٩\٥\٢٠١٥
جەنگی پیاوانەی
ئیسلامی بەرامبەر ژنان.

شوان سدیق
لە سنووری ھەڵەبجەو ھەورامان لە سەرو وەختێک
ئەنسارولئیسلام حکوومەت بوو ژنان دەبوونە قوربانی یاساکانییان.. لە
ھەشتاکان تا نەوەدەکانیش لە سنووری ھەڵەبجە چەکدارە توندرۆکان لەژێر
ناوی ئیسلامگەرا چەند ژنێکیان بەتۆمەتی لادان لە ئادابی کۆمەڵگای
ئیسلام تیرۆرکرد.
کاتێ تالیبان ئەفغانی کۆنترۆڵکرد لە رادیۆی حەقیقەت پیاوێکی بێ سمێل و
ریش درێژ ئاگاداری بۆ دانیشتوانی کابووڵی پایتەخت بڵاو دەکردەوە "ژنان
و کچان. دەبێت لەگەڵ ھاوسەرو باوکتاندا ھاتوچۆ بکەن.. بەتەنیا دەرچوون
قەدەغەیە جل و بەرگی رەنگاو رەنگ پۆشین و سفوری و بێ سەرپۆشی سزایەکی
لەسەرە بۆ ھەتایە بیرتان نەچێتەوە.١.
چوونکە موسڵمان بێدەنگی ھەڵبژاردوە، کەسانێک لەژێر ناوی رێکخراو و حزب
و بزووتنەوە، ئایینی موسڵمان دەکەنە وەسیلەک بەناوی ئیسلامگەرا
ئایینیان لە پێناسە تاکەکەسی و رۆحیەکە گۆڕیوە بۆ بەرەو دەسەڵات، ئیدی
رۆژ بەدوای رۆژ تا دێت ئیسلامییەت وەک سیاسەتکردن لەپاڵ نەتەوەپەرەستی
و دەوڵەتداری و بۆ بەرژەوەندی ئابوری زیاتر دەبێت!
داعش. دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە سەرو وەختی مانگی ئابی ٢٠١٤
ھاتە شنگال و دەورووبەری پێش ھەمووشت دەستی بە گرتن و رفاندنی ژنان گرت
وەکو کۆیلە مامەڵەی لەگەڵ ئێزدییەکاندا کرد.. لە کۆتایبەکانی مانگی
ئابی پارساڵ. کاتێ شەر کەوتبووە، ناحیەی زوممار بەچاوی خۆم دیتم-
بینیم، ئەو خێزانانەی لە نزیک داعشەوە ھەڵدەھاتن لە ناو چەند
ئۆتۆمبێلێک ئافرەتە گەنجەکانییان خستبووە ناو سندوقەکانیان و سەریان
داپۆشی بوون لەترسی رفاندن، کە دەھاتنە نزیک پێشمەرگە سەریان لا دەبردن!
رێکخراوی بوکۆ حەرام کە ھاو توخمی دەولەی ئیسلامی داعشە لە باکووری
وڵاتی نێجیریا خۆی راگەیاند لە ٢٠٠٨ تا ھەنووکە سەدان ژن و کچی رفاندوە.
چونکە بروای بە دانوستان و جیاوازییەکان نیە پەنای بردوەتەوە بەر
توندوتیژی کە دەزانن کارەکانیان قبووڵکراو نیەو ناتوانن بە ئاسانی
بەردەوامی بەمانەوەی خۆیان بدەن. بۆ گەیشتنیان بە مەرامەکانیان ژنان و
کچان دەستگیر دەکەن، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر دەسەڵات و کۆمەڵگاش تا
داواکانیان جێبەجێ بکرێت!٢.
ئەوەتا کۆماری ئیسلامی ئێران، ژن زیاتر لە پیاوان دەچەوسێنێتەوە، کاتێ
فەریناز خەسرەوی لەترسی ئەوەی کارمەندێکی ئیتلاعاتی مەھاباد دەستدرێژی
نەکاتە سەری، خۆی لە نھۆمی چوارەمی ھۆتێلەکە خستەخوارەوەو گیانی
لەدەستدا، دواتر نارەزای خەڵکی مھاباتی لێ کەوتەوە... بابەتەکە زیاد لە
کۆمەڵایەتی روویەکی سیاسیشی وەرگرت، کەچی دەسەڵاتدارانی ئێران نایەن،
بەھانای ئەو کیژەوە بێن. خۆ ئەگەر کارمەندێکی پایەبەرزی پیاوی دەسەڵات
بوایە قبووڵیان نەدەکرد.٣.
____________________________
سەرچاوە:
١- رۆمانی
ھەزار خۆری درەوشاوە. لەبارەی ئەفغان.
٢- مێدیا
جیھانییەکان. بوکۆ و کارە مەترسییەکانیان.
٣-
رووداوەکانی مھاباد. تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و مێدیاکان.
٩\٥\٢٠١٥
- ھەولێر
ماڵپهڕی شوان سدیق
|