چەند سەرنحێک بۆ
کابینەى نوێى حکومەتى کوردستان !!

بههرهوهر مهرزانی
کۆتایى هاتنى ماوەى کارى کابینەى پێنجەم و پێکهێنانى کابینەى شەشەمى
حکومەتى کوردستان لەکاتێکدایە هێزو لایەنە سیاسیەکانى کوردستان
بەتایبەتى و عێراق بەگشتى لەسەروبەندى خۆ ئامادەکردندان بۆ هەڵبژاردنى
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و پێکهێنانى لیست و هاوپەیمانى لەنێوان
گروپ و لایەنە سیاسیەکاندا لەپێناو دەستەبەرکردنى زۆرینەى کورسیەکانى
ئەو ئەنجوومەنە و گرتنەدەستى دەسەڵاتى ئەو وڵاتە .
حکومەتى کوردستان لەماوەى پێنج کابینەى یەک لەدواى یەکیداو بەتایبەتیش
ئەوەى دواییان سەرەڕاى هەموو کەم و کوڕیەکان و ئەو ئاستەنگانەى هاتنە
سەر رێگاى کارکردنى توانى خزمەتێکى گەورە بەنیشتمان و نەتەوەکەمان بکات
و لەهەموو بوارەکاندا پێشکەوتنى دیارو بەرچاو بەدیبهێنێت و بەشێکى زۆر
لە خواست و داواکاریەکانى خەڵکى کوردستان بێنێتەدى لەرێگەى هەوڵە
دبلۆماسى و کارە خزمەتگوزاریەکانیەوە ، هەر ئەمەش وایکردووە هاوڵاتیانى
کوردستان لەهەموو پرسە چارەنوسسازەکاندا پشتیوانى لەحکومەتەکەیان بکەن
و فاکتەرێکى بەهێزیشبن لە سەرخستنى بەرنامەو پرۆژەو کارەکانى ئەو
حکومەتەدا .بۆیە دەبێ کابینەى شەشەم زیاتر لەئاست داخوازیەکانى خەڵکى
کوردستان و ئەو بەڵێنانەدابن کە کاتى هەڵمەتەکانى پرۆسەى
هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەى کوردستاندا بە جەماوەریاندابوو .
کابینەى شەشەم کە درێژە پێدەرى سیاسەتەکانى کابینەى پێنجەم و تەواوکەرى
کارە خزمەتگوزاریەکان و دارێژەرى بەرنامەو میکانزمێکى نوێى کارکردن
دەبێت پێویستە هەر لەسەرەتاى دەست بەکاربونیەوە بەرنامەى
بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى دابڕێژێ و دوربێت لە کەسانى هەڵپەرست و هەموو
ئەوانەى لەکارى گەندەڵى و خراپە کاریەوە تێوە گلاون و سەروەت و سامانى
ئەو وڵاتەش تەنها لەبەرژەوەندى خەڵکى کوردستان بەکار بهێنرێت و
لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێک بکات کە بیەوێت سەروەت و سامانى
نیشتمانەکەمان بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆى بەکاربهێنێت و هیچ پلەیەکى
ئیدارى نەدرێ بەو کەسانەى لەرابردوودا دەستیان بەخوێنى رۆڵەکانى
گەلەکەمان سوور بووە ، هەروەها پێویستە وەک یاساى زۆرێک لە وڵاتانى
دونیا هیچ پۆستێکى ئیدارى گرنگ نەدرێتە ئەوانەى زیاتر لە
رەگەزنامەیەکیان هەیە چونکە دوورنیە لەکاتى هەر لێپرسینەوەیەک بەرەو
وڵاتى دوەم رابکەن ، بۆیە دەبێ پێدانى هەرپلەیەکى ئیدارى لەسەر بنەماى
پسپۆرى و لێهاتوویى بێت نەک حزب حزبانێ و خزم خزمانێ و هتد ...
ئەرکێکى ترى حکومەت کە دەبێ هەڵوەستەى جددى لەسەر بکات بنیاتنانەوەى
ژێرخانى ئابوورى کوردستانە لەرێگاى بەکار خستنەوەى کارگەو دامەزراوە
حکومیەکان کە ساڵانێک بەهۆى ئابڵوقەى ئابورى سەر عێراق لەلایەک و
ئابڵوقەى رژێمە داگیرکەرەکانى کوردستان بەتایبەتیش حکومەتى روخاوى
عێراق لەلایەکى ترەوە کارگەو دامەزراوەکانى پەکخست و بەهۆیەوە ژێرخانى
ئابورى کوردستان بەشێوەیەک داتەپى کە نەک هەر بووە هۆى وەستانى کارگەو
دامەزراوەکان بەڵکو بەهۆیەوە زۆرێک لە کارگەکان هەر بونیانیشیان نەما .
ئەمڕۆ کاتى ئەوە هاتووە کارگە و دامەزراوەکان بەشێوەیەکى مۆدێرن و
سەردەمیانە بەگەڕ بخرێنەوە کە دەبنە پاڵپشتێکى بەهێز بۆ بووژانەوەى
ئابورى نیشتمانەکەمان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە هەلى زیاترى کار
دەرەخسێنێت بۆ گەنجان ولاوانى وڵاتەکەمان کە ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکى
بەهێزى بنەبڕکردنى کێشەى بێکارى و کەمکردنەوەى ئەو جەنجاڵیەى کە
لەزۆرێک لە فەرمانگەکاندا بەدیدەکرێت .
bahrawar_s@yahoo.com
|