|
٢\٤\٢٠٢٦
چەند بابەتێک
لەسەر جەنگە گەورەکەی ئێستا.

ئەرسەلان مەحمود
بۆمبە نوێ
ناوەکییەکەی ئێران.
پازدە خاڵەکەی واشنتن و پێنج مەرجەکەی تاران، هەرچەندە لەسەر کاغەز وەک
دوو زمانی جیاواز دەردەکەون، بەڵام لە کرۆکدا لەسەر خاڵێکی ستراتیژی
یەکدەگرنەوە: تەنگەی هورمز. ئەمریکا داوای کردنەوەی بێمەرجی دەریایی
دەکات، لەکاتێکدا ئێران هەوڵی سەپاندنی سەروەریی فەرمی خۆی بەسەریدا
دەدات.
بۆچی تەنگەی هورمز بووەتە چەقی ململانێکان؟ لە ڕاستیدا ئەم جەنگە –
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران – وانەیەکی خستەڕوو لە ستراتیژیستە
سەربازییەکاندا پێشبینی نەکراو بوو. تەنگەکە لە ڕێگەی مینڕێژکردن،
تۆرپیدۆ، یان گەمارۆی کلاسیکیی دەریاییەوە دانەخرا، بەڵکوو کاتێک داخرا
حەوت لەو دوازدە کۆمپانیایەی لە ٩٠٪ی تۆنەژ یان کێش و قەبارەی
کەشتییەکان بیمە دەکەن، تەنها لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا بیمەی مەترسیی
جەنگیان هەڵوەشاندەوە.
ئەمە گەورەترین پەکخستنی دەریایی سەدەی ٢١ـە. بەڵام لەلایەن هێزە
دەریاییەکانی سوپای پاسدارانەوە جێبەجێ نەکرا، بەڵکوو لە هەژمارەکانی
لەندەن و کۆمپانیاکانی دووبارە-بیمەکردنەوەی زوریخەوە کرا. بە
ئامانجگرتنی تەنها ١١ کەشتی بەراورد بە( ٤٠٠ کەشتی جەنگی تانکەرەکانی
١٩٨٠-١٩٨٨)، ئێران سیستەمی دۆمینۆی بیمەی دەریایی خستەگەڕ؛ ئەگەر
یەکێکیان بکەوێت، هەموویان بەدوایدا دەکەون.
ئێران لێرەوە داخستنی تەنگەکەی وەک داڕمێنەری ئابووری و جێگرەوەی
بەرنامە ناوەکییەکەی خۆی لە ٢ی ئازاردا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوەی ئێران
تەنها پەیامێکی سەربازی نییە، بەڵکوو گەمەیەکی خەمڵاندن و ئابوورییە
لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیمەدا. لێکەوتەکەی تەنها تا ٥ی ئازار، هاتووچۆی
کەشتییەکانی لە ١٣٨ـەوە بۆ کەمتر لە ٤ کەشتی لە ڕۆژێکدا دابەزاند.
بەپێی مۆدێلکارییە ئابوورییەکانی بانکی فیدڕاڵی داڵاس، دەرەنجامەکان
کارەساتبارن: داخستنی تەنگەکە تەنها بۆ یەک وەرز، ٢٠٪ی نەوتی جیهان لە
بازاڕەکاندا دەدەکشێنێت. گەشەی ئابووریی جیهان بە ڕێژەی ٢.٩ خاڵ
دادەبەزێنێت. ئەمە ئەو قەبارە لە وێرانکارییەیە پێشتر تەنها لە توانای
بۆمبی ناوەکیدا بوو. ڕۆژئاوا دەیان ساڵ و ملیارەها دۆلاری خەرجکرد،
زاناکانیان تیرۆر کرد و هێرشی سایبەرییان ئەنجامدا بۆ ڕێگریکردن لە
دروستکردنی بۆمبی ناوەکیی ئێران. بەڵام تاران سەلماندی بەبێ بوونی چەکی
ناوەکی و تەنها بە چەند درۆنێک و موشەکی هەرزان، دەتوانێت تەواوی
بازاڕی وزەی جیهان ئیفلیج بکات.
لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا، ئێران ستراتیژی زیرەکانەتری گرتەبەر.
تەنگەکەی بە تەواوی دانەخست، بەڵکوو بە تدریجی و بە پێوەر و مەرجەکانی
خۆی کردییەوە. ئێستا کەشتییەکان دەتوانن تێپەڕ بن بەڵام تەنها لە
حاڵەتێکدا هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا بکەن. باجێک بدەن
- بۆ هەندێک کەشتی دەگاتە ٢ ملیۆن دۆلار و پەرلەمانی وڵاتەکەش ئێستا
سەرقاڵی بەیاسایی کردنیەتی.
بێئەوەی یەک وشە لەسەر ئاگربەست یان مەرجەکانی بگوترێت، ئێران
سەروەرییەکی نوێی بەسەر گرنگترین ڕێڕەوی وزەی جیهاندا سەپاند. ئەمە نە
جەنگە و نە ئاگربەست، بەڵکوو داهێنانێکی نوێیە لە ململانێی
جیۆپۆلەتیکیدا. هەڵبەتە ئەم دەستکەوتە تاکتیکییە، ڕاستییەکی
نکۆڵیهەڵنەگری بکوژیشی بۆ خودی ئێران لە ناوەوەی خۆیدا هەڵگرتووە.
کاتێک تەنگەی هورمز دەبێتە چەک، ئێرانیش دەبێتە ئامانجی هەمان ئەو چەکە.
ئابووری ئێران بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت و گاز دەبەستێ. داخستنی
تەنگەکە لە بارودۆخی پێکدادانی ڕاستەوخۆدا، کەشتییەکانی ئێرانیش
ناتوانن پێیدا تێپەڕ بن. لەم ڕوانگەیەوە، چەکی جوگرافیا وەک هەموو
چەکێکی تر دوو لای هەیە.
لە ڕوانگەی سیاسییەوە، ئێران لەم پڕۆسەیەدا هیچ بەرامبەرێکی سیاسی یان
ئابووری وەرنەگرتووە. لە دانوستانە نائاشکراکانی تاران و واشنتندا،
کەواتە ئەم ڕێگەیە ئێرانی لە هێڵی بەرگری بەرامبەر بە داواکارییەکانی
ئەمریکا و ئیسرائیلدا جێگیر کردووە، نەک هێڵی هێرشبەری. واتا لە ئەگەری
هێرشکردنە سەر پەترۆکیمیاییەکان و ژێرخانی گاز لە ناوخۆی ئێراندا،
دەتوانێت هەمان کاریگەریی داخستنی تەنگەی هورمز لەسەر ئابوری جیهان و
کوشندەتری لەسەر ئابووری ئێران دروست بکات.
چین و ڕووسیا وەک دوو هێزی دیکەی جیهانی، لەم قەیرانەدا سوودی خۆیان
بینیوە. ڕووسیا وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز، لە
هەر قەیرانێکی وزەی جیهانیدا دەرفەتی بەرزبوونەوەی نرخ و بەدەستهێنانی
بازاڕی زیاتر دەبینێت. چینیش ئێستا گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، لە
قەیرانی تەنگەی هورمزدا دەرفەتی وەرگرتنی نرخی هەرزانتری نەوتی هەیە،
لەگەڵ ئەوەی لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە نایەوێت قەیرانەکە بە شێوەیەک
چارەسەر بکرێت نفووزی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاد بکات.
ئەم دۆخە وانەیەکی قووڵی بۆ هەموو لایەنەکان تێدایە: بۆ ئێران، تێگەیشت
هێزی ئاسمانی لە بەرامبەر تەکنەلۆجیایەکی وەک F-35 بێکاریگەرە و
بەرنامە ناوەکییەکەی دەکرێت بەئاسانی بکرێتە ئامانج. بەڵام لە
هەمانکاتدا چەکی جیۆگرافیی بەردەستە، ئەو چەکەی هیچ پەیماننامەیەکی
ئەمنی ناتوانێت لێی بسەنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ئەوەی ئەم چەکە
بگۆڕێت بە ستراتیژییەکی بەردەوام، پێویستی بە دیپلۆماسییەتێک هەیە
بتوانێت ئەم دەستکەوتە تاکتیکییە بگۆڕێت بە زمانێکی هاوبەش لەگەڵ
هاوپەیمانان و ڕکابەرەکانیدا.
بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: سەرکەوتنی سەربازی بە تەنها، ئاسایش مسۆگەر و
دەستەبەر ناکات. تەنانەت ئەگەر هەموو کەشتی و موشەکەکانی ئێرانیش لەکار
بخرێن، جوگرافیای تەنگەی هورمز (بە پانی ٢١ میل و تێپەڕبوونی ٢٠٪ی
نەوتی جیهان) وەک چەکێکی بێهاوتا دەمێنێتەوە. ستراتیژەکانی وڵامدانەوەی
ناڕاستەوخۆ، لە هێرشی سایبەرییەوە تا بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری
لە ناوخۆی ئێران، ڕەنگە لەم قۆناغەدا وەک کاریگەرترین ئامراز دەرکەون.
ئایا ئاشتی بەڕێوەیە؟ ئەگەر ئاشتی تەنها وەستانی بۆردومانەکان بێت،
لەوانەیە بەهۆی گوشارە ناوخۆییەکانی هەردوولاوە زووتر ڕووبدات. بەڵام
بۆ چارەسەری ڕیشەیی، دەبێ بزانین قەیرانێکی گەورەی متمانە هەیە. ئێران
گرەنتی دووبارەنەبوونەوەی جەنگی دەوێت؛ ئەمریکایەک لە کاتی دانوستاندا
هێرش بکات، یان ئیسرائیلێک بە ئاشکرا گۆڕینی ڕژێم ئامانجی بێت، ناتوانن
ئەو گرەنتییە بدەن. چینیش وەک زلهێزێکی جیهانی، لە ڕاستیدا لە مانەوەی
قەیران بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو سوودی خۆی بینیوە، نەک وەرگرتنی
بەرپرسیارێتییەکی ئاوا قورس.
گەورەترین دەرەنجامی ئەم قەیرانە تەنها پەیوەندی بە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستەوە نییە، بەڵکوو وانەیەکی جیهانییە. جیهان تێگەیشت دەتوانرێ
بە چەند درۆنێکی هەرزان و ترساندنی کۆمپانیاکانی بیمە، گەورەترین
شادەماری ئابووری بپچڕێنرێت. ئەمە مۆدێلێکە هاندەر، وا دەکات هەر
وڵاتێک خاوەنی تەنگەیەکی ستراتیژی بێت: چین لە مالاکا، تورکیا لە
بۆسفۆر و میسر لە نۆکەندی سوێس.
ئەوەی ماوەتەوە لەم وتارەدا بووترێت: لە سەدەی ٢١دا، پێوەری هێز نە لە
خاوەندارێتی بۆمبی ناوەکیدایە و نە لە کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکاندا؛
بەڵکوو هێزی ڕاستەقینە لەو خاڵەدایە کاتێک جوگرافیا، بازاڕی جیهانی و
سیستەمی بیمە یەکتر دەبڕن. هەڵبەتە ئەو وڵاتەی دەتوانێت لەم خاڵەدا،
چەکی جوگرافیا بگۆڕێت بە دیپلۆماسییای جوگرافیا، لە ڕاستیدا خاوەنی
هێزی درێژخایەن دەبێت.
------------------------------------------------------------------------------------------------------
خارک، ئەو
دوورگەیەی نیزامی جیهانی دەڕووخێنێت.
هەمووان وەک دوورگەیەک قسە لەسەر خارک دەکەن: پێنج میل درێژە، لەسەدا
نەوەدی نەوتی ئێرانی تێدا بار دەکرێ و کەوتووەتە کەنداوی فارسەوە.
ئەمانە فاکتی ڕاستن، بەڵام با واقیعبینانەتر لە ئاستیدا بوەستین.
خارک لە بنەڕەتدا پرسیارەکەیە نەک وەڵام: ئایا ئەمریکا ئامادەیە خاکی
وڵاتێکی سەربەخۆ داگیر بکات، نەک بۆ بەرگریکردن لە خۆی و یارمەتیدانی
هاوپەیمانێک، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە بۆرسەی نیویۆرکدا
بهێنێتە خوارەوە؟ ئەگەر وڵامەکە بەڵێ بێت، ئەوا ئەو مۆدێلەی پێی
دەوترێت سیستەمی نێودەوڵەتی و لە ١٩٤٥ـەوە بنیات نراوە، بە فەرمی
کۆتایی پێهێنراوە؛ هەڵبەتە نەک بە دەست دوژمنێکی دەرەکی، بەڵکوو بە
دەست ئەو وڵاتەی خۆی بنیاتی ناوە.
ئەمە ئەو ڕاستییەیە شارەزایانی بوارە جیاوازەکان باسی ناکەن:
داگیرکردنی خارک تەنیا هەنگاوێکی سەربازی نییە، بەڵکوو ڕاگەیاندنێکی
فەرمییە بەوەی سەردەمی سەروەریی وڵاتان بەسەر چووە و جیهان گەڕاوەتەوە
بۆ مەرجەکانی سەدەی نۆزدەهەم.
هەموو شیکارییەکان تەرکیز لەسەر ئەوە دەکەن ئێران تەنگەی هورمزی وەک
مافی بەرگریکردن لە خۆی داخستووە. ئەمە بەشێکی ڕاستییەکەیە، بەڵام بەشە
گەورەترەکەی چیرۆکەکە شتێکی ترە؛ ئێران بۆ یەکەمینجار لە مێژوودا
سەرکەوتوو بووە لەوەی شوێنێکی جوگرافی بگوڕێت بۆ مەتاع، واتە لە تەنگەی
هورمز کاڵایەک دروست بکات شایەنی فرۆشتن بێت. ئەمە بەشداریکردن نییە لە
نیزامی جیهانیدا، بەڵکوو دروستکردنی نیزامێکی جیاوازە.
ئایا ئیتر پێداگریی ئەمریکا مانایەکی دەمێنێت بەوەی بڵێت ئێران دەبێت
تەنگەکە بکاتەوە، لە کاتێکدا ئێران لەم جەنگەدا هیچی نەماوە لە
دەستیبدات جگە لەم تەنگەیە؟ بۆیە ئیتر ناچارە وەک کارتی فشار بەکاری
بهێنێت و وەبەرهێنانی تێدا بکات.
ئەمە بیرکردنەوەیەکی تەواو نوێیە: ئەگەر تا دوێنێ لە شەڕی زەمینیدا
داگیرکردنی شوێن مانای هێز بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ ئێران لە شەڕی دەریادا
فێری ئەوە بووە ڕێڕەوەکان بکات بەو جۆرە هێزە. تەنگەی هورمز ئیتر تەنیا
شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکوو یەکەمین خاڵی گومرگیی دەرەوەی ڕەزامەندیی
جیهانییە. ئەمە مۆدێلێکی نوێیە و ئەگەر ئێران تێیدا سەرکەوتوو بێت،
ڕەنگە ئیتر هەموو تەنگەکانی جیهان ببنە مەیدانی پێشبڕکێ و سەپاندنی
هەژموون.
کاتێک ترامپ لە کۆشکی سپییەوە وتی دیارییەکیان بۆ ناردووین زۆر بەنرخە،
هەموو میدیاکان کەوتنە گەڕان بەدوای زانین و چییەتیی دیارییەکەدا.
بەڵام پرسیارە ڕاستەکە ئەوە نییە دیارییەکە چییە؛ ئەوەیە بۆچی ترامپ
وشەی دیاری بەکارهێنا؟
لە زمانی سیاسیدا، دیاری واتە ڕێککەوتنێک هەیە و لە لایەکیانەوە
چاوپۆشی دەکرێت. کاتێک سەرۆکی ئەمریکا بانگەوازی وەرگرتنی دیاری لەو
دوژمنە دەکات لەگەڵیدا لە شەڕدایە، ئەوە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی
دانوستانەکان نەک لە دۆخی بەهێزدا، بەڵکوو لە دۆخی پێویستیدا دەستیان
پێکردووە. ترامپ پێویستی بە دابەزاندنی نرخی نەوتە پێش ئەوەی بازاڕەکان
وێرانتربن، ئێرانیش زۆر باش ئەمە دەزانێت.
لە بەرامبەردا، ناوەندە میدیاییەکان وەک هەنگاوێکی سەربازیی زەمینی قسە
لەسەر ناردنی لیوای ٨٢ی ئەمریکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. بەڵام
ڕەنگە ئەمە پتر نمایشی بێت تا ئۆپەراسیۆنی. چۆن؟ سەرنج لە کاتبەندییەکە
بدەن: ڕێک لەو ڕۆژەی ترامپ باس لە دانوستاندنی باش و وەرگرتنی دیاری
دەکات، فەرمانی ناردنی لیوای ٨٢ دەردەچێت.
ئایا ئەمە ڕێکەوتە؟ نەخێر. ئەمە تاکتیکە؛ فشاری سەربازی و نەرمیی
دیپلۆماسی لە یەک کاتدا. کاتێک فشار دەهێنیت و هاوکات پەیامی ئاشتیش
دەنێریت، لایەنی بەرامبەر تێدەگات فشارەکە بۆ ئەوەیە قایلیان بکات نەک
بیانشکێنێت، ئەمەش واتە فشارەکە سنووردارە.
ناردنی لیوای ٨٢، زیاتر لە توانای سەربازییەکەی، بارگاویکراوە بە
بەرپرسیارێتییەکی سیمبولی لە دید و ویژدانی ئەمریکییەکاندا. ئەمە لە
نۆرماندییەوە تا فەللوجە، لە هەموو شەڕێکدا ئامادەیی هەبووە. ناردنی
واتە: دۆخەکە جدییە. بەڵام مێژووی ئەم لیوایە پێمان دەڵێت هەندێکجار
ناردنەکە خۆی بووەتە ئامانجی سیاسی بەبێ جێبەجێکردنی ئەرکی سەربازی،
ڕێک وەک ئەوەی لە کۆسۆڤۆ و سۆماڵیا ڕوویدا.
ئێستا سەرنجەکان لەسەر گەرووی هورمز و دوورگەی خارکن، پرسیارە
جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ترامپ ئامادەیە ٣٠٠٠ سەربازی پیادەی ئەمریکی
بنێرێتە سەر دوورگەیەکی مینڕێژکراوی ئێرانی، لە کاتێکدا خولی
هەڵبژاردنی کۆنگرێس نزیکە و هەر تەلەفاتێکی سەربازی باجێکی سیاسیی
قورسی هەیە؟ وەڵامەکە بە دڵنیاییەوە نەخێرە. کەواتا هاتنی لیوای ٨٢ وەک
هاتنی پاڵەوانی فیلمەکە گرنگە بۆ کردنەوەی گرێیەکە، بەڵام ڕەنگە هەرگیز
تیرەکە نەهاوێژێت.
ئەمریکا پلانی ١٥ خاڵی و ئێران پلانی ٥ خاڵیی هەیە. ئەگەر بە وردی
بیانخوێنینەوە، دەبینین هەردوو پاکێجەکە لە بنەڕەتدا لەسەر هەمان
بیرۆکە بنیات نراون: هەردوولا دەیانەوێت لایەنی بەرامبەر بۆشاییەکی
ستراتیژیی بۆ پڕ بکاتەوە. ئەمریکا دەیەوێت ئێران دەستبەرداری چەکی
ناوەکی و مووشەکەکانی ببێت و تەنگەکە بکاتەوە. ئێرانیش دەیەوێت وەک
قەرەبووی زیانەکانی جەنگ، سەروەریی خۆی بەسەر تەنگەکەدا جێگیر بکات و
دڵنیا بکرێتەوە لە کۆتایی جەنگەکە.
جیاوازیی نێوان ئەم دوو جیهانبینییە لێرەدایە: ئەمریکا وەک مامەڵەیەک
لە جەنگ دەڕوانێت؛ دەبێت شتێک بدەیت و شتێک وەربگریت. بەڵام ئێران وەک
ڕووداوێکی مێژوویی و چارەنووسساز لە جەنگەکە دەڕوانێت؛ دەبێت لە
مانەوەی خۆی دڵنیا بکرێتەوە. کاتێک یەکێک دەیەوێت بفرۆشێت و ئەوی دیکە
دەیەوێت بژی، دانوستاندن بە شێوە کلاسیکییەکە کار ناکات. بۆیە کاتێک
ئێران دەڵێت ئەم پلانە زێدەخوازانە و نامەعقوولە، ڕەتکردنەوەیەکی
ئاسایی نییە، بەڵکوو پێیان دەڵێت: ئێمە بە زمانی جیاواز دەدوێین.
دواجار، ترامپ ساڵی ١٩٨٨ وەک بازرگانێک لەسەر خارک قسەی کرد. ئەمڕۆش
وەک سەرۆکی وڵاتێک قسەی لەسەر دەکات. بەڵام شێوازی بیرکردنەوەکەی هەر
هەمان شتە و هیچ نەگۆڕاوە: خارک بۆ ئەو وەک کێبڕکێیەکی بازاڕ ماوەتەوە.
بەڵام جەنگ بازاڕ نییە. لە بازاڕدا ئەگەر دوکانێک بکڕیت و قازانج
نەکات، دەیفرۆشیتەوە و دەڕۆیت. لە جەنگدا ئەگەر دوورگەیەک بگریت و
نەتوانیت بیپارێزیت، سەربازەکانت دەمرن و تۆ لەو دیمەنە مێژووییە
بەرپرس دەبیت.
ئەم جەنگە لە بنەڕەتدا قەیرانی نەبوونی پلانی پاشکۆ یان قۆناغی دوای
جەنگە. ئەمریکا زانیویەتی چۆن ئەم جەنگە دەست پێبکات، بەڵام نازانێت
چۆن کۆتایی پێ بهێنێت. ئێران زانیویەتی چۆن بەرەنگاری بکات، بەڵام
نازانێت چۆن گرەو لەسەر مانەوەکەی بکات. جیهانیش خەریکی تەماشاکردنە،
بەو هیوایەی کەسێک پەیدا ببێت و کۆنترۆڵی ئەو باڵەفڕە بێسەرنشینانە
بکات بە ئاسماندا دەسوڕێنەوە.
------------------------------------------------------------------------------------------------------
جەنگ تەنها
بەڵێنێک دەباتە سەر.
کاتی دەستپێکردنی جەنگەکان دیارە، بەڵام کۆتاییەکانی نا ھەرگیز. ئەمە
حوکمی مێژووە، کەچی لە جەنگی ئەمریکا-ئیسڕائیل و ئێراندا
تایبەتمەندییەکی تاڵتر ھەیە: کاتی دەستپێک تاریکە، هەڵبەتە نەک تاریکی
نەزانین، بەڵکوو لە تاریکی دانووستاندا. ڕێک وەک ئەوەی یەکێک لە دەرگە
بدات بەڵام تۆ بە تفەنگ وڵامی بدەیتەوە.
ئەم جەنگە جەنگی ناچاری نەبوو. جەنگی بژاردە بوو. بژاردەی ترامپ، بۆمب
بەهێزترە لە دیپلۆماسییەت. بژاردەی نەتانیاھۆ بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا
پێویستی بە دوژمنێک هەیە ھەمیشەیی. بژاردەی بن سەلمان بۆ لاوازکردنی
ڕکابەرەکەی لە ناوچەکەدا. سێ بژاردە و سێ بەرژەوەندی جیاواز گەیشتنە
یەک و بوون بە بۆمبەخانە.
بیانووەکە چەکی ناوەکی بوو، نەک ھۆکارەکە. ھۆکاری ڕاستەقینە بەدیهێنانی
ئەو خەونە بوو لە ئێرابدا کە لە عیراقی ٢٠٠٣ دا نەهاتە دی، بەڵام مێژوو
وانەبێژێکی بێبەزەییە بۆ ئەوانەی گوێی بۆ ناگرن و نایانەوێ لێیەوە
فێربن. عیراقی ٢٠٠٣ وتی: دەتوانیت دەوڵەتێک وێران بکەیت بەڵام ناتوانی
نەتەوەیەک بنیادبنێیتەوە. لیبیای ٢٠١١ وتی: کوژرانی سەرکردەکان
سەقامگیری بە دوای خۆیدا ناهێنێت. ئەفغانستانی ٢٠٢١ دوای بیست ساڵ
جەنگ، کابووسەکە گەرایەوە. ئێستا ئێران قۆناغی نوێبێژی ئەم وانە
مێژووییەیە.
خامنەیی کوژرا. باشە. ئیتر چی؟ ئایا گەلانی ئێران باشتر ڕژانە سەر
شەقامەکان ڕاچەنین یان خراپتر لە ناو ماڵەکاندا داچەمین؟ باشە سەددام
خنکێندرا، بەڵام ئەوەی هات تایفەگەری بوو. لە لیبیاش قەزافی ئەتککرا،
بەڵام ملیشیاکان ھاتن. ئەمڕۆ لە ئێران، خامنەیی ڕەوانەکرا، ئایا ئەوەی
بە دوایدا دێت دیمۆکراسییە؟ یان ھەزار خامنەیی بچووکتر؟ ئەمە
رەتکردنەوەی ئەو کوشتارگانە نییە، هەر دەسەڵاتێک بکوژی خۆی لەگەڵ خۆیدا
گەورە دەکات، بەڵکوو ئەو ڕاستییەیە چۆن دوێنێ ملیۆنان عیراقی و لیبی و
ئەفغانی نەبوونە ئەو ئاوێنەیەی ئەمریکا خۆی جوان و سەرکەوتوو تێدا
ببینێتەوە، ئەمڕۆش ٩٠ میلیۆن ئێرانی هەرگیز نابنە ئەو ئاوێنە ڕوونەی
واشنتن دەیەوێت.
ئێستا جەنگ نزیک دەبێتەوە لە چوارەم ھەفتە. ترامپ دەڵێت دانوستاندن
ھەیە. ئێران دەڵێت نییە. تەنانەت لەسەر ئەوەش ھاوڕا نین ئاخۆ قسە لەگەڵ
یەکتردا دەکەن یان نا. ئەمە خۆی پێناسەکەیەتی: جەنگێک ھیچ شتێکی تێدا
ڕوون نییە جگە لە کوشتن.
لە لایەکی تر عەراقچی، دەڵێت ئێمە داوای ئاگربەست ناکەین بەڵکوو
دەمانەوێ جەنگ بە تەواوی کۆتایی بێت بەشێوەیەک دوژمنان ھەرگیز بیر لە
دووبارەکردنەوەی نەکەنەوە. ئەمەش زمانی ئاشتی نییە، ئەمە زمانی کەسێکە
دەزانێت لاوازە بەڵام نایەوێ بە ڕوونی پیشانی بدات. ھەردوولا لە دامی
ئابڕووی خۆدا بەند کراون و خەڵکانی ئاسایی و گەلانی ناوچەکە باجی بێ
ئابڕوویی ھەردوولا دەدەن.
لە ١٩٤٥وە تا ئەمڕۆ، هەر ھەمان چیرۆکە دووبارە دەبێتەوە، ئەوەی گۆڕاوە
جلوبەرگە. وڵاتێکی گەورە دەڵێت ئەم ڕژێمە مەترسییە بۆ جیھان. میدیا
بەشداری دەکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەندێک ڕەزامەندی دەردەبڕن و
ھەندێک نیگەرانی قووڵیان ھەیە. بۆمب دەبارن. خەڵکی دەمرن. سەرۆکەکان
توند دەست بە دەسەڵاتەوە دەگرن. ئاشتی نەزۆک دەکرێ. ھەموو شتێک
دەگەڕێتەوە ھەمان شوێنی پێشوو - بەڵام لە کوێ؟ بێگومان لە گۆڕستانێکی
تازەدا.
ئەم جەنگە کۆتایی دێت. ھەموو جەنگێک کۆتاییەکی هەیە. بەڵام پرسیارەکە
ئەوە نییە، بەڵکوو ئەوەیە: لە کۆتاییدا چ دەمێنێتەوە؟ ئایا سەقامگیری
دەگەڕێتەوە؟ یان تووڕەیی زیاد دەکات؟ ئایا ئێران دەبێ بە ژاپۆنێکی نوێ،
ئازاد و دیمۆکرات و ھاوپەیمان؟ یان دەبێ بە عیراقێکی نوێی پەرتبوو و
تایفەگەر و مەیدانی جەنگی بە وەکالەت؟ ئەگەر مێژوو ڕێنماییمان بکات کە
دەبێت بیکات، وڵامەکە خەمئاوەزە.
جەنگ ھەرگیز ئەو شتە ناکات بەڵێنی بۆ دەدرێت. بەڵێنی ئاسایش دەدات و
تووڕەیی دروستدەکات. بەڵێنی ئازادی دەدات و کابووس دروستدەکات. بەڵێنی
کۆتایی ھەڕەشە دەدات و ھەڕەشەی نوێ بەرھەم دەھێنێت. تەنھا بەڵێنێک جەنگ
ڕاست و دروست بیباتە سەر، ئەوەیە: کوشتن. ئەوەش کارێک نییە - تاوانە.
------------------------------------------------------------------------------------------------------
درزەکەی
ئیدارەی ترامپ لە جەنگی ئێراندا.
جۆ کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی دژە تیرۆری ئەمریکا – ئەو کەسەی یازدە جار
نێردراوە بۆ جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ١٧ی ئازاری ٢٠٢٦ دەستی لە کار
کێشایەوە. لە نامەکەیدا نووسی: ئێران هیچ مەترسییەکی نزیکی بۆ سەر
نەتەوەکەمان نەبوو، بەڵکوو لەژێر فشاری ئیسڕائیل و لۆبیە بەهێزە
ئەمریکاییەکەی چووینە ناو ئەم جەنگەوە. کێنت ژنەکەی ٢٠١٩ لە هێرشێکی
خۆکوژی داعش لە سووریا کوژرا. وتی: ناتوانم بە ویژدانەوە پشتگیری لەم
جەنگە بکەم.
کێنت تەنها نەبوو. تاکەر کارڵسۆن لە یەکەم ڕۆژدا وتی: ئەم جەنگە لەسەر
درۆ بنیاتنراوە و بڕیارەکە لە ئیسڕائیلەوە هاتووە نەک واشنتن. میگین
کێلی'ـیش وتی: ئەو سەربازانەی کوژران بۆ ئیسڕائیل مردن نەک ئەمریکا.
کاندیس ئۆوێنز، ماریجۆری تەیلۆر گرین، جۆ ڕۆگان - ئەو کەسانەن ٢٠٢٤
هاوکارانی بردنەوەی ترامپ بوون - یەکبەیەک وتیان ئەم جەنگە ئەو شتە
نییە دەنگمان پێیدا.
ترامپ لە وڵامدا نەیوت ئەم ڕەخنانە هەڵەن، بەڵکوو وتی ئەم کەسانە MAGA
نین، MAGA منم. ئەم وڵامە زۆر گرنگترە لەوەی بەڕوخسار دەردەکەوێ. ئەمە
یەکەمجارە لە مێژووی بزووتنەوەکەدا پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە
ناسنامەی بزووتنەوەکە درووستدەبێ: ئایا MAGA بزووتنەوەیەکی پێشەنگی
ئایدیۆلۆژییە و ترامپ نوێنەرایەتی دەکات، یان بزووتنەوەیەکی
کەسایەتیپەرستانەیە و هەر بڕیارێک ترامپ بیدات ئەو بڕیارە دەبێتە
ئایدیۆلۆژیای بزووتنەوەکە؟
ئەم پرسیارە هەرگیز بە هێندەی ئێستا تون دەرنەکەوتووە. لەسەر
بابەتەکانی دیکەی وەک بازرگانی، کۆچبەری، تا ئوکرانیا، ناکۆکییەکان لە
چوارچێوەی ڕەزامەندی سەرۆکدا بوون. خەڵک دەیتوانی بڵێت من ڕازی نیم
بەڵام ئەو سەرۆکە و ئەو دەزانێت چی باشترە. بەڵام لەسەر بابەتی جەنگ لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بزووتنەوەی MAGA لەسەر بنەمای ناسنامەیی بنیات
نرا: ئێمە ئەوانەین نایانەوێ لاوەکانمان لە جەنگی خەڵکانی دیکەدا بمرن.
ئەم جەنگە ئەو بنەمایە هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەوەی ئەم دابەشبوونە مەترسیدارتر دەکات، ناکۆکی نێوان ئیلیتەکانی
بزووتنەوەکە خۆیەتی، نەک نارەزایەتی خەڵکی ئەمریکا بەرامبەر
حکومەتەکەیان. ڕاپرسییەکان نیشانیدەدەن ٩ لە ١٠ی ئەوانەی خۆیان بە MAGA
دادەنێن هێشتا پشتگیری جەنگەکە دەکەن. بەڵام ئەمجۆرە ناکۆکییانە کاتێک
کارڵسۆن و کێلی و گرین لە لایەک و لێڤین و شاپیرۆ و جۆنسۆن لە لایەکی
تر کاریگەرییان لەسەر سیاسەت خێراترە و مەترسیدارترە لەوەی ڕاپرسییەکان
نیشانی بدات. ئەم ناکۆکییە لە ناوەوەی قەڵای بزووتنەوەکە هاتووە و
کاتێکیش قەڵا لە ناوەوەدا دەکەوێتە لەرزین، خێراتر دەکەوێت.
ئەم لەرزەیە تەنها لە دەرەوەی ئیدارەکە نییە. تولسی گابارد، بەڕێوەبەری
هەواڵگری نیشتمانی، لە دانیشتنی کۆنگرێسدا دانیبەوەدا نا ئێران
بەرنامەی ناوەکی خۆی نەگۆڕیووە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ترامپ بۆ
جەنگ. بەڵام لە کاتی خوێندنەوەی نووسراوەکەیدا ئەم قسەیەی دووبارە
نەکردەوە، ئەو بەشەی جێهێشت و نەیخوێندەوە. سیناتۆر مارک وارنەر وتی بۆ
نەتخوێندەوە؟ گابارد وتی: کاتم نەبوو. جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆک و پیاوی
بەرە دژەجەنگ، لە دانیشتنێکدا لە میشیگان وتی: ئەمانە دەکرێ نیگەرانی و
نارەزایی ئێمەبن، بەڵام کاتێک سەرۆک بڕیار دەدات هەموومان دەبێ کار بۆ
سەرخستنی بکەین. لە هەردوو حاڵەتەکەدا گابارد و ڤانس ئەو
ناڕازیبوونەیان شاردووەتەوە کەواتا بوونی هەیە. مرۆڤ لە دەنگیدا
دەبیسترێت، تەنانەت کاتێک وشەکان شتێکی تر دەڵێن.
ئەمە بەرئەنجامی ناکۆکی بنەڕەتیی حوکمڕانێتییەکەی ترامپ خۆیەتی:
سەرۆکێک بەهێزی تروث و واکنشنەکانی حوکم بکات، نەک بە ستراتیژی
پێشبینیکراو، بە سروشت ناتوانێت جەنگێکی درێژ بەڕێوەببات. ئیدارەکە
چیرۆکی جیاجیا بۆ جەنگەکە دەهۆنێتەوە: جارێک مەترسی ناوەکی ئێران،
جارێک پاراستنی سەربازەکان، جارێک ڕژیم چەینج، جارێک سامانە
سروشتییەکان، جارێک جا چنا ئەم نا ڕوونییەی ئامانج واتای ئەوەیە باوەڕی
گشتی لەدەست دەدرێ. ئەمەش ئەو شوێنەیە شکانە گەورەکە لێیەوە دەست
پێدەکات.
ئیدارەی ترامپ دەڵێت توانا مووشەکییەکان و هێزی دەریایی و بەرنامەی
ناوەکی ئێران وێرانکراون. باشە ئەگەر ئامانجەکەت بەدەستهێناوە، ئەی
بۆچی هێشتا دەجەنگی؟ کاتێک ناتوانێ وڵامبداتەوە، ئامانجی نوێ زیاد
دەکات، ئەمە واتا خولانەوە لە بازنەیەکی داخراودا. ئەمە هەر تەنها
کێشەیەکی لۆژیکی نییە، واقیعیشە. لەبەر ئەوەی جەنگ بۆ ناتانیاهۆ
پرسیاری بوون و مانەوەیە، ناچار نییە هەموو مانگێک هۆکارێکی نوێ
درووستبکات. بەڵام بۆ ترامپ و وڵاتێکی دوور لەناوچەکە مەجبوورە
بەردەوام وڵامی بۆچی ئێمە؟ بداتەوە. ئەم جیاوازییە لە بارودۆخی سیاسیدا
واتای ئەوەیە کاتنامەی ترامپ بە سروشت کورتترە، ئیسڕائیل ئەمە دەزانێ،
بۆیە هەوڵدەدات لە ماوەی ئەو کاتنامەیەدا هەرچی زیاتر بیکات.
ئێران شتێکی بەدەستهێناوە ئەم درزە ناوخۆییە ئەمریکییە قووڵتر دەکات:
ئابووریکردنی جەنگ. بە داخستنی تەنگەی هورموز، نرخی بەنزین لە ئەمریکا
بەرزبووەتەوە. بە پێی ڕاپرسییەکان ٢٤٪ی کۆمارییەکان دەڵێن ئەم جەنگە
ئەو ژمارەیە دەباتە ٣١٪ ئەگەر نرخی بەنزین یەک دۆلاری تر بەرز ببێتەوە.
نرخی بەنزین خۆی تاکوو ئێستا نزیکەی یەک دۆلار بەرز بووەتەوە. ئەمە ئەو
خاڵەیە کێنت و کارڵسۆن تەئکیدی لەسەر دەکەنەوە: ئەم جەنگە چۆن یارمەتی
ئەمریکا دەدا؟ ئەو پرسیارە ئایدیۆلۆژی نییە، ئابوورییە. لە
دیموکراسیدا، پرسیارە ئابوورییەکان هەمیشە لە کۆتاییدا بەسەر پرسیارە
ئایدیۆلۆژییەکاندا زاڵ دەبن.
هەڵبژاردنی نیوەڕێی ٢٠٢٦ی ترامپ نزیکە. ماریجۆری تەیلۆر گرین، لە ژێر
فشاری ترامپدا دەستی کێشایەوە لە کۆنگرێس، هۆشدارییەکی ئاراستەی
حزبەکەی کردووە: هەر شتێک ببێتە هۆکاری پەرتوبڵاوی MAGA لە
نیوەڕێیەکەدا دەدۆڕێت. CNN دەنووسێت لە جەنگی عیراقدا سێ ساڵی دەویست
تا نارەزایەتیی کۆمارییەکان بەرز ببێتەوە، لەم جەنگەدا ئەو
بەرزبوونەوەیە دەستیپێکراوە. ئەم دووبەشبوونە ناوخۆییەی ئیدارەی ترامپ
تەنها دەرکەوتەی یەکەمی نرخێکی بەرزترە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەم
پرسیارەیە: ئایا ئەم فشارە ناوخۆییە دەتوانێ ئیدارەکە بخاتەوە ناو
دۆخێکی بەرپرسیارانەتر، یان بەرەو قوڵتر دەچێتە ناو جەنگەوە بۆ ئەوەی
سەرکەوتنێکی بەرچاو پیشانبدات پێش ئەوەی فشارەکە کاریخۆی بکات؟ لە
هەردوو حاڵەتەکەدا، هیچ بانگەشەیەکی سەرکەوتن ناتوانێ ئەم جەنگە لە
بنبەستی خۆخەڵەتاندنەکەی ترامپ دەربهێنێت.
------------------------------------------------------------------------------------------------------
شەڕی ئەوان و مەرگی ئێمە.
رێبەر عەبدوڵڵا. زکری بێخشاشی. رامین عادل. شەهاب بێخشاشی. کەیوان
موزەفەر. پشتیوان مەلا موسا. ئەم شەش ناوە ناوی ئەو شەش پێشمەرگەیەن
بەرەبەیانی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦ لە سنووری سۆران بە موشەکی بالیستی ئێران
شەهید کران. سی پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. ئەوان نە بەش و
کارەکتەرێک بوون لە شەڕی ئەمریکا-ئیسڕائیل و ئێران، نە یاریکاری هیچ
یارییەکی جیۆپۆلیتیکیش بوون؛ ئەوان لە ئەرکی ڕۆژانەی پاراستنی خاکی
خۆیاندا بوون.
ئەمریکا دەڵێت ئەمە جەنگی خۆپاراستنە. ئیسرائیل دەڵێت بۆ ئەمنییەتە.
بەڵام وشەیەک هەیە هیچیان هیچ کاتێک نایڵێن: هەژموون. بۆمبی ئەتۆمی
ئێران بەهانەکەیەتی - نەک هۆکار. ئەگەر ئێران تەنانەت پێش جەنگەکەش
هەموو بەرنامەکانی هەڵوەشاندبایەوە، ئایا ئەمریکا کەنداو و بنکەکانی لە
قەتەر و بەحرەین و کوەیت و عیراق و ناوچەکە جێدەهێشت؟ ئایا وازی لە
هەژموونی ستراتیژیی سەر گەروی هۆرموز دەهێنا؟ نا. چونکە لۆژیکی ئەم
جەنگە لە بنەڕەتدا لۆژیکی چەکسازی نییە، لۆژیکی تێکدانی هاوسەنگییە.
واتا مەبەستەکە ئەوە نییە ئێران چەکدار نەبێت، بەڵکوو ئەوەیە ئێران
هاوسەنگ و هەژموونی نەبێت.
هانس مۆرگنتاو، باوکی ڕیالیزمی سیاسی، لە سیاسەت لە نێوان نەتەوەکاندا
دەنووسێت: هەموو وڵاتێک بەدوای دەسەڵاتی زیاتردا دەگەڕێت، جا بە ناوی
ئاشتییەوە بێت یان بە ناوی ئەمنییەتەوە. ئەوەی ئەمریکا بە ناوی
خۆپاراستنەوە دەیکات، لە ڕاستیدا بۆ هەژموونییە - هەژموونی ئەو
سیستەمەی ناوەندێتی ئەمریکای تێیدا جێگیر کراوە. ئەم جیاوازییە نەبینین
واتای ئەوەیە کوێرانە ئەم شەڕە دەبینین و فەرامۆشیشی بکەین، وەک هەمیشە
ئەوەی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە، مەرگە.
مێژوو لەو نموونانەی زۆرە، هیچیان دڵنیاکەرەوە نین. قەزافی بەرنامە
ئەتۆمییەکەی هەڵوەشاندەوە و کەوتە دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا - بەڵام ٢٠١١
لە وڵاتەکەئ خۆیدا کوژرا و جیهان تەنها تەماشای کرد. وانەکە ڕوون و
ترسناکە: لەم سیستەمەدا گوێگرتن لە ناوەند خۆپارێزی نییە - بەڵام
گوێنەگرتنیش تاوانە. ئەوەی بێدەسەڵاتە هەردوو حاڵەتەکەی هەر
لەدەستدانە.
ئەمە تەواو ئەو چەمکەیە ئیمانوێل واڵێرستاین لە تیۆری سیستەمی جیهانیدا
پێیدەوت: جیهان بە ناوەند و دەوروبەر دابەشکراوە. ناوەند یاسا دادەنێت
و دەوروبەر دەبێ لەو یاسایانەدا بژین بەبێ ئەوەی لە دانانیاندا بەشدار
بن. تاوانی ئێران لە چاوی ئەم سیستەمەدا بۆمبەکە نییە - بۆمبەکە
بەهانەیە. تاوانەکە ویستی هاوسەنگییە بەبێ مۆڵەتی ناوەند. هەر وەک
ئەوەی دەسەڵاتێک بەسەر بازاڕێکدا هەبێت و کێبڕکەکاریی ئازاد نەهێڵێت -
نەک لەبەر ئەوەی بەرهەمەکە خراپە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هاوسەنگی هێز
دەشکێنێت.
لێرەدا پرسیارێکی قووڵتر هەیە: کاتێک ناوەند لەگەڵ دەوروبەر شەڕ دەکات،
کێ بەرزترین باج دەدات؟ نە ناوەند، نە دەوروبەر - بەڵکوو ئەوانەی لە
نێوانیاندان. کەسێک لە ئۆفیسێکدا نیشانەیەک لەسەر نەخشەیەک دادەنێت، لە
چرکەیەکدا دەیان پێشمەرگەی بێتاوان دەکوژێت. ١٧٠ منداڵ لە خوێندنگەیەکی
ئێران دەکوژرێت. سەدان غەیرە سەرباز لە بەحرەین و کوەیت و لوبنان دەبنە
قوربانی. ئەمانە هەڵەی شەڕ نین بەو واتایەی ڕودانی ئەگەری بێت - ئەمانە
ئەنجامی لۆژیکییانەی سیستەمێکن مرۆڤ بۆی بووەتە ژمارە لەسەر
سپرێدشیتێک. کاتێک مرۆڤەکان دەبنە تاکە ئاماژە لەسەر نەخشەیەک، مردنیان
دەبێتە زیانی لاوەکی - وشەیەک وەها پۆلیشکراوە توندوتیژیی لەناو خۆیدا
شاردووەتەوە.
ئێمەی کورد لە نەخشەیەکدا دەژین خۆمان نەمانکێشاوە. بەڵکوو سنوورەکانی
بەسەرماندا سەپێندراون و هیچ کاتێک پرسیارمان لێ نەکراوە. فرانتز فانۆن
لە بەڵاخانەکانی زەویدا دەنووسێت: کۆلۆنیالیزم تەنها خاک داگیر ناکات،
مرۆڤیش دەکاتە کاڵا - بەروبووم دەچنێت، مێژوو دەسڕێتەوە، ویستەکان
دەخاتە سایەی ویستەکانی خۆی. ئەمڕۆ شێوەکە گۆڕاوە بەڵام ناوەڕۆکەکە هەر
هەمان شتە: ئەمریکا لەبری ئێمە و دەربارەی ئێمە بڕیار دەدات بەبێ ئەوەی
ڕەزامەندیمان بخوازێت. ئێران بە ناوی ئێمەوە شەڕ دەکات بەبێ ئەوەی پشک
و بەشمان لەهیچ شتێکدا هەبێت. ئێمە لەو یارییەی ئەوان نە یاریکارین نە
تەماشاوان - مەیدانەکەین.
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە لەبیرنەکەین ئەمەیە: هیچ شەڕێک بە ناوی ئێمەوە
نەکراوە بەرژەوەندیی ئێمەی کوردی تێدا بووبێت. هیچ ئاشتییەکیش نەکراوە
ئێمەی تێدا بیندرابین. ئانتۆنیۆ گرامشی دەنووسێت: ئەوەی دەسەڵاتی هەیە
مێژوو دەنووسێتەوە و ئەوەی بێدەسەڵاتە تەنها دەتوانێت بیخوێنێتەوە.
بۆیە تەنها شتێک هەیە بێدەسەڵاتان دەتوانن بیکەن و دەسەڵاتداران
ناتوانن ڕێیلێبگرن: ڕاستییەکان بڵێن. ئەوەی لە دەستماندێت بڵێین ئەم
شەڕە شەڕی ئێمە نییە - تەنانەت ئەگەر هیچ لایەنێک حەز نەکات ئەم
ڕاستییە ببیستێت.
رێبەر، زکری، رامین، شەهاب، کەیوان، پشتیوان - ناوی ئەوانە لە هیچ
بڕیارنامەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکاندا نییە. لە هیچ وتارێکی ترامپ یان
خامنەیی باسناکرێن. بەڵام لە خاکی ئێمەدا ناوەکانیان هەیە و دەمێنێت،
لە دڵماندا شوێنێکیان هەیە هیچ بۆمبێک ناتوانێت بیانپێکیت. ئەمە شەڕی
ئەوانە - بەڵام مەرگ و قوربانی هەمیشە ئێمەین.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|