١٨\١٠\٢٠١٢
جەنگی
سێیەمی کەنداو بەڕێوەیە!؟

عەلی زیرەک
لە ساڵی ٢٠١١ وە وەک وەڵامدانەوە بە هەڵەشەییەکانی ئێران، گەڵاڵەی
ستراتێژی جیهانی بۆ دەیەی دووهەمی سەدەی ٢١ و تۆزێک ئەولاتریش خۆی
پیشانداین.
دیسانەوە ریزبەندییە جیهانییەکان هاتنە ئاراوە.
کێشەی ٣ دەیە بێدەنگیی جەمسەرەکان، یان ململانێی ئەم سەدەیە؟!
بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، ئێران زیاتر لە رووخان نزیک بووەتە
نەک ئەوەی لە لێدوانەکانی خۆیاندا باسی دەکەن کە لە هەڵکشان و
گەشەدایە.ئەمەش گرەوی تازەی جەمسەرەکانە، وەک ئەوەی داگیرکرانی
لێهێستان (پۆڵەندا) بوە هۆی هەلگیرسانی شەڕ لە نێوان جەمسەرەکانی سەدەی
رابردوودا.
بەرەی دژ بە رووخانی دیکتاتۆرە عەرەبەکان کە هەستیان بە مەترسییەکی
گەورە لە بنگوێی خۆیاندا دەکرد، کەوتنە جموجۆڵێکی زۆرەوە و ئاژاوەیەکی
گەورەشیان بە تایبەتی لە ناوچەکانی نزیک لە خۆیانەوە - سووریا وەک
نموونە - نایەوە.
رووسیا و ئێران و... )چین - یش وەک لایەنێکی بەرژەوەندیخواز(
جموجۆڵەکانیان گۆڕی و لە حاڵەتی ناڕاستەوخۆوە - بە تایبەتی رووسیا و
ئێران - گۆرییان بۆ دەستێوەردانی راستەوخۆ و ئەوەتا لە سووریادا دەنگۆی
کوژرانی بەرپرسانی باڵای سوپای ئێران دێتە بەر گوێمان.
بەرەی سەلەفی - جیهادیی فەندەمێنتالی سوننە بە سەرۆکایەتیی قاعیدە بە
هاتنە ئارای هێندێک پرسی وەک کوژرانی بن لادەن و وتووێژ لەگەڵ تالیبان
وەک پرسێکی گەورە بۆ سەقامگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن ئامریکا و
دەوڵەتی ئێستای کارزای - یەوە، چ لەباری پێگەی جەماوەری و چ لەباری
توانای سەربازیشەوە رووی لە لاوازی کردوە. گەرچی لاوازیی دەسەڵاتەکەی
ئەسەد رێگای بۆ رمبازێنی ئەوانیش لە سووریادا هەموار کرد و لە
زەینەبییە یەکەمین چالاکیی ئەوانمان بینی و دەستدرێژییان کردە سەر
شیعەکان و ئەگەریش هەیە سیناریۆکانی عێراق لە سووریاش دووپات ببنەوە.
بەڵام دژایەتی ئێران و عەرەبستان و دەستێوەردان و دژایەتییەکانی ئێران
لە ناوچەکەدا و زیادکردنی توندوتیژییەکان لە سووریا، دوابەدوای شکست
خواردنی گەڵاڵەکەی عەنان و شکست هێنانی رۆڵی نەتەوەیەکگرتوەکان و
هاتنەئارای کۆمەڵە پرسێکی هەستیار وەک رازیکردنی چین و رووسەکان و
تێوەگلانی تورکیا لە شەڕی سووریاوە وەک ئەندامی ناتۆ و...هتد،
ململانێیەکی تازەی جیهانی و ناوچەیی دروستکردووە و تەنانەت زۆر کێشەی
لاوەکیشی پەردەپۆشکردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا ئێران زۆڕنای جەنگی لێداوە و بە ئاشکرا باسی لەوە
کردوە کە تورکیا نابێ دەست لە کاروباری سووریا وەربدات و ئەمەش خەریکە
شەڕی ئێران و ناتۆ دێنێتە ئاراوە. ئەم کارانە لە خۆڕا نین و
ریزبەندییەکانی ئێران - رووس - سووریا لە دژی سەعودیا - قەتەر -
ئیسڕاییل و تۆزێک حەکیمانەتر کورد و تورکیاش، شکڵی گرتووە. کوردیش
ناراستەوخۆ خراوەتە ریزی بەرەی هاوپەیمانانی دژی ئێرانەوە و ئەمەش بۆ
داهاتووی کورد گرنگە.
هەر دوابەدوای ئەم بابەتانە پەژیوان بوونەوەیەک بە هەڵوێستی ئێرانەوە
خۆی پیشانداوە، ئۆباماش پاڵپشتی بۆ گەمارۆی زیاتر لەسەر ئێران و دانانی
هێڵی سوور بۆ توندڕەوییەکانی دەربڕیوە و ئەمەش بە ئاشکرا شەڕفرۆشتنە بە
بەرەی ئێران و رووسەکان واتە: بەرەی پاڵپشتیکاری دیکتاتۆرەکانی
رۆژهەڵات، کە دەنگۆی شەڕێکی قورس لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات و بەرەکانی
شەڕیش هەر لە ئێستاوە دیاریکراون چونکا لە سووریادا دەیانەوێ توانای
یەکتر تاقی بکەنەوە و قوربانیکردنی خەڵکی بەستەزمانی سووریاش وەکو
قوربانیکردنی جوولەکەکانی سەدەی پێشووی لێهاتوە. کەواتە لە ئێستاوە
دیارە کە سووریا گۆڕەپانی رمبازێنی زلهێزەکانی ئەم سەدەیەیە.
ریش و مقەست بەدەستی خۆیانە.
هونەرمەندی چینیی زیندانیکراو کە ماوەیەک لەمەوبەر ئازادکراوە و لەژێر
چاودێریی توندی دەسگا ئەمنییەکاندا هاتوچۆش دەکات، لە بارەی
گۆڕانکارییەکان لە چین دا وتوویەتی کە دەوڵەت بۆ خۆی هەموو شتە و ریش و
مقەست لە دەست خۆیاندایە.
سەبارەت بە گۆِانکارییە جیهانییەکانیش ئەم شتە راستە و دەتوانن بە
ئاسانی و لە هەرەوەزییەکی دیکەدا هەم روسەکان دەمکوت بکەن و هەم سووریا
و ئێرانیش لەبەر یەک هەڵبوەشێنن، بەو مەرجەی مقەستەکە لە قازانجی
مرۆڤایەتیدا بخەنەگەڕ و ورگی گەلانی پێ هەڵنەدڕن. ئەمەش بە رێککەوتن
لەگەل رووسەکاندا دەکرێت.
رووسیا دوایین پێگەکانی لە رۆژهەلاتی ناویندا پێ چۆڵ دەکرێت و ئەمەش
کورتکردنەوەی دەستی ئەوانە لەو ناوچە هەستیارەیدا، ناوەندی دابەشکاریی
هێزە جیهانییەکان بوە لە مێژوودا.
یانی ئەگەر مقەستەکە باش بیبڕێ، رووسەکانیش دەتوانن لەو هەڵوێستەی
ئێستایان پاشەکشێ بکەن کە بەرژەوەندیی خۆیان بەستوەتەوە بە مانەوەیان
لە سووریا بۆ هەتاهەتا.
ئۆپۆزیسیۆنێکی ناکارامە دەتوانێ شۆڕشەکە لەبار ببات!
ئەگەرچی کورد سەلماندوویەتی کە لەم قۆناغەشدا پێویستی بە ئۆپۆزیسیۆنی
سەرتاسەریی سوریا نیە و خۆی دەتوانێ هێزەکانی ئەسەد لە کوردستان
دووربخاتەوە کەچی ئەگەری ئەوەش هەیە ناکۆکیی هێزەکانی هەموو وڵات - بە
کوردیشەوە - کێشەی گەورە بخولقێنێ و هێزی ئەسەد زیاتر بکات. بۆ نموونەش
لەمدواییانە لە قاهیرە، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کارێکی خراپیان کرد. بە
هەمان گوتاری ئەسەد - ەوە لەگەڵ نەتەوەکانی بێجگە عەرەب جووڵانەوە و
ئەمەش وایکرد درزی دیواری ئۆپۆزیسیۆن بە هێنانی "عەبدولباست سەیدا"ش پڕ
نەبێتەوە. کە بە ڕوونی بینیمان، ئەسەد لە پاش ئەو درزە گەورەیە
بووژایەوە، دەنا ئەگەری سەرکەوتنی سوپای ئازاد، هاوئاهەنگ لەگەڵ کورد،
ئێجگار زۆر بوو. دیارە دەبێ بگوترێ کە کێشەکە هەموو رۆژهەڵاتی ناوینی
گرتوەتەوە و بە چەشنێک لە چەشنەکان، دووکەڵی هەڵەی هێزە شۆڕشگێڕەکانی
وڵاتێکی راپەڕیو دەتوانێ چاوی هێزەکانی وڵاتێکی دیکەش کوێر بکات، ئەوەی
کە دەیلێم راستییەکە و هەڵەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەتوانێ هێزەکانی
ئەسەد و ئێران لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و ئەمەش بۆ گیانی شۆڕشی ئێمە لە
ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش زەرەری هەیە.
دۆسیەی ئێران و رووسیا: لە گریبایدۆفەوە تا هاوپەیمانی لە سووریا،
دۆسیەیەکی ئاڵۆزە.
راستە کە "عەلی خامنەیی" رێبەری ئێران، پەروەردەکراوی زانکۆ
تایبەتیەکانی رووسیایە و لەسەر رێڕەوێکی رووسی، سیاسەت و پلانەکانی خۆی
جێبەجێ دەکات. سەرکوتکارییەکانی و زیندانەکانی و وەڵامدانەوەی بۆ چینی
هەژار و کەمدەرامەت، راست دەسەڵاتی پرۆلیتاریای هەژاری رووسی بۆ زیندوو
کردووینەتەوە کە ٢٠ ملیۆنیان لە زیندانەکانی رووسدا مردن و ئێستاش
هەمان سیناریۆ لە ئێران دووپات دەبێتە، بەڵام بە ناوی دامەزراندنی "حکوومەتی
یۆتۆپیایی ئیمامی زەمان"ەوە کە هەر هەمان "عەداڵەتەکەی ئیستالین" و
نەوەکانی ئەوە.
ئەمەی باسمان کرد سەرێکی دۆسیەی پێوەندییەکانی رووس و ئێرانە.
لە لایەکیترەوە، ئێرانچییەکانی تەنانەت ناوخۆی نیزامی ئێستا،
پەیمانەکانی "گولستان" و "تورکمانچای"یان لەبیرە و ئەو خەونەی کە ئێران
بەتەما بوو ببێتە ئیمپراتووریایەکی گەورە لە ناوچەکەدا، بەو شکستانەی
ڕووسەکان بە ئێرانیان دا، هەر لە یادی پان ئیرانیستەکان نەسڕاونەتەوە،
بۆیە بە گۆڕینی دەسەڵات لە ئێراندا، بە تەواوی پای رووسەکان لە ئێران
دەبڕدرێت. کێشەی رووسەکانیش لە دەستگرتن بە دەسەڵاتەکەی ئەسەد و
خامنەیی یەوە ئەم راستییەیە. ئەوەش کە ئامادە نین هیچ باجێک بدەن،
دەیانەوێ گارانتیی مانەوەیان لەو وڵاتانەدا وەدەست بێننەوە.
ئێران و رووسیا بۆ خۆیان هەر ئێستاش کێشەیان زۆرە. کێشەی یەدەگی گاز و
نەوتی ناو دەریای خەزەر زۆر لە کێشەی دوورگەکانی باشووری ئێران گرنگترە.
بەڵام... بێدەنگییەکی گەورەش باڵی بەسەر ناوەندە سیاسییەکانی ئێران و
رووسدا کێشاوە و ئەمەش تەنیا بە مەبەستی پاراستنی خۆیانە کە بێدەنگەیان
لەو کێشانە کردوە. دەنا ئێران لە پێش مەرگی گریبایدۆفی شازادەوە تا
ئێستا، لە رووسەکان بە گلەییە و هەمیشەش هەوڵی زیندووڕاگرتنی کلتووری
ئێرانی لە ناوچەکانی قەفقاز داوە، خۆ لەوانەشە بیری لە یەکخستنی ئەو
ناوچانە و گرێدانیان بە ئێرانەوە بکات. کەواتە مەترسیی ئێرانێکی بەهێز
بۆ سەر رووسەکان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست،
کەمتر لە هێزەکانی دیکە نیە و بۆیەش رووسەکان ناهێلن ئێران بەو
دەسەڵاتە بگات کە رکێفی لەدەستی ئەواندا نەمێنێ و هەموو کاتیش ئامادەن
لەسەر ئێران بۆ پێگەیەکی تازە و داهاتوویەکی باشتر معامەلە بکەن.
هەموو بەندەکانی "بەشی ٧" بۆ سەر سووریا ڕەوایە!؟!
ئەگەر سەیری پلانەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و تەنانەت ئامریکا و
هاوپەیمانانی بکەین راستییەکمان بۆ دەردەکەوێت. بەندی حەوتەمی یاسای
نەتەوەیەکگرتوەکان خەریکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکا لە کاتە
هەستیارەکاندا کە"هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی جیهانی و لادان لە هێڵەکانی
ئاشتی، یان بەکارهێنانی توندوتیژی و زۆر"لە ئاستێکی بەربڵاودا دێتە
کایەوە، ئیتر ئیجازە بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەدات کە هێز بەکاربێنێ و
ئەو ئاژاوە جیهانییە کۆنترۆڵ بکات.
هەر ئەم ماوەیەی بینیمان ٢ باڵوێزی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆکاروباری
سووریا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکەن و بە ئاشکرا رۆڵی ئەم
رێکخراوە جیهانییە لە لایەن هێزەکانی ئەسەد و هاوپەیمانانی خراوەتە
پەراوێزەوە و ئەمەش وا دەکات کە بە فەرمی لە دژی ئەو خراپەکارییە
گەورەیە هەنگاوی جدی هەڵبێنێ.واتە بۆ گێڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە، کەڵک
لە بژاردەی سەربازی وەربگرێت و ئەمەش لەم بەهارەدا و لە پاش دامەزرانی
دەوڵەتی نوێی ئامریکا بە مسۆگەری بە ئەنجام دەگات.
دیارە ئەم بریارە بە تەنیا بۆ سووریا نیە و ئێرانیش ئێستا لە
گەمارۆکانیدا بەشێک لە بەندی ٧ گرتوویەتەوە، کە بەشەکانی پێوەندیی
هەوایی و کاروباری ئابووری و گواستنەوەی دەریایی کاڵا و تەنانەت
پچراندنی کاناڵە ماهوارەییەکانی بەشێکن لە مادە ترسناکەکە، کە رێگا خۆش
دەکات لە دژی ئێران و ئەسەد هێرشی سەربازی ئەنجام بدرێت.
بەشی کورد لە هاوسەنگیی هێزەکان لە سەدەی ٢١- دا.
کورد لەم سەدەیەدا بەشیکە لە چارەسەری. ئەگەر لە سەدەی رابردوودا
کوردەکانیان بە لاواز بینی و مافێکی ئەوتۆیان بە ئێمە رەوا نەبینی،
کەچی ئێستا ناتوانن چاوپۆشی لە رۆڵی کورد لە ناوچەکەدا بکەن. بە
تایبەتی کە بە بێ چارەسەریی کێشەی کورد، گەڵاڵەی"رۆژهەڵاتی ناوینی
گەورە"هیچ واتایەکی نیە، چونکا هیچ هێزێکی ناوچەکە نەیتوانیوە رۆڵی
کورد لە گۆڕانکارییەکاندا بێبایەخ بکات و پرۆژەیەکی سەرکەوتوانە پێشکەش
بکات.
ئەگەر سەیری کێشەی کورد لە عێراقدا بکرێت، کورد وەک هێزی یەکلاییکەرەوە
و تەنانەت ئاشتی پارێز وەدیار کەوت و بەمەش رۆلی ئامریکا و
نەتەوەیەکگرتوەکانی ئاسانتر کردەوە.عێراق وەک نموونەی ئەو وڵاتانەیە کە
بۆ ئەوەی لەم قەیرانەی ئێستایان دەرباز ببن، دەبێ کورد وەک پێشرەوی
خۆیان سەیر بکەن و لە چارەسەریی ئاشتیانەی کێشەی وڵاتەکانیاندا، کەڵک
لە تواناکانی کورد وەربگرن، بە بێ ئەوەی هەڵەکانی "نووری مالیکی"
دووپات بکەنەوە.
چونکا بە ڕای زۆربەی شارەزایانی بواری سیاسەت و لێکۆڵینەوەی ستراتێژیک،
لە دەیەی دووهەمدا پلانەکە بۆ رووخانی ئێران و هەڕەشەیەک لە
سەرقورسەکانی جیهانە، بە بێ ئەوەی بیر لەوە کرابێتەوە کە کوردەکان لە
هاوکێشەکانی ئەم سەدەیەدا وەلابنێن و پەراوێز بخرێن.
دەسەڵاتی دەوڵەت لە بەرانبەر دەسەڵاتی گەلدا چۆک دادەدا:
رووسیا و ترس لە تێکچوونی دێموکراسیی دەوڵەتی.
لە شەڕی مانەوەی دیکتاتۆرەکاندا، رووسیا خەریکی پەلەقاژەکردنە. ئەمەش
دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مۆدێلەی دەسەڵاتدارێتی کە دەوڵەت توانیویەتی بە ناوی
خاوەندارێتی لە دەنگەکانی گەل، هەموو مافە سەرەکییەکانی ژیان بۆ خۆی
قەبزە بکات، ئەمەش لە گەڵ ئامانجە سیاسییەکانی ئەم سەدەیەدا کە
گەلسالاری و تاقیکردنەوەی دەوڵەتی دەست - کورتکراو و گەلی رێکخراوە، کە
رێکخراوە مەدەنییەکانی گەل دەسەڵاتیان لە دەوڵەت زیاتر بێت و کۆنترۆڵی
کۆمەڵگا بکەن، دەکەونە ململانێیەکی قووڵەوە.
باوکی دیکتاتۆرەکان کە رووسیایە، خەریکی پارێزگاریکردن لە مۆدێلی
رووسیی دێمۆکراسییە کە ئیجازە بە دەوڵەت دەدات لە هەموو ئامرازیک بۆ
مانەوەی دەسەڵات کەڵک وەربگرێت. ئەمەش لەگەڵ دەسەڵاتی گەلسالاری و
دێمۆکراسیی راستەقینەدا لە دژایەتیدایە و رووسیا هێشتا شۆڕشێکی
دیمۆکراتیکی پێویستە.
حیکایەتی زیندانیکردنی ورچ لە هێلانەکەیدا:
رووسیا و پاشەکشە لە تەمتەڕە.
ئەنجام:
لەم ساتەوەختەدا رووسەکان نایانەوێ پاشەکشێ لە ناوچەکە بکەن، چونکا
دەزانن لە هێلانەکەیاندا زیندانی دەکرێن.
رووسیا لەم ساتەدا دەیەوێ دەروازەیەک لە خۆرهەڵاتی ناویندا بۆ خۆی
بهێڵێتەوە. رۆچنێک کە لەوێوە بەرەو دنیای ئاوەدانی خۆرهاڵاتی پڕ نەوت و
کانزا بڕوانێ و لەوێوە معامەلەکانی خۆی رێکبخات.
ئەگەر لەم کاتەدا رێککەوتنێک لەگەڵ رووسەکان بکرێت کە لە داهاتووی
ناوچەکەدا - وەکو عێراق و ئەفغانستان - لەبیر ناکرێن، ئیتر بۆی هەیە
خوێنێکی کەمتر لە ناوچەکەدا بڕژێت، ئەگەرچی ئامریکاش هەڵەی کوشندەی لەو
تاکلایەنە کارکردنەی لە وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان کرد و خوێنی ڕژاوی
گەلانی سووریاش باجی هەڵەی ئەم دواییانەی ئامریکا و قبووڵکردنی
دەسدرێژییەکانی ئێران لە لایەن ناوەندە جیهانییەکان و زلهێزەکان بوو.
بۆیە ئەم شەڕەی دوایی شەڕی کۆتاییهاتنی ملهۆڕیی ئێران و سووریا و
دژبەرانی کورد و هاوپەیمانانی داهاتوویەتی کە هەر ئێستاش خۆیان
پیشانداوین، ئەگەر بە عەقڵییەتێکی دیپلۆماتیکی درێژمەودا لە رووداوەکان
و چارەنووسی گەلی کورد بڕوانین.
aleezeerak@gmail.com
|