په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢٥

چەند نامەیەکی رێکخراوەکان سەبارەت بە

تاوانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە

بۆ لایەنە پەیوەنددارەکان.

 


لە یادی ٣٧ ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە.


خوشکان برایان.. ئامادەبووانی خۆشەویست، هەموو لایەک بەخێر بێن.

٣٧ ساڵ لەمەوبەر، رژێمی بەعسی فاشی، یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە خەڵکی شاری هەڵەبجە ئەنجامد، بە چەکی کیمیاوی شاری هەڵەبجەی کیمیابارانکرد، هەڵەبجە بووە شاری زۆرترین قوربانی هاووڵاتی سڤیل لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئێمە لەم یادە غەمناکە و لەم یاداوەرییە تاڵەدا، بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی چەکی کیمیاوی کۆمەڵێک داواکاری دەخەینە بەردەم رای گشتی و حکومی:


١- پێویستە حکومەتی عێراقی بە فەرمی داوای لێبوردن لە قوربانیانی چەکی کیمیاوی و خەڵکی هەڵەبجە بە تایبەتی و هەموو قوربانیانی جینۆساید بە گشتی لە کوردستان بکات.
٢- پێویستە حکومەتی عێراقی قەرەبووی زیان لێکەوتانی چەکی کیمیاوی و جینۆساید بکاتەوە.
٣- پێویستە پشتیوانییە داراییەکان لە قوربانیانی چەکی کیمیاوی زیاد بکرێت و لیستی موچەکانیان ئاشکرا بکرێت.
٤- پشتیوانی لە هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ دادگاییکردنی ئەو کەس و کۆمپانیانەی چەکی کیمیاویان بە رژێمی پێشوو فرۆشتووە.
٥- پێویستە هەنگاوی پەلە بنرێت بۆ دادگاییکردنی هەموو ئەوانەی بەشداربوونە لە کیمیابارانکردنی هاووڵاتیانی سڤیل لە کوردستان بە تایبەتی و تۆمەتبارانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان بە گشتی.
٦- پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام بە داواکاری قوربانیانی خەڵکی شاری هەڵەبجە و قوربانیانی چەکی کیمیاوی لە کوردستان بداتەوە لە چارەسەرکردنی برینداران، دابینکردنی دەرمان بە خۆڕایی، بەجێ گەیاندنی ئەرکە ئابوورییەکانی لە دابینکردنی خانوو بۆیان، گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالکراوانیان و ناسینەوەیان، گەڕاندنەوەی منداڵە ونبووەکان و خێراکردنی رێکارە یاسایی و پشکنینەکانیان، زیادکردنی هاوکاری بریندارانی چەکی کیمیاوی..... هتد.
٧- پشتیوانی هەر هەڵوێست و داواکارییەکین کەسوکاری قوربانیانی شاری هەڵەبجە داوای بکەن.

لە کۆتاییدا سەری رێزو نەوازش لەم یادە تاڵە بۆ قوربانیانیانی شاری هەڵەبجە دادەنوێنین و یادو یادەورییان بەرز رادەگرین.


- رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
- تۆڕی رێکخراوە کوردستانیییەکان لهـ پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
- تۆڕی ئایکان کوردستان
- رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان
- رێکخراوی هەڵمەتی دادپەروەریی
- رێکخراوی جیهانی بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی
- هەڵمەتی ژیان دژ بە سێدارە لە کوردستان
- گۆڤاری تۆبزاوە
- رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان
- کوردۆساید ۆچ - چاک کوردستان

 

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------------


 

 

بۆ دووبارە نەبوونەوەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە، داوا دەکەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
 


٣٧ ساڵ لەمەوپێش رژێمی بەعس شاری هەڵەبجەو دەوروبەری بە گازی کیمیاوی کیمیاباران کرد، لە ئەنجامی ئەم تاوانە زیاتر لە ٥٠٠٠ هاووڵاتی سڤیلی ئەم شارە بوونە قوربانی و نزیک دە هەزاریش بریندار بوون، رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەکەی لە هەڵکشاندایە بەهۆی مردنی بەردەوامی بریندارەکانەوە.


ئێمە لە یاداوەری ٣٧ ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەد، لە پێناو دووبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە لە وڵاتەکەمان، داواکارین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی.


ئەگەر ئەم داواکارییەی ئێمە کە ٢٠ ساڵە دوبارەی دەکەینەوە ئەگەر جێبەجێ بەکرابایە، ئێستا کەیسی تاوانەکانی سنجار و دوزو شارو شارۆچکەکانی دیکە بە سانایی دەگەیشتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەکان بە جینۆساید لە سەر ئاستی جیهانی دەناسێننران، یاخود هەر رویان ناد، تاوانکارانیش لە سزا رزگاریان نابوو، بۆیە لەم یادەدا داواکارین:


- بە زوترین کات عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتیەوە، پێویستە پەرلەمانتاری کوردستان لە بەغدا بە پشتیوانی ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان کاری جدی بکەن بۆ ئەم مەبەستە.
- دۆسیەی بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ببێتە یەکێک لە خاڵەکانی گفتوگۆی لایەنە کوردستانییەکان لە گەڵ بەغداو هەر لایەنێکی دیکە.
- عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات و سەرۆک کۆمار لە بڕی وڵاتی بکەری تاوان ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.
-نابێت تاوانبارانی تاوانە مەزنەکان "ئەنفال، هەڵەبجە، بارزانی، فەیلی، ئێزیدی" لە سزا رزگاریان بێت و پێویستە قوربانیان قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێنەوە.
- پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی تاوانی جینۆساید و داگیرکاری کوردستان بداتەوە.

 


تۆڕی هاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
١٦\٣\٢٠٢٥

 

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 


لە رێگای بەڕێز قونسوڵی ئەڵمانیای فیدراڵ لە شاری هەولێر.


بەڕێز: سەرۆک کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ
بەڕێز: سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیای فیدراڵ
بەڕێز: سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئەڵمانیا
بەڕێز: باڵوێزی ئەڵمانیا لە کۆماری عێراق
بەڕێز کۆنسۆڵی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر

پاش سڵاو.


بە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ هاوشان لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و یابان و .... لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو رۆڵیان هەبوو لە فرۆشتنی بەشی زۆری چەکی کیمیاوی بە رژێمی بەعسی روخاو، ئەویش ئەو چەکانەی لە قەڵاچۆکردنی هاووڵاتیانی کوردستان بەکار هێناو ئاکامەکەشی دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی، نموونەیەکی دیاری تاوانەکانیش کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بوو کە لە رێکەوتی ١٦-٣-١٩٨٨ لە لایەن رژێمی بەعسەوە، هاوشان لەگەڵ شاری هەڵەبجە ٢٥٠ جاری دی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨ بەو چەکانە کیمیاباران کر، تا ئێستاش سەدان لەو قوربانیانە کە بە چەکەکانی ئەو وڵاتانە کیمیابارانکران بەدەم ئازارەوە دەتلێنەوە، ناوە ناوەش بە مردنی هەر یەکێکیان ژمارەی تازە دەخەنە سەر ٥٠٠٠ قوربانییەکەی چەکی کیمیاوی شاری هەڵەبجە، هەزارانی ناوچەکانی دیکە، هەر بەهۆی ئەو تاوانەشەوە شاری هەڵەبجە چووە پەرتووکی گینزەوە وەک یەکەم شار لە مێژووی مرۆڤایەتی زۆرترین قوربانی سڤیلی دابێت بە چەکی کیمیاوی لە مێژووی مرۆڤایەتی.


ئێمە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کۆبوینەتەوە، وێڕای ئەوەی سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین کە هەڵوێستی باشیان هەبووە لە مامەڵەکردنی مرۆڤدۆستانە لە گەڵ پەنابەرانی ئێزیدی و ناساندنی ئەو تاوانەی بەرامبەریان کراوە بە جینۆساید و دادگاییکردنی تاوانبارانی داعشی تیرۆریست و هاوکاری پێشمەرگە لە شەری دژ بە تیرۆریستان، وە ئەڵمانیا رۆڵی پێشەنگانەی هەبووە لە بەرەو رووبوونەوەی مێژووی رابردووی خۆی لە ئاستی جیهانی، هاوکات وەکو ساڵانی رابردوو چەند داواکاری سەرەتایی دوبارە دەخەینەوە بەردەست ئێوەی بەڕێز، کە بۆ چەندین ساڵە داوایان دەکەین، بە داخەوە بۆ جارێکیش وەڵامتان نەداینەوە، داواکارییەکانیش ئەوەندە زۆرو گەورە نین ولاتێکی وەک ئەڵمانیا نەتوانێت جێبەجێیان بکات، هیوادارین ئێوەی بەڕێز بە رۆڵی مرۆڤدۆستانەی خۆتان هەڵبستن لە پشتیوانیکردن لەم داواکارییانەو نەفرەت لەو مێژووە ناشرینەی رابردوو بکەن کە بە چەکی کیمیاوی کۆمپانیاکانتان بەشداریتان کرد لە لە تاوانەکە وەک زۆر وڵاتی دیکە لە جیهان، دیارە ئەڵمانیا وڵاتێکی پێشەنگە لە رۆژئاواو جیهان لە قەرەبووی قوربانیان و داوای لێبوردنکردن " هۆلۆکۆست، نامیبی، ئەرمینیا" داواکارییەکانمان بریتین لە:


- حکومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی دان بە تاوانەکانی جینۆسایدی کورددا بنێت وەک جینۆساید، کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی دانی پێدا ناوە، هاوکات تاوانی جینۆسایدی ئێزیدی و کریستانەکان و شەبەک کە هێزی تیرۆریستی داعش ئەنجامی دا.
- حکومەتی ئەڵمانیا بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی ئازاری بریندارانی چەکی کیمیاوی لە کوردستان بە چارەسەرکردنی بریندارەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا.
- لە بری ئەوەی رۆژانە ڤیزا دەدەن بە بارزرگانان و دەوڵەمەندان و بەرپرسانی ئەم وڵاتە و کارئاسانیان بۆ دەکەن بۆ گەشتکردن، ڤیزا بدەن بە بریندارەکانمان بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی لە وڵاتەکەتان، وە وەک قەرەبوییەک ژمارەیەک کورسی خوێندن بۆ منداڵانی برینداری کیمیاوی لە زانکۆکانتان تەرخان بکەن.
- پزیشک و دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری برینداران دابین بکەن.
- وەک چۆن تاوانبارانی داعش ددگایی دەکات، هەمان هەنگاو بنێت بۆ بە دادگایی گەیاندنی تاوانبارانی تاوانی ئەنفال، هەڵەبجە، جینۆسایدی بارزانییەکان، جینۆسایدی کریستان و شەبەک و کاکەیی و... داداگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانەی چەکی کیمیاویان فرۆشتووە بە رژێمی پێشووی عێراق، بۆ ئەم مەبەستە لە ئاستی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەنگاو بنێت.


- رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
- تۆڕی رێکخراوە کوردستانیییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
- تۆڕی ئایکان کوردستان
- رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان
- رێکخراوی هەڵمەتی دادپەروەریی
- رێکخراوی جیهانی بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی
- هەڵمەتی ژیان دژ بە سێدارە لە کوردستان
- گۆڤاری تۆبزاوە
- رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان
- کوردۆساید ۆچ - چاک کوردستان

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک