١\٩\٢٠١٨
چەند بابەتەک
سەبارەت بە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی منداڵان و مێرمنداڵان.
مەنسوور جیهانی
فیلمی دەرھێنەری
مەھابادی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی منداڵان و مێرمنداڵان وەرگیرا.
فیلمی
چیرۆکیی "ئیستادیۆم" لە دەرھێنانی کەیوان فەھیمی دەرھێنەری کورد و
وانەبێژی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی مەھاباد لە سی و یەکەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران وەرگیرا.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و یەکەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، کورتە
فیلمی چیرۆکیی "ئیستادیۆم" لە دەرھێنانی کەیوان فەھیمی و لە
بەرھەمێنانی سەمیرا مەرزبان، کەیوان فەھیمی و "شارۆ فیلم" لەگەڵ ١٠
کورتە فیلمی دیکە لە سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران رکابەری دەکات. ئەم کورتە فیلمە
بە ماوەی ١٥ خولەک بەسەرھاتی کوڕێکی مێرمنداڵ دەگێڕێتەوە کە بۆ رۆیشتنی
بۆ ئیستادیۆمی یاریگای تۆپی پێ لە ماشێنەکەی باوکیدا خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام باوکی ناچێت بۆ یاریگا و تووشی بەسەرھاتێکی دیکە دەبێت.
کەیوان فەھیمی خاوەنی بڕوانامەی ماستەری دەرھێنانی شانۆ و وانەبێژی
کارگەی فیلمسازیی شێوازی ئەزموونی لە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران
نووسینگەی مەھاباد کە چالاکی خۆی لە ساڵی ١٩٩٧ بە ئامادەکردنی کورتە
فیلم لە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی مەھاباد دەست پێکرد و بەرھەمھێنانی ٦
کورتە فیلمی چیرۆکی لە کارنامەی خۆیدا ھەیە.
ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران نووسینگەی مەھاباد یەکێکە لە ئەنجومەنە
چالاکەکان لە بواری فیلم چێکردن و کاروباری سینەمایی بە ئەزموونی ٣٢
ساڵ لە شاری مەھاباد لە ناوچەی موکریان لە باشووری پارێزگای
ئازەربایجانی رۆژئاوا.
سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و
مێرمنداڵانی ئێران بە دەبیری و بەرپرسایەتی "عەلیڕەزا رەزاداد" لە
رۆژانی ٨ تا ١٤ی مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٣٠ی ئاب تا ٥ی
ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا لە شاری
مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێ..
کچانی شیناوێ میوانی تایبەتی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵانی
ئیسفەھانن.
"عەلیڕەزا رەزاداد" دەبیر و بەرپرسی سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە کۆنگرەی
رۆژنامەوانی ئەم فێستیڤاڵە وێڕای ئاماژەدان بە بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی
فێستیڤاڵ و بەشداریی گروپە تایبەتەکان لەم رووداوەدا رایگەیاند: کچانی
خەڵکی شیناوێ کە بە ھۆی رووداوی تاڵی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەکەیان
ئەندامانی جەستەیان سووتا، بۆ فێستیڤاڵی سی و یەکەم بانگھێشت کراون.
ھەروەھا منداڵانی ناوچەی بوومەلەرزە لێدراوی سەرپێڵی زەھاو کە بۆ خۆیان
فیلمیان ئامادە کردووە و لە بەشی ئۆڵەمپیاد بەشداریان کردووە، لە
فێستیڤاڵی ئەمساڵدا بانگھێشت کراون.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و یەکەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "عەلیڕەزا
رەزاداد" دەبیر و بەرپرسی سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەم
فێستیڤاڵەدا کە بە ئامادەبوونی "سەید ئەحەد میکائیل زادە" بەرپرسی بەشی
پەیوەندییەکان و راگەیاندنی فێستیڤاڵ و بە بەشداریی پەیامنێران و
نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندن و ئاژانسەکانی ھەواڵنێری لە ھۆڵی سینەما
فیردەوس لە مۆزەخانەی سینەمای ئێران لە شاری تاران بەڕێوەچوو، گوتی: بە
رێژەی ٤٢٠ بەرھەم لە ٧٠ وڵاتی جیھان و ٣٧٨ بەرھەم لە ئێران خوازیاری
بەشداری کردن لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵانی ئێران بوونە. ئەوەی کە
بنەماڵەی چکۆلەی سینەما باری جیدی بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی ئەمڕۆی لەسەر
شانە، زۆر باشە و ھەروەھا رێز و سوپاسی خۆی ئاراستەی بەردەنگەکان لەبەر
ھاوڕێیەتیان لەگەڵ فێستیڤاڵەکە کرد. فێستیڤاڵی سینەمای منداڵ و
مێرمنداڵی ئێران دەچێتە دەیەی چوارەمی چالاکییەکانی خۆی و بۆ ئەمساڵ
بەدواوە رێککەوتننامەیەکی ھەمیشەیی نووسرا بۆ ئەوەی کە نیگەرانی و
پەرۆشی لە جێگۆڕکێی فێستیڤاڵ لە ئیسفەھان بۆ شارێکی دیکە نەمێنێت و ئەم
فێستیڤاڵە بە شێوەی سەقامگیر لە شاری ئیسفەھان بمێنێتەوە.
"عەلیڕەزا رەزاداد" ھەروەھا گوتی: ئەمساڵ کارنامەی سینەمای منداڵان و
مێرمنداڵان لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ شانازییەکی
زۆری لە ناوەوە و دەروەی وڵاتدا بەدەستھێناوە و پێویست بوو کە بە
تایبەت لەمساڵدا بە لەبەر چاو گرتنی ئەو بەربەستە دارایی و ماڵیانەی کە
ھەیە، چەند ھێما و سەمبولمان ناساندووە بۆ ئەوەی کە فێستیڤاڵ بە جۆش و
خرۆش و شادییەوە بەڕێوەبچێت. دابین کردنی شادی و دڵخۆشی کۆمەڵایەتی
وەکوو یەکێک لە ئامانجەکانی بەڕێوەچوون و بەم دروشمە کە منداڵان و
مێرمنداڵان سەرمایەکانی سەرەکیی سینەمان.
دەبیر و بەرپرسی سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی
منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە درێژەی ئەم کۆنگرەیەدا بە ئاماژەدان بە
بەرجەستە کردنەوەی پرسی دەوری سینەما لە پێشگیری کردنی ئازاردانی منداڵ
رایگەیاند: چەند فیلمێک سەبارەت بە پرسی ئازاردانی منداڵ و رێکارەکانی
بنەماڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە ناحەز و نەشیاوە و پێگەی
دامودەزگاکان لە داڕشتن و ئامادەکردنی پێکھاتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم
کێشەیە لەم خولەی فێستیڤاڵدا نمایش دەکرێت. بە بڕوای من پێویستە ئەم
پرسە وەکوو بەرپرسایەتییەکی کۆمەڵایەتی لە فێستیڤاڵدا بەرجەستە بێتەوە
و فیلمی "ژووری تاریک" بەرھەمی "روحوڵڵا حیجازی" کە سەبارەت بە منداڵ و
بابەتی ئازاردانی منداڵە دەتوانێت لەم بوارەدا کاریگەر بێت و لە
فێستیڤاڵدا بخرێتە بەر باس و لێکدانەوە.
"عەلیڕەزا رەزاداد" بە جەخت کردنەوە لەسەر دابین کردنی جۆش و خرۆش و
شادی کۆمەڵایەتی دوابەدوای نمایش کردنی فیلمەکانی سی و یەکەمین خولی
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لەسەر
ئاستی ٣١ پارێزگای وڵاتی ئێران و ٢ ناوچەی سەربەستی بازرگانی و ئابووری
رایگەیاند: بە لەبەر چاو گرتنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ لە وەرزی ھاوین و
بەرپرسایەتی کۆمەلایەتی فێستیڤاڵ لەمەڕ وەدیھێنانی جۆش و خرۆش و شادی و
دڵخۆشی کۆمەڵایەتی لە ھەموو پارێزگاکانی ئێراندا فیلمەکانی منداڵان
نمایش دەکرێن، بۆ ئەوەی کە بەشی منداڵان و مێرمنداڵانی پارێزگاکانی
دیکەش لە سینەمادا فەرامۆش نەکرێت.
سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و
مێرمنداڵانی ئێران بە دەبیری و بەرپرسایەتی "عەلیڕەزا رەزاداد" لە
رۆژانی ٨ تا ١٤ی مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٣٠ی ئاب تا ٥ی
ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا لە شاری
مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێ..
"دەوەندە" و "ساز دەھەنی" بەرھەمی "ئەمیر
نادری" ئەزموونێکی بێ ھاوتا لە مێژووی سینەمای منداڵانی ئێرانە.
فیلمی ھەرمانی "ساز دەھەنی" و "دەوەندە" لە نووسینی "بێھرووز غەریب
پوور" دەرھێنەری ناوداری سینەما و شانۆی بووکەڵەی کوردستان و ئێران و
لە دەرھێنانی "ئەمیر نادری" سینەماکاری ناسراوی سینەمای ئێران دەتوانرێ
بە گرینگترین فیلمەکانی سینەمای منداڵی بەر لە شۆڕشی ئێران ناو بنرێت.
فیلمی ھەرمانی "ساز دەھەنی" لە دەرھێنانی "ئەمیر نادری" کە لە ساڵی
١٩٧٣ی زایینی بەرھەم ھێنراوە، دەتوانرێ بە یەکێک لە گرینگترین
فیلمەکانی سینەمای منداڵانی بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران ناو بنرێت کە
توانی مەداڵیای زێڕینی شاری جیفۆنی لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی و خەڵاتی
گریفۆنی بڕۆنزی بیرەوەریی "دۆمینیکۆ مەکۆلی" لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینیدا بە
دەست بھێنێت.
ھەروەھا فیلمی "دەوەندە" واتە "ڕاکەر" لە نووسینی سیناریۆی "بێھرووز
غەریب پوور" و بەرھەمی "ئەمیر نادری" لە کاتی خۆیدا، ئاڵوگۆڕی بەسەر
سینەمای ئێران و سینەمای منداڵاندا ھێنا. ئەم فیلمە بەرھەمی ساڵی ١٩٨٤ی
زایینی یەکەمین فیلمی ئێرانی بەرھەمھێنراو لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانە
لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی کە سەرنجی جیھانی بۆ لای سینەمای ئێران راکێشا.
جودا لە بایخە ھونەرییەکان و پێکھاتەی سینەمایی سەرسووڕھێنەر،
بەردەنگەکانی منداڵی ئەم فیلمە، بە ھۆی سادە بوون و ئاوێتە بوونی لەگەڵ
ئەم فیلمە ھەستیان بە لێک نزیک بوونەوە کرد و فیلمی "دەوەندە" بووە
ئەزموونێکی تاک و بێ ھاوتا لە مێژووی سینەمای منداڵانی ئێراندا.
زۆربەی منداڵانی ئەو ساڵانە بەبێ ئەوەی کە چیرۆکی فیلمەکە بە دروستی
تێبگەن، لەگەڵ وێنە تایبەت و بێ ھاوتاکانی فیلمی "دەوەندە"
پەیوەندییەکی ھەستی و سۆز و خۆشەویستییان دروست کرد و "دەوەندە" بووە
بەشێک لە بیرەوەریی سەردەمی منداڵی نەوەی ئەمڕۆی لایەنگرانی سینەمای
ئێران. بایخەکانی فیلمی "دەوەندە" لە سی و دووھەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتاڵیا بە باشی پەسند کرا و لە
درێژەی بەشداری و ئامادەبوونەکانی خۆی لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا،
براوەی خەڵاتی باڵۆنی زێڕینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سێ کیشوەری
نانت" لە ساڵی ١٩٨٥ی زایینی، براوەی خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی "سەنگاپوور" لە ساڵی ١٩٨٥ی زایینی، براوەی خەڵاتی
تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی منداڵانی "سینە
جونیۆر" و براوەی خەڵاتی رەخنەگرانی نێونەتەوەیی لە فێستیڤاڵی فیلمی "مێلبۆرن"ی
ئوستڕالێا لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینی.
لە پوختەی چیرۆکی فیلمی "دەوەندە" لە نووسینی سیناریۆی "بێھرووز غەریب
پوور" ھاتووە: "ئەمیرۆ" مێرمنداڵێکی تەنیایە کە خەونەکەی سەفەر کردن بۆ
ئەو بەری کەنداوی فارسە. ئەو شووشوی بەتاڵ، قوتوو و شت گەلی لەم چەشنە
لە نێو زبڵ و خاشاکدا کۆ دەکاتەوە و دەیفرۆشێت و بە بۆیە کردنی پێڵاوی
بیانییەکانی دانیشتووی شاری ئابادان، ژیانی تێپەر دەکات. "ئەمیرۆ" وردە
وردە دەچێتە وانەی دەرسی شەوانە و فێری ئەلف و بێ دەبێت ... .
"ئەمیر نادری" لە ساڵی ١٩٨٦ی زایینیدا فیلمی "ئاو، با، خاک"ی بە تەوەری
منداڵان بەرھەم ھێنا و لە ئێران بە شێوەی گشتی نمایش کرا. لەم فیلمەشدا
"مەجید بروومەند" ئەکتەری دەوری "ئەمیرۆ" لە فیلمی "دەوەندە"دا دەوری
سەرەکی دەگێڕیت و توانی خەڵاتی گەورەی باڵۆنی زێڕینی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی "سێ کیشوەری نانت" لە ساڵی ١٩٨٥ی زایینی لە وڵاتی
فەڕەنسا، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوان لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی "سیدنی" لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی، خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی جیفۆنی لە
ساڵی ١٩٩٠ی زایینی، خەڵاتی یەکەمی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی "برۆژ"ی
بەلژیک و خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی "فۆکۆدا" لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی بۆ خۆی
مسۆگەر بکات.
سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و
مێرمنداڵانی ئێران بە دەبیری و بەرپرسایەتی "عەلیڕەزا رەزاداد" لە
رۆژانی ٨ تا ١٤ی مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٣٠ی ئاب تا ٥ی
ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا لە شاری
مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێ..
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|