٢\١١\٢٠١٤
جەنگە.. ''تەمۆ''.

خوناو سمایل
شه‌وه پایزه‌کی برژانگ ره‌شی چاو به
گریانه ئه‌وشه‌و.. ئه‌وانه‌ی ئێره هه‌موویان کزن، به خۆشیه‌وه...
رمبه رمبه‌کان ئێستا دوورتر رمبه‌یان دێ و عه‌ردوبانه‌که‌ش
ناله‌رێننه‌وه. ناڵه ناڵی ئێش و ئازاری برینداره‌کانی ژوره‌وه هێشتا
هه‌ر دێ و هه‌نووکه‌ش هه‌ر نه‌بڕاوه‌ته‌وه. له‌و ده‌ره‌وه‌یه باهۆزەی
دوور و درێژ له‌و سه‌ری ئه‌وسه‌ر، له دوور هه‌لده‌که‌ن و ورشه‌یان دێ،
تووڕه و خێرا ورشششششششششش به تۆ و به هه‌رچی دی هه‌یه ره‌ت
ده‌بن و ده‌ڕۆن...
ئاسمان تاره و ئه‌نگوسته‌چاوه... بڵێسه‌ی دوای رمبه‌کانه که تاو
تاوه گوڕیە ئاگرێکی سۆر به‌و ئاسمانه‌دا په‌رت ده‌کا و ده‌یکاته
مه‌شخه‌ڵێکی داگیرساو. ئه‌وان نه‌بوون! دوژمن بوو هێرشه‌که‌ی ئه‌وشه‌وی
ده‌ستپێکرد.. سه‌ر له ئێواره‌که هێنده له‌پڕ و له ناکاو قه‌وما که
خه‌ریك بوو به چه‌که‌که‌شت رانه‌گه‌ی! بوممم... تیییق... تاااق...
زرممم... سه‌نگه‌ره‌کانتانیان دایه به‌ر رێژنه‌ی گوللە و هاوه‌ن و
تۆپ و رۆکێتان.. ده‌تگوت ئێواره‌ی دۆزەخە که ئاسمان و زه‌وی ئاگری
گرت.. ئاماده‌ی ئه‌و دۆخه نه‌بووی، بۆیه هه‌ر زوو بریندار کرای.
واتزانی قووڵه، به‌ڵام ساده بوو... له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو کرای به
پاسه‌وانی برینداره‌کانی تر و به ئوتومبێلێك ڕه‌وانه‌ی دواوه‌ی
به‌ره‌کانی جه‌نگ کران...
کاوله خانووه ئێره! ره‌نگی جه‌نگێکی درێژی گرتوه... کون کون و
په‌نجه‌ره و جام شکاوه... له چه‌ندین شوێندا رووخاوه. له‌و ژێر
هه‌یوانه نیمچه رماوه دێی و ده‌چی... ده‌چی و دێیه‌وه... شه‌که‌تی و
ئۆقره‌ی درێژتربوونه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ت نه‌ماوه! ده‌چیه حه‌وشه‌که،
دوور یان به‌رز راده‌مێنی.. ئاسمانێکی ره‌شی ساده‌یه.. تاو تاو تیزێکی
ئاگرین وه‌ك شوختی برینێكی خوێناویی تیخێك ده‌کا و زۆر ناخایه‌نێ
ده‌کوژێته‌وه...
موچڕکه‌کانی به‌و تریقه پشته‌ت دادێن و ده‌تته‌زێنن.. موچرکی سه‌رمای
پایزه یان ترس و بارقورسیی جه‌نگ؟ زۆر پێته‌وه دیاره!
پێشمه‌رگه‌که‌ی تازه‌ش پێت تێپه‌ڕی و گرژی ماسولکه‌کانی شانتی
خوێنده‌وه! بۆیه لای چه‌پی راته‌کاندی و نه‌رمییه‌کی نواند و گوتی:
''جه‌نگه براله جه‌نگه'' و ره‌ت بوو. هه‌ستت کرد ده‌نگی ئه‌ویش له
ده‌نگه‌ژێیه‌کی ماندوو و خه‌فه‌تبار هاته‌ده‌ر. نه‌تزانی دڵی تۆی
دا‌وه یان دڵی خۆی!
ده‌م نا ده‌م برینی سه‌رت ده‌کولێته‌وه و که‌مه ئازارێك ده‌تگرێ..
نه‌تویست بچیه‌وه ژوره‌وه نه‌باده دیمه‌نی برینداره‌کان وره و
به‌رگه‌ی جه‌نگت بله‌قێنن. سەرکزتری و خۆت له قوژبنێکی هه‌یوانه‌که
په‌ستا.. بۆنی ئه‌و دەرمانەی که برینه‌که‌تیان پێی برژانده‌وه
هوڕتری کردبووی. دانیشتی و چۆکانت نوشتاندنەوە و هه‌ردوو باسکانت
وێکدیهێنانەوه. هێشتا خه‌و نه‌یگرتووی، جگه له‌و ئاسمانه
قه‌ترانییە‌ش هیچی تر نییە سه‌ر‌نجی چاوانت بدزێ. که‌مه ساتێك وات
هێنا به‌رچاوی خۆت که ئه‌و ره‌شاتییە سه‌ر و عه‌بایه‌که‌ی
''ته‌مین'' بێ! ''ته‌مۆ'' قیت به‌و به‌ژنه درێژ و باڵایه
ره‌قه‌ڵه‌یه‌ی به به‌ر چاوانت تێپه‌ڕی... هه‌ر وه‌ك جاران لچکه
عه‌بایه‌که‌ی لوول دابووه ژێر باڵی چه‌پی و رێگای ناو عاره‌بانەکانی
ته‌ڕه‌فرۆشانی سه‌ر کۆڵانه‌که‌ی خۆتانی گرتبوو.. زرمه‌یه‌كی گه‌وره
داڵغه‌که‌ی پچڕاندی، گوێت بۆ رمبه‌ی تر قوڵاغ کرد، هیچ نه‌هات! دیسان
حه‌زی دالغه‌ی ''ته‌مۆ'' بردتیه‌وه... خووی به‌وه گرتبوو که هه‌موو
دره‌نگه ئێوارانێك بازاڕییە‌که بکا.. ده‌یگوت ده‌مه‌و شه‌و میوه و
ته‌ڕه هه‌رزانه و زه‌مبیله سووره‌که‌ی ده‌ستی پڕ ده‌کرد لێیان.
کانێسه ئه‌ستور و لا مله ئه‌و ''ته‌مینه''! هه‌رچی ده‌مکرد و ده‌مگوت
هه‌ر ده‌یگوت ''نا''.. ده‌مگوت ''ته‌مۆ'' خۆشیم به‌و بازاڕه نایێ و
قه‌ڵه‌باڵغ بووه! ده‌یگوت هه‌رزان و تارانه ئێره.. ده‌مگوت کاس
بووین له ده‌ست هه‌ڵڵا و هۆریایان، با بارکه‌ین لێره! ده‌یگوت بێ
ئەمەکیی باش نییە! ئاوه‌دان و پڕ دۆست و براده‌ر و ده‌سته خوشك و
خه‌ڵکی باش و ساده‌یه ئێره...
ئای ''تەمۆ'' چه‌ند بیری تۆ و بیری ئه‌و به‌روبازاڕه ئاوه‌دانه‌ی
حه‌زی تۆ ده‌که‌م.. خۆزگه‌م به دواین ئێواره‌ی به‌یه‌که‌وه‌بوون و
راموسان و گه‌وزاندنت.. له جێگا دوو کەسییەکە، بێجگه له گه‌رمیی
هه‌ناسه‌ی سوارت، یان مرچه و مووچی ماچی نه‌رمه لێوت، ده‌نگی لیره‌ی
گواره‌کانیشت چه‌ند شیرین ده‌هاتنه به‌ر گوێچکانم.. دوو لیره‌ی
ره‌شادیی پان له‌گه‌ڵ سه‌راوبن بوونمان ئه‌وانیش زرینگه زرینگیان
ده‌هات و سه‌روابن ده‌بوون...
رمبه‌یه‌كی تر له شه‌کراوی یادان دایبڕاندی.. هێشتا هه‌ر هوڕ و گێژ
بووی و ملت بۆ رانه‌ده‌گیرا. سه‌رت له به‌ر خۆت نا.. قوڕگت به
ئاهێکی گه‌وره له‌ریه‌وه، له په‌نای لێوان گوتت ''جه‌نگه ته‌مۆ...
جه‌نگه''. دواتر داڵغه‌ی ئه‌وه دایگرتی که ده‌بێ ''تەمۆ'' ئه‌و
گوارانه‌ی هه‌ر مابن؟ ''گواره‌کانت ته‌مۆ'' ماون؟ یان هه‌ژاریی جه‌نگ
له گوێچکانی دادڕیوی؟ گواره‌کانی که ناوت نابوون پاره‌ی سپی! ئێستا
له‌وانه‌یه بووبنه قوربانی رۆژێکی ره‌شی وه‌ك ئه‌و جه‌نگه روو
ره‌شه...
شه‌وت به یادی ''ته‌مین'' راکشاند و ده‌نگی رمبانیش کپتر ببوو، پاش
تیمارکردن ناڵه‌ناڵیش که‌متر ده‌بیسترا.. تا ده‌هات دڵت به خه‌فه‌تی
یادان گرانتر ده‌بوو، چاوانیشت خه‌واڵووتر. چاه‌وکانت به‌ره به‌ره
به‌سه‌ر خه‌مه‌کاندا که‌وتنه سه‌ر یه‌ك و خه‌وتی...
سبەینێ زوو، بارانه‌که نه‌رم.. بایه‌که‌ش باری کردبوو. چه‌ند
ترومبێلێک له دیواری که‌لاوه‌که هاتنه ژوورێ.. له زووه‌وه وەئاگا
بووی، یه‌كپێ قیت بوویه‌وه و دەستوبرد لێیان چوویه پێش.. چه‌ند قسه و
باسێکتان گۆڕیه‌وه و به هه‌مووان برینداره‌کانیان بارکرد و
گوازرانه‌وه.. برینپێچه‌که ته‌مه‌شایه‌کی پەڕۆیەکەی سه‌رتی کرد و
گوتی: کردنه‌وه‌ی ناوێ! خۆشت ده‌تزانی هی تۆ ساده بوو.. تا هه‌موو
شتێك پێچرایه‌وه له‌گه‌ڵیان بووی.. نه‌تزانی وه‌گه‌ریان که‌وی یان!!؟
یه‌ك دوو پێشمه‌رگه‌ی ساغ که بۆ به‌ره‌کانی جه‌نگ ده‌گه‌ڕانه‌وه
هه‌ڵیاندایێ: ''ده‌ی کاکی پێشمه‌رگه.. ناگه‌ڕێیە‌وه؟ با بڕۆین برا
با بڕۆین، به‌گه‌ڕکه‌وه...''.
برینداره‌کان بۆ دواوه‌ی جه‌نگ، له‌وانه‌شه بۆ شار.. ترومبێلەکەی
ئێوه‌ش بۆ پێشه‌وه.. پێشمه‌رگه‌کان دوای پشوه کورته‌که‌ی دوێنێ شه‌و
تینێکی دیکه دایگرتبوون. یه‌کێکیان ده‌ستی به چڕینی مه‌قامان کرد،
ده‌یله‌رانده‌وه و ده‌یگوت: (قه‌لبی من گه‌ر چه‌شنی لاله بێت و
نه‌وتی تێبکه‌ن، ئاگری دوژمن بێته گیانم وه‌ك چرا من پێبکه‌ن، شه‌ق
شه‌قی که‌ن گۆشت و ئێسقانم یه‌ك به یه‌ك خوێی تێبکه‌ن، بێ ترس من
دێمه مه‌یدان حوکمه ئازادیم ده‌وێ...) ئیتر دوای ئه‌و بڕگه‌یه جگه
له تۆ ئه‌وانی دی هه‌ر هه‌موو به فیته و به ئه‌ی هاوار ئه‌ی های و
هه‌ر بژی و (گه‌ر نه‌سوتێم و نه‌خنکێم چۆن هه‌ژارم سه‌رکه‌وێ*)
وه‌ڵامیان ده‌دایه‌وه...
که گه‌یشتن، سه‌نگه‌ره‌کانی دوێنێ شه‌و چۆڵ بوون.. پێشمه‌رگه‌کان
به‌ره‌و پێشه‌وه‌تر چووبوون.. ماندوو، بەڵام زۆر شادمان و گوڕاح خۆش
دیار بوون. له خۆشیی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێوه و گه‌یشتنی هێزی تازه و
به‌زاندنی هێرشه‌کانی دوێنێ شه‌وی دوژمن، هه‌ر که‌سه و له راست خۆی
به ده‌نگی بڵند ده‌یگوت: ''به خێر بێیه‌وه، به خێر بێن، کاکه چاك
بوو برینه‌که‌ت سووك بوو، گه‌ریایه‌وه؟'' و وشه و رسته‌ی تر،
چه‌که‌که‌ی که دوێنێ شه‌و به‌جێتهێشتبوو وه‌رتگرته‌وه و به لاشانێکی
خۆتت شۆڕکرده‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر بۆ پێشه‌وه رێگاتان گرته‌به‌ر
و رۆیشتن...
__________________________
*
بڕگه شیعرێکی شاعیر"سامی عه‌وداڵ"ه.
٢٧\١٠\٢٠١٤
- نۆروێژ / درامێن
ماڵپه‌ڕی خوناو
سمایل مامه
|