په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٩

    چەند شیعرێک.

                                  

چارڵز بۆگۆفسکی*                      و: نەژاد عەزیز سورمێ


   
گەڵای دارخورما.
نیوەشەوی ١٩٧٣- ١٩٧٤
سەعات دوانزەونیوی تەواو لە لۆس ئەنجلۆس
لەودیوی پەنجەرەکەم ،
باران دەستی پێکرد
بەسەر گەڵای دارخورمایاندا دای کرد ..
ھۆڕنی ئۆتۆمبیلان و چەخماخەی ئاگرەگەمە..
ئاسمان بروسکەی دەدا .
من
لە سەعاتی نۆی ئێوارەوە
چووبوومە ناو جێ و چرام کوژاندبوونەوە
لەناو جێدا بەخۆم دادابوو
لەژێر پێخەفەوە
گوێم بۆ ھەرا و
خۆشی و بەختییارییان ڕادێرا بوو..
ھاوارییان
شەپقە کاغەزینەکانیان
ئۆتۆمبێل ، ئافرەتەکانیان و
سەرخۆشە تازە دەستپێکردووەکان..

ھەمیشە سەری ساڵ دەمترسێنێ
ژیان ھیچ لە ساڵان نازانێ

ئێستا ھۆڕنەکان دامرکانەوە
ئاگرەگەمە وبروسک ....
ھەموو شتێک لە پێنج خولەکدا
کۆتایی ھات.
بەسەر گەڵای دارخورماوە
لە باران زیاتر نابییەم
بیر دەکەمەوە
ھەرگیز ناتوانم لە ئادەمزاد بگەم
بەڵام بۆ ژیان ،
بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە ژیام .
 

    بێگومان.
لە ژیاندا
لەوەیش خراپتر ھەیە تەنیا بی
لێ ئەوە زۆر جاران
ماوەیەکی زۆری دەوێ
دەرکی پێ بکرێ
زۆر جاریش کە دەرکی پێ دەکرێ
کات بەسەرچووە
ھیچ شتێکیش لە کات بەسەرچوون خراپتر نییە .
 

    دانپێدانان.
چاوەڕێی مەرگم
وەک پشیلەیەک
خۆی بۆ پێخەف ھەڵداوێ .

خەم بخۆم ، زیاتر خەم بۆ ژنەکەم دەخۆم
ئەو ،
ئەم جەستە سپییە خامۆشە دەبینێ
یەکجار دەیجولێنێ
ڕەنگە جارێکی دیکەش بیبزوێنێ :
(( ھانک! ))
ھانک وەڵام ناداتەوە .
مردنم نیگەرانم ناکا
ژنەکەم نیگەرانم دەکا
کە لەگەڵ ئەو بارستە لە ھیچەدا
دەمێنێتەوە ..
لەگەڵ ئەوەشدا ،
دەمەوێ بزانم
من
بە درێژایی ئەوان شەوانەی
لە نزیکیدا نوستووم
تەنانەت
لەگەڵ ھەموو ئەو بەیەکدا ھەڵشاخانە خۆڕاییانەشدا
ھەر جوان بوو
وشەی قورسی
کە ھەمیشە دەترسام بیڵێم
دەتوانرێ ئێستا بگوترێ :
خۆشم دەوێی !

   
نامەیەک لە دوورەوە.


لە ژوورێکی بچکۆلانەی نزیک ( سین ) ـەوە
نامەیەکی بۆ نووسیم
دەڵێ خەریکە دەچێتە خولێکی فێربوونی سەما
دەڵێ سەعات پێنجی سپێدە لە خەو ڕابووە و
ھەندێ قەسیدەی بە ئامێری چاپ نووسیوە
یا وێنەی کێشاوە
دوایی ھەستی کردووە گریانی دێ
چووە لەسەر کورسییە دڵگرەکەی
لە کەنار ڕووبار دانیشتووە .
کتێبی ( گۆرانییەکان ) ی
پاییز بڵاو دەبێتەوە
نەمزانی چی بڵێم
لەوەی بەدەر
خۆی لە ددانی نەخۆش ڕزگار بکا و
لە عاشقە فەڕەنسییەکان وریا بێت .

وێنەکەیم بە ڕادیۆوە
نزیک پانکەکە ھەڵپەسارد
وەک شتێکی زیندوو دەجوولایەوە
دانیشتم تەماشام کرد
تا ئەو پێنج شەش جگەرەی مابوومم کێشا
پاشان ھەستام
چووم نووستم.‌
________________________________________
* چاڕلس بۆگۆفسکی: ساڵی ١٩٢٠ لە شاری (ئا‌ند‌رناخ)ی ئەڵمانیا لەدایک بووە، بەڵام زۆری نەبردووە بنەماڵەکەیان چووەتە ئەمەریکا. بۆگۆفسکی لەگەڵ ئەوەی گەلێک چیرۆک و شانۆیی و ڕۆمانی نووسیوە بەڵام زیاتر وەک شاعیر ناسراوە. ئەم شیعرانەی لەو ھەڵبژاردەیەوە کراون بە کوردی کە دەزگای (الجمل) ساڵی ٢٠٠٩ بە ناوی (الحب کلب من الجحیم)ەوە بڵاویکردووەتەوە.

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک