چه‌ند ڕۆژێکه و که‌رکوکمان له‌ده‌ست ده‌چێ ئه‌و کاته‌ی سوار چه‌ند جارێک ده‌گلێت و نابێت به سوار ، چی بکه‌ین ؟؟؟
هێمن ڕه‌ئووف
ئێمه‌ی کورد له هه‌موو زه‌مه‌نێکدا له پێش سته‌مکاری و دڵڕه‌قی داگیرکه‌ران ، قوربانیی ده‌ستی نه‌زانی و بێبه‌هره‌یی سه‌رکرده و سه‌رانی ئیداری و سیاسی گه‌له‌که‌مان بووین . له دوای ئه‌و هه‌موو نسکۆ و قوربانیدان و شه‌هیدبه‌خشین و کیمیاباران و ئه‌نفال و سوکایه‌تییه‌ی به مرۆڤی کورد کرا ، له سه‌کۆی ڕاپه‌ڕینه‌وه هه‌تا ڕوخانی ڕژێمی عه‌فله‌قی به‌عسی خوێن‌ڕێژ ، تاکه داوا و تاکه ئامانجێک که گه‌ل و هاونیشتیمانیانی کوردستان له سه‌رانی کوردیان خواست ، ته‌نها سه‌ندنه‌وه‌ی ناوچه داگیرکراوه‌کانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی باشوری کوردستان بوو، له‌و کاته‌وه ناوی ( که‌رکوک ) بوو به نازناوی ئه‌و داوا ڕه‌وایه‌ی خه‌ڵکی کوردستان . به‌ڵام ئه‌وه‌تا سه‌رانی کورد هه‌ریه‌که به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی ئاشنا بووه و گومڕا و بێ‌ئاگا له ئاست جه‌ماوه‌ر و بێهه‌ڵوێست له ئاستی ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکی قوربانی کوردستاندا هات بێخه‌م ده‌ژین . ئه‌وه‌تا بێ شه‌رم و سڵه‌مینه‌وه له مێژووی خۆیان له به‌ڵێن و په‌یمانێک که به خه‌ڵکی کوردستانیاندا سازش له‌سه‌ر که‌رکوکێک ده‌که‌ن که به درێژایی زه‌مه‌ن به هۆی کوردبوونی خه‌ڵکه‌که‌ی خوێناویه .
تاڵه‌بانی سه‌ردانی تاوانبارانی ئه‌نفال ده‌کات له به‌ندیخانه‌کان و بارزانی بۆ چاک کردنی ددانه‌کانی، وڵات له ناسکترین کاتدا جێده‌هێڵێ !!!!!!
ئه‌مانه بوون ئێمه‌ی خه‌ڵک جڵه‌وی ئه‌م ئه‌سپه‌ی ده‌سه‌ڵاتمان دایه داستیان ، ئه‌مانه بوون بۆ هێنانه‌وه‌ی که‌رکوک و بۆ ڕێز لێنان له قوربانییان و بۆ باشکردنی گوزه‌رانی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان ڕاسپێردران و کرانه پێشڕه‌و . به‌ڵام کاتێ له‌و ئاسته‌دا نابینرێن و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ئامانجیانه ئێمه چیبکه‌ین؟ کاتێ به‌عس ئاسا ده‌زگای سه‌کوتکه‌ر و به‌ندیخانه‌ی ئازادی و ده‌مکوتینه‌وه‌ی ده‌نگه به‌رز و هه‌قه‌کان ده‌که‌ن به پڕۆژه ئێمه چیبکه‌ین ؟ کاتێک هه‌ژاران چینی چه‌وساوه و قوربانیی ده‌ستی زۆرداران و زه‌نگینه‌کانی ده‌وری ده‌سه‌ڵات بن ئێمه چیبکه‌ین ؟
ئایا کاتی ئه‌وه نییه ئیتر جه‌ماوه‌ر ئه‌و متمانه‌یه له‌و ده‌سه‌ڵاته بێئه‌زمون و بێبه‌هره‌یه بستێنێته‌وه ؟ ئایا ریسواکردنی ئه‌و سیاسه‌ته چه‌واشه‌کارییه‌ی که هه‌وڵی کپکردنی ده‌نگی سروشتیی دیلێتی مرۆڤی کورد ده‌دات پێویستییه‌کی هه‌نوکه‌یی نییه ؟ ئایا رازی کردنی مرۆڤی کورد به مانه‌وه له وڵاتێکی ژه‌هراوی و له جه‌نگ درووست بوو تاوانێکی کوشنده‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گومڕایه نییه ؟
ئه‌ی چیبکه‌ین بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یران و له‌م شه‌پۆلی نه‌هامه‌تیه نوێیه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار و نه‌داری کورد چاوه‌ڕوانی ده‌کات ؟
پێویسته : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چیتر سه‌رانی کورد گوێ بۆ داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ناگرن و ته‌نها مه‌رام و سیاسه‌تی حیزبی و خانه‌واده‌یی خۆیان جێبه‌جێ ده‌که‌ن ، پێویسته شه‌پۆلێکی مان گرتن و ڕێگرتن له‌م سیاسه‌ته چه‌وت و نه‌زانانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بگیرێت . پێویسته ڕۆشنبیران سه‌رقافڵه‌ی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه سپییه بن بۆ ده‌ربازبوون و هاتنه ده‌ره‌وه له‌م قه‌یرانه نوێیه . بۆیه ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه له ناوه‌وه‌ی کوردستان جه‌ماوه‌ر بێده‌نگ نه‌بن . پێویسته خوێندکاران و قوتابیان، خوێندنگا و په‌یمانگا و زانکۆکان جێبهێڵن و فه‌مانبه‌ران ئاماده‌ی کارکردن نه‌بن و کرێکاران ده‌ست له چه‌کوش هه‌ڵگرن و جوتیارانیش زه‌وییه‌کانیان جێبهێڵن . پێویسته کاسبکاران ده‌ڕابه‌ی بازاڕ و دوکانه‌کانیان دابخه‌ن و هه‌موو ده‌ست له ناوده‌ست ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌ئاگا بهێننه‌وه و ڕازی نه‌بن به سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته لاوازه‌کانیان . پێویسته چیتر ئاماده نه‌بن به‌م هێمنییه ئاوا ماف و داخوازییه‌کانی خه‌ڵک هه‌رزانفرۆش بکرێت !!
ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه جه‌ماوه‌ر به تێکڕای ژن و پیاو گه‌نج و پیر و منداڵ و مێرد منداڵ ماڵ‌و حاڵی خۆیان به‌جێ بهێڵن و سه‌ر شه‌قامه‌کان بته‌نن . پێویسته ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی به‌ر له مردنی که‌رکوک جه‌ماوه‌ر حاڵه‌تی نائاسایی له وڵات‌دا رابگه‌یه‌نێت . پێویسته چیتر ڕازی نه‌بن به‌و هه‌موو بێحورمه‌تییه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به که‌رامه‌ت و قیه‌م و داخوازییه‌کانیان ده‌کات . په‌یوه‌ست بوون و خۆبه‌ستنه‌وه به‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌ناو دواکه‌وتوویی و ململانێی ناوخۆیی و خۆخۆریدا ده‌مان هێڵێته‌وه بۆیه پێویسته بۆ ساخ کردنه‌وه‌ی مرۆڤی کورد هه‌وڵی درووست‌کردنی ده‌سه‌ڵاتێکی ڕاست و ساخ بده‌ین.
ئه‌وا له کارێکی دزێوی تری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا ، یاسایه‌ک که توندوتیژی به‌رقه‌رار ده‌کات له بواری ڕاگه‌یاندندا ، که سه‌رکوتکردنی ڕای ئازاد و ڕه‌خنه‌ی بوێرانه‌یه ، جارێکی تر بۆ گه‌مارۆدانی ڕاو بۆچونی جه‌ماوه‌ر سه‌نگه‌ر له میلله‌ت ده‌گرن . په‌سه‌ند کردنی یاسای ڕۆژنامه‌وانان که په‌رله‌مانی خه‌وتوی کوردستان بریاری له‌سه‌ر داوه پێویسته به‌رپه‌رچی بدرێته‌وه و بێده‌نگ نه‌بین له ئاستیدا . ئه‌مڕۆ ڕۆژی هه‌ینی ١٤\١٢\٢٠٠٧ له سلێمانی و هه‌ولێر خۆپیشاندانێکی ڕۆژنامه‌وانان ئه‌نجام ده‌درێت ، پێویسته جه‌ماوه‌ر به تایبه‌ت خوێندکاران و لاوان پشتگیرییه‌کی سه‌رانسه‌ری بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕینی ڕۆژنامه‌وانان به‌یانبکه‌ن . پێویسته هه‌موو هه‌ڵوێستو تواناکان له هه‌موو بواره‌کاندا بخرێنه‌گه‌ڕ بۆ ڕێگرتن له‌م گومڕاییه‌ی ده‌سه‌لات . پێوسته جه‌ماوه‌ر بایکۆتی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنه‌کانیان بکات و چیتر ئاماده نه‌بن وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی خۆیان سه‌یریان بکه‌ن .
دواتر داواکارم له گه‌نجان و لاوان له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌و کوردستانه ، به تایبه‌تی گه‌نجانی که‌رکوک ، که به‌یه‌کگرتووی به‌ر له گۆڕه‌وشارکردنی کێشه‌ی که‌رکوکی خوێناوی هه‌ستن و ئاماده نه‌بن ئه‌م زه‌مه‌نه به‌م هێمنییه به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕێت . ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه بێده‌نگ نه‌بین و هه‌ستین و کۆشش بکه‌ین . ئه‌و ئارامیه کوشنده‌یه‌ی باڵی کێشاوه به‌سه‌ر کوردستاندا داهاتومان لاواز و لاوازتر ده‌کات . له گۆڕنان و سه‌رنانه‌وه‌ی کێشه‌ی که‌رکوک تاکتیکه‌کان و دوباره‌بوونه‌وه‌ی به‌یانی ١١ی ئازار ی به دواوه‌یه . با ڕێگا نه‌ده‌ین جارێکی تر عێراقێکی به‌هێز کوردستانێکی قوربانیی خوێناوی بکاته‌وه . ده‌هه‌ستن ئه‌ی خه‌ڵک .. له ماڵ و خوێندنگا و جێگای کار و فه‌رمانگه‌کاندا بێنه‌ده‌ره‌وه و پێکه‌وه بۆ که‌رکوک به‌یه‌ک ده‌نگ بانگی ئازادبوونی که‌رکوک بده‌ن .
14.12.2007
|