مامۆستا کامیل ژیر دا دەڵێم:


" با ئەنجامی گشتپرسییەکەی بەریتانیا،ببێ بە وانەیەک بۆ ئەو فەریکە رۆشنبیرانەی لە سەربەخۆیی کوردستان سڵدەکەنەوە و هەمیشە کۆسپ و (تاکۆس ـ بەڵام)ئەخەنە بەر رەوڕەوەی دەوڵەتی کوردی".


ساڵی ٦٦ و رۆژی ٣١ ی ئاب چۆن تۆمار کراوە،وا ئەوانەی لە سەکۆی دژ بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کار دەکەن، بە ناپاکی دەچنە مێژووەوە.. کەواتە زبڵدان شوێنی ناپاکانە...
 

٢٦\٦\٢٠١٦

 

 

 

ناساندنی کتێب:

دیوانی نوختەی نوونەکەی ژیان.


کام ئەستێرە بکەینە نشیمەن بۆ خۆمان
کاتێ ئەم زەوییە
بە بۆنی خیانەت و بە بۆنی درۆ و بە بۆنی مەرگ
کاس دەبێت؟
چ بەیەک بپێچین بە ڕۆحمانەوە،
هەڵمانگرێت و لەم سەردەمە تۆزاوییە بمانباتە دەرەوە ل٨
یان
با بڕۆین ڕێگایەک هەڵبژێری
وەک ئاوێنە ڕۆشن و ڕاستگۆ بێت،
وەک زمانەی ئاگر بیرەوەرییەکانمان بکا بە هەڵم و
بکا بە سووتوو. ل٥٤.


هەروەک چۆن ناوی( فەرهاد شاکەلی)،لە کۆتایی شەستەکانەوە،سەرەتا لەدەڤەری کفرییەوە و پاشان تێکڕای کوردستانەوە.هەتا ئیمڕۆ هاوشانی بزاڤی رۆشنبیریی کوردی لەتەکماندا هاوڕێیە،هاوسات پەیتا پەیتا، بە بەرهەمی نوێ: دیوانی شیعر، لێکۆڵینەوە،نووسینی چیرۆک،وەرگێڕان و گەلێ بابەتی دیکە چاو و دڵمان گەش دەکاتەوە و کتێبخانەی کوردی پۆشتەوپەرداخ دەکاتەوە.


شاکەلی،وەک شاعیر و نوسەر و رۆشنبیر، لەگەلێ مەیداندا دەست و پەنجە رەنگین و فرە بەهرەیە،لێ پێموایە "شیعر و شاعیرێتی"زیاترین بەش لە پانتایی ناو و بەرهەمەکانی داگیرکردووە.


یەکێ لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی دنیای شیعری شاکەلی، دیوانەکانی چەشنی کانی روون و سازگاری ووشەی کوردی و تابلۆی رەنگینی ئەدەبی و مانای قوڵی شیعریی و رەهەندی بەرزی جوان و ئاخافتنە لەگەڵ مرۆڤ و دنیای پڕ لە نهێنی و گەردوونی ئەم بوونەوەرە هەرە چالاکەدا،بە هەموو دوورییەکانی بوارەکانی کۆمەڵایەتی و مەعریفی و کایەی بوون و هەبوونەوە.


من تەنیا دووریی تۆ دەناسم و
بێتۆیی ئاشنامە،
تەنیایی بووەتە ماڵم و
تەنیایی بووەتە نیشتمانم.
چاوەڕێتم.دارپرتەقاڵەکانی ئەم کیشوەرە چاوەڕێتن،
فێری لارولەنجەیەکی نارنجییان بکەیت.
لە بەندەری عەشق و ئارەزۆوە تەماشات دەکەم،
ئەم چۆڵەوانییە پڕە لە وێنەی تۆ،
پڕە لە بۆنوبەرامەی تۆ. ل ٤٨.


من وەک خوێنەرێکی بەردەوامی بەرهەمەکانی "شاکەلی"،چێژ و لەزەتێکی تایبەت و بەسوود،لە شیعرەکانی دەبەم.شیعرەکانی دەبنە فەزایەکی ئەوتۆ،من، بە جوانی و شەیداییەکی دیکەوە لە ووشەکانی بڕوانم و هەستیارانە دەست بەرم بۆ تابلۆ شیعرەکانی و بەدیقەتەوە لە دێڕ و تیکستەکان ووردببمەوە و هۆشیارانە،بیر لە قووڵی دیمەنی رازاوەی دەرەکی و بەها و مانای ناوەکی شیعرەکان بکەمەوە.


چیت بۆ بگێڕمەوە؟
کە تۆ لە شەوانمی تەنیاییمدا تریفەی مانگەشەو بوویت،
هەموو بەیانیانێک گزنگ بوویت و
هەموو ئێوارانێک زەردەپەڕ. ل ١٣٩


ئەگەرچی بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی شاعیر و رۆشنبیری گەورەی گەلەمان"شاکەلی"،بۆ گەلێ زمانی بێگانە وەرگێڕدراوە و لە ناوەوەش چەندین لێکۆڵێنەوەی لەسەر نووسراوە،بەڵام دیسان ،ئەرکێکی رۆشنبیریی گەورەیە، لەلایەن پسپۆڕانی بواری شیعر و ئەدەبی کوردییەوە،ئاوڕێکی بە پەرۆشتر لە بەرهەم و ئەزموونی بدەنەوە و سەرێ بدەن لە رۆحی هەڵقرچاو و برینداریی و لە روانگەی شاعیرێکی تاراوگە و دوورە وڵاتەوە،هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی لەسەر بەرهەمەکانی بکرێ..


لەراستیدا،قەڵەمی بەندە،لە کێشی بابەتی ئەدەبی (شیعر و چیرۆک و رۆمان)دانییە،هەڵسەنگاندن بکات. لێ رەشکردنەوەی ئەم چەند دێڕەم بە پێویست زانی، هەر بۆ کورتە ناساندنێکی دوا بەرهەمی مامۆستا شاکەلی خۆشەویست.


ڕۆژانە نێوان تۆ و من
بە شووشەی ڕۆح داپۆشراون.
نە بە هەڵمی هەناسە لێڵ دەبن،
نە زستانی تەنیایی درزیان پێ دەبات و
نە گەردی رێگایان لێ دەنیشێت. ل ١٣٣

دیوانی نوختەی نوونەکەی ژیان.
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئەندێشە ٢٠١٦
ئەم دیوانە (١٠٢، پارچە شیعری لەخۆی گرتووە و لە دووتوێ (٢٤١)،لاپەڕەدا بە چاپێکی نایاب و بەرگ و دەرهێنانێکی جوان رازاوەتەوە.
من لە کاتێکدا دڵنیام،کتێبخانەی کوردی بەم جۆرە بەرهەمانە،سیمایەکی دیکەی گەش و دەوڵەمەنکەر بۆ خۆی زیاد دەکات،هاوسات دەستخۆشی لە کاک فەرهاد شاکەلی دەکەم و بەرخورداریی و سەرکەوتن و سڵامەتی بۆ قەڵەمە بە بڕشتەکەی و خۆی دەخوازم.


ڕازێک نادرکێنم گەر بڵێم:
لە بنجکێکی بیابان
تەنیاترم،
ژاکاوترم
تینووتر و
تۆزاویترم.
بنجێک بە ئومێدی گەواڵەهەورێک،
تاوەبارانێک و
شنەبایەکی فێنک دەژی.
من بە بۆنوبەرامەی یادەوەرییەکی شین،
جاروبارێ،
دەبووژێمەوە. ل ٢٨.
 

٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک