|
٢٧\٩\٢٠٢٦
جەنگی وەرزەکان.
|

مەنار حەسەن موسا
|

وەرگێڕانی
لە عەرەبییەوە: فەرھاد
ئەحمەد |
لە شوێنێکی ئەم گەردوونە پان و بەرینەدا، لە
وەرزی پایزی جواندا کە دارەکان بەرگی نوێ دەپۆشن و گەڵاکان هەڵدەوەرێن،
چوار هاوڕێکە (زستان، بەهار، هاوین و پایز) خوویەکیان هەبوو: لە کۆتایی
کاتی هەر وەرزێکدا یەکتریان دەبینی پێش ئەوەی یەکێکیان بڕوات و ئەوی
تریان بێتە جێی.
بەڵام ڕۆژێک هات، هاوین سەیری بوونەوەرە شاد و ئارامەکانی دەکرد کە
خەریکی کارکردن و کۆکردنەوەی خواردەمەنی بوون بۆ زستانی درێژ. زانی کە
هەندێک لەم بوونەوەرانە لەبەر سەرما و بەفر ناچار دەبن بچنە ناو خەوی
زستانەی قوڵەوە. هاوین دەستیکرد بە بیرکردنەوە لەوەی چۆن ئەم کێشەیە
چارەسەربکات.
بیریکردەوە و بیریکردەوە تا بیرۆکەیەک بە مێشکیدا هات. هەرچەندە
بیرۆکەکە گەورە و مەترسیداربوو، بەڵام لەبەر دڵسۆزیی بۆ زەوی و
بوونەوەرەکانی، بڕیاریدا جێبەجێیبکات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی شۆڕش و
ناکۆکی لەگەڵ براکەیدا (زستان) و بگاتە ئاستی جەنگیش.

بڕیارەکە ئەمە بوو: هاوین دەمێنێتەوە و ناڕوات!
..دیالۆگی نێوان پایز و هاوین..
پایز دەبوو بێتە شوێنی هاوین، بەڵام هاوین ڕەتیکردەوە بڕوات.
پایز: "هاوڕێی ئازیزم هاوین، تۆ زۆر شتت بە زەوی بەخشی، هەمووان بە
چاکە و خۆشەویستییەوە یادتدەکەن، بەڵام ئێستا شوێنێکیتر چاوەڕێتە و
پێویستیان پێتە."
هاوین: "تۆ ئەمە دەڵێیت تەنها بۆ ئەوەی گەورەکەت (زستان) بێت! ئەو
ستەمکارەی کە بوونەوەرەکان دەخاتە خەوێکی درێژ و لەبەر سەرما ئاوارەیان
دەکات."
پایز: "ئەگەر پێی بڵێم، لێت توڕە دەبێت و منیش هەروەها."
هاوین: "من لە تۆ و نە لە زستانیش ناترسم، بڕۆ و پێی بڵێ ئەی پایزی
بچووک."
پایز بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت و لە ڕێگادا بەهاری بینی. بەهار کە
زەردەخەنەی لەسەر لێو بوو، بینی هاوڕێکەی (پایز) زۆرخەمبارە.
بەهار: "چی بووە پایز؟ وا دیارە خەمێکی گەورەت هەیە."
پایز:کێشەیەکی گەورە هەیە... هاوین بڕیاریداوە بۆ هەمیشە لێرە
بمێنێتەوە."
بەهار (بە شۆکەوە): "چی؟ چۆن؟"
پایز: "دەڵێت دەیەوێت لێرە بمێنێتەوە و زستان نەیەت."
بەهار: "ئەی ئێمە و زستان بۆ کوێ بچین؟"
پایز: "هاوین کێشەی لەگەڵ ئێمە نییە، تەنها کێشەی لەگەڵ زستانە."
بەهار: "بۆچی؟"
پایز: "چونکە پێی وایە زستان ژیان تێکدەدات و بوونەوەرەکان
دەچەوسێنێتەوە."
پایز: هاوین پێی وایە زستان وەرزێکی ترسناک و بێدەنگە، ئەو دوژمنی
بونەوەرە لاوازەکانە، بەڵام هەموو بونەوەران و ژیان شایستەی وەرزێکی
جوانترن.
بەهار: بەڵێ، هاوینیش پێیوایە ئەو جوانترین وەرزە.
پایز: بەڵێ.
بەهار: بەڵام هاوین گومانی تێدا نییە و ئەم قسەیە قبوڵناکات، ئەو تەنها
جێبەجێکردنی بیرۆکەکەی خۆی لەسەر زەوی دەوێت.
لەناکاو هاوین دەرکەوت: "بەڵێ پایز، من ئاوام و تێناگەم ئێوە چیتان
دەوێت، من و پایز پێویستە لەسەر یەک ڕا بین". هاوین بە دەنگێکی بەرز
هاواریکرد: "زستان لەکوێیت؟ ئەم ناوچەیە جێبهێڵە، نە خەوتن، نە سەرما،
نە باران، چیدی دەست لەم زەوییە مەوەشێنە، بڕۆ و نیشتمانە جوانەکەم بە
ئاشتی جێبهێڵە".
زستان بە هەورەبروسکە و گرمەی بەرز و بارانی بەخوڕ و باوبۆرانێکی
توندەوە هات. پایز و بەهار خۆیان شاردەوە. بەهار وتی: "شەڕ لە
نێوانیاندا هەڵگیرسا و هەردووکمان لاوازین، ئەی هاوڕێم پایز، ڕێگای
دەربازبوون لەکوێیە؟".
بەهار: مەترسە هاوڕێم، لە تەنیشتم بوەستە من دەتپارێزم.
زستان هاواریکرد: "هاوین، چیت دەوێت؟ دەتەوێت بوونی من نەهێڵیت؟"
هاوین بە هێز و توندی وەڵامیدایەوە: "بەڵێ، نامەوێت چیتر لەسەر ئەم
زەوییە بیت، تووڕەیی زستان و ئەم قسانە بەسە".
هاوین وتی: "مانەوە بۆ بەهێزترینی پیرە".
زستان بە تووڕەییەوە هاواریکرد: "کەواتە جەنگت دەوێت؟ بگرە ئەوەت بۆ
هێناون".
وەرزەکان کەوتنە جەنگێکی سەخت (بروسکە، با، باران، گەرما، بڵێسەی ئاگر،
خۆرێک کە پێست دەسوتێنێت، شێیەکی بەرز). بونەوەرەکان بە ترسەوە
ڕایاندەکرد، وشکەساڵی و بەفر هەموو شتێکیان دەخنکاند.
بەهار بە بەرزترین دەنگی هاواریکرد: "بوەستن!"
هەموو شتێک لە شوێنی خۆی وەستا.
بەهاروتی: "ئایا دەبێت ململانێ لە نێوانتاندا دروست بێت بۆ ئەوەی ژیان
ڕاست بێتەوە؟"
پایز وتی: "هاوڕێکەم بەهار ڕاستدەکات، جەنگ لە نێوانماندا تەنها
وێرانکاری بەجێدەهێڵێت، ئەمە خولی ئێمەیە بۆ ماوەیەکی درێژ، بۆچی
جیاوازی هەبێت؟"
بەهار وتی: "بەڵێ، قسەکانت تەواو ڕاستن ئەی پایز".
پاشان ڕوویکردە هاوین و وتی: "ئەی هاوین، تۆ لەسەر هەڵەیەکی گەورەیت،
لەوانەیە زستان سەخت و باراناوی و پڕ لە هەورەبروسکە بێت، بەڵام بەبێ
ئەو ئێمە نرخی بەهار و بەخشندەیی هاوین و جوانی پایز نازانین، و
زنجیرەی چوار وەرزەکە تەواو نابێت".
"وە تۆش ئەی زستان، پێویستە بزانیت هاوین بە خۆروگەرماکەی و
پێگەیاندنی ڕزق و ڕۆزی لە ڕۆژەکانیدا، سەرچاوەی ژیانی ڕاستەقینەیە بۆ
هەموو بونەوەران لە هەموو لایەکی زەویدا، بەبێ ئەو ژیان بۆ کەس نییە.
ئێمە تەنها بە هەموومانەوە دەناسرێین. ئێمە بەهار و پایزین، بەبێ ئێمە
نە تۆو، نە گوڵ، نە خۆشەویستی و نە جوانی هەیە. من بەهارم، ژیان
دەبەخشم و ئێمە هەر سێمان تام و بوون و جیاوازی بە ژیان دەبەخشین بەبێ
هاوڕێمان پایز کە هەمیشە لەبیریدەکەن".
پێویستە هەموومان تەواوکەری یەکتر بین لەسەر ئەم هەسارە جوانە و نابێت
کەسمان ڕۆڵی ئەوی تر بسڕێتەوە.
هاوین و زستان لە کارەکەیان شەرمەزار بوون و داوای لێبوردنیان لە یەکتر
کرد. پاشان ڕوویان کردە بەهار و پایز و وتیان: "سوپاس بۆ ئێوە، ئێوە
بەڕاستی دانا و ژیر بوون".
لەو ڕۆژەوە، چوار وەرزەکە چیتر تووشی هیچ کێشەیەکی نوێ نەبوون.
rahanddrwd@gmail.com
|