په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠٢٢

    چەند رەهەندی رەها!

دارا خونچە

لە دوا دیدەنییم لە باخچەی

ماڵ یەکسانیی

وەل ئازادیی واژۆمانکرد؛ ١

ئیدی هەمیشە بێ ترس..

          بە بێ پرس

          تا دوا لووتکەی سۆز و ئەوین

          تا ئەوپەڕی بەرزاییەکانی دەربڕین

                 لە باوەشی یەکدی بنووین؛

خامەخوارانی بەردەرکی مەیخانان و

باخچەی پشتەوەی تەلاری ماڵ خودانێ ٢

بە کۆشێ پەیڤی جوان جوان و شیرینەوە

کردیانە یەک گەڕەلاوژێ و داڕسانێ: ٣

   - هەرگیز ناکرێ دەنگ هەڵببڕی    

     تەنانەت ناشێ وە دڕکیش بێژی تیژی!

     چون ئازادیی خۆی رەهایە و

     لە گوڵێ کاڵتر لە لێوانی داناچۆڕێ!

     *     *     *

لەسەر خوانی ئازادییدا

لە باوەشی ئەڤینداریی و ئاسوودەیی

         ئارام ئارام

         جوانییەکانمان گوڵوەچنێ کرد؛

گۆتیان: ''ئەی ئەی.. وەی لەوانە

ئەی لەو بێ دینە قوزکەش و موونەرمانە

وەی لەو عفریتە قوزفش و بێ ئاوڕووانە

  کوو رەوشت و دین و داب و دادستانیان

  لێ خراو کردین! ٤

        (خوا!)یە گومڕا و

               سەرگەردان و نغرۆیانکەی''!

     *     *     *

وەل ئازادیی

لە جوانیی گوڵ و گوڵزار و               

دار و درەختی باخچەی ماڵی پاشا دەدواین؛

توندئاژۆیە وە ناو ئازادییخوازەکان

هەڵیاندایێ:

- نا نا هەرگیز.. هەرگیز نەکەی

  باخچەی پاشا وە خوێنی مە ئاودێر کرایە

  دەبی بە تیزاب بیسوتێنین

         دەگەڵ زەوی تەختی بکەین

                  تاکو هەرگیز نەژیێتەوە!

     *     *     *

هێییی ئازادیی..

داخۆ کەنگێ نەمانگەرەکە روات کەین.. ٥، ٦

            لە چارچیوەی رامیاربازیی

                        سندمت کەین؟! ٧

___________________________________________

١- وەل: لەگەڵ، لەتەک.

٢- خودان: خاوەن، بەخێوکەر.

٣- داڕسان: هێڕشکردنەسەر وە قسە یان وە لێدان..

٤- خراو: خراپ.

٥- داخۆ: ئاخۆ.

٦- کەنگێ: کەینێ، کەی.

٧- سندم: کۆت، پێوەند، بەستنەوە وە زنجیر یان وە پەت.

 

سەرەتای ٢٠٢٢ - هەولێر

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک