په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٤\٢٠٢٥

   چەند قەسیدەیەکی خۆشەویستی بۆ ''خیومار''.*

 

 

 

ئەنتۆنیۆ ماچادۆ**

و: نەژاد عەزیز سورمێ

(١)
نەمزانی
ئەوەی لە دەستتە
لیمۆیەکی زەردە
یا تاڵی هەتاوە خیومار!
لێوەکانتم لە تاڵە زێڕینەکاندا بینی
بۆم زەردەمسکە دەبنەوە..

لێم پرسی چیم دەدەیێ
ئەو دەمەی دەستەکانت ‌لە میوەیەکی
بێستانی گەشاوەدا دەیچنن
یا ئێوارە وەختە ئارامە بۆشەکان؟
یا ون بوونی زێڕین؟
یاخود ڕەنگە ‌وێنەیەک بێ لە ئاوێکی وەستاو
یان بە سووتانی چیایەک بۆ ئەوی دی
زەردە دەپەڕێ؟

ئایا خۆشەویستی،
تاڵی خۆرئاوایێ
لە ئاوێنە ڕەنگپەڕیوەکاندا دەشکێنێ؟

(٢)
خەونم پێوە دیتی خیومار
لە باخچەکەتدا بووی!
ڕووبارت بە ژێردا دەڕۆیشتن
تۆ لەو باخچەیەتدا بووی
کە ڕۆژگارێکە
بە تامانی ئاسنینی ساردەوە
دەورە دراوە..
چۆلەکەیەکم بینی تەنیا
بە نەرمی بەسەر درەختی (ئالمیس) ەوە
لە دەم ڕووباری پیرۆزەوە
کە تینوویەتی و سەرچاوەی تێدا
لە تینوویەتیان دەجریوێنێ..
لەو باخچەیەدا خیومار
باخێکی دی لە یەکگرتنی دڵەکانمان
لەدایک دەبێ..
کاتمان
لە ناویەکتردا دەتوێنەوە
پێکەوە هێشووی خەون
لە قەدەحی بێگەردماندا
دەگووشین
ئیتر چیرۆکی دووانەمان لەبیر دەکەین
یەکەمیان
(لەبارەی پیاو و ژنێک
کە وەک ئاسک و شێر وان
هاتوون پێکەوە بخۆنەوە
ئەوی دی دەڵێ:
خۆشەویستی بەختیاوەر نییە
دوو تەنیاییە لە تەنیاییەکدا)

شاعیرەکە بیرت لێ دەکاتەوە خیومار!
ماوەی بەینیشمان
لە لیمۆ و وەنەوشەیە
کێڵگەکان هێشتا کەسکن
وەرە لەگەڵم خیومار!
چیا لە هێللانەوە بەرەو لێڕی داربەڕوان
قووتمان دەدا..
ڕۆژ لە ڕۆیشتنیدا ماندوو دەبێ
شەمەندەفەری ئێمەش دەڕوا
بێدەنگی لەگەڵ ڕۆژدا هەڵدەلووشێ
ڕیتم بەرەو سێبەر دەبزوێ و
(خوادامارا) یش
ڕەنگی زێڕینی ون دەکا
چوون شازادە و عاشقەکەی
پێکەوە هەڵدێن و
مانگیش هەناسەسوار بە دوایانەوەیە..

شەمەننەفەر بزر دەبێ
لە جەستەی شاخ دا فیشکەی دێ..
خاک نەزۆک و ئاسمان بڵیند
لە پشت چیای گرانێت و
پشت چیای بازڵت
ئەوەتا دەریای دیماهی نەهاتوو
با پێکەوە بڕۆین
ئەوە ئازادییە.

(٣)
لە فارغۆنی شەمەننەفەرەکەوە بۆت دەنووسم
لە کاتی ژووانی وەهمیدا
کە تەلان پەلکەزێڕینە لە بادا دەشکێنێ و
خەمیشی بەسەر پشتی چیاوە دەقەڵشێ..
خۆر و زەنگەکان لە قوللە کۆنەکانیانن
ئای لەو بانگی شێوانە هێمن و بژوێنە
ئای لەو ئێوارە منداڵانەیەی
شاعیرەکەت خۆشی‌ویست
ئای لەو ڕۆژە... ڕۆژی گەنجی
کاتێ جەستەیەک بووم
لە ڕەنگی گوڵان لە کەناریدا.

_________________________________________
* لە ماڵپەڕی (دیوان العرب)ەوە کراوە بە کوردی.

** ئەنتۆنیۆ ماچادۆ: شاعیری ئیسپانیایی ١٨٧٥ لە ئەشبیلیا لە دایک بووە، ١٩٠٣ یەکەم کۆشیعری بڵاوکردووەتەوە کە بە قەڵەمبازێک لە شیعری ئیسپانیایی لە قەڵەم درا. لە ١٨٩٨ کۆشیعری دووەمی لە ئەندەلووس بڵاو دەکاتەوە دەگووترێ بە شاعیرانی ئەندلووسەوە کاریگەر بووە، هەروەها بە (ئیبنی عەرەبی).

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک