په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٢\٢٠٢٥

چەند خاڵێک سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی سوریا.

نادر عەبدولحەمید   


ئەوەی ڕوویدا لە سوریا، بە پێشڕەوییە سەربازییەکانی (دەستەی ڕزگاری شام) و ڕووخانی خێرای ڕژێمی (بەشار ئەسەد) لە (٨-١٢-٢٠٢٤)دا، ئاکامی پڕۆسەیەکی مێژوویی لانی کەمی سێ دەیەی ڕابردووە (١٩٩٠-٢٠٢٤) کە ئەم وڵاتە و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیا تێپەڕیوە.

ئەم پڕۆسەیە دوو ڕەوندی ناوخۆیی و دەرەکی؛ جیهانی و ناوچەیی تیایدا بەشدارن.

کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر ئابووری ئەم وڵاتە و لەژێر ناوی سۆشیالیزمی عەرەبی (بەعسی)دا، لە میانەی سێ دەیەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیست، ژێرخانی ئابووری سەرمایەداری ئەم وڵاتەی پەرەپێدا و ئەم سەرمایەدارییە دەوڵەتییە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی تا ئەوەی لە دەیەی نەوەتەکاندا، پڕۆسەی ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت دەستی پێکرد.

هەرچەندە لە دەیەکانی ڕابردوو کەرتی تایبەت هاوکاریی و دەستگرۆیی کرابوو لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵام ئەوەی کە لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە لەسەر دەمی (حافز ئەسەد) وەڕێخرا و پاشان لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە لەسەر دەستی کوڕەکەی (بەشار ئەسەد) گوڕێکی خێرای پێدرا پڕۆسەی گواستنەوەی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم.

داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی سۆڤیەت لە بەرامبەر بلۆکی ڕۆژاوای سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و نیولیبرالیزمدا، گوڕ و خێرایی بەخشی بەم پڕۆسەیەی شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە: لە تورکیا، میسر، عێراق و سوریەدا کە مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتییان پیادە کردبوو.


تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە سوریاوە، ئاکامە کۆمەڵایەتیـیەکانی پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییەی نیولیبرالیزم لە ماوەی دوو دەیە (٢٠ ساڵ)دا، واتا لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە تا دەیەی یەکەمی دوو هەزارەکان (١٩٩٠-٢٠١٠) بووە هۆی هەڵتۆقینی جۆرەها کۆمپانیا و پڕۆژەی ئابووری و قۆرخکردنی بازاڕ و بازرگانی لەلایەن سەرمایەداران و بازرگانانێک کە نزیک لە بازنەی دەسەڵات و بنەماڵەی ئەسەد بوون و لە بەرامبەریشدا هەژاری و بێکاری و پەراوێزنشینی جەماوەری زەحمەتکێش لە دەوروبەری شارەگەورەکان و گەڕەکە هەژارنشینەکاندا پەرەیان سەند.

بەم شێوەیە کۆمەڵگە هەرچی زیاتر بەرەو جەمسەرییبوونەوەی چینایەتی چوو، لایەک کەمایەتییەکی خاوەن سەروەت و سامان و قۆرخکاری بازار و ژێوی جەماوەر کە دەسەڵاتی سیاسی بەپشتیانەوەیە، لایەکیش جەماوەرێکی بەرین لە کرێکار و زەحمەتکێش و توێژگەلێکی هەژار و بێدەرەتان لە کۆمەڵگەدا، کە بۆ هەر بێزاری و ناڕەزایەتییەک کە لەو ژیانەی هەیانە دەبوونە جێگەی چاودێری و بەدواداچوونی دەزگاکانی ئاسایش و پیاوانی ڕژێم و تەنگپێهەڵچنینان و ڕاوەدوونان و گرتن و شکەنجەیان.

ئەوەش لەیاد نەکەین کە جەور و ستەمی دەوڵەتی و دامودەزگای سەرکوتگەر هەر جۆرە هەناسەیەکی ئازادانەی هزریی و سیاسی و ڕێکخراوەیی لە هاوڵاتیان بڕیبوو. لێرەوە زەمینە خۆش بوو تا ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تێکەڵ بە ناڕەزایەتی هزریی و سیاسی ڕۆشنبیران و ڕەوتە هزریی و سیاسییەکان ببێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە (بەرەی نیشتیمانی پێشکەوتووخواز) کە پارتی بەعس لە سوریا دامەزرێنەری بووە لە (١٩٧٢) و ڕابەرایەتی دەکرد تا هەڵوەشانەوەی لە (٢٩-١-٢٠٢٥) دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، ئەم بەرەیە لە دە (١٠) پارتی و دوو یەکێتی سەندیکای کرێکاران و جوتیاران پێکهاتبوو، کە ناوی زووربەی پارتییەکانیش وشەی سۆشیالیستی یا کۆمۆنیستی تێدابوو. ئەم بەرەیە لە ڕووکەشدا دیموکراسیەتی فرەپارتی نیشاندەدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ رەواییدان بوو بە دەسەڵاتی ستەمگەریی دەوڵەت کە ناسیونالیزمێکی سێکیولار ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت دژە ئیمپریالی و زایۆنیستی بوو.

جا بۆیە سەیر نییە ئەو ڕەوتە سیاسیانەی کە بوونە بەرهەڵستکار و دژ بەو جۆرە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی بوون لە سوریا بریتی بوون لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی کە دژە سێکیولار و دژە سۆشیالیست و دژە کۆمۆنیست و دژە ئازادی ژن و هەر جۆرە پێشکەوتووخوازییەک بوون و توانیان ببنە ڕەوتی زاڵی هزریی و سیاسی بەسەر ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەردا، هەر بۆیەش کاتێک لەگەڵ شۆڕشەکانی باکووری ئەفریقیا، جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز لە سوریا لە (٢٠١١) دەستیان کرد بە جموجوڵێکی شۆڕشگێرانە و لە چەند شارێک ڕاپەڕین، بە خێرایی لە لایەن ئەو ڕەوتانەوە قۆزرایەوە و کرا بە جەنگێکی کۆنەپەرستانەی خوێناوی و ماڵوێرانکەر لە سوریا، کە ئەو وڵاتەی کردە مەیدانێک بۆ کێشمەکێشی جیۆپۆلتیکی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستە جیهانی و ناوچەییەکانی وەک وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا و سعودیە و وڵاتانی کەنداو و بە ناڕاستەوخۆش چین.

ئاکامی جەنگی ناوخۆ و کێشمەکێشی جیۆپۆلیتی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە ئازاری (٢٠١١)وە تا کانوونی یەکەمی (٢٠٢٤) بووە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا و پیرۆزباییکردنی لە لایەن وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و دۆڕانی زلهێزەکانی وەک ڕووسیا و ئێران.

شایەنی باسە کە میدیاکانی بورژوا لیبراڵی ئیمپریالیستی و بورژوا کۆنەپەرستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەرهەڵستکار و دەوڵەتیـیانەوە، تەنها ڕواڵەتی ستەمگەریی و نەبوونی دیموکراسی سیاسی و سەرکورتی ڕژێمی سوریا و دەستێوەردانی دەرەکیی بەرجەستەدەکەنەوە، وەک ئەوەی کە کێشەکە تەنها لە نێوان جەوساندنەوەی سیاسی ڕژێمێک بە ستەمی میللی و تیرەگەراییەوە لە بەرامبەر جەماوەری ناڕازی بە خواستی دیموکراسیدا بێت! هەروا ئاگایانە پەردەپۆشی سیستمی ئابووری و ناکۆکیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و چەوسانەوەی چینایەتی دەکەن لە باسکردنیاندا بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە.

خاڵێکی گرینگ کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین، ئەوەیە کە تێکشکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی شۆرشگێرانەی جەماوەری سوریا و باڵادەستی ڕەوتە دژە شۆڕشییەکانی ئیسلامی سیاسی، ئەو زەمینەی لەباربرد کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ناوچە کورد نشینەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، واتا لە کوردستانی رۆژئاوا یا ئەوەی کە ناسراوە بە (ڕۆژاڤا) هەروەها جەماوەری کرێکار زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئەو ناوچانەی کە تیرەی (درووز) تێیدا نیشتەجێن لە خوارووی ئەو وڵاتە، ببنە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی سەراسەریی شۆڕشگێڕانە دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی و چارەنووسیان پەیوەست بێت بە چارەنووسی جەماوەری شۆڕشگێڕ و ڕاپەڕیو لە سەراسەری وڵاتەکەدا.

لێرەوە لە بارودۆخی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەند و لە نائامادەیی بەرجەستەبوونی ئەو بزووتنەوە سەراسەریـیەدا و لە ترسی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بە گشتی و بە تایبەتیش ڕەوتە فاشیستەکانی چەشنی (داعش)ی، هێزە ڕێکخراوە سیاسیـیەکانی نێوخۆییەکان؛ چ سەر بە ڕەوتی چەپی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردی (پەیەدە) یا بۆرژوا-تیرەگەریی دورزی (حزب اللواء السوري) توانیان جەماوەر لەو ناوچانە ڕێکخراو بکەن هێزی چەکدار و میلیشیا دروست بکەن بۆ بەرگری ئەو ناوچانە و ڕێگرتن لەوەی بکەونە دەستی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و قەوارەی سیاسی-کارگێڕیی خۆشیان (ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤا) و ئیدارەی ناوچەکانی دروزنشین لە خواری سوریا  جێکەوتە بکەن، لە بەرامبەر دژە شۆڕشی ڕەوتە میلیشیاییەکانی ئیسلامی سیاسی و لە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەدندیی (بەشار ئەسەد) و ئێستای (ئەحمەد شەرع)دا.

دیارە ئەم دوو هێزە نێوخۆییە لە سوریا هەم لە ناوەڕۆکی هزریی و سیاسیاندا و هەم لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا زۆر لێک جیاوازن و باسەکەی ئێمە لێرەدا ناچێتە ئەو بوارەوە. ئەوەی جێگە مەبەستمانە ئاماژەی پێبدەین، ئەوەیە کە هەردوو ئەم ڕەوتە بە هۆی ناوەڕۆکی چینایەتی و پێکهاتەی سیاسی نەتەویی و سیاسی تیرەگەرییان، ئەو هێزە نەبوون و ناشتوانن ببن بە بەشێکی ئۆڕگانیک لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سەراسەری وڵاتەکە. لێرەوە چارەنووسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانی رۆژئاوا و ناوچە دروزنشینەکان پەیوەستەبووە بە سەودا و مامەڵەی هەردوو ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی چەپی کورد و بۆرژوا تیرەگەریی دروز لەگەڵ دەسەڵاتی تازە هاتووە سەرکاری سوریا.

لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێین کە پێڤاژۆی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان و ناوچەکە بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەروازەیەکی بەرفراوانتری بۆ کراوەتەوە، ئەمەش واتا لە کێشمەکێشە جیۆپۆلیتیکەکاندا هێزە ئیمپیریالسیتەکانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمەریکا و فەڕەنسا، زلهێزە ناوچەییەکان بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەکانیان پێویستیان بە هاوکاریی ئەو هێزە نێوخۆ و قەوارە سیاسیانە هەیە جا چ کاتیی بێت یان ستڕاتیژی، بەم پێیە مانەوەی ئەو هێزانە و مانەوەی قەوارە سیاسی و کارگێڕییەکانیان بەشێکە لە کێشمەکێشێکی بەرفراوانتری ناوچەیی و جیهانی و پەیوەستیشە بە سەقامگیری بارودۆخی دەسەڵاتی سیاسی ناوەندەوە.

ئەوەی لەو نێوەدا لە کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سوریادا بزرە هێزی ڕێکخراوی کۆمۆنیزم و کارگەرە، کە لە دەرفەتێکی تردا دێینەسەری.


سەرەتای شوباتی ٢٠٢٥
ماڵپه‌ڕی نادر عەبدولحەمید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک