١٢\١٠\٢٠٢٣
چەند سەرنجێک
لەسەر شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

عەبدوڵا ساڵح
ئەو دەستپێشخەریە وئەو غافڵگیریەی حەماس کردی ودوێنێ بەیانی زوو
گورزێکی کوشندەی وەشاندە ئیسرائیل بوو بە بەشێک لە مێژوو، تازە ئەگەر
ئیسرائیل هەموو غەززە وێران و کاول بکا ناتوانێ قەرەبوی ئەم گورزە
بکاتەوە، بەتایبەت کە سوپای ئیسرائیل لەباری تۆکمەیی و تواناوە لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەم و لەسەر ئاستی جیهانیش هەژدەهەمە.
ئەم شەڕە مێژووی سیاسی بنیامین نەتەنیاهۆ بەرەوکۆتایی دەبات.
بزوتنەوەی فەتح ئەوەندەی تر خرایە پەراوێزەوە و ئەمەش یەکێک دەبێ لە
بزمارەکانی سەر تابوتەکەی.
ئێران و حەماس، دوای ئەوەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیە
دیبلۆماسیەکانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەگەری هاتنە
ناوەوەی سعودیە بۆ ئەم پرۆسەیە، بارودۆخێکی سیاسی تازەی لە ناوچەی
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هێنایە کایەوە کە بووە هۆی ئەوەی ئەم دوو هێزە
هاوپەیمانە( ئێران و حەماس) بخرێنە بازنەیەکی داخراوەوە وپەراوێزبخرێن،
یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم شەرە هاتنەدەرەوەی ئەم دوو هێزەیە
لەم بازنە داخراوە و لەم تەنگژەیە.
ئەگەرچی هۆکاری مێژوویی زۆر هەیە بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی لەم جۆرە، بەڵام
واڵا کردنی دەستی هێزە ڕاستڕەوکانی ئیسرائیل بۆ کوشت وکوشتاری
فەلەستینیەکان بەتایبەت لە کەناری خۆر ئاوا( الضفة الغربية ) و لەژێر
چەتر وپارێزگاری حکومەتە ڕاستڕە و تووندڕەوەکەی نەتەنیاهۆ، هۆکاری
سەرکی ئەم شەڕ هەڵایسانەیە.
خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل و فەلەستین، ئەگەرچی هەر ئەوان بوونەتە خۆراکی
ئەم شەڕ وکوشتارە، بەڵام هیچ بەرژەوەندیەکیان لەشەڕەکەدا نیە.
ئیسرائیل بە پشتیوانی هێزە ئیمپریالیستەکانی جیهانی و لە پێشیانەوە
ئەمریکا، نایەوەێ ئەو زەویانەی لەشەری ١٩٦٧ داگیری کردوون
دەستبەرداریان بێت و حەماسیش ئامانجی ئەوە نیە فەلەستین ببێتە دەوڵەتێک
ئەگەر بەپێوەری ئەو نەبێ، ئەو دەیەوێ ئیمارەتێکی ئیسلامی نەک تەنیا لە
غەززە بەڵکو لە کەناری خۆڕ ئاوا و لە شاری قودسیشا دامەزرێنێ بە
هاوکاری وپیشتیوانی ڕاستەوخۆی ئێران و ناڕاستەوخۆی تورکیای ئەردۆگان و
قەتەڕ.
تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەی فەلەستین ڕێبازی ئاشتی و دامەزراندنی دوو
دەوڵەتی سەربەخۆیە بۆ فەلەستین و بۆ ئیسرائیل.
٨\١٠\٢٠٢٣
a_salih11@hotmail.com
|