په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

چەند ڕێنومایى و ئامۆژگارى پێویست بۆ ژنان.


ئا: کەژاڵ عەلا


لەگەڵ ڕوودانى گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکاندا لەجیهان ، ژنان زیاتر لەڕابووردوو پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و بەردەوام لە هەموو گۆڕەپانێکدا بەشداریدەکەن و پلەو پایەیان بەرز و دیارە. ئەمەش جگەلە ئەنجامدانى کارە سەرەکیەکانى خۆیان. لەنموونەى هاوسەردارێتى و دایکایەتى و بەڕێوەبردنى ماڵ و پەروەردەکردنى منداڵ و نەوەکانى دواڕۆژ، ژنان چالاکانە هاتوونەتە مەیدانەکانەوە وەک: ئابوورى، کۆمەڵایەتى، زانستى، سیاسی و..هتد..


ئاشکرایە لە ناو کۆمەڵگەى باوکسالاریدا ژنان زیاتر لەجاران چاوەڕوانى لێئەکرێت و ئەمەش تا ڕادەیەک بارێکى گرانە بەسەر شانى ژنانەوە، هەربۆیە پێویستە ڕیکخراوە فێمێنیستیەکان زیاتر خۆیان ماندووبکەن و ڕۆڵى سەرەکى ببینن بۆ هووشیارکردنەوەى ژنان لە بوارە جیا جیاکاندا، تا ژنان کەمتر و کەمتر دووچارى سترێس و گوشارى کێشە و کێشمەکێشى کۆمەڵایەتى و کۆمەڵگە ببنەوە. چونکە هەرجۆرە سترێسێک بۆى هەیە کاریگەرى هەبێت بۆ توشبوون بەنەخۆشى دەرونى و نەخۆشیە جەستەییەکان. لەبەر ئەوەى ژنان بەهۆى زۆرى ئیش و کارەکانیانەوە یا چالاکی کۆمەڵایەتی و ئابوورى ناتوانن بەشێوەیەکى شیاو پێشبکەون. هەربۆیە ژنان پێویستە بۆ بەرنامەکانى داهاتوویان بەباشى ئاگایان لە سەلامەتى و تەندروستى خۆیان بێت.


لەم بارەیەوە بەباشمان زانى هەندێ ئامۆژگارى پێویست بخەینەڕوو:

1. بەدواى کەماڵدا مەگەڕێ: لەبەر ئەوەى کە ژمارەیەکى زۆر ئیشوکارى جۆراو جۆرت لەسەر شانە هەوڵى ئەوە مەدە کە هەموو ئیشەکانت بەشێوەیەکى زۆر باش ئەنجام بدەیت. چونکە وزە و تواناکانى هیچ مرۆڤێک ئەوەندە زۆر نیە کەتۆ بتوانیت لەیەک کاتدا کەیبانوویەکى باش، دایکێکى نموونەیى،هاوسەرێکى شایستە، وەرزشکارێکى چالاک، کارمەندێک یاخود قوتابیەکى سەرکەوتووبیت...باشتر وایە هەمیشە لەفیکرى ئەوەدا نەبن بۆدەستەبەرکردنى کەسایەتیەکى نموونەیى لەهەمووبوارە جیاجیاکانى ژیاندا، بەڵکو ئەوەندەى کە لەتواناتاندایە هەوڵبدەن و ووریاى تەندروستیتان بن، چونکە سەلامەتى لەسەرو هەموو شتێکەوەیە.

2. لەنێوان ئەو کارانەى کە بەرپرسیارى لێى یەک یا دوو دانەیان هەڵبژێرە و کە لەهەموویان زیاتر گرنگە بەلاتەوە هەوڵبدە وزەى زۆر لەوانەدا بەکاربهێنە.

3. هەمیشە گرنگى بدەبە کارەسەرەکیەکانت و ئەولەویەتى خۆت بگۆڕە. چونکە لەهەر سەردەمێکدا واپێویست دەکات گرنگى بدرێت بە کارى سەرەکی. بۆنموونە: لەسەرەتاى پێکەوەنانى ژیانى هاوسەرداریدا زیاتر هەوڵبدە بۆ بەختیارى ژیان، تا لەسەر بنچینەی خۆشەویستى و ڕێز و لێک تێگەیشتنەوە ژیانێکى ئاسوودە بنیات بنێیت. ڕێگەنەدەیت سترێس و گومڕایى ئارامیت لێ بشێوێنێت. زەمەنێک کەمنداڵێکى بچکۆلانەت هەیە تا منداڵەکەت گەورەتر دەبێت، باشتروایە زیاتر ئەولەویەت بە ڕۆڵى دایکایەتى بدەیت، گرنگى کەمتربدەیت بە کارى کۆمەڵایەتى و سیاسى و زانستى...

4. ئەوە لەبیر نەکەیت کە تۆ مرۆڤێکیت وەک هەر مرۆڤێکى تر، حەز و ئارەزوو ئامانجێکى تایبەت بەخۆت هەیە و ئەم ئارەزووانە ڕاستەوخۆ یەکێکە لەوشتانەى کە تۆ پێویستە ڕۆڵی تێدا ببینیت. لەبەر ئەوە پێویستە بەووریاییەوە ئەوشتەى ئەتەوێت بەدەستى بێنیت و بەرنامەیەکى گونجاوى بۆ دابڕێژە.

5. کەسایەتى خۆت بەهۆى ئەو کارانەى کەئەنجامى دەدەیت بەکەم مەنرخێنە. هەندێک لە ئافرەتان نرخى خۆیان لەسەر بنچینەى ئەو کار و چالاکیانەى کە ئەنجامى دەدەن هەڵئەسەنگێنن. ئەگەر بێت و ئەم کارانەى بەباشى ڕا نەپەڕێنێت ئەوا ئەکەوێتە سەرزەنشت کردنى خۆى و هەست بەکەمێتى خۆى ئەکات. ئەمە لەکاتێکدا یە نرخى هەر مرۆڤێک زۆر زیاترە لە هەمووئەو جۆرە کارو چالاکیانەى کە ئەنجامیان دەدەین. چونکە مرۆڤ لەهەر پلەوپایە و مەقامێکدا بێت هەر بەنرخە. ئەگەر باوەڕ ت بەمەش نیە ئەوا ئەتوانیت لەکەسانى نزیک بەخۆت ببپرسیت کە بوون و نەبوونى تۆ تا چ ڕادەیەک لەلاى ئەوان گرنگ و بەنرخە.

6. وەرزش ئەنجام بدە. چونکە گرنگترین چالاکییەکانى کە ئەتوانێت تەندروستیت بپارێزێت وەرزشە. ئایا وەرزش ئەنجام دەدەیت؟ ئەگەر نا باشتر وایە لەمبارەیەوە بیر بکەیتەوە و بەرنامەکانى ژیانى خۆت بگۆڕیت.

7. خواردنى باش هەڵبژێرە. یەکێک لەباشترین ڕێگاکان بۆ باشترکردنى تەندروستى لەش خواردنى تەندروست و باشە وەک لەم خاڵانەى خوارەوەدا دەست نیشانمان کردوون:
مادەى خۆراکى تازە و تەندروست بەکاربێنە.
چەورى و خوێ و شەکر و نیشاستە کەم بەکاربێنە.
سەوزە و میوە زۆر بەکاربێنە.
بەروبوومەکانى شیر و گۆشتى سوور و خۆراکى دەوڵەمەند بە پڕۆتین بەشێوەیەکى گونجا و بەکاربێنە.
لەکاتێکى دیاریکرا و ڕێکوپێکدا نان بخۆ.
ژەمەکان تەرکمەکە.


8. لەگەڵ خەڵکدا بەشێوەیەکى گونجاو پەیوەندى کۆمەڵایەتی بەجێبێنە. پەیوەندیەکەتان با نەزۆربێت نەکەم. هەرگیز دوورەپەرێزى مەکە چونکە تەنهایى زۆربەى کات ئەبێتە هۆى دروستبوونى سترێس و خەمۆکى. هەربۆیە با شتر وایە چەند سەعاتێک لەکاتى خۆت دابین بکەیت بۆ میواندارى و پەیوەندى لەگەڵ کەسوکارو هاوڕێکانتدا، بەڵام بەشێوەیەکى سادە و ساکار نەک ڕەسمیات کە ببێتە هۆى ماندوێتى و وزەسەرفکردنێکى زۆر و زیانى لێبکەوێتەوە.

9. هەوڵبدە جاربەجارێ بچیتە سەیران و گەشتوگوزار، لە سەیرى سروشت چێژ وەربگرە.

10. زۆربەى کاتەکانت هەوڵبدە خۆت سەرگەرم بکەیت بەشتێکەوە لەنموونەى: موتاڵاکردن، چنین، وەرزش،دورومان، ئیشى هەویر، وێنە کردن، خواردن لێنان، گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوڕێیەکتدا...تابتوانیت شادمان بی و بەدووربی لەخەیاڵاتى پڕوپوچ.

11. بۆ هەندێک لە کارەکانت داواى یارمەتى بکە لەکەسانى شایستە و باش. چونکە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت کەسێکى تەواو بێت.

12. خۆت بەدووربگرە لەڕق و کینە. هەرگیز ئەوە لەیاد مەکە کە ژیان مەیدانى ئەسپ سوارى نیە کە مرۆڤ تیایدا پێشبڕکێ بکات، بەڵکو مەیدانى ژیان مەیدانی خەبات و ململانێکردنە لەگەڵ بابەتە هەنووکەییەکان و کێشە جۆراو جۆرەکانى ژیان. هەرمرۆڤێک بەردەوام بریتیە لە کەسێکى تایبەت بە خۆى و جیاواز. لەبەر ئەوە باشتر وایە گرنگى بدەیت بەژیانى تایبەت بەخۆت و لەو ڕوەوە هەوڵەکانت بخەرە گەڕ. ئاشکرایە ڕقەبەرایەتى لەگەڵ خەڵکدا کارێکى ناشایستە و پڕوپوچە. بۆ ئەم کارەش تەنها شارەزایى و ڕۆشنبیرى خۆت ئەتوانێت یاریدەدەرتبێت، تابتوانى خاوەنى دڵێکى پاک و لەخۆبووردووبیت.

13. چوارچێوەى مەعنەوى و تواناکانى خۆت ڕێکبخە. تا بتوانیت بەشێوەیەکى سەرکەوت و بڕیارى خۆت بدەیت لە کاروبار و هەموو جۆرە ڕەوتێکى ژیاندا دووچارى وەسوەسە و نیگەرانى و دڵەڕاوکێیەک نەبیتەوە لە بڕیارەکانتدا و کەسێکى سەرکەوت و بیت لە بەرنامەکانتدا.

14. پێکەنین لەیاد مەکە. هەوڵبدە هەمیشە کەسێکى دەم بەپێکەنین و ڕووخۆش بیت. چونکە پێکەنین زۆر لەنەخۆشیە دەروونیەکان ئەپەڕێنێت و سەر و سیمایەکى جوانت پێئەبەخشێت.

ئەوەشتان لەبیر نەچێت کە تەنها خۆت بەرپرسیاریت لە ژیانى تایبەت بە خۆت و هەر خۆشت ئەتوانى سەرکەوتوانە ژیانێکى ئاسودە و بەختەوەر و بەتەندروست بۆخۆت دابین بکەیت.

سەرچاوە: سایتى زنان