١٩\١\٢٠٢٤
چەند
شیعرێک.

قاسم
سعوودی |

وهرگێڕانی
لە
عەرهبییەو:
نەژاد
عەزیز
سورمێ
|
کراسێک
لە
بەغدایێ.
من ئێستا
دڵخۆش بە کراسە نوێیەکەمەوە
لە شەقامەکانی بەغدایێدا دەسووڕێمەوە..
نازانم بۆچی هەموو جارێ ئەوە ڕوو دەدا
بە نموونە،
چۆن بتوانم لە ژێر بۆردومانی فڕۆکان
پێتدا هەڵبڵێم..
داخۆ کە دەڵێم خۆشم دەوێی
مووشەک دوور دەکەونەوە
دیوار کە بە پشتتەوە نووساوە..
چۆن ڕادەقەنێ
کراسەکانت بۆچی هێندە دڵخۆشن
کە جەستەی مناڵانی پێ دادەپۆشی
تۆ نووکە گوێ لە دەنگی گوللەتۆپان دەگری
ئەوە دەنگی سەری منە
زۆر ئاگاداری پشیلەی ماڵێ بە!
ئەویش ڕقی لە شەڕە
شووشەی گوڵاوەکەتت لەبیر نەچێ
کە زۆری نەماوە تەواو بێ
ڕەنگە گوڵاو
نەختێ ئەو مووشەکانە دوور بخاتەوە..
شتێکت پێ بڵێم
من تۆ ناناسم
بەڵام شتێک لەسەرمدا
وام لێ دەکا پەنجەت بگرم
کە ئێستا دوورن
ئەو پەنجانەی
شۆربا و نان
لە مووشەکی فڕۆکان چێ دەکەن
لەبیرم چوو پێت بڵێم
من ئێستا دڵخۆشم
زۆر دڵخۆشم بە کراسە نوێیەکەم
لە وەختێکا
بە شەقامەکانی بەغدایێدا دەسووڕێمەوە.
پێڵاودز
.
(١)
کە مناڵ بووم
پێڵاوی زۆرم لە مزگەوتێ دزین..
کە گەورە بووم
مزگەوتم نەدیتەوە.
(٢)
ئەو وێرانەیەی دەیبینین
گلێنەی دەسکرد زیاتر نییە
ئێمە لە بەهەشتین
بەهەشت.
(٣)
مەسەلەکە بەو پەڕی سادەییەوە
باڵندەیەکی کوێر
لە قەفەسێکی کراوەدایە.
(٤)
نازانم باوکم
بۆچی داوای لە وەستای خانوو کرد
دەرگا و پەنجەرە
بۆ ژوورەکەم دانەنێ
چوار دیواری تەواو و بنمیچ
پێی وتم: نیگەران مەبە بچکۆلەکەم
دەرگایەکت
بۆ لە ئەرزی ژوورێ دەکەمەوە
لەو کاتەوە
من لەگەڵ شەهیدانا دەنووم.
(٥)
دایکم کە پەخشانەشیعر ناناسێ
شیعری (ئەبوتەممام) یش
تەنیا بە وتنەوەی مەووالێکی (داخل حەسەن)
خواردن زوو پێ دەگا
ژمارەی کێشکان
بەسەر دارە وشکبووەوەکەمان
زیاتر دەبن و
برای بچووکم لە گۆڕ دێتەوە.
(٦)
چ دەبێ گەر بە مایۆ چوویتە سەر شەقام
دەبینی شار لە خەڵک ڕووت بووەتەوە
پیرەمێردێکی تەنیا
ئەوەتا نزیک بەفرگری مردووپارێزەوەیە
چەند مناڵێک چاوەڕێی چێشتی
ئەو پرسانە دەکەن دواییان نایێ..
چەند سەرێکی بچووک
لاشەی خواوەندانییان هەڵگرتووە
چەند فریشتەیەکیش لەوێن
نازانم پاش ئەو هەمووە
چ دەکەن لە شار؟
(٧)
زۆرمان لە یەک ڕۆژدا کرد
سپێدە لە جەنازەی
مناڵێکی تاقانەی دایکیم دیتی
نیوەڕۆ پێکەوە سواری پاس بووین
خۆرئاوایێش
سەرنجم دا
لەگەڵ پیرەمێردی سەوزەفرۆش پێدەکەنی
یەک وشەم پێ نەگوتی
لە شارێکا
کە زۆریان پێ کرد،
لە تەنیا ڕۆژێکدا.. زۆر.
(٨)
وڵاتم بۆ هێنا
ئاوم بۆ هێنا
سترانم بۆ هێنا
نەبزووت..
وەختێ باوەشێک منداڵم بۆ هێنا نایانناسێ
نەختێ لە جێدا جوولا
وای لێ هات ئاماژەی
بۆ عارەبانەی شیرینی کرد
کە بە تەنێ لەگەڵ خاوەنیدا
جەنازەی شەهید
لە شەقام وەستاوە.
ژوورەکەم
مێرووی
زۆری
تیایە.
دوێنێ شەو خەونم دی
تۆم گووشی
دڵۆپ
دڵۆپ
دڵۆپ
شەکرت لە جەستەدا هات..
تەمەن لە جانتاکانی شەڕدا بەردەبێتەوە و
نایەتەوە.
شەرم.
دەرگەی ماڵانتان زوو دامەخەن
هەندێ لە تەرمەکان
شەوانە سەردانی مناڵەکانیان دەکەن
هەندێکیش شەرم لەوە دەکەن.
________________________________________________
*
لە کۆشیعری (الصعود
علی ظهر أبی)ی شاعیری عێراقی (قاسم سعوودی)، بڵاوکردنەوەی دەزگای (العنوان)
بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لە شاریقە ٢٠١٦. بڕوانە لاپەڕە (٢٠ و ٢١ و ٥٥ و
٧٤ و ١٣٠ - ١٣٤).
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|