په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٩\٢٠١٨

جەنگی دەڤەری ئیدلیب جەنگی یەکاڵاکردنەوەیی ئایندەی رۆژاوایە.*


زاھیر باھیر      


ئەسەد و ھاوپەیمانانی لە خۆئامادەکردندان بۆ جەنگی ئایندەی ئیدلیب،پێدەچێتئەم جەنگە یا لەم مانگەدا یاخود سەرەتای مانگی ئایندەدا دەستپێبکات. واچاوەڕاندەکرێت کە جەنگەکەش بەبردنەوەی ئەسەد و ڕژێمەکەی کۆتایی بێت و کارەساتیش بۆ زیاتر لە ٢ ملیۆن وێن لە دانیشتوانی دەڤەری ئیدلیب بھێنیت کە کە١.٦ ملیۆنیان زۆر دەمێکە پێویستیان بەھاوکاریی ڕیکخراوە مرۆدۆستەکانن و ئەوان بژێویان بۆ دابین دەکەن.


ئیدلیب نزیکە لە حەڵەب و حومس و حەماوە ، قەڵایەکی سەختی زیاتر لە ٦٠ ھەزار دژ بە ڕژێمی ئەسەد و ١٠ ھەزار جیھادییە . ئەسەد پاساوی ئەم ھێڕشەی بۆ سەر ئیدلیب بەوە دەداتەوە کە ئیدلیب پڕە لە تیرۆریست.


گەرچی جەنگی ئیدلیب وادەبینرێت کە جەنگێکی بچووکە، بەڵامی ڕوودانی جەنگێکی ئاوا کە ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا و ئەسەد و ھاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەشداردەبن ، گومانی نەھێڵاوەتەوە کە جەنگێکی زۆر گەورەیە. ئاشکراشە ھەر یەک لەم لایەنانە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەوێ و لە ڕۆژھەلاتی ناوین-دا ھەیە. ھەرچی ئەسەدە بە بەزاندنی ھێزەکانی دژ بەخۆی، بە ھێزە تیرۆریستەکانیشەوە، دەیەوێت تەواوی سوریا بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. ھەروەھا دەیەوێت دەستیشی کراوە بێت لە بەرانبەر ڕۆژاوادا ئیتر بە سازش و وتووێژ بێت بەسەپاندنی بەندومەرجی خۆی بەسەریانا، یاخود بە سەرکوتکردنیان بێت. تورکیاش کە ھەر لە سەرەتاوە بە ھۆی چەند ھۆکارێک درێخی لە کۆمەک و ھاریکاریی موعارەزەی سوریا و گروپە تیرۆریستەکانی نێو ئەو موعارەزەیە نەکردووە، بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ھەیە. ئەمریکا و ڕوسیاش دوو ھێزی سەرەکین لە ناوچەکەدا و بە حساب دوژمنی یەکدین، دەستەوەردان و ھێڕشە سەربازییەکانیان تەنھا بۆ سوودی ئابوری و دارایی و سیاسیی و پارێزگاریکردن و بەرگرییە لە دەسەڵاتی دۆستەکانیان لە ناوچەکەدا.


بارودۆخی ڕۆژاوا و ئایندەی لە سیناریۆی جەنگی ئیدلیب دا زۆر ئاڵۆزە. بە بۆچونی من پێگەی ڕۆژاوا لە مانگی تەموزی ٢٠١٥ وە بە بەردەوامی لە لاوازیدایە ، لەو کاتەوەی کە ئەردۆگان شەڕیکی دڕندانەی دژ بە کوردی باکور و بە پەکەکە ھەڵگیرسان و ناچاری کردن کە لەو شەڕەوە بگلێن. لە لایەکی تریشەوە پەیەدە کە لە شانی ئەمەریکاوە جەنگی دژ بە داعشی ڕاگەیاند، چەند ھەڵەیەکی کوشندەی کرد. ئەم دوو ڕووداوە دوو ھۆکاری سەرەکی بوون کە ھەرگیز نە لە بەرژەوەندی ڕۆژاوا و نە لە بەرژەوەندی باکوری کوردستان نەبوون. من لە وتارێکمدا کە ماوەیەک لەمەوبەر نوسیومە پەنجەم بۆ ھەڵەکانی پەیەدە ڕاکێشاوە کە ڕۆڵی خۆیان ھەبووە لە لاوازبونی ڕۆژاواو ملنانی بەرەو شکست. بۆ تەماشاکردنی ئەو وتارە تکایە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
http://zaherbaher.com/2018/04/17 عەفرین و سیاسەتەکانی پەیەدە.


جەنگی ئیدلیب زوو بێت یا درەنگ ڕوودەدات و جەنگێکی کاربڕ دەبێت بۆ دوو زلھێزەکە و ھاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا ھەروەھا بۆ ڕۆژاواش. لە ئێستادا ئەمەریکا دژ بەم جەنگەیە چونکە دەبێتە ھۆی خولقاندنی " کارەساتی مرۆیانە" . کۆشکی سپی لە ڕۆژی ٠٤/٠٩ دا بەیانی کرد ئەگەر ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکاربھێنێت ، ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی " لەسەرخۆ و لەجێی خۆیدا" وەڵامیان دەبێت.


پرسیارەکە ئەوەیە ئەی کاتێک کە تورکیا عەفرینی داگیرکرد و بە سەدەھای لە خەڵکانی بێ گوناھی مەدەنی قەسابی کرد بۆ " کارەساتی مرۆیانەی نەخولقاند"؟ لە ئیدلیب-دا ڕەنگە ئەمەریکا تەنھا دەربەستی گروپە تیرۆریستەکان بێت زیاتر لە دانیشتوان و خەڵکە ئاساییەکەی ، چونکە دەیەوێت یارییە خوێناوییەکە کۆتایی نەیەت تاکو تەواوی پلان و ئامانجەکانیبچنێتەوە.


ڕۆژاوا: خۆبەڕێوەبەرییەکانی ، ھێزەکانی سوریای دیمۆکرات و پەیەدە لەم جەنگە و کۆتایی جەنگەکەشدا ناتوانرێت فەرامۆش بکرێن. ناشتوانرێت ڕۆژاوا ھەر ئاوا وەکو ئەوەی ھەیە بەجێبھێڵرێت. ڕۆژاوا لەبەردەم گریمانگەلێکی زۆردایە . ئەگەر ئەسەد لەم جەنگەدا سەرکەوێت ، کە وەکو چاوەڕواندەکرێت، پێگەی کوردانی ڕۆژاوا لاوازتر دەبێت. لەم بارودۆخەدا ئەسەد لە پێگەیەکی زۆر بەھێزدا دەبێت و ئەم سەرکەوتنە بۆ ماوەیەک زەمانەتی مانەوەی لە دەسەڵاتا، دەکات. ئا لەم حاڵەدا دەتوانێت مەرجوبەندەکانی خۆی بەسەر پەیەدە و ھێزەکانی سوریای دیمۆکراتا ، کە لە پێگەیەکی لاوازدا دەبن ، بسەپێنێت، ھەروەھا گریمانی زۆری ھاریکاریی ھێزەکانی سوریای دیمۆکرات لەم شەڕەدا ھەیە ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەیەدە لە تەک ڕژێمدا لە دانوسان و وتووێژدایە. ھەر وەکو دەیبینین پەیەدە و ھێزەکانی سوریای دیمۆکرات لە بارودۆخێکی یەکجار ئاڵۆزدا دەبن. کاتێک کە ئەو ھێزە لە ھاوشانی سوپای ئەسەدەوە بەشداری ئەم شەرە دەکەن ، ئەمەش دژ بە بەرژەوندی ئەمەریکایە، بەڕوودانی ئەمەش لەوانەیە کە پەیەدە و ھێزەکانی سوریای دیمۆکرات لەلایەن ئەمەریکاوە کەلا بخرێن و ھاوکاتیش ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەمە ھۆکار و ھاندەرێک بێت بۆ تورکیا تاکو ھێڕش بکاتە سەر ڕۆژاوا ، یا لانی کەم چەند شارۆچکەیەک کە لەسەر سنورن و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ھێزە کوردییەکاندان، داگیر بکات.


ئەگەر لەم جەنگەدا ئەسەد نشوست بێنێت، دیسانەوە لە بەرژەوەندی ڕۆژاوا نابێت، چونکە تێشکانی ئەسەد یانی سەرکەوتنی تورکیا و بەھێزبوونی، بەمەش تورکیا لە پێگەیەکی باشترا دەبێت بۆ ھێڕشکردنە سەر ڕۆژاوا ھەروەکو ئەوەی کە لە عەفرین کردی.


سەرنجامی جەنگی ئیدلیب ھەرچۆن بێت، زۆر گرنگ دەبێت بۆ ڕۆژاوا و ئایندەی کەلە کاتێکدا ئەم ئایندەیە گرێدراوە بەو ھێزانەی کە لە سەرەوە ناونوسم کردن. ڕەنگە بارودۆخەکە بەو ڕادەیە ئاڵۆز بێت زۆر زەحمەت و گران بێت کە کوردانی ڕۆژاوا بتوانن پارێزگاری و بەرگریی لە پرنسپڵەکەیان کە دروستکرنی ' کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ' ە بکەن.


ئەوەی کە ڕۆژاوای بە زیندوویەتی ھێشتۆتەوە ، وەکو پێشتریش وتومە ، بەردەوامبوونی جەنگی داعش و مانەوەی خودی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکەیە و ھەرەوەھا ئابڵوقەی ئابوریی و داراییە کە لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەسەریدا سەپێنراوە . کاتێکیش کە ئەمە دەلێم مانای ئەوە نییە کە ڕۆژاوا ھەرەس دەھێنێت. بەڕای من کورد لە ڕۆژاوادا توانیوێتی خۆی بسەلێنێت و گەلێک لە پرسە سەرەکییەکانیان لابەلا کردۆتەوە، ھەر لەبەر ئەمەش ناتوانرێت ھەر بەو ئاسانییە لە لایەن ھیچ کام لەو ھێزانەوە پەراوێز بخرێن. من باوەڕم وایە لە کۆتاییدا ڕەنگە جۆرێک لە دانوساندن لە نێوانی ڕوسیا و ئەمەریکادا سەبارەت بە ڕۆژاوا و سوریا و ڕژێمەکەی، بکرێت . ململانێی پرسی دەسەلات و پاوانەکردن لە نێوانی ئەو دووزلھێزە و ھاوپەیمانەکانیانا لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەسەد یاخود حکومەتی ئایندەی سوریا ناچار دەکەن کە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی و ھەندێک مافی کوڵتوریی و ڕۆشنبیریی بدەن بە کورد لەوێ. ئەم مافانەش زۆر دوورن لە دروستکرنی ' کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک' کە ئامانجی سەرەکی ڕۆژاوا بوو.
_____________________________________________________
* ئەم وتارە ناوەرۆکی وتارە ئنگلیزییەکەیە کە لە ڕۆژی ٥/٩ دا سەبارەت بە ھەمان بابەت نوسیم. ئەوە لێرەدا لینکە ئینگلیزییەکەی ئەم وتارە دادەنێم:
www.anarkismo.net/article/31124

 

١٧\٩\٢٠١٨ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک