١٦\٣\٢٠٢٤
چەند وشەیەک بۆ
مەرگی ''پۆڵا نانەوازادە''ی شاعیر.

هەڵۆ محەمەد
پێش
چەند ساڵێک، دوای مەرقێکی زۆر دیوانی شاعیر جەلال مەلەکشام دەستکەوت..
هەر زوو خوێندمەوە و وتارێکی دوورودرێژم لەسەر نووسی بەناونیشانی ''بە
ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا)دا''.
وتارەکە بەخێرایی بووە جێی ڕەزامەندی
خوێنەران. پاشان لەسەر داوای کاکە {شوانە}ی بەرپرسی ماڵپەڕی [بۆکان-
ڕۆژهەڵات] درێژەم بە نووسینەکە دا و تا ئێستا بە زنجیرە لە ماڵپەڕی
ناوبراودا بڵاو دەکرێتەوە.. زۆرن ئەوانەی دەستخۆشییان لە کارەکەم کرد!
دیارترینیان کە لەبیر ناچێتەوە ڕەوانشاد و هەمیشە زیندوو کاک (پۆڵا
نانەوازادە) بوو.
کاک پۆڵام وەک ناو و بنەماڵە و دەنگبێژی ڕادیۆ و شاعیر دەناسی و ئەو
لەمێژبوو ئامادەیی خۆی لەو پانتاییانەدا سەلماند بوو. لە بۆنەیەکیشدا
کە بۆ رۆژنانەنووس کاک عەلی جوانمەردی لەبەرلین ساز درابوو، ئەویش بە
شيعرێک و بەشداری تر لەگەڵمان بوو.
ئێوارەیەک زەنگێکی لێدا و دوای چاک و چۆنی بە کورتە پێشەکییەک چووینە
ناوباسوخواستی زۆرەوە و پێکەوە ئاخافتین!.. فرە خۆشحاڵ بووم بە زمانی
شیرین و هەست و باوەڕی بێگەردی کوردایەتی و مێژووی تێکۆشان و دڵسۆزی.
زۆر بە گەرمی قسەی هێنایە سەر وتارەکەم لەمەڕ مەلەکشاوە و ئافەرینی لێ
کردم..ڕاستەوڕاستیش داوای کرد گفتی بدەمێ، هەرکات دیوانەکەی چاپ بوو،
بەهەمان هەناسە و شێواز و رۆحی کوردانەوە لەسەر ئەویش بنووسم.
پۆڵا نانەوازادە خۆی بە بەرۆگری شیعر و ڕێچکەی خانی و حاجی و پەشێو و
مەلەکشا دەزانی . بەم قوتابخانە شیعرییە سەرسام بوو! هەژار و هێمنی زۆر
لا بەرز بوون!
پۆڵا ئەوەی ڕوون کردەوە کەوا شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی نیشتمانە و باوەڕی
نەتەوایەتی هەڵگرتووە و کەم و زۆریش لە کار و بیرکردنەوەی من ئاگادارە...
منیش پێم وتەوە بەهەمان ئەندازە منیش پێ ئاگانیم لە تۆ - بە تایبەت ئەو
ساتە بەچەند ئەڵقەیەک بیرەوەریەکانی خۆی نووسیبووە و بڵاوی دەکردەوە و
بەتامەزرۆوە دەمخوێندەوە.
ئەم گفتوگۆیەی زۆر پێ خۆش بوو!. بەکورتی پێکەوە کاتێکی بەتام چێژ و پڕ
لە باسی کوردایەتی و ئەدەبیمان بە قسەکردن تێپەڕاند!..خۆشم نەمزانی چۆن
دەوری کاتژمێرێک زیاترمان بەسەر برد و هیچ بێزار نەبووین.
ئیدی ئەوە بوو بێ ئەوەی هیچ ئاستەنگ و ئاڵۆزی و منجەمنجێ بکەم لەگەڵیدا،
دەمودەست گفتی کوردانەم دایە کەوا بە خۆشحاڵییەوە ئەو کارە ئەنجام
دەدەم.
پێم وت: سەرەتا وا باشە دیوانەکە بخوێنمەوە و سەروبەر ی شارەزا بم،
ئەوسا قۆڵی لێهەڵدەماڵم.
لێ ناخۆشترین باسێکی پێش خواحافیزیمان لەیەکتر بریتی بوو لەوەی وتی:
باری تەندروستی زۆر باش نییە و زوو زوو دەچێتە نەخۆشخانە، جا ئەگەر
ماوەیەک دیار نەما ، ئەوە بزانم کەوا لە نەخۆشخانەیە!...درکاندنی ئەم
ڕازە بە ئەسپایی کسپەی لە جەرگمەوە هەستان و هێندەی تر مەحکومی کردم
کەوا ئەمەکداری گفتەکەم بم!..دڵی ئەو شاعیر و کەسایەتییە جوانە نەشکێنم!
ڕۆژ هات و چوو، گرفت و کارەسات و ناخۆشییەکان زۆر بوون، نە ئەو دەنگی
بووەوە و نە منیش سەرم پەرژا وەدووی ئەو گفت و ئەرکە بکەوم!...
بەتایبەت جاروبار دەمبیست ناساغە!
ئەوا ئێستا چەند ڕۆژێک دەبێت کاکە پۆڵای کوردایەتی چاوە گەشەکانی لێک
ناوە و بەجێی هێشتووین . بەڵام مێژوویەکی تژی لەسەربەرزی و تێکۆشان و
چەندەها شیعر و پەخشان و نووسینی پاش خۆی بەیادگار بۆ جێهێشتووین!
شایانی وتنە ڕەوانشاد لە بنەماڵەیەکی دیار و تێکۆشەری ژوردایەتی شاری
مەهابادی خۆڕاگر و سەرکەشن و پۆڵا هەر لەلاوێتییەوە تێکەڵی کۆڕی خەباتی
کوردایەتی بووە. لە سەردەمی رژێمی شای گۆڕبەگۆڕدا لە پای خەباتی
کوردایەتی زیندانی کراوە، پاشان لەگەڵ شۆڕشی گەڵانی ئێراندا دەبێتە
پێشمەرکەی حیزبی دیموکراتی دایک و ڕۆڵی گرنگ لەبەشی هونەریی و ئەدەبی
دا لەتەک پێشمەرگایەتی سەنگەردا دەگێڕێ! دەنگبێژی ڕادیۆی دەنگی
کوردستان بووە.
پێشمەرگەیەکی وتارنووس و شاعیر و ئەدیب بوو!! بە باوەڕ و قەڵەم و
چەکەکەی بۆ گەلەکەی لە خەباتدا بووە..بەم هەموو وزە و خۆشەویشتی
عەشقەوە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ تێدەکۆشا.
لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا بووە ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان و دروشمی
سەربەخۆیی کوردستانی کردە مەشخەڵی دەستی و خستییە سەروو هەموو
دروشمەکانی ترەوە و بە گیان و باوەڕ و جەستەی کوردایەتییەوە لە سەنگەری
سەختدا بۆ نەتەوە و خاکەکەی لە خەباتدا بوو..
مەرگی کاک پۆڵا شۆکێکی گەورە بوو، ئەو هێشتا زۆری مابووی درێژە بە
خزمەتەکانی بدات!.. گەلێ هیوا و خەونی خستبووە ئەجێندای ژیانییەوە.
مەرگی کاکە پۆڵا بە ئازار و سوێیە و خەرمانی یادەوەرییەکانی تایبەتن کە
هەرگیز لە بیر ناچنەوە.
من گفتم بە خۆم داوە و پابەند دەبم بەو سۆزەکەمەوە بۆ ڕەوانشاد کاکە
پۆڵا و هەر چرکەساتێ دیوانەکەیم بەرچنگ بکەوێ، ئەو ئاواتەی دەهێنمە دی
و حەزی خۆشم بەجێ دێنم!
لێرەداکۆتایی بەم چەند وشەیە دێنم و هاوخەمی خۆم بۆ بنەماڵە و دۆستانی
دەردەبڕم!.. سەرەخۆشی لە هونەر و ئەدەب و باوەڕی کوردایەتیش دەکەم،
کەوا دڵڕەقانە و لەناوادەدا ڕۆڵەیەکی بەئەمەک و دڵسۆزی خۆیان لەدەست
چوو!..
لە پێناو خاک و خەڵک و نیشتمانم
بە شانازی دەدەم گیان و ژیانم
قەسەم بەخوا ئیرادەم چەشنی پۆڵاس
نییە یەک زەڕرە باکی دوژمنانم
پۆڵا - ستۆکهۆڵم - ١٩\١٢\٢٠٢١
ڕەوانت شاد کاکە پۆڵا..
بنوو... ڕۆڵە بێ دەوڵەتەکە لە نامۆیی و دوور لە ئامێزی ئەو نیشتمانەی
بۆ ژیایت و بۆی تێکۆشایت و بۆی مردیت..
بنووووووووووو... ئیتر بە ئارامی، زۆر نابات یەکێکمان مژدەی ڕزگاری و
سەربەخۆیی کوردستانت بۆ دەهێنین بۆۆۆۆۆۆۆۆ... دیداری داهاتوومان،
تێهەڵچوونەوە و بونیاتنانەوەی وڵاتە کاولکراوەکەمان بۆ ئازادی و بۆ
یەکسانی لە کوردستاندا.
هەمیشە سڵاو لە ناو و یادگارەکانت!
١١\٣\٢٠٢٤
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|