په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٦\٢٠١٧

  جەنگ

  لە بێستانی تەماتە سپییەکاندا.

 

نەژاد عەزیز سورمێ

 

''ئەمە ھەندێکە لە رۆژی من بەڕێزان ڕەجمی بکەن! بەڵام شەو بۆ من لێگەڕێن''.
یەحیا جابر لە (ئەستێرەکانی نیوەڕۆ)دا.


پەرستگای لایەنگیریی
ھانا بۆ ساقیی خەراباتان دەبا..
گەواڵە باجستێنەکان
سێبەر لە شاخ،
لە کێڵگەی ئەسترییان دەکەن..
بەیداخی ھاوار
نرکەی نەخۆشان
پۆلی پەپولان ڕادەکێشن..
بە نازەوە
بەھێمنی
لەنجەدار..
خەیاڵمان،
لە چاڵێکی بەردیندا
دەتگوت بە دەست خۆش کراوە
لێ بەجێما..
ئێستا لە بیرەوەریماندا..
لە پشووە بەتاڵە،
یەک بەدوای یەک ھاتوەکانمان
دێنە دەرێ..
وەک ئەوەی مێروولە بن
بۆ دەنکە دانەوێڵەیەک،
سەرادووی یەکتریان نابێ..
من بەتەنێم
پاڵم بە دارگوێزێک داوە
نەوتیان بە بندا کردووە.
ئەمڕۆ زانیم
ئاوی ژێر دارگوێزی پەلک وەریو
بێ ڕەنگ و تام و بۆن نییە.
ئەمڕۆ زانیم
لەم بەھەشتە بەردراوەدا
تۆخیی گەڵای درەختان
ڕەنگی نارنجی گریانی
ھەزاران ساڵ دەداتەوە..
من بەتەنێ بووم
ھەور ھێشتا ئەستێرەی
ئازاد نەکردبوون
چەندی بانگم کردن،
بێدار نەبوونەوە..
چەندی ھەڵمتەکاندن، نەبزووتن..
دەیانگوت بە گوڵەمێخەک کەوتوون
لە بیابان پڕ بووبوون
بەڵام گریانیان نەدەھات..
ئێستاش لە خەوی ھەرھەریدا
لە ناو تەمی خۆڵباراندان
خەریکن ئاگردانان
بۆ زستانەکانی دادێمان دروست دەکەن.

ئەی تەبعی دێوەرەو عەتتاران!
بزانە ئێمە لەکوێ بووین؟
بزانە چ ڕێیەکمان گرتووە؟
سێ وەختەی ڕۆژێ،
لەباتی خۆر
لەباتی چرا
لەباتی مۆم
شکۆی ڕەھایی تۆ
دادەگیرسێنین..
گۆرانی بێباکی
لە دەوری دەواری
قەرەجان دەچڕین..
شایی بێھوودەییمان
لەسەر کانی مرادان دابەستووە..
کانی چ کانی
ڕامانی ستراتیژیمان ئاسا
شەختەی شوباتێی لێ داوە،
داپۆشراو.. زیندانی.. بەترس.
ئیتر لێرەوە
لەگەڵ زایەڵەی سپێدەدا
من و زەمەنە بە ھەڵپەکان
من و ئەسەف لێکدابڕاین..
بەڵام ئەو دەنگانە چین
بە کەروێشکەی گوڵپەری
شکارتانەوە دەزرنگێنەوە و نایانبینم؟
ئەو دەنگانە کە دەڵێن
دەستەویەخە ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە
لە وەرزی پەژموردەیی شیعردا
لە کوێ، لە چ دڵێکی سارددا دەزرنگێنەوە؟
لە بازاڕی کوتاڵفرۆشان،
کە ھەمیشە بە ژنان
ھەڕمێنیان بۆ دەگەڕێتەوە؟
یا لە دێر و کەنیسە و مزگەوتانەوەیە؟
ئەو دەنگانە
بۆ لەگەڵ گۆرانییە بێ ئومێدەکاندا
تێکەڵ دەبن؟
ئای بەھاری نائومێدی!
بنمیچی ئەو سێبەرە
چەند نەوی بوو،
زەردە ھێشتا
لە سەران ئاوا نەدەبوو
پاڵمان بە پاردەی
تەنیشت چیلەمێوەکە دەداو
ئەو چوکلاتانەمان دەخوارد
بە دزی لە گیرفانمان نابوو..
چەند نەوی بوو
ئەو سایەیە، بنمیچی چەند نەوی بوو
کە پێم دەگووتی:
تۆ ھەمیشە بە فرمێسکەوە جوانتری.
ئەوە خەمی من بوو
بەسەر شانی ڕابوردوودا
نوقڵی لە دایک بوونی دابەش دەکرا.
بڕوانە!
ئەوە بەشی ئێمە بووە
خەمی زێڕین،
بە کێڵگەی ئەسترییان،
بە باخچەی مرادان وەرکەین..

(تازە خەتی دانابوو
بیری لە باخچەی مرادان دەکردەوە.
بیری لە بووکی خەمباری
دەریا دەکردەوە،
کە دەڵێن ماسی لە خۆشی ئەو
لە دەریادا ماونەتەوە
کەچی ئەو لەسەر تاشەبەردێک دانیشتووە
قژی دادێنێ..)

وەختێ بیر لە باخچەی مرادان
لە کێڵگەی ئەسترییان دەکەمەوە،
ھەزاران گوڵ دەپشکوون
ھەزاران مەل
لەشەقەی باڵیان دەدەن..
ھەزاران ماسی
ھەزاران ماسی دەخۆن..

تازە خەتی دانابوو
گوێی لە دەنگێک بووبوو
لە بێستانی تەماتە سپییەکانەوە ھاتبوو
دەیانگوت برایان
شەڕی مان و نەمانی لەسەر دەکەن!!
ڕوون نەبووە،
دەنگی خۆر بووە ، یا تاریکی.
ئێوە دەنگی خۆرتان بیستووە؟
کە لە ھاواری کپی ئۆقیانووس دەچێ؟
لە دەنگی پەپولان دەچێ
کاتێ دێن بە گۆرانی
فریوی گوڵان دەدەن؟
دەنگی تاریکیتان لێک داوەتەوە؟
ئای لە دەنگی تاریکی
چ دەنگێکی لەسەرخۆیە
لە شەقامە ئەبەدییەکانی بەھەشت دەچێ،
پەری لە شۆستە لازوەردییەکاندا
دەدرەوشێنەوە..
تەماتەی تێدا سوور دەبن.

ئای تەبعی دێوەرەو عەتاران!
ئێمە بۆ؟
بۆ لەو ھەموو مەزرەعەو باخچانە
جەنگمان بردە
بێستانی تەماتە سپییەکان؟
ئێمە بۆ قەت با نامان با
باران ڕۆژێ تەڕمان ناکا؟
بۆچی خۆر ھەڵمانناکێشێ؟
دەریا ھەڵماننالووشێ؟
ئێمەی ئادەمیزاد،
چ دەکەین لێرە
لەسەر ئەم زەمینە،
کە ھەر دڕکی تیا دەناسین؟
لە ژێر ئاسمانی پێکەوە لکاودا،
ئێمە تا دێ
لە ڕوحی سەردەم دوور دەکەوینەوە..
ئێمە لە سەدەی ئەفسانان لە دایک بووین
خوێنی تەکنۆلۆژیامان تیا دەگەڕێ!

ھەمیشە بڵێسەیەک
لە بۆشایی مێژووەوە
تاوی بۆ ھێناوین..
ھەمیشە بڵێسە تاومان بۆ دێنێ و
بە سرووتی نەفرەت،
پەروەردەمان دەکا..
ئێمە سەتان ساڵە
خۆمان لێ ون بووە..
دەمانەوێ
بە نەخشەی ساویلکەیی
خەونی عاقڵان ببینین..
لە لەرینەوەی قامچیدا
با دەناسین .

(شەپۆلەکان مەرگھێنەر بوون..
ڕەنگی ئێوارە لە ژنێک دەچوو
پڕ پڕ پڕ لە ژنایەتی..
بەڵام درێغ
لوتکە لە بیابان کۆ بووبوونەوە
ئاڵای خەو ڕەنگاوی پێدا
دەھاتە خوار
خەولێکەوتووان
بە ھیچ داد و یەخەدادڕینێک
بێدار نەدەبوونەوە..)

ئێمە ئەگەر
ڕەنگی مردووانمان لێ نیشتبێ
دەبێ بەرگی مردووان بپۆشین..
دەزانن؟
ئێوە دەزانن
ئێمە بە پێوانەی پۆشین
چەند ڕووتین؟
چی لە خۆر بکەم
دەگاتە بەر پەنجەرەمان و ناگات
ھەڵدەخلیسکێ؟
چی لەو داربریایانە بکەم
لە وەھمیان زیاتر نەگرت؟

(میوەی ژەنگاوی
بڕکی دەرد گرتووی تەماتە سپییەکان
لە بیابانی جەنجاڵدا
بێ ئاکام دەیەوێ
تۆزی خۆڵپەرستی
لە خۆیدا بتەکێنێ..)
دەمزانی
چاوم بەری لە ماڵێ نییە
دەمزانی ڕێی گەڕانەوەمان ئەستەم بوو.
دەمزانی
ڕەنگە باسی شیعر و
شتی لەو بابەتەم لێ بپرسی.. دەمزانی
بەڵام چی بکەم
مۆسیقای غەفڵەت
ماندوویەتی گوڵانمان پێشان دەدا
کە بە ھەناسەسوارییەوە
سەر لە ئینجانە دەردێنن..

(چۆلەکەیەک لە سنگمدایە
نە جێی دەبێتەوە
نە بواری ھەیە بفڕێ..
منیش
وەک ئەوەی
بچووک بچووک بووبمەوە
لەسەر دوگمەی کراسی ژنێک
ڕاکشابم
لە پرسەی ئاسکە ھەتیو کەوتووەکان
دانیشتووم..)

ئەی نھێنی سەر ئەندازەی وجوود!
با ئەم پێکەیش
لە پەرستگای لایەنگیریدا ھەڵدەین
ئەویدی،
بۆ ڕێوڕەسمە بە جۆشەکانی
خانەقای ڕەھایی ھەڵدەگرین
بۆ وەختێ،
سەمای یاخیبوون
لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تەوژمی
تاریکی و بێھودەیی
جەستەی ھەڵکوڕوزاوی بە ئێشمان
وێنەی باڵی گرانی
پاسارییەکانی بەر باران
بێ نەزیر.. ڕژد
لەسەر سواندە چۆلەکاندا
باڵ دەکەنەوە
دەلەیزن گەرم ببنەوە..

وەختێ سەھۆڵ
ئاگری پێ خۆش دەکرێ،
ساڵ بە پێش مانگ و
مانگ بەپێش حەفتە و
حەفتە بە پێش ڕۆژ
ڕۆژ بە پێش سەعات
سەعات بە پێش دەققە و
دەققە بە پێش چرکە دەکەوێ،
ئێمە دەگەینە ڕەھایی
دەگەینە مەیدانی جەنگ
بێستانی تەماتە سپییە ڕەنگ تێنەگەڕاوەکان..

(ئەگەر ھەر کیسرایەک بووایە
گرفت نەبوو
ئەگەر ھەر سوڵتانێک
ھەر میرێک بووایە
گرفت نەبوو..
بەڵام نە ھی ئێمە
کیسرایەک و سوڵتانێک و میرێک نییە..
ئاوڕ بە لای ڕۆژھەڵاتێ دەدەینەوە
ھەزار کیسرا
چاو زەق بۆمان ڕاوەستاون.
سەر بڵند دەکەین
سوڵتانەکانی گۆڕستانیش
لێمان ھەڵدەستنەوە..
ڕوو بۆ باشور وەردەگێڕین
ھەزاران ھەزار شمشێری دوو دەم
ھەڵکێشراون..)

چیاو مێرگ
بە قەڵەمڕەنگی ئەوان
دروست نەکراون
ئاوی ڕەوان
ئەوان ڕێیان بۆ
ھەڵنەبەستووە
ئەوان شەپۆلیان،
بە گەڵای سپیدار
نەبەخشیوە
سێبەر بگرن
ڕوناھی لە گیرفانی
تاریکایی بشارنەوە..
ئەوان عاشق نین بتوانن
ڕێبەندانان سەفەر بکەن.
ئاسمان نەبا
لە زەوی ڕۆدەچوون
زەوی نەبا
کێلگەی ئەسترییان
دەرزیئاژنی دەکردن
خۆ خۆری و شەرمنی ئێمەش نەبا
بە تەنیا دەمانەوە..

ئای نھێنی سەرئەندازی وجوود!
مردم ئەوەندەی
ئادی ئەستیران بکەم.
لێم بڕا ئەوەندەی
ڕووبار و دەریایان ئاو بدەم..
ئەوەندەی دان بەسەر
جۆخین و خەرمانان وەر بکەم
نە ڕێگام دیتەوە
نە کۆدەکانم پێ کرانەوە..
ئێستا بیابان چۆڵ نییە
شەبەقی بۆ کپ کردن،
ئاگری ناو پووشە.. تەنیوەتەوە..
ئێمەش ھاتووین
چیامان بۆ چەند بیرە نەوتێک
چۆڵ کردووە
بێ ڕۆح،
لە سەرابی بیاباندا
پاڵمان لێ داوەتەوە..
نە قومێ ئاوی شینکاڵەکانمان پێیە
نە چەپکە گوڵێکی کیوی
خۆمان بە بیر بێنێتەوە..
ڕووت و قووت
ھاتووین چاومان بڕیوەتە سەراب
سەراب و سەراب و سەراب..

ڕەنگە ئەوە دوا عەشقمان بێ
خوایە وا نەبێ!
ڕەنگە دوا جارمان بێ
چەکەرەی چرۆیان
کرانەوەی گوڵان ببینین
خوڕەی ئاو و قاسپەی کەو و
جڕیوەی مەلان ببیستین
خوایە وا نەبی
خوایە با ئەوە مۆتەکەیەک بووبێ
ڕاستی نەبێ
بێین دار بەڕوو
لە تەنیشت بیرە نەوتان بڕوێنین
ئاسکە کێویلەکانی کوێستان
لە حەوزی نەفرەتیی نەوت باوێین
خوایە وا نەبێ..


شوباتی ٢٠١٦

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک