په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٣\٢٠١٥

جەنگی سێیەمی جیهانیی، جەنگێكی بە نوێنەرایەتیی خەڵك دژی خەڵك دەیکا.

 

هەژێن


هەر کات، زلیهێزەکان بە باڵای دەوڵەت و فەرماندارییەکدا هەڵیاندا، ئەوا بزانە ئەو دەوڵەت و فەرماندارییە بەرژەوەندیی ئابووریی و ڕامیاریی کۆمپانییەکی جیهانخۆری مسۆگەرکردووە و کۆمپانییەکەش بە زلهێزەکەی دەستی ڕاسپاردووە، کە ئەو فەرماندارییە دیکتاتۆری و بیرۆکراتییە بکاتە کۆتری "ئاشتی" و" دێمۆکراسی"!

دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو، دەهەی لە دێمۆکراسی-کێشانی دیکتاتۆرییەکانی ئەمەریکای لاتین بوو لەلایەن هاوپەیمانانی (ناتۆ)وە، وەك پارسەنگی لە سۆشیالیزم-کێشانی دیکتاتۆرییەکانی ئەفریکا و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بوو لەلایەن هاوپیمانانی (ڤارشۆ)وە، وەك "پارتیی بەعسی سۆشیالیستی"ی هاوبەرەی پارتیی کۆمونیستی عیراق.

پاش کۆتاییهاتنی ئەو جەنگە داخە بەناو ساردە، ئیدی هیچ بواری کایەکردنی دەوڵەتە پاشکۆکان لەنێوان ئەو دوو جەمسەرەدا نەما و بۆ ماوەی دەهە و نیوێك جیهانی چینایەتی تاک-یەزدان بوو و ئەو تاک-یەزدانییەش بواری بە دەوڵەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دا، کە چەندین دەوڵەت هەڵوەشیننەوە و چەند جەنگ لە بالکان و خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا بەرپابکەن؛ کە کۆسۆڤۆ و هەرزەگوین و کەنداوی دووەم و ئەفگانستان و کەنداوی سێیەم سەرتۆپی ئەو جەنگانە بوون.

چەند مانگێك پێش پەلاماردانی دەسەڵاتداریی تاڵیبان لە ئەفگانستان، قسەکەری فەرمی ئەمەریکا و هەروا هاوپەیمانەکانی بە باڵای (تالیبان)دا هەڵیاندەدا، کە گوایە هیچ دەوڵەت و هێزێكی دونیا نەیتوانیوە وەك تاڵیبان کەرەستە بەنگەرەکان (تلیاک و هیرۆئین و ...تد) و هەروەها کەس وەك ئەو ئاساییشی تەواوی بۆ خەڵك دابینەکردووە. ئەو کات بۆ بیسەری ئاسایی پشتپەردەی ئەم پێداهەڵدانە دیارنەبوو، کە بەڵێن و ئامادەیی تالیبان بوو بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبونی بۆریییەگازەکان، بەڵام کاتێك کە تاڵیبان لەو بەڵینە پەشیمان بووەوە و داوای پاداشتی زیاتری دەکرد، ئیدی لە شەوڕۆژێکدا هەموو پێداهەڵدانەکان ئاوەژووبوونەوە و پەلاماری ئەفگانستان دراو و داگیرکرا.

ساڵی ٢٠٠٣ هەر ئەو ڕژێمی (بەعس)ەی کە لە کۆتایی ئازاری ١٩٩١ گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا و بەرانبەر ڕاپەڕین و بزووتنەوەی شورایی بەهێزکرایەوە، لە ڕێکەوتی ٠٩ی نیسانی ٢٠٠٣دا بەبیانووی هەبوونی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی، وەك دواتر دەرکەوت درۆبوو، پەلاماری درا و عیراق داگیرکرا، تا ئێستاش ڕۆشن نییە، لەبەر چی بوو، ئەمەریکا و هاوپیمانانی داوای چییان لە ڕژێمی بەعس کردووە و ئەو ڕەتکردبێتەوە، ئاوا لە شەو و ڕۆژێکدا کردیانە ڕابوردوویەکی لەبیرکراو.

ساڵی ٢٠٠٦ لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و دەوڵەتی عیراق (فەرمانداریی ئەو کات) لە کوێت بڕیاردرا نرخی سووتەمەنی تا لە سەدا دوو سەد بەرزبکرێتەوە و سیستەمی پشتیوانی و کۆپون (باییعی) هەڵوەشێندرێتەوە و بانکەکانی تایبەتیی بکرێنەوە و زۆر شتی دیکەش بگۆڕدرێن و هەڵوەشێندرێنەوە، بەڵام لەبەر ناڕەزایەتی خەڵك تاکو ئێستا هەندێك لەو خالانە ئەنجامنەدراون، هەر ئەمەش بووە هۆی هێنانی ئافاتی (داعش) بۆ سەر عیراق، بۆ زایتر قەرزارکردنی و ناجارکردنی بە بەرنامەکانی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی و بانکی جیهانی و کۆمپانییە جیهانخۆرەکانی دیکە.

بەڵام وەك دەبینین، پاش بەهێزبوون و بەهێزبوونەوەی زلهێزی وەك دەوڵەتی چاینا و ڕوسیا و هەروەها بەجۆرێك یەکێتی (ئەوروپا)ش ئیدی کۆتایی بە جیهانی یەك جەمسەری پاش کۆتایی جەنگی سارد هاتوو و پەلاماردانی گەلەکۆمەکییانەی وڵاتان و داگیرکردنیان ئاسان نەمایەوە و کۆمپپانییە جیهانخۆرەکان لە بەرانبەر پەلهاویشتنی کۆمپانییەکانی چاینا و ڕوسیا ناچاربوون ڕێگەیەکی دیکە بگرنەبەر، ڕێگەی بەرپاکردنی جەنگە نێوخۆییەکان، دروستکردنی ‌هێزی وەك (داعش) و فاشیستەکانی ئۆکرانیا و (بوکو حەرام)، تاوەکو لە ڕێگەی جەنگی نێوخۆییەوە جەنگی خۆیان بەرانبەر زلهێزەکانی دیکە بکەن و ئەو دەوڵەتانەی بازنەی زلهێزەکانی چاینا و ڕوسیا تێکبشکێنن و بەخۆیان جێگەیان بگرنەوە. بۆ ئەم مەبەستە فاشیستەکانیان کردە دێمۆکراتخواز و چەك و تەقەمەنییان بە (داعش) و (بولو حەرام) بەخشی و جیهانیان کردە قەسابخانە.

ئیدی لێرەوە جەنگی نێوان زلدەوڵەتان گۆڕدرا بە جەنگی نێوان هێزە ڕامیارییەکانی هەر وڵاتێك و جەنگی جیهانیی کە گومانی جەنگی ئەتۆمی لێ دەکرا، گۆڕدرا بە جەنگی خەڵك دژی خەڵك؛ جەنگی مەزهەبی و جەنگی ناسیونالیستی و جەنگی پارتایەتی و ئادیۆلۆجیا، جەنگێك کە هەرگیز کۆتایی نییە و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی کۆمەڵایەتییکردنەوەی دەدرێت، تاوەکو پاشکارییەکانی بە مێژووی چەند هەزار ساڵی داهاتوودا درێژبێتەوە و بە بەردەوامیی خۆی سەروەریی چینایەتی بپارێزێت و مانەوەی سیستەمی سەرمایەداریی مسۆگەربکات و مرۆڤایەتی لە دۆزەخی جەنگێکی کولتووریی بەردەوامدا ڕابگرێت و سیستەمی دێمۆکراسییی پارلەمانی و بازارئازاد وەك تاکە ئەڵتەرناتیڤ خۆی پشنیاربکات.

لەم جەنگە نوێییەدا؛ لە جەنگی سێیەمی جیهانییدا، جەنگی زلهێزەکان بە نوێنەرایەتی دەکرێت، ئەگەر دەوڵەتێك سەر بە زلهێزیی چاینا و ڕوسیا بوو، بۆ ئەوەی دەوڵەتەکە هەڵوەشێننەوە یا فەرماندارییەکەی لەنێوبەرن وەك لیبیا و سوریە هەرچی بەرەی ناسیونالیستی و مەزهەبیی هەیە، لەوێدا دروستیدەکەن، ئەگەر دەوڵەت سەر بە زلهێزیی خۆیان بێت وەك عیراق، ئەوا بەرەی وەك (داعش) دروستدەکەن و وەك قەساب بەریدەدەنە گیانی خەڵك، تاوەکو خەڵکی وەك گەلەیەك خۆی لە پشتی شوانە ڕامیارییەکانی بشارێتەوە و بە پشتیوانی خۆی بزانێت. لەم بارەوە سەرنجدانی سێ ساڵی ڕابوردووی عیراق ئاشکراترین نموونەی ئەو سیانریۆیەیە.

لە پاش ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی باکووری ئەفریکا و خۆرهەلاتی ناوین، جەماوەریی ناڕازیی لە مەیدانی شارەکانیان سەکۆی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیان چێکرد، فەرمانداریی [حکومەتی] عیراقی کەوتە دووڕیانی مان و نەمان، بزووتنەوەی جەماوەریی هێندە ڕادیکاڵ بوو، کە ئامادە نەبوو نوێنەر هەڵبژێرێت و بینێرێتە بەغداد، تا دەسەڵاتداران دەمی چەوربکەن، لەشکری عیراق لەو شارانە کرابووە دەرەوە، ڕۆژانە سوپای عیراقی بۆ جاوترسێنکردنی خەڵك گوندەکانی تەختدەکردن. لە هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە ناڕەزایەتیی خەڵك لە ١٧ی (شوبات)دا تەقییەوە و سەرانی سلێمانی کرا بە مەیدانی ئازادی، بەڵام لێرەدا بەهۆی لاوازیی بزووتنەوەکەوە، توانرا بە هەڵبژاردنی نوێنەر، ناڕەزایەتیەکانی خەڵك وەك چەپکەگوڵی سپی لەسەر مێزی دەسەڵاتداریی سەری ڕەش دابنێن و وەك کارتی فشار بۆ مسۆگەرکردنی کۆمەڵێك دەستکەوتی ئابووریی و ڕامیاریی بۆ بەنوێنەرکراوان، ئاشبەتاڵ بە بزووتنەوەکە بکرێت.

بەڵام سەرکەنەکەوتنی دەسەڵات لە بە نوێنەرییکردنی ناڕەزایتییەکانی شارە سوننە-نشینەکان و ئاشبەتاڵپێکردنی، پێویستی بە سیناریۆیەکی دیکە هەبوو، کە تەنیا هێنانەوەی کۆنەبەعسییەکان بوو لە بەرگی (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی-داعش)دا بۆ ئەوەی سێبەر بەسەر بزووتنەوەکەدا بکات و بەو بیانوووە بە ئاسانی بتوانن سەنگەرەکانی خەلك بۆمبارانبکەن و کۆمەڵکوژیی بکەن. بەداخەوە ئەوەی لەو نێوەدا ڕوویدا هەر ئەو سەرەنجامە بوو، کە سیناریۆسازان خواستییان؛ بە (داعش)کردنی هەر ناڕەزایەتییەك و کۆکردنەوەی خەڵکی ناهوشیار لە پشتی دەسەڵاتدارانەوە، وەك دەبینین لە خوارووی عیراق و هەرێمی کوردستان ناڕازییانی دوێنێیان لە پشتی دەسەڵاتداران کۆکردنەوە و ڕەوایەتی بە فاشیزمی دەوڵەت بەناوی "بەرەی دژی داعش" درا و بۆ درێژکردنەوەی پەردە و دیمەنەکانی سیناریۆکە، دەرپەڕاندنی (داعش) کرا بە مەتەڵ و بە چەند ساڵی داهاتوو سپێردرا.

بە بۆچوونی من ئەمەی لە لیبیا و سوریە و میسر و عیراق و یەمەن ڕوویدا و ڕوودەدات، بەشێکە لە دیمەنە سەرەتاییەکانی جەنگی سێیەمی جیهانی لە سیناریۆیەکی ئەزموونکارانەدا بۆ گۆڕینی جەنگی نێوان دەوڵەتان بە جەنگی خەڵك دژی خەڵك، هەر ئاوا کە لە میسر لە (مەیدانی ئازادی) دیتمان لایەنگرانی دەسەڵات بە پۆشاکی سڤیلەوە پەلاماری خۆنیشاندەرانیان دا، یا ئەوەی کە لایەنگرانی فەرمانداریی ئیخوان بە پۆشاکی سڤیلییەوە پەلاماری خۆنیشاندەرانیان دا و لە سەربانانەوە خەڵکی نارازییان فڕێدەدایە خوارەوە، هەروا کە لە هەرێمی کوردستان لە سلێمانی لاینگرانی دەسەڵات بە پۆشاکی ئاساییەوە تەقەیان لە خۆنیشاندەران کرد و لە ئێستاشدا دەسەڵاتدارانی عیراق هێزێکی فاشیستییان بەناوی گەلەکۆمەکێی گەلیی "الحشد الشعبي" دروستکردووە و هەمان ڕەفتاری فاشیستی هێزەکانی (داعش) دووبارە دەکاتەوە و ئەوەی دەسەڵات ڕاستەوخۆ بۆی ئەنجامنادرێت، ئەم گەلەکۆمەکێ فاشیشتییە ئەنجامیدەدات.
___________________________
* ئاشتی (ڕێکەوتنی سەروەران لەسەر سەرکوتی ناڕازییان) نەبوونی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابووریی و رامیارییەکانی گەورە کۆمپانییەکان.
** دێمۆکراسی (دێمۆکراسی پارلەمانی) پارێزراویی و خۆشباوەڕیی خەڵك بە سەروەریی چینایەتی.

 

٢٤\٣\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک