په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٠\٢٠١٠

جەنگى یەکەمى جیهانیی نەخشەى جیۆسیاسى ناوچەکەى گۆڕى.

حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ


جەنگ لەدووتوێى پەیامەکەیدا هەڵگرى خوێنڕشتن و کاولکارى وەیشوومەیە لەرووى پرنسیپى مرۆڤانەوە براوەکەشى هەر دوڕاوە ، جەنگى یەکەمى جیهانى جەرا بوونى ئەو هەموو کیشمەکێشەى نێوان وڵاتە زلهێزەکانى دونیا بوو کە بەشێکى زۆرى دەوڵەت و نەتەوەکانى راپێچى ناو تونەکەى خۆى کرد ، لەگەڵ ئەوەنەدا بۆ گەلانى رۆژهەڵاتى دەستکاریەکى گەورەى نەخشەى سیاسى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى کرد و نەخشەیەکى نوێى بۆ ئەتڵەسى جیهان هێنایە ئاراوە .


جەنگى یەکەمى جیهانى سەربارى ئەوەى خوێنێکى زۆرى رژاند و زەرەر و زیانێکى زۆرى لە ئابوورى وڵاتاندا و خەڵکێکى زۆرى تێدا کوژرا و کەم ئەمندام و برسى و بێ دەرامەت کرد و خەڵک و خاکێکى زۆر ژێر دەستە کرد ، لەگەڵ هەموو ئەوەندا گۆڕانکارى بەسەر نەخشەى سیاسى و جوگرافى زۆر وڵاتى دونیادا هێنا ، یەکەمین جەنگى جیهان بە بەزین و تێکشکانى ئەڵمانیا و دەوڵەتەکانى محوەر کۆتایى هات کە ئەو جەنگە زیاتر لەچوار ساڵى رەبەقى خایاند، سەڵتەنەتى عوسمانى پارچە پارچە کرا و بریتانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا وەک سێ دەوڵەتى زلهێزى دونیا لە مەیدانى جەنگەکە بەبراوەى دەرچوون و ناوچەکەیان بە گوێرەى قازنج و بەرژوەندەییە ئابورى و سیاسى و ستراتیژیەکانى خۆیان سەرلە نوێ دابەشکردەوە .


شەڕ وەستانى مۆدروس کەلە 30-9-1918 مۆرکرا و مافى دا بە دەوڵەتانى هاوپەیماناندا هەر شوێنێکى ستراتیجى ، کە ئاسایشى هاوپەیمانان بخاتە مەترسیەوە بێسڵمینەوە و بێپرس داگیرى بکەن ، کەتا ئەو کاتە بەشێکى زۆر لە دامێنى خواروى کەورستان کەوتبووە ژێر ڕکێفى بریتانیا و هاوپەیمانانەوە.


هەر بەم پێیەش لە بەشکردنى ناوچە داگیرکراوەکاندا هەردوو ویلایەتى بەسرە و بەغدا درا بە بریتانیا بەڵام بریتانیا مرخى لە ویلایەتى موسلڕ (باشورى کوردستان) خۆش کردبوو ، چونکە دەیزانى ناوچەکە بایەخێکى ئابورى و سراتیژى زۆرى هەیە و خاوەن پترۆڵێکى زۆرە ، بۆیە ئەو دەرفەتەى قۆستەوە کە فەرەنسا لە گێژاوى هەندێ تەنگ و چەڵەمەدا دەتلایەوە بۆ ئەوەى زۆر بۆ فەرەنسا بێنێ و ویلایەتى موسڵى لێ داببڕێ بیخاتە ژێر کۆنترۆڵى خۆیەوە ، ئەمەشى بۆ چووە سەر و کارەکە مەیسەر بوو.


ئەوە بوو لە 1-12-1918 دا لوید ژورژى سەرەک وەزیرانى بریتانیا توانى کلیمانسۆى سەرەک وەزیرانى فەرەنسا لەخشتە بەرێت و پەیمانى سایکس بیکۆى ساڵانى جەنگى پێبگۆرێ بە جۆرێکى وا کوردستانى باشور بەر بریتانیا بکەوێ ، ئەمەش بووە سەرەتاى نەهامەتیەکانى نەتەوەى کورد لە کۆتایى دەیەى دووەمى سەدەى بیستەوە تاکو رۆژگارى ئەمڕۆ پێیەوە دەناڵێنێ .


بڕیارەکانى کۆنگرەى سان ریمۆ لە 25 نیسانى 1920لە ئەوروپا راگەیەندرا کە تێیدا هاتبوو عێراق و فەلەستین کەوتنە ژێر ماندیەتى (الانتداب )بەریتانیا و سوریا و لوبنان لەژێر ماندیەتى فەرەنسادا بن ، ئەمەش بەریتانیاى زیاتر دەست واڵا کرد لە ناوچەکەدا و توانى هەموو دەروازەکان لە پێناو بەرژەوندى خۆیدا بسمێ و کار بۆ مەرام و ئامانجەکانى خۆى بکات .


بێگومان کوردەکانیش وەک گەلانى دیکەى بندەستى دەستەڵاتدارێتى عوسمانى ، وەک عەرەب و ئەرمەن ، ئاواتیان دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ بوو کە هەموو پارچەکانى کوردستانى لەت لەتکراو بگرێتەوە ، بەڵام تەونى تەڵەکە و پیلانى کۆڵۆنیالیزمانە کە دەوڵەتە گەورەکان لەبنەوە دەیانچنى بۆ ئەوەى گەلانى چەوساوە بخەنە داوەوە شادەمارى مرۆڤدۆستانەى وڵاتانى بڕیار بەدەستانى لە جوڵە خستبوو، ئەو ئاواتانەى کە کوردى هەیبوو خامۆش کرا ئەویش لەپشتگیرى کردن لە بەشینەوەى کوردستان بەسەر سێ بەشى گەورەدا ، بەشێکى ئێرانى و یەکێکى تورکى سێیەمى عێراقى سەرەڕاى چەند بەشێکى بچووک لە ئەرمینیا و سوریا.


ویلایەتى موسڵ لە سەرەتادا کێشەى نێوان تورک و عەرەب بوو دواتریش کە بریتانیا لە پشتى پەردەى شانۆى سیاسیەکەوە بوو هاوزەمان رۆڵى یەکلاکەرەوەى دەبینى لە بنەڕەتدا لانەیەگیرى دەوڵەتى تازە دامەزراوى عێراق بوو بۆیە بە پێى ریفراندۆمێکى ساختەکاری و بێ ماناوە لە کۆتاییەکانى ساڵى 1925 بڕیارى لکاندنى ویلایەتى موسڵ بە دەوڵەتى عێراقیەوە درا، بەڵام کاتێک لە 27ئوکتۆبەرى ساڵى 1927دا کە لەیەکەمین بیرە نەتەوەتى چاڵەکانى باوەگوڕگوڕ نەوت کانى ئاسا هەڵقوڵایە سەرەوە و تاکو چەند رۆژ بەردەوام نەوت دەرۆیشت و کۆنترۆڵ نەکرا ، دواى ئەوەى کۆمپانیاى نەوت عێراقى دامەزرا وڵاتانى زلهێز وهەروەها تورکیاش بەشە پشکى لە داهاتى نەوتدا بۆ خۆیان دیارى کرد ، ئیتر بۆ کورد ئەوەندەى تر گۆمەکەى قوڵ تر و کێشەکەى ئاڵۆز تێکچڕژاو تر و پڕ لە گێرمە و کێشە کردەوە کە بە شێوەیەک زۆربەى وڵاتانى دونیا چاویان لەسەر کەرکوک بوو ، کە تاکو ئێستا وەکو دۆزێکى بێچارەسەر و هەستیار ماوەتەوە.


وا بۆ نزیکەى سەدەیەک دەچێت نەتەوەکانى ناوچەکە سوود مەند بوونە لەو بڕیار و کۆنگرە و پەیماننامە نێو دەوڵەتییانە تەنها کورد نەبێت وەکو نەتەوەیەکى زیاتر لە چل ملێونى و خاکێکى زیاتر لە پێنج سەد هەزار کیلۆ مەترى چوار گۆشەى فەرامۆش کراوە و بە زمانى ئاگر و ئاسن مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت .

 
ئێستا کاتى ئەوە هاتووە وڵاتانى بڕیار بەدەستى جیهان ئاوەڕێک لە ناهەقیە بدەنەوە کە کاتى خۆى دەرهەق بە نەتەوەى کورد ئەنجامیانداوە ، برینەکان بڕیارە نێو دەوڵەتیەکان هەتوان و ساڕێژ بکەن.

 

ماڵپه‌ڕی حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ