په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٥

چەند سەرنجێک لەسەر

رۆمانی (کەشتیی فریشتەکان)ی بەختیار عەلی.


عامر سابیر       


کەشتیی فریشتەکان کە دوھەم دواھەمین رۆمانی بەختیارە، بە دوو کتێب لە ساڵی ٢٠١٤دا چاپی دووەمی بڵاوکراوەتەوە. بڕیاریشە درێژەی ھەبێت و کتێبی سێھەمیش بڵاوبکرێتەوە.


گێڕانەوەکانی ئەم دوو بەرگە لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو تا ٢٠٠٩ لەخۆدەگرێ، کە زیاتر تایبەتە بە ڕووداوەکانی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەم حیزبە و شاری سلێمانی.


لە ٣ی مایسی ٢٠١٥دا بەختیار عەلی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا وەڵامی تۆمەتی ئەوە ئەداتەوە کە گوایە مەسرور بارزانی بینییوە. ئەو کە لەم رۆمانەیدا لە چەندین جێگەدا زۆر بە دروستی وەسفی سەرۆکی (ی.ن.ک)ی کردووە. بۆیە ھەڵبەستنی تۆمەتی ئاوا، شتێکی چاوەڕوانکراوە.


بەختیار لەم رۆمانەشیدا، بە ھەمان جۆری رۆمانەکانی تری، بەردەوامە لەسەر درێژدادڕییەکی ناپێویست و ماندووکەر. پێدەچێت بەختیار ئەم درێژدادڕییە بە خاڵی بەھێزی خۆی بزانێ، بۆیە کۆڵنادا و بەردەوامە لەسەری.


لە ڕابردوودا قسە و ڕەخنەی زۆر لەسەر ئەوەکرا کە بەختیار عەلی لە چەند رۆمانی یەکەمیدا، ناوەڕۆک و فکرەی رۆمانەکانی، لە رۆمانە فارسییەکانەوە وەرگرتووە.


لە ساڵی ٢٠٠٩دا (ئەیپرەڵاین پایک) کە ژنە نووسەرێکی ئەمریکییە، یەکێک لە رۆمانە فیکشنەکانی بە ناوی (باڵەکان)ەوە بڵاوکردەوە بۆ تین ئەیجەکان (گەنجانی ١٣ تا ١٩ ساڵ)، کە لە (نیو یۆرک تایمز)دا بە پڕ فرۆشترین نووسەری ساڵ ناوی دەرکرد.


ئایا بەختیار فکرەی پووچی باڵدەرکردن و خانووی کەشتیی فریشتەکان، کە ناوکۆکەی رۆمانەکەیەتی لە (ئەیپرەڵاین)ەوە وەرگرتووە؟ ئایا ئەم فیکشنە پووچەی باڵدەرکردن و باڵترازان و فریشتە و خانوو و کەشتیی فریشتە، کە بەکاریھێناوە لە رۆمانەکەیدا، بۆ ئەوەیە سەرانی یەکێتیی بەلەسە نەکات و تیرۆری نەکەن؟ بیانووی ئەمە ھەرچییەک بێت، کارێکی زۆر نادرووستە و ئەمە خاڵی ھەرە لاوازی ئەم رۆمانەیە.


فیکشن (چیرۆکی دروستکراو و خەیاڵی) جۆری زۆرە، لەوانە [فانتەسی، ئەدڤێنچە، ساینس (زانست) فیکشن، ڕیالیستیک فیکشن، ھیستۆریک (مێژوویی) فیکشن، میستری فیکشن..ھتد]. بەختیار ئەگەر ھەر ئەیەوێ فیکشن بەکاربھێنێ، ئەوا (ڕیالیستک فیکشن) باشترین جۆرە و بە وازھێنان لە جۆرەکانی تری فیکشن، رۆمانەکانی خۆشتر و پڕ بایەختر دەکات.


بەڵام لە کوردستاندا، کە لێوان لێوە لە چیرۆکی واقعی و تاڵ، بۆ ھەر ئەبێت پەنا بۆ فیکشن ببردرێت؟ مێژووی کۆن و نوێی بزووتنەوەی دواکەوتووی ناسیۆنالیزمی کورد و کارکردی حیزبە جیاجیاکانی بزوتنەوەی پڕشەرمەزاری کوردایەتی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمەکەی، مێژوویەکی ھێندە ڕەش و پڕ تاوانە، کە ھەر نووسەرێکی باش ئەتوانێت چەندەھا رۆمان و شاکاری نایاب و گەورەی لێبەرھەم بھێنێ، بە بێ ئەوەی پەنا بباتە بەر ئەم فیکشنە جۆراوجۆرانەی کە بەختیار لەم رۆمانەدا بەکاریھێناوە. بەختیار ئەگەر ھەر ناچارە پەنا بۆ فیکشن ببات، ئەوا پێویستە لە ڕیالیستیک فیکشن زیاتر ھیچی تر بەکارنەھێنێ.

لەم رۆمانەدا ھەموو کارەکتەرەکان، بەوانەشەوە کە بێباوەڕن و باوەڕیان بە خوادا و ئاین و قورئان نییە، بەردەوام ئەسڵی مرۆڤ ئەگێڕنەوە بۆ ئەفسانەی ئادەم و حەوا. باوەڕبوون بەم ئەفسانەیە بەردەوام بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەسڵەتی ھەموو کارەکتەرەکانی ئەم رۆمانە کە لەچەندین جێگەدا دووبارەبۆتەوە.


نووسەری سەرکەوتوو بە نووسینی رۆمانی باش، ئەتوانی مێژووی دەورانێکی پڕ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگایەک بگیریتەوە و وێنایەکی ڕوون و پوختی سەردەمێکی پڕ ئاڵۆزی ھەر کۆمەڵگا و شار و ناوچە و وڵاتێک بکێشێت. بەختیار لە کەشتیی فریشتەکاندا نەیتوانیوە وێنەیەکی ڕوون و تەواوەتی ناوچەی ژێردەسەڵاتی (ی،ن،ک) بکێشێت.


بەختیار لە کەشتی فریشتەکاندا نەرمییەکی زۆری بەرانبەر ھاڤاڵی جێگری گشتی و حیزبەکانی ئیسلامی سیاسی بەکارھێناوە و تاوانەکانیانی لە ڕادەبەدەر کەمکردۆتەوە و وێنەیەکی ناواقیعی و نادروستی بۆ کێشاون. تاوانەکانی جێگری سەرۆکی یەکێتیی و حیزبەکانی ئیسلامی سیاسی لەو دەورەیەی کە بەختیار رۆمانەکەی تیاگێڕاوە زۆر گەورەن و نابووایە بەختیار ئەم وێنە نا درووستەیان بۆ بکێشێت. ئایا ھۆکاری ئەم روخسارجوانکردن و کەمکردنەوەی تاوانە، ڕەنگدانەوەی خۆشخەیاڵی نووسەرە بە سەرۆکی گۆڕان و ئیسلامی سیاسی لە کاتی نووسینی رۆمانەکەیدا؟ یان ھۆکاری تری لە پشتەوەیە؟


چاپی دووەمی ئەم رۆمانە کە لە ٢٠١٤دا بڵاوکراوەتەوە، ھێشتا پڕە لە ھەڵەی ڕێزمانی و ھەڵەی ڕێنووس، کە ئەرکی خوێنەر قورستردەکات.


لە کوردستاندا کە کارکرد و تاوانەکانی پارتی لە زۆنی زەرد ئەگەر زۆر گەورەتر نەبێت ئەوا ھەرگیز کەمتر نییە لە تاوانەکانی یەکێتتی لە زۆنی سەوز. بۆیە دروستتر بوو کە ئەم رۆمانە لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی شاقووڵی باسی زۆنی سەوز بکات، ئەبواتە بە شێوەیەکی ئاسۆیی باسی ھەموو کوردستانی بکردایە و ھەردوو زۆنەکەی تێکھەڵکێشایە. لە حالەتێکی وادا دروستکردنی تۆمەتی لەچەشنی ئەوەی بەختیار مەسرووری بینیوە بۆ بەرژەوەندی تایبەت، زیاتر بێسەنگتر دەبوو. تۆ بڵێی بەرگی سێھەمی ئەم رۆمانە کە بەختیار ئەڵی درێژەی دەبێت، تایبەتبێت بە تاوانەکان لە زۆنی زەرد؟


١٧\٦\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک