په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٣

چەند سەرنجێک دەربارەی وتەکانی رابوون مەعروف.

لاوژە ماهیە      


رابوون مەعروف - پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان سەر بە لیستی بزووتنەوەی گۆڕان، لە سەر دیواری لاپەڕەی فەیسبووکی تایبەتی خۆی وتارێکی بڵاوکردۆتەوە بۆ بەرگرییکردن لە بزووتنەوەی گۆڕان و (ثوابت)ەکانی ئاینی ئیسلام و بە شێوەیەکی هیستریایی پەلاماری ئەو کەسانە دەدات کە ڕەخنە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگرن.


رابوون دەڵێت: کەسانێک پەیدابوون کە هیچ لە ئاین و ئیسلام شارەزا نین خۆیان لە جیاتی زانا و شارەزاکانی بواری ئاین و ئیسلام (ثوابت)ەکان دیاریدەکەن و ئینجا هێرش دەکەنە سەر ئاین. من لێرە بە بەڕێزیان دەڵێم: یەکەم تێگەیشتن لەو کۆیلایەتییە کە دابونەریتی ئاینی ئیسلام سەپاندویەتی بە سەر ئێمەی ژندا، پێویستی بە خوێندنی ئاکادیمی و قوڵبوونەوە لە فەلسەفە نییە، ئێمە بە درێژایی تەمەنمان بە رووح و جەستەمان رامانکێشاوە. رابوون دەبێت دڵنیا بیت لەوەی کە ئەو قۆناغە تێپەڕ بووە کە مەلای گوندەکان هەموو خەڵکیان بە گەمژە و نەخوێنەوار دەزانی لە خۆیانەوە ئایات و حەدیسیان دروست دەکرد.

 

١- ئیسلام و (سەوابتەکانی - شتە نەگۆڕ و جێگیرەکانی) من بە کەم ئەقڵ و لاواز دادەنێت.

٢- لە شاهیدیی و میراتدا من و خوشکەکەم بەرامبەر بە برایەکم دادەندرێین.

٣- ڕێگا بە هاوسەرەکەم دەدات لە هەمانکاتدا ژنێکی تریشی هەبێت.

٤- لە سورەی نیساء ئایەتی ٣٢ دا دەڵێت (الرجال قوامون علی النساء)، واتا پیاوان باڵادەستن بەسەر ژنانەوە. من خۆم بە لاوازە کەم ئەقڵ نازانم، ڕێگا نادەم لە هەمانکاتدا هاوسەرەکەم ژنێکی تری هەبێت، بە مافی خۆمی دەزانم کە وەک مرۆڤێکی تەواو شاهیدیی بدەم وە هەقی میراتم هەبێت و ڕێگا نادەم هیچ کەس بەسەر من باڵادەست بێت بۆیە بۆ من ئەوەندە بەسە کە نەتوانم ئیسلام قبوڵ کەم و پێویستم بەوە نییە کە زیاتر بزانم.


لە شوێنێکی تردا دەڵێت: خاڵێکی سەرنج راکێش لەم بابەتە ئەوەیە کە کەسانێک کە کاری سەرەکیان بازرگانی کردنە بە کێشەی ژنانەوە و لە بنەڕەتەوە کەمترین خەمی ژنانی کوردیان هەڵنەگرتوە (بۆ نمونە لە پاریس و شارەکانی ئەوروپا دەژین و بە پشتگیری سەرکردە دەستڕۆیشتوەکانی پارتی مووچەی بە ناحەق وەردەگرن - واتە لە گەندەڵییەوە گلاون - یان لە وڵاتەکانی ئەوروپا پاڵیان لێداوەتەوە و بە سۆشیال دەژین بەڵام دژی پرۆژەی گۆڕان سەبارەت بە مووچە بۆ کابانی ماڵ دەنووسن - واتە دژی مافی سەرەتایی لەشکرێک ژنی کوردستانن .. تد.).


باس لە وەرگرتنی سۆشیال و لە گەندەڵی گلانەوە دەکات، من پێموانییە سۆشیال وەرگرتن تاوان بێت، من پێموایە بەڕێزیان لەم خاڵەدا سووکایەتی بەو کەسانە دەکات کە سۆشیال وەردەگرن، سۆشیال بۆ ئەو کەسانەیە کە بە هەر هۆیەکەوە بێت ئیشیان دەستناکەوێت یان ناتوانن کار بکەن و بۆ ماوەی کاتیی یان بە بەردەوامی بژێوی ژیانی خۆیان پێ هەڵناسوڕێت، وەک سیستەمێکی هاوکاری یەکتری وایە و لە کاتێکدا من کاردەکەم و باج دەدەم کەسێک کە ناتوانێت کار بکات مانگانەیەک وەردەگرێت. بە ڕای من زۆر ئاساییە کەسانێک هەن بە هۆی شەڕ و ماڵوێرانیی و ئەو هەمووە نەهامەتییەی کە توشی بوونە لە وڵاتەکانی خۆیان، لێرە ڕووبەڕووی کۆمەڵگایەکی تازە بوونەتەوە نەتوانن کاربکەن و سۆشیال وەربگرن. بە ڕای من گەندەڵیی ئەو بیرۆکەیەی رابوونە کە مافی سیاسی هاوڵاتی گرێ دەدات بە توانایی ئیشکردن و پێگەی ئابووریی تاکەکانەوە.


هەر لێرەدا تۆ مافی کۆمەڵێک مرۆڤ پێشێل دەکەیت کە بە هەر هۆیەک بێت لە ئەوروپا دەژین و پێیان دەڵێیت چونکە لە کوردستان نین مافی قسەکردن و دەخالەتتان نییە، من لە ئەوروپا دەژیەم و بە مافی خۆمی دەزانم دەربارەی وەزعی ژنانی سعودیە، ئەفغانستان، پاکساتان.... قسەبکەم و ڕەخنەی توند لە سیاسەتەکانیان بگرم. یاخود لەسەر مافی کرێکارێکی بەنگلادێشی و باشووری ئەفریقا بێمە دەنگ و ناڕەزیی دەربڕم. ئەوە نابێتە بەڵگە بۆ ڕەخنەگرتنمان لە گۆڕان و بەگژداچونەوەی سیاسەتەکانیان، تۆش ئەو مافەت نییە دەمی من داخەی چونکە لە کوردستان ناژیم. هەروەها من پێموایە ژنانێکی کاراو خەمخۆر لە ئەوروپا زۆرن کە خەمیان مەسەلەی ژنانە و شەو و ڕۆژ لە ڕێگای جۆراو جۆرەوە خەباتی بۆ دەکەن.


سەبارەت بە بڕینەوەی مووچە بۆ کابانی ماڵ کە تۆ بە لەشکرێک لە ژنانی وڵات دەیناسێنیت، من پێموایە ئەمە گەورەترین پڕۆژەیە بۆ بەستنەوەی ژنان لە ناو چوار دیواری ماڵدا و گەشەنەکردنی کەسایەتیان، لە بری ئەوە با ستراتیژیەتێک بخەنەڕوو بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت زەمینەی کار و خوێندن بۆ ژنان فەراهم بکرێت و کاری شیاویان بۆ بدۆزرێتەوە ئەگەر لە ژێر هەر بیانوویەک ژنان نەیانتوانی کاربکەن ئەوە بیمەی بێکاریان وەک هەر بێکارێکی تر لە کوردستاندا پێبدرێت کە بڕێکی گونجاو و شیاو بێت و لە رووی ئابورییەوە وابەستە بە کەس نەبن.


سەبارەت بەوەی کە بۆچی ڕەخنە لە یەکیەتی و پارتی ناگیرێت من پێموایە ئەمە تەنها تۆمەتە چونکە ئەوە بەرجەستەیە کە بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان هەمیشە سەبارەت بە خراپیی بارودۆخی ژنان ڕووی دەمیان لە دەسەڵات بووەو بەردەوام دەسەڵاتیان بە بەرپرس زانیوە لە خراپیی بارودۆخی ژنان و دەستگرتن بە کۆنەپەرستی و ئیسلام و ئیسلامی سیاسییەوە. بەڵام با ئاماژەیەکیش بەوە بدەم کە بەشێکی زۆر لە ڕۆشەنبیران و چالاکەوانی ژنان لەو هەڵوێستانەی کەسانی گۆڕان تووشی سەرسوڕمان بوونە لەبەر ئەوەی کە خۆشباوەڕبوون بە بزووتنەوەی گۆڕان و پێیان وابوو کە دەتوانێت کار بۆ چاککردنی بارودۆخی ژنان و بەدیهێنانی ئازادی تاک و گشتیی دەکات.


سەبارەت بە ئامادەکردنی پڕۆژە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان، وا باشترە خۆت ئاوڕێک لە چەند ساڵی ڕابردوو بدەیتەوە و بزانی چەند داواکاریی و پڕۆژە پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کراوەو هەرگیز وەڵام نەدراوەنەتەوە.


١٢
\١٠\٢٠١٣
ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک