په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٧\٢٠٢٠

جەنگی نادیار
خوێندن پەراوێزێک بۆ بڕوانامە.


سمکۆ محەمەد       

 

جۆرج لۆکاچ لە وتارێکدا بەناونیشانی فەلسەفە چییە؟. دەڵێ "بابزانین فەلسەفە چییە کە قۆناغەکانی جودا کردۆتەوە، ئەو نھێنییە چییە کە فەلسەفەی ئیمپریالیزم لەگەڵ فەلسەفەی چاخەکانی پێشوو جودا دەکاتەوە؟، بۆچی لەیەکەم روانیندا ھەست بە کرانەوەیەوەک دەکەین کە لەرابردوودا ئەو ئاراستەیەی نەگۆڕیوە، بۆچی جارێکی دیکە فەلسەفە دەبێت بەمایەی نەفعی کۆمەڵایەتی؟. ھەروەکو مارکس گوتی "ئیدی فەلسەفە کاری وێناکردنی واقیع نییە، بەڵکو گۆڕینی واقیعی کۆمەڵایەتییە"، لەکاتێکدا مەعریفەی نێو زانکۆکان نەفعەکانی بۆ خودێکە کەوای کردووە چاو ببڕێتە سامانی ماتریاڵی، نەک سامانی مەعریفی، بەپێچەوانەی مەعریفەی دەرەوەی زانکۆ، واتە رۆشنبیری خاوەن دەروەستی مەعریفی کە نەفعی گشتی بەگرینگترین تەماشا دەکات.


لەم بەراواردکارییەدا لەنێوان ھەردوو ناوەندەکەی خوێندنی کاتی و خوێندنی بەردەوام، تێدەگەین کەبۆچی دوو ئاراستەیە ھەیە بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایە ھەیە، تێزێک ھەیە ئامانجی بیرکردنەوەیە و ئەویتر ئامانجی کەڵەکەکردنی سەرمایەیەکە کە ھەموو کەسێک دەتوانێ پێی بگات، بۆ نموونە بازرگانەکان و خاوەن موڵکەکانی پێشوو کە تائێستاش بەشێکیان نموونەن، بەشی زۆریان نەخوێندەوار بوون، رۆژنامەنووسەکان بەشێکی زۆریان نەخوێنەوار بوون و قۆناغیان گۆڕی، سیاسییەکان زۆربەیان نەخوێندەوار بوون و بەھەموو بێ ئەزموونیی و ھەڵەیەکەوە، شۆڕشیان کرد و ئاراستەی کۆمەڵگەیان گۆڕی، پیاوانی کشتوکاڵی بەھەموو دوورییەکەوە لە شارستانییەت، خۆرسکانە مامەڵەیان لەتەک سرووشتدا کرد و بەرھەمیان کردە ئامانج، سەنعەتکارەکان ھەموویان ئەوانە بوون کە بازاڕیان ئاراستە دەکرد و ستایلی ژیانیان گۆڕی و کاریگەرییان ھەبوو لەگواستنەوەی لادێکان بۆ شار و ھتد.


ئێستا دێینە سەر ئەو ناوەندەی کە دەبوو لەدوای ئەو ھەموو قۆناغ و ئەزموونە کرچ و کاڵانەی کە رەخنەی لێگیراوە، ھەڵبەت ناوەندی خوێندنی زانکۆکان بەبێ ئامانج نیین بۆ بەدەستھێنانی مەعریفە، بەڵام بەبێ گوێپێدان و بەبێ پەروایی بەرامبەر بەمەعریفەیەک کە ئامانجی گۆڕان بێت لە ھەموو کایەکاندا، چونکە دەستەبژێرێک جڵەویان وەرگرتووە و نەوەکان گەورە دەکەن نەک سیستمی پەروەردە، تاکو بیر لە شتێک نەکەنەوە کە خودی مەعریفەیە لەپێناو خۆناسین بەکاربھێنن.


با لەو نموونەیەوە دەست پێبکەین کە بۆچی ھەموو خوێندکارێک کە لەزانکۆ دەردەچێت، دەڵێ (خوێندنم تەواو کردووە دەمەوێ ببم بە شتێک)، ھەڵبەت ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە چاوی لەو ھەوڵەبێت کە پێشتر، لەدڵنیاییەوە ئەم قسەیەی کە بۆتە ئیدیۆم، خۆڕسک نییە، بەڵکو پاڵنەرێکی دیکەی لەپشتە، ئەویش لەوێوە ئاشکرا دەبێت کە وەختێک دەبینین توێژینەوە لەھەموو بابەتەکانی زانکۆ لە بازاڕ و لە نوسینگەکان، لەدەرەوەی ماندووبوونی خوێندکار، وەکو ھەر کاڵایەک و پێداویستییەک بە پارە دەفرۆشرێت، لەوەش واوەتر بۆ سەلماندن ئەوەیە کە ھیچ خوێندکارێک لێپرسینەوە لە توێژینەوەکەی نەکراوە بەمانای ئەکادیمی، ھیچ خوێندکارێک دوای تەواوبوون لە زانکۆ، مەعریفەی وەکو چەکێک بەکارنەھێناوە بۆ رێگریییکانی بەردەم ژیان، بەدەگمەن خوێندکارێک دەبینین دەرکەوێت و بەردەوامی بەو کایەیە بدات کە خوێندوویەتی، ھۆکاری ئەمانی ئەوەن کە واگەورە کراون بەو ئیدیۆمەی کە دەبێ خوێندن تەواو بکات، ئەمە جگە لەبێ مەعریفەیی و خۆدەربازکردن لە بەرپرسیارێتی مەعریفی، شتێکی تر نییە، لەکاتێکدا مەعریفە و خوێندن پرۆسەیەکی بەردەوامە و کۆتایی نایات، ئینسان لەھەر قۆناغێکی ژیان بێت، پێویستی بە بەردەوامی خوێندن و بەدەستھێنانی مەعریفەیە.


ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئەوە فۆڕمێکە لە پرۆسەی بەرھەمھێنانی کارێکتەری سڕبوو لەکۆمەڵگەدا، بەڵام فۆرمێکی دیکەمان ھەیە لەدژی ئەوانەی بڕوایان بەوە نییە وەکو داینەمۆیەک کاربکەن بۆ گۆڕانی کۆمەڵگە. ئەویش مەعریفەی دەرەوەی زانکۆ و ناوەندە رۆشنبیرییە فەرمییەکانە بە حکومی و ناحکومییەوە، ئەم نەریتی بێ پەرواییە بەرامبەر بە بەرھەمھێنانی مەعریفە، ململانێیەکی بەردەوامە لەگەڵ دژە پەراوێزخەرەکان، ئەم حاڵەتە لە کوردستان نوێیە، بەڵام لەسەدەی ھەژدە لە رۆژئاوا نەخۆشییەک بوو، وەکو مالاریا و تاعون یەخەی رۆژئاوای بەرنادا، ھەتا ساڵی ١٨٤٨ بەردەوام بوو کە دابڕانی فەلسەفی ھاتە کایەوە، بەڵام لەدوای ئەو قۆناغەوە دابڕانێکی مەعریفی ھاتە کایەوە، مەبەستم لە ھاتنی مارکس و نیچە و فرۆییدە کە بەرپەرچی فەلسەفەی کلاسیکیان دایەوە و ئەلتەرناتیڤیان پێشکەش بە زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ کرد.


لەپەنا ھەموو ئەو ململانێ و کێشمەکێشی مەعریفییەوە لەنێوان ناوەندەکانی خوێندن و بیرمەندەکانی دەرەوەی زانکۆ، پێشڕەوییەک لەپێناو بەکارھێنانی فەلسەفە و مەعریفە بەگشتی، وەکو تەوژمێکی تر بنەمای خۆی دانا، ئەویش بیرۆکە و خەمی گۆڕینی کۆمەڵگە و ململانێی چینەکان بوو، ململانێی نێوان پەراوێزخراوەکان و سەنتەریزمەکان سەلمێنەری راستییەکانە، لە حاڵێکدا ئەم تێڕوانینە کە بۆ فەلسەفە خوڵقاو ئیدیۆلۆژیا خراپ کەڵکی لێوەرگرت، ھەوڵێک بوو بۆ ناشیرین کردنی، بەڵام ھەم نەتوانرا بێ بەھا بکرێ، ھەم لانیکەم توانی فەلسەفە لە کورسییە باڵاکان و بڕوانامە وەکو ئامانج، بگوازێتەوە بۆ زمانی سەر شەقامەکان و قاوەخانەکان، ئێستا پرسیارەکە لەوێیە ئایان بۆچی زانکۆ بە ھەموو توانایەکی خۆیانەوە، مەعریفەیان نەکردووە بەچەکێک بۆ گۆڕانکاری لە کایە جیاوازەکان، بۆچی نەبووە بەخەمی مەعریفە، بۆچی ناتوانێ کارێکتەری بیرکەرەوە درووستبکات، جگە لەکارێکتەری پەراوێزخراو. ئەو کارێکتەرەی کە بەبڕوانامەیەک ئیکتیفای زاتی دەکات، چونکە لەپرۆسەی خوێندنی ئەو چوار ساڵەیدا، یەک ئامانج لە خەیاڵدانی جێکەوتە بووە، ئەویش بۆ بەدەستھێنانی موڵکیەتی سەرمایەیە، نەک بە مەبەستی خوێندنی بەردەوام، ھەڵخرانی ھێزێکی گەورە بۆ بەردەم ناوەندەکانی حکومەت و دەسەڵات بەمەبەستی بەدەستھێنانی کاری یەخە سپییەکانی وەکو خۆیان، مەبەستم لە فەرمانبەری مشەخۆر و بەرسێبەر و ماندوو نەناس، بەو مانایەی کە مادام بڕوانامەیان ھەیە ئیدی دەبێ کاریان پێبدرێ، لەکاتێکدا بڕوانامە تەنھا بڕوانامەی کارە ئەگەر لەدەرەوەی دەزگاکانی حکومەتیش بێ، نەک بڕوانامەی مەعریفە، بۆیە ئەم بیرکردنەوەیە کاریگەری خراپیشی درووستکردووە، بەوەی کە ھەر گەنجێک بە کچ و بەکوڕەوە بدوێنی سەبارەت بە خوێدنەوە و مەعریفە، جگە لەوەی خۆیان بە رۆشنبیر لەقەڵەم دەدەن، ھەروەھاش دەڵێن (ناخوێنین چونک خوێندن ھیچ سوودێکی نییە، ئەوەتا شەقامەکان پڕن لە خاوەن بڕوانامە)، لێرەوەیە دەرکەوتەکانی ململانێی نێوان ھەردوو ناوەندەی ئەکادیمی زانکۆیی و ناوەندی رۆشنبیری دەروەست دەردەکەوێت، ئەو پرسیارەی بەردەوام دەبێ بکرێت، کوا ئەو ھێزە گەورەیەی کە لەئەنجامی بەدەستھێنانی بڕوانامەی زانکۆیی تواناکانیان لەوێدایە، بۆچی ساڵانە سەدان کادری خوێندەواری زانکۆیی لەکایەکانی سۆسیۆلۆژی و ئابوری و کشتوکاڵی و بیناسازی و سیاسی و ھتد، تەنھا کادرە پزیشکیەکان یاساییەکان دەردەکەون و کاریان دەستدەکەوێ و مومارەسەی کارەکەیان دەکەن، بۆچی حاڵی کۆمەڵگەیەک رۆژبەرۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات لەرووی مەعریفی و خودناسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییەوە؟. بۆچی ئەو ناواندانە ناتوانن ئەدیبێک یان سۆسیۆلۆژیستێک یان سیاسییەک یان کاردێکی کشتوکاڵی پێشوو بەتوانا بەرھەمبھێنێ، کەچی ھەر ئەو کارێکتەرانە دەوڵەت و کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن کە لەدەرەوەی ناوەندی ئەکادیمیا خۆیان پەروەردە کردووە، ئەمە پرسیارێکە رۆژانە دووبارە زیندوو دەبنەوە.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک