په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١١

چەند وتووێژێک لەگەڵ چەند نووسەرێکی عەرەب لەسەر مەسەلەی مافی بڕیاردانی چارەنووس.- ١ -

د. کازم حه‌بیب:

باشتره‌ ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێت له‌سه‌ر بنه‌مای

هاوڵاتیی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کسان و ده‌ستوورێکی شارستانی دیموکراتی.

                                                                                                           

سازدانی دیمانه‌: حه‌مید که‌شکولی                                                                     سازدان و وه‌رگێرانی دیمانه: جیهاد موحه‌مه‌د که‌ریم‌‌


پ: ١/ کامیان گرنگە بە ڕای تۆ، پێکھێنانی دەوڵەتێکی شارستانیانە لەسەر بناغەی ھاوڵاتییبوون بە بێ جیاکاریی نەتەوەیی و دینی، وە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی ھەموو نەتەوە و ئاینەکان، یان پێکھێنانی دەوڵەت لەسەر بناغەی نەتەوەیی و رەگەزیی، بە بێ لە بەرچاوگرتنی ناوەڕۆکی فەرمانڕەواییەکەی؟

و: بێگومان دروستکردنی دەوڵەتی شارستانیی سەردەمیی پشتبەستوو بە پرنسیپەکانی سەربەخۆیی و دیموکراتیی و مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتنی نەتەوە و مافە یاساییەکان و یەکسانیی لە ھاوڵاتیی بووندا بە بێ چاولێکردن و خوێندنەوەی نەتەوە یان دین یان ئاینزا یان ڕەگەز بە دەستکەوتێکی مەزن و پێشکەوتوو بۆ ھەر گەلێک لەگەڵان دادنرێت. بە تایبەتی لەو دەوڵەتانەی کە زیاتر لە نەتەوەیەک یان زیاتر لە دینێک و ئاینزایەکی تیایە. بە گوێرەی ئەو ئەزموونانەی پیا تێپەڕ بووین ھەڵنانی ئەم جۆرە لە دەوڵەت خەبات و تێکۆشانێکی درێژخایەن و بەردەوامی گەرەکە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. ئەگەر تەماشای دەوڵەتانی عەرەبی بکەین کە زیاتر لە نەتەوەیەکی تیایە بۆمان دەردەکەوێت کە چەوساندنەوە و جیاکاریی و پەراوێزخستننی نەتەوە ناعەرەبیەکانی تیایە لە بەرامبەر نەتەوەی عەرەبیی ژمارە زۆردا کە دەستبژێرێکی سیاسی لە نەتەوەی عەرەب حوکمی دەکات. ئەمەش ئۆرگانیانە گرێدراوە بە سروشتی پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنانەوە و ئاستی پەرەسەندنی ھێزەکانی بەرھەمھێنانەوەو وە سروشتی کەرتە کۆمەڵایەتییە حوکمڕانەکانەوەو و ئاستی ھوشیاریی بۆ پرنسیپەکانی دیموکراتیی و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی نەتەوەکان. لە جیھناندا ھیچ دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی نییە کە بە یەکجار ھەموو نەتەوەکانی توانیبێتیان بگەن بە مافە ڕەواکانی خۆیان بە یەکسانی و وەک یەک، بەڵکو ئەمە پێویستی بە پەرپاکردنی خەبات و تێکۆشانی ھاوبەش ھەبووە لە پێناوی سازدانی سیستەمێکی سیاسیی لە دەوڵەتێکی فرە نەتەوەییدا کە دانبنرێت بە مافەکانی ھەموو نەتەوەکان و وە وەرگرتنی بنەمای ھاوڵاتیی بوونێکی سەربەخۆ و یەکسان و وە دەرفەت ڕەخساندنێکی وەک یەک بۆ ھەموو کەس و دانانی کەسانی گونجاو لە شوێنی گونجاودا، لەمەش زیاتر مافی چارەنوس بۆ ھەر نەتەوەیەک و لە ھەر وڵاتێکدا.
لێرەوە مەسەلەی ھەڵبژاردن لە نێوان دوو ڕێژێمدا قورس و ئاڵۆز نییە کە یەکێکیان ڕێز لە مافەکانی نەتەوەکان دەگریت و جیاکاریی ناکات لە نێوان کەسەکاندا، ئەویتریان ڕێز لە مافەکانی مرۆڤەکان و نەتەوەکان ناگرێت و جیاکرایدەکات لە نێوان کەسەکاندا لەسەر بنەمای نەتەوە و دین و ئاینزا و بیر و سیاسەت. ئەگەر دەرفەتەکان وەک یەک ڕەخساوبێت بۆ دوو نەتەوە کە لە وڵاتێکدا دەژین بۆ پراکتیزەکردنی مافەکانیان و ئەرکەکانیان، بۆچی یەکێک لەو نەتەوانە تێدەکوشێت بۆ سەندنی مافەکانی کە ڕەنگە بە یارمەتی نەتەوەی دوەم بێت دژ بە تاقمی حوکمڕان، لەوانەشە بۆ ئەوەبێ کە ھەردوو نەتەوە قایلبن بە ژیانێکی ئارام و ئاسایش و ئاشتی و سەربەخۆ و شکۆمەند لە یەک دەوڵەتدا.

لەم حاڵەتەدا دەڵێم، ئەزموونەکانی ڕابووردوو لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھاندا، لەوانەش دەوڵەتانی عەرەبی فرە نەتەوەیی، فێریکردوین کە دروستکردنی دەوڵەتی نیشتیمانی لەسەر بنەمای نەتەوەیی کاتێکی زۆری دەوێت بۆ خەباتکردن لە پێناوی بەدەستھێنانی دەوڵەتێکی نیشتیمانی شارستانیی و سەردەمیی و نوێگەرایی. ئەگەر مەرجگەلێکی گونجاو و پێداویستییەکان فەراھەم بووبێتن بۆ دروستکردنی دەوڵەتی نیشتیمانی سەربەخۆ بۆ ھەر نەتەوەیەک ھیچ گرفتێک نییە لەسەر ئەمە، چوونکە مافی ھەر گەلێکە خودی خۆی چارەنوسی خۆی دیاریبکات و بۆ ھیچ کەس نییە لە جیاتی بڕیاربدات. بەڵام ھەستان بە دروستکردنی دەوڵەتێکی لەو جۆرە دەبێت ھەموو مەرجەکان و پێویستییەکانی ھەبێت، تا توشی تێشکان نەبێت بە ھۆکاری حساب نەکردنی ھەموو فاکتەرە کاراکان لە کاتی دەرکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە. کەواتە کارێکی سروشتیە ھەر گەلێک ھەوڵبدات بۆ دروستکردن و سازدان و پەرەسەندنی دەوڵەتە نیشتیمانییە سەربەخۆکەی و ناشێت ھیچ گەلێکی تر ئەم مافە قەدەغە بکات لە گەلێکی تر. وە ئەگەر شییاوبیت و لە توانادا بێت بە بێ ئەملاولا باشترە ئەم جۆرە دەوڵەتانە لەسەر بنەماگەلێکی ھاوڵاتی بوونی سەربەخۆ و یەکسان و دەستوری شارستانیی دیموکراتیی بێت ھەر لە سەرەتاوە، وە نابێت فشاربخرێتە سەر کۆمەڵگا بۆ ڕۆیشتن بە ئەزموونەکانی دەوڵەتانی پێشوتردا لەو ڕووەوە.

پێویستە لەسەرمان لەم حاڵەتەدا بە ئاگا بین بۆ مەسەلە گرنگە گریدراوەکانی ئاستی گەشەی ھێزگەلی بەرھەمھێنەر و پەیوەندییە بەرھەمھێنەرەکان و ھوشیاریی کۆمەڵایەتیی و تاک لە وڵاتدا، کە ھەریەکە لەمانە دەورێکی گرنگ وکاریگەریی ھەیە لەسەر پیکھاتەی ئەو دەوڵەتەی دەخوازرێت درروستبکرێت و ئەو سیستەمە سیاسییەی کە دەخوازرێت بیبات بەڕێوە.

٢ / چۆن ڕێگەچارەی مەسەلەی فەلسەستین و بەدیھێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە کە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی فەلەستینی تیا بەدەستبێت بە پێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و بڕیاررەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دبینیت؟

و: ھیچ مەسەلەیەکی ئاڵۆز نییە لەسەر چارەسەری مەسەلەی فەلەستین لە ڕووی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئەگەر خواستێکی ڕاستەقینە ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی. ھەموو بابەتەکان ڕوون و ئاشکرایەو پێویست بە ھیچ ناکات جگە لە دەستکێشانەوە و دەستھەڵگرتنی ئیسرایل نەبێت لە خاکی داگیرکراوی فەلەستین لە ساڵی ١٩٦٧ ەوە تا ئەم ساتەی ئێستا. وە ڕازیبوونی بە دروستبوونی دەوڵەتی نیشتیمانی فەلەستینی لەسەر خاکی بەشی ڕۆژئاوا و دەڤەری غەزە و پایتەخەتەکەشی قودس بێت.
بەڵام ئەم مەسەلە ئاسانە بە پێی بڕیارە یاساییە دەوڵەتییەکان، زۆر ئاڵۆز کراوە بەو ھۆکارە بنەڕەتییەی کە ئیسرائیل جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتدەکاتەوە کە لە بەرژەوەندی گەلی فەلەستین دەرچووە و ئیدانەی داگیرکاریی ئیسرائیل دەکات. لەبەر ئەوەیە کە ھەوڵ ئەدات کێشە دروستبکات لە ڕێگەی ھەر ھەوڵێکی نوێ بۆ دانوستانێکی جددی کە ئامانجی گەیشتنبێت بە کەناری ئاشتی و ئاسایش و ئارامی سەقامگیر، وە بۆ چارەسەرێکی تەواوی مەسەلەی فەلەستنی لەسەر بنەمای شەرعی دەوڵەتی و مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین. بوونی ھێزێکی ڕاستڕەو لەسەر حوکم لە ئیسرایل دا ھەمیشە پاڵپشتییەکی گەرمی سیاسەتە باڵادەستیی و قەڵمڕەوییە فراوانەکانی دەکرێت لە لایەن ئیدارەی ئەمریکا و ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانەوە. ئەمە بووەتە ھۆی گرفت لە بەردەم چارەسەرێکی خێرای کێشەی فەلەستیندا. دوا ھەوڵ بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامریکا دەیەوێت ھەڵیوەشێنێتەوە و تێکیبشکێنێت بە بەکارھێنانی مافی ھەڵوەشاندنەوە دژ بە بەرژەوەندی ئاشتی لە ناوچەکەدا و وە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ھیچی تر.
ئەم کێشەیە لایەنێکی تریشی ھەیە، ئەویش لایەنی فەلەستین خۆیەتی کە ھێزی حەماسە، ئەم ھێزە لە ژێر سێبەرو سایەیی داگیرکاریی ئیسرائیل و میتۆدەکانی لە دڵڕەقی بەرامبەر بە دانیشتوانی فەلەستین و ڕەتکردنەوەی ئیسارئیل بۆ ھەموو چارەسەرێکی لەبار کە دەزگای گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریکردوە لەسەر ئەم کێشەیە. لە نێوان دروشمی فراوانکردنی ئیسرائیلی گەورە و وە دەستبەسەراگرتنی زیاتری خاکی فەلەستینی لە لای ئیسرائیلەوە، وە دروشمی فڕێدانی ئیسرائیل بۆ ناو دەریا و پاکتاوکردنیی و داننەنان پیایدا لە لایەن حەماس و ئێران و ھەندێک لە ھێزە نەتەوەییە ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان، کارێکی کردوە کە ئەم ڕەوشە وەک خۆی بمێنێتەوە بەزۆرێک لە ئالۆزیی و وە دەستبەسەراگرتنی زیاتری خاکی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە.

٣/ چۆن بەرھەڵستکارییەکانی ئامریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستینی ھەڵدەسنگێنیت، دوای ئەو ھەنگاوەی کە سەرۆکی فەلستینی ھەڵینا بەرەو نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدیھێنانی دەوڵەتی ناوبراو؟

و: ھەڵوێستی ئامریکا خراپە و لایاندارە بەلای ئیسرائیلدا و بێلایەن نییە لە بەرامبەر بە مەسەلەی فەلەستیندا و ئامادە نییە بوەستێتەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەفرۆزەی پڕۆژە قەڵەم ڕەوییە بەرفراوانە پلە بە پلەکەی بکات. ئامریکا لایانداریی ئیسرائیل دەکات ئەگەر ئیسرائیل ھەڵەبێت یان ڕاست. ئەو لەسەر ڕێگەی ڕاوچییەکان دەڕوات. زانایەک دەڵێت: پیاوێکی جەستە گەورە و بەھێز توانی کەروێشکێک ڕاوبکات لە دارستانێکدا، لە ھەمانکاتدا ھاورێ جەستە لاواز و باڵا کورتەکەی توانی ئاسکێکی گەورە ڕاوبکات. لە ئێوارەدا کە گەڕانەوە بڕیاریاندا ئەم دەستکەوتانە دابەشبکەن لە نێوانیاندا: پیاوە جەستە بەھێزەکە بە لاوازەکەی وت: گوێبگرە، کەروێشکت دەوێت ئەوە کەروێشک، ئاسکت دەوێت ئەوە کەروێشک، بەشەکەی تۆ بتەوێت و نەتەوێت ھەر کەروێشکە، تەنانەت ھەتا کەروێشکەکەشی بە تەواوی نەداپێی و تەنیا پارچەیەکی داپێی.
بەرامبەر بە دڵڕەقیەکانی ئیسرائیل عەدالەتی دەوڵەتی و شرعیەتی دەوڵەتی بوونی نییە، ئیسرائیل ھەموو سەرکێشی و پێشێلکاریی بەرامبەر ڕێکەوتن و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دەکات وەک سەرکێشێکی نازپێدراو لە ناوچەکەدا بە بێ ھیچ لێپرسینەوە و چاودێرییەک لەسەر ڕەفتارەکانی، ئیسرائیل بریارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە داگیرکردنی خاکی زیاتری فەلەستین وەلادەنێت و دەسڕێتەوە بە بێ ئەوەی ھیچ لایەک بوێرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و سزای بدات. لۆبی بەھێزی ئیسرائیلی ھەژمونێکی کردەیی ھەیە بەسەر بڕیارەکانی ئەمریکادا لەسەر مەسەلەی فەلەستین، دەوڵەتانی ئەورپیش تا ھەنووکە نەیانتوانیوە ئەم ھەڵوێستە بگۆڕن یان لۆبی ئیسرائیل ھەڵوەشێنەوە یان قایلکردن بە پراکتیزەکردنێکی سیاسەتێکی عەقڵانیی بەرامبەر گەلی فەلەستین و وازھێنان لە داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلانی سوریی و کێڵگەی شعبان لە بەیروت.

٤/ ھۆکارە سەرەکییەکانی ھەڵوێستی نەرێنی دەوڵەتانی گەورە بەرامبەر بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ کە ھەر چوار پارچەکەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ببەستێتەوە بە یەکەوە چییە بە ڕای تۆ؟ وە بۆچی حاڵەتی کوردی و مەسەلەی گەلی کورد لە لایەن ھەندێک لە مەیدانە بیریی و نەتەوەییەکانی جیھانی عەرەبییەوە بە ئیسرائیل دەچووێنن؟

و: حکومەتی بەریتانی و حکومەتی فارانسی وازیان لە ئەرکەکانیان ھێنا بەرامبەر بە داخوازییەکانی عەرب و کورد لە ماوەی جەنگی جیھانی یەکەمدا بۆ دروستبوونی دەوڵەتی عەربی و کوردی سەربەخۆ لەسەر خاکی کوردستان. ئەوە وازھێنان بوو لە ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی ئەو سەردەمە کە واژۆی لەسەر کرابوو. لەمەوە دابەشکردنێکی نوێی کوردستان لە دوای جەنگی جیھانەی یەکەمەوە دروستبوو، گەلی کورد دابەشکرا بەسەر چوار دەوڵەتەدا کە لە پێش جەنگدا ھەموویان لە نێو بازنەی دەوڵەتی عوسمانییدا بوون، پیاوە نەخۆشەکە، کە لە جەنگی جیھانی یەکەمدا کە ھاوپەیمانی ھەبوو لەگەڵ ئەلەمانیادا دۆرا. وە لە ئەنجامی ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانیدا زۆرێک لە دەوڵەتانی سەربەخۆ وەک تورکیا و زۆرێک لە دەوڵەتانی عەرەبی دروستبوون، بەڵام ڕێگە نەدارا بە گەلی کوردستان کە دەوڵەتی نیشتیمانی سەربەخۆ دروستبکەن لەسەر خاک و نیشتیمانی خۆیان کە دابەشکرا بەسەر چوار دەوڵەتەکەی تورکیا و سوریا و ئێران و عێراق دا.
ئەم دابەشکردنە جیۆسیاسیە کە دەوڵەتانی کۆلۆنیالیزم لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دروستیان کرد، تا ھەنووکە وەک خۆی ماوە و ھیچ گۆڕانکارییەکی تیا نەکراوە جگە لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل نەبێت کە پێش دواییھاتنی جەنگی یەکەم پەیمانی دروستکردنی درابوو لە(پەیمانی بلفۆر١٩١٧)دا.
گەلی کوردی دابەشکراو بەسەر ئەم دەوڵەتانەدا ناچار بوو خەباتبکات لە گەڵ گەلانی تری ئێرانی و عێراقی و سوریی دا لە پێناوی ڕزگاربوون لە کۆلۆنیارلیزمی ئەو سەردەمەو سەربەخۆیی و دیموکراتیی و مافەکانی نەتەوەیی ڕەوا.
لە ھەمانکاتدا گەلی کورد خەباتیکرد لە پێناوی بەدەستھێانی مافی بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆیان لە لایەن خۆیانەوە. لەم پێناوەشدا قوربانیەکی گەورەیان بەخشی. ھۆکارە شاراوەکانی پشتەوەی ڕەتکردنەوە و ئەفرۆزەکردنی دەوڵەتانی گەورە لە ھاوکاریی و یارمەتی دروستبوونی دەوڵەتی نیشتیمانی یەکگرتوو بۆ گەلی کورد ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیزمەوە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە یەکگرتنەوەی بەرژەوەندییەکانی دەستەو تاقمی ھەژموونکاری حوکم لە نەتەوە گەورەکانی تورکی و فارس و عەرەبدا کە ھاوپەیمانن لەگەڵ دەوڵەتە گەوەرەکاندا.
ھەموو گەلێک لە گەلانی سەر گۆی زەوی مافێکی ڕەھای خۆی ھەیە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆی بە دەستی خۆی. وە بۆی ھەیە شێوازی گونجاو ھەڵبژێرێت لە کاتێکدا کە لەگەڵ نەتەوەیەک یان نەتەوەگەلێکی تردا لە یەک وڵاتدابن. بەڵام ئەم مافە ڕەھایە زۆرجار لەگەڵ بەرژەوەندیی ھێزە فەرمانڕەواکانی نەتەوەکانی تردا یەکناگرێتەوە، بۆیە دەیانەوێت نەتەوە بچووکەکان بێ بەش بکەن لەم مافە ڕەوایە. ئەلێرەوە پێویستییەکی جددی دروست دەبێت بۆ گۆڕینی تەرازوی ھێز کە بە بەرژەوەندیی مافی بڕیاردانی چارەنوس بۆ نەتەوە بچووکەکان بشکێتەوە، کاتێک کە ئەم مافە ڕەھایە لە لایەن ھێزە دیموکراتییەکانەوە بە گشتی دانی پیانراوە کاتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتن و کاتێکیش دەسەڵات دەگرنە دەست. بەڵام لە ڕاستییدا کاتێک ئەم ھێزە دیموکراتیانە دێنە سەر حوکم وەک خۆیان نامێنەوە و بە ھۆکارگەلێکی نا بەجێ یان لە ڕوانگەیەکی نەتەوەیی و چینایەتیی تەسەکەوە ئەم مافە ڕەواو ڕەھایە ئەفرۆزە دەکەن بۆ نەتەوە بچووکەکان.

ھێزە بۆرژوازییەکان و بۆرژاوازیی بچووک بە زۆری ئەفرۆزەی مافی چارەنوس بۆ گەلان دەکەن و وە لە باشترین حاڵەتدا قبوڵی حوکمی لۆکاڵی دەکەن لە چوارچێوەی ھەمان دەوڵەت و وڵاتدا، وە لە حاڵەتی گۆڕانی تەرازوی ھێزدا قایل دەبن بە حوکمی فیدارڵیەت و سیستەمی فیدراڵیەت، بەڵام جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتیمانی و سەربەخۆ ڕەتدەکەنەوە. ئەمەش کێشە گەورەکەیە.
دەوڵەتانی گەورە نایانەوێت زیادەڕۆیی بکەن لە ھاوڕێتیو ھەواڵێتی سیستەمە بۆرژوازییەکانی ئەم دەوڵەتانە کە ئەفرۆزەی پراکتیزەکردنی مافی بڕیاردانی چارەنوس دەکەن بۆ گەلی کورد، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا نایانەوێت نەخشەی جیۆـ سیاسیی بگۆڕن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام رەنگە ئەمە لە ماوەی داھاتوودا بکرێت و پێویستە گەلی کورد بڕیاری خۆی بدات لەسەر چارەنوسی خۆی لەم دەوڵەتانەدا ھەرکاتێک ئەمەی بۆ ڕەخسا.
پرسی کورد وەک پرسی ئیسرائیل نییە بە ھیچ جۆرێک، ئەوە ھەڵوێستێکی نەتەوەیی ڕەگەزپەرستانەی ھەڵەیە کە دەیەوێت پرسی کورد بە پرسی ئیسرائیل بچوێنێت. ئیسرائیل لەسەر بناغەیەکی مێژوویی دروست بووە، واتە یەھودیەکان ڕۆژێک ھەبووە کە دەوڵەت بوون لەسەر ئەو خاکە،(الارچ الموعودە). لە کاتێکدا کە یەھودیەکان پەرشوبڵا بوون بەسەر دەوڵەتانی جیھاندا، کۆکرانەوە لە ھەموو لایەکەوە لە فەلستیندادانران و بڕیاردرا کە دەوڵەتێکیان بۆ دروستبکرێت و دەوڵەتێکیش بۆ فەلەستینیەکان لەسەر خاکی فەلەستین لە بڕیاری دابەشکردنی ساڵی ١٩٤٨ دا.
لە کاتێکدا کورد لە بنەڕەتدا لە سەر خاکی خۆیان بوون و لە ھیچ شوێنێکی ترەوە نەھێنراون. لەبەر ئەوە ھیچ لە یەک چوونێک نییە لە نێوان ئەم دووانەدا. گەلی کورد خاکی ھیچ کەسێکی داگیر نەکردوە، بەڵکو لەسەر خاکی خۆی دەژی و دەیەوێت لە سەر خاکی خۆی حوکمێکی خۆیی یان فیدراڵی یان سەربەخۆ دروستبکات، گەلی کورد مافی تەواویی خۆیەتی لەمەدا. وە مافی ھیچ کەسێکیش نییە ڕێگری لێبکات. ئەمە لە ڕووی پرنسیپەوە. لە ڕووی واقیعەوە دەوڵەتی تورکی و دەوڵەتی فارسی و دەوڵەتی سوری دژی ئەو مافەن کە گەلی کورد لە عێراق دا ڕازیی بووە بە فیدراڵیەت و ئەمەش لە دەستوری عێراق دا تۆمارکراوە، ئەگەر بۆیان بلوێت ئەم مافەی گەلی کورد لە عێراق دا ھەڵدەوشێنەوە. وە دژی ئەم سیستەمی فیدراڵەیەشن بۆ گەلی کورد لە تورکیا و ئێران دا. وە لە ھەوڵی ئەوەدان کە جەنگ و زاڵبوونی خۆیان لە کوردستانی عێراق دا بەرپا بکەن نەک دەوڵەتێکی کوردی لە عێراق دا دروست بێت. وە دەوڵەتانی گەورە ھەڵوێست وەرناگرن دژی سیاسەتەکانی ئێران و تورکیا و گەلی کورد دەکەن بە قوربانی وەک چەندین جار ئەمەیان کردوە کاتێک ئەم دوژمنکارییە لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە بەرپاکراوە دژ بە گەلی کورد. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ئەمڕۆ تەرازوی ھێز بە جۆرێک نییە کە ھاوسەنگ بێت بۆ دروست بوونی دەوڵەتی کوردی لە کوردستانی عێراق دا.

٥/ ئایا ئەو گۆڕاکارییانەی ئێستا لە ناوچەکەدا ـ ڕاپەڕینەکان و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە ـ ئاسۆیەکی نوێ دەسازێنیت کە تیایدا مافی نەتەوە و کەمەنەتەوایەتییە نا عەرەبییەکان قبوڵبکرێت تا ئاستی جیابوونەوە و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆیان، بە نموونە مافەکانی گەلی کورد و دەوڵەتی سەربەخۆ بۆیان؟

و: لە بە دواداچوونی ئاراستەکانی بەھاری عەرەبیی ئێستادا دەتوانین بڵێین دیموکراتیەکی گشتییە و بەڵام دیموکراتییەکی تەمومژاوییە، ھێزەکانی جیاوازن و ڕوخساریان زۆر ڕوون نییە، ھەتا ئێستا ڕوخسارێکی دینیی و نەتەوەیی پێوە دیارە، وە ھەردوو ئاراستەکە داننانێن بە مافی بڕیاردانی چارەنوسی گەلانی تردا. ئاراستە دینیەکە بڕوای وایە کە دەوڵەت لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی نابێت دروستبێت بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای نەتەوەیی ئیسلامی دروستبێت بۆ ھەموو نەتەوەکان، ئاراستەی دوەم داننانێت بە نەتەوەکانی تردا و بە مافەکانیاندا و وە ھیچ مافێک نابینێت جگە لە مافی خۆی نەبیت. ئەمەش پەروەردەو ڕۆشنبیرییەکی دواکەوتووە گریدراوی کۆمەڵگایەکە کە پەیوەندییە بەرھەمییەکان تیایدا نیمچە دەرەبەگیی و پەیوەندییە بەرھەمییەکانی سەرمایەداریی سەرەتاییە لە گەشەکردنیدا. ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و تاکەکان لەو ئاستەدا نییە کە دانبنێت بە گەلان و نەتەوەکانی ترد و وە بە مافە ڕەواکانیان و دادپەروەریی لە ‌ھەڵنانی دەوڵەتی نیشتیمانی سەربەخۆ بە تەواوی ھەر وەک مافی پراکتیزەکردنی نەتەوەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی.
لەوباوەڕەدام ئەم قۆناغە ھێشتا دوورە لەو کەش و زەوینە ڕەخساوەوە کە تیایدا گەلی کوردی باکور و ڕۆژھەلات و رۆژئاوا بتوانن وەک گەلی کوردی باشور لە کوردستانی عێراق دا ‌بگەن بە مافە ڕەواکانی خۆیان.

٦/ پێتان وایە قۆناغی داھاتوو، دوای بەھاری عەرەبی، دەبێت بە قۆناغێکی لێکتێگەیشتن و ئاسایی بوونەوە و چارسەرکردنی ململانێ و کێشەکانی نێوان گەلان، یان دەبێت بە قۆناغێکی نوێ لە جیاکاریی زیاتر و ھەڵگیرسانی نەڕەو ھاتوھاواریی نەتەوەیی و ڕەگەزیی و لێکترازان ؟

و. ھەموو دەوڵەتانی عەرەبی نەتەوەی تریان تیا نییە، دەوڵەتی مەغریبی زۆربەی ھەرزۆری دانیشتوانەکەی لە ئەمازیزغیەکان پێکھاتووە(دەوڵەتانی باکوری ئەفریقا: مەغرب و جەزائیر و تونس و لیبیا، ھەروەھا مۆریتانیا) بەڵام ھێزی فەرماڕەوا عەرەبە یان ئەمازیغییە بە عەرەبکراوەکانن. لە پێش سێ دەیەدا ململانێیەک دەستیپێکرد لە پێناوی مافی گەلی ئەمازیغییدا لە جەزائیر و مەغرب دا، ئێستاش لە تونس و لە لیبیادا. ململانێی نێوان عارەب و ئەمازیغیەکان لەوانەیە دروستبێتەوە و گەشەبکات ئەگەر عەرب مافی گەلی ئەمازیغی لە ھاوبەشییکردندا لە حوکم و مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی و ڕۆشنبیریی و یەکسانیان و ...ھتد ئەرفرۆزە بکات و ڕەتی بکاتەوە. بەڵام لە سودان دا گەلی باشوری سودان ئازادی و سەربەخۆیی خۆی وەرگرت. ئەمەش لە ئەنجامی سیاسەتە تووندڕەوەکانی حوکمەتی سودانەوە دروست بوو. سودان ھەڕەشەلێکراوە بە دابەشبوونێکی تر ئەگەر حوکومەتی سودان لە باکوردا پێدابگرێت لەسەر وەڵامنەدانەوەی گەلی دارفۆر. ڕەنگە ئەمە ببێتە ھۆی دابەشبوونێکی تر لە سودان دا. گەلی باشوری سودان جیابوونەوەی نەدەویست، بەڵام سیاسەتی حوکمی عارەب لە باکوردا بووە ھۆی ئەو دابەشبوونە. لە سوریادا داواکارییەکانی کورد لەو وڵاتەدا لەسەر پێنەدانی ڕەگەزنامەی سوری و مافە ڕەوا دادپەروەریی و یاساییە نەتەوەییەکان و بە تایبەتی مافە ڕۆشنبیریی و ئیدارییەکانە. لەوانەیە ھێزە نەتەوەییە عەرەبییە ڕەگەزپەرستەکان وھێزە ئیسلامییە سیاسییە ڕاستڕەوەکان لە ناو ھێزە ئۆپۆزیسوێنەکاندا سیاسەتێکی نەتەوەیی و دینی بەرتەسکیان ھەبێت دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی ستەمکار کە ببێت ھۆکاری درێژ بوونەوەی ململانێکە و گەلی کورد بتوانێت مافە ڕەواکانی خۆاین بەدەستبھێنن.
لە عێراق دا گەلی کورد بە خەباتێکی بەردەوام و نەپساو توانیان سیستەمی فیدراڵیەت بەرجەستەبکەن لە ساڵی ١٩٩٢دا. وای دەبینم کە فیدراڵیەت گەشەی پێبدرێت و پشتیوانی بکرێت بە گەشەپێدان و پشتیوانی دیموکراتیی و مافی مرۆڤ و ژیانی دەستوریی ئاشتییانە و پەیوەندییگەلێکی ڕوون و ئاشکرا لە نێوان حکومەتی یەکێتی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ناو بازنەی دەوڵەتی یەکێتیدا. ترسناکیی پاشەکشەکردن لە دیموکراتیی لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان و وە دەرکەوتنی ئاراستە ستەمکارییەکان لە حوکمی نوری مالکی دا یان لە کوردستان دا لەگەڵ بێدەنگی ھاوپەیمانیی کوردستانی دا لەسەر ئەوەی کە دەگوزەرێت لە ھەموو عێراق دا یان بێدەنگی گەل لەسەرئەوە دەشێت ببێت بە ململانێیەکی ناچاریی، لەبەر ئەوە بە ناچاری دەبێت ھاوپەیمانی کوردستانی و ھەموو ھێزە کوردستانییەکان بەرپەرچی ئاراستە نادیموکراتیی و ستەمکارییەکان بدەنەوە لە حوکمی دەوڵەتی یەکێتیدا لە ڕەفتای سیستەمی سیاسی عێراقی یان لە کوردستاندا.
بەھاری عەربی ئاسۆیەکی فراوانی کردۆتەوە، بەڵام لەسەر ھوشیاریی تاکەکان و کۆ وەستاوە لە کاریگەرێتیاندا لەسەر ئەم بەھاری عەرەبییە لە ھەمو دەوڵەتانی عەرەبیدا. دەبێت ئەوە بزانین و بە ئاگابین کە ململنێیەکی ھێزە چەواشەکارانە ھەیە لە ھەموو دەوڵەتانی عەرەبیدا بۆ لەباربردنی تەوژمە شۆرشگێڕیی و دیموکراتییە ئاشتییەکە لە دەوڵەتانی عەرەبیدا، ئەمەش دەبێت بە ھۆکاری دواکەوتنی بەرپاکردنی چاکسازی و گۆڕانە پێویستەکان کە بەھاری عەرەبی سەپاندوێتی لە تونس و میسر و لیبیا و یەمەن و ئەوا‌نی تردا کە تا ھەنووکە تەواو نەبوون.

٧/ ھەڵوێستت چییە لەسەر سازدانی پڕۆسەیەکی ڕاپرسیی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی مافی چارەنوسی کەمەنەتەوایەتییەکان لە جیھانی عەربیدا، وەک سەحرای غەربی و خواروی سودان و کەمەنەتەوایەتییەکانی تر لە پاشەڕۆژدا، لەگەڵ ئەوەی کە مافی چارەنوس بۆ ھەر گەلێک مافێکی دیموکراتی و مرۆیی و یاساییە و بەندێکە لە بەندەکانی جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨دا ئەم مافەی داوە بە ھەر نەتەوە و کەمەنەتەوایەتیەک ؟

و. سازدانی ڕاپرسییەک بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان زیانی لێناکرێت. ئەوەش مافێکی ڕەوایە. بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەم ڕاپرسییە چارەسەری پێویست و گونجاو بەدەستدێنێت؟
کاتێک حکومەتی مەغرب سازدانی ڕاپرسی ڕەتبکاتەوە بێگومان ئەنجامەکەشی ڕەتدەکاتەوە، واتە ململانێکە وەک خۆی بەردەوامدەبێت، ئەوە تەنیا ململانێی نێوان پۆلیساریو و مەغرب نییە، بەڵکو لە نێوان جەزائیر و مەغربیش دا ھەیە. لە ڕاستییدا کێشەیەکی ئالۆز و تەنگەژاوییە.
لە کاتێکدا ڕاپرسی لە کوردستانی عێراق دا سازبکرێت دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتیمانی سەربەخۆ. ڕەنگە ئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە بۆ ئەم خواستە. پرسیار ئەوەیە لێرەدا: ئایا دەتوانرێت لەم بارودۆخەدا ئەم جۆرە راپرسییە ئەنجامبدرێت لە کاتێکدا کە بوردومانی ئێرانی و تورکی و دوژمنکاریی سوری لەسەر کورد بەردەوامە و حکومەتی عێراقی زیاتر لەگەڵ ئێراندا ڕێکە وەک لەگەڵ کوردەکان، یان ئەمە دەبێت بە دروستبوونی گرفتی ترسناک بۆ خودی فیدراڵێتەکەش؟ سەرکردایەتی سیاسی کوردستانی ئەم جۆرە داوەیە ناکات بۆ سازدانی راپرسی لەبەر ئەوەی گرفتەکانی ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەزانێت. لەگەڵ ئەمەشدا من وەڵامی بۆ گەلی کورد و حیزبە کوردستانییەکان بەجێدەھێلم بۆ بڕیاردانی ھەڵوێست بە وردیی و حساباتێکی ڕێکوپێک.

٨/ بەرھەڵستکارییەکانی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و قەوارە نەتەوەییەکانی تر وەک کەمەنەتەوایەتییەکانی ئەمازیغ و خەڵکی سەحرای غەربی چییە؟

ئەمازیغیەکان داوای قەوارەیەکی نەتەوەیی ناکەن بۆ خۆیان، قەوارەی دەوڵەتی مەغریب ھەمووی ئەمازیغییە، تەنانەت پاشای مغرب بە ڕەسەن ئەمازیغییەکی بە عارەبکراوە. بۆیە ئەوان مافەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ھەمان دەوڵتدا دەوێت چوونکە زۆربەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەھێنن و ئەمەش دەچێتە نێو پرنسیپی یەکسانی ھاوڵاتیبوونەوە، یەکسانی لە ئەرک و ماف دا. ئەمەش بە مانای داننان بە زمانی ئەمازیغییدایە ھەروەک زمانی عارەبیی ، ھەروەھا داوای مافی ڕۆشنبیری و خوێندن بە زمان ئەمازیغی دەکرێت ھەر وەک زمانی عارەبی و فارنسی... ھتد.
دەربارەی دەوڵەتی کورد، من بڕوام وایە کە ئەم قۆناغە ھاوکاریی و یارمەتیی دەخوازێت لە پێناوی پشتیوانیکردنی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و تورکیادا بۆ بەروپێشچوونی خەباتیان لە مسۆگەرکردنی مافی بڕیاری چارەنوسیاندا ئەگەر بە حوکمێکی خۆیی یان فیدراڵیەت تەواوبێت. ئەگەر ئەمەش بەدەستھات، ئەوکاتە گەلی کورد و سەرکردە سیاسییەکەی دەتوانێت بیربکاتەوە لە ڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کورد.
عارەب دابەشبوون بە ٢٢ دەوڵەتەوە و نەیانتوانیوە یەک دەوڵەتی یەکگرتو دامەزرێنن بە ھۆکاری کۆمەڵێک گرفت و تەنگەژەی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ھەروەھا بۆ گەلی کوردیش ھەمان شت ھەیە. من وا ھەستدەکەم کە ئەم مەسەلەیە ھەندێک دوورە و پێویستە لەسەرمان پەلە نەکەین بە جۆرێک کە ئەنجامێکی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەی من لەگەڵ مافی بڕیاردانی چارەنوس و ھەڵبژاردنی شێوەی گونجاوم لە کاتی گونجاودا، مافی بڕیاردانی چارەنوس خۆی لە نێوان مافەکانی ڕۆشنبیری و حکومی خۆیی و فیدراڵیەت و کۆنفیدراڵیەت و جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتیمانی سەربەخۆدا دەبینێتەوە.
_________________________________________

سه‌رچاوه‌:  http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=278697
 

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک