|
٢٥\٨\٢٠٢٦
جەنگ و گەمارۆی
ئابووریی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و
چەند ڕاستییەک.

نوری بەشیر
ئەمەریکا دەورەیەکی نوێی جەنگ و گوشاری بۆسەر ئێران دەستپێکردووە؛
دەورەیەک کە لەگەڵ قۆناغی جەنگی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژە، یان قۆناغی "نە شەڕ
و نە ئاشتی" جیاوازییەکی گەورەی هەیە. ئەم قۆناغە تەنها بە هێرشە
سەربازییەکان سنووردار نابێتەوە، بەڵکو بە توندکردنەوەی گەمارۆ و
گوشارە ئابوورییەکانیش درێژەی پێدەدرێت و دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ
لەسەر ئێران، کۆماری ئیسلامی، خەڵکی ئێران و هاوسەنگیی هێز لە
ناوچەکەدا دابنێت.
جەنگەکە کە بە هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد، بەشێوەیەک پەرەی
سەند و بووە هۆی فراوانبوونی کێشەکە بۆ بەشێکی زۆر لە ناوچەکە،
لەبەرئەوەی ئێرانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەوڵیدا کێشەکە
بگەیەنێتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. ئەنجامی ئەمەش دروستبوونی
بارودۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە ترس و نائارامیی دروستکرد.
لە شوباتی ٢٠٢٦ەوە، پەیوەندیی نێوان ئەمەریکاو ئێران بە قۆناغە
جیاوازەکانی جەنگ، گوشار، دانوسان و وەستانی جەنگدا تێپەڕیوە. ئەم
گۆڕانکارییانە ئەم دوو لایەنەی خستووەتە بارودۆخێکەوە کە گەڕانەوە بۆ
بارودۆخی پێش جەنگ ئاسان نییە. لەم چوارچێوەیەدایە، کە ئەمەریکا زیاتر
پشت بە گەمارۆ و گوشارە ئابوورییەکان دەبەستێت.
رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئاب، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە
قسەکانیدا دەربارەی توندکردنەوەی گەمارۆکان بۆسەر ئێران، ئەوەی خستەڕوو
کە سزاکان دەبنە یەکێک لە گەورەترین هەوڵەکان بۆ دابڕین و گۆشەگیرکردنی
ئابووریی ئێران، و گوشارە ئابوورییەکان دەتوانن کاریگەرییەکی ئەوتۆ
لەسەر رژێم دابنێن کە ببێتە هۆی ڕووخاندن و گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی.
بێسێنت هەروەها هۆشدارییەکی توندی بە هاوپەیمانانی واشنتن دا و گوتی: "یان
لەگەڵمانن، یان دژمانن."ئەمە نیشانی دەدات کە واشنتن نایەوێت تەنها لە
سنووری خۆی و هاوپەیمانە نزیکەکانییەوە گوشار بۆسەر ئێران دابنێت،
بەڵکو دەیەوێت وڵاتانی جیهانیش رابکێشێتە ناو سیاسەتی گۆشەگیرکردنی
ئێران و خنکاندنی لە باری ئابوورییەوە، بۆ دانوسان و رایزبوون بە
رێکەوتن.
لە هەمان کاتدا، دوناڵد ترەمپ بەردەوامە لە هەڕەشە و هەڵوێستە
توندەکانی خۆی بەرامبەر ئێران. قسەکانی لەسەر گەرووی هورمز نیشان دەدەن
کە کێشەکە تەنها بە شەڕو گەمارۆی ئابووری سنووردار نییە، بەڵکو بابەتی
وزە و بازرگانیی جیهانی، بەتایبەتی گەرووی هورمزو چەکی ناوەکی تێدایە.
گۆڕینی سیاسەتی ئەمەریکا لە هێرشە سەربازییەکانەوە بۆ توندکردنەوەی
گەمارۆ ئابوورییەکان، خۆی نیشانەیەکی گرنگی شکستی سیاسەتی ئەمەریکایە.
لە سەرەتای جەنگدا، ترەمپ باسی لەوە دەکرد کە ئێران دەبێت بگەڕێتەوە بۆ
"سەردەمی چاخی بەردین"، ئەو هێرش و هەڕەشانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ژێرخان
و توانای سەربازی و ئابووریی وڵاتەکەیان کردە ئامانج.
بەڵام لە شەڕ و گەمارۆدا، قوربانیی سەرەکی زۆربەی خەڵکی مەدەنییە.
لێدان لە ژێرخانی ئابووری، گرانبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان و
دابەزینی توانای کڕین، گوشارێکی زۆر گەورە لەسەر ژیانی خەڵک دروست
دەکات. بۆیە ئەگەر ئامانجی گەمارۆکان گوشارخستنە سەر رژێم بێت،
ئەنجامەکەی دەتوانێت زیاتر لەسەر خەڵک بکەوێت تا سەرانی دەسەڵات.
کۆماری ئیسلامی وەک رژێمێکی دڕندەی سەرمایەداری لە ماوەی پێنج دەیەدا
ئەزموونی گەمارۆ، جەنگ، سەرکوت، کوشتن و تیرۆری پیادەکردووە، تەنها بۆ
مانەوەی دەسەڵات، پەنا بۆ رێگای جۆراوجۆر دەبات، بەڵام ئەم ڕابردووە
نابێت ببێتە هۆی ئەوەی خەڵکی ئێران وەک بەشێک لە رژێم سەیر بکرێن؛ لە
ڕاستیدا خەڵکی ئێران یەکەم کەسانن کە لە ئەنجامەکانی ئەم سیاسەتە
زەرەرمەندن.
خاڵێکی گرنگ لە قسەکانی بێسێنت ئەوەیە کە گوشارە ئابوورییەکان بتوانن
ببنە هۆی ڕووخانی رژێم. ئەمە دەتوانێت نیشانەی ئەوە بێت کە واشنتن
هەڵسەنگاندنێکی نوێی بۆ بارودۆخی ناوخۆی ئێران کردووە، هەروەها دەکرێت
نیشانەی ئەوە بێت کە گوشارە سەربازییەکان بە تەنیا نەیتوانیوە ئەو
ئەنجامەی واشنتن دەیەوێت بەدەستبهێنێت، بۆ شاردنەوەی شکستەکانی سیاسەتی
توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوریەکانی گرتووەتەبەر.
ئەمەریکا خۆیشی لەگەڵ قەیران و کێشەی جۆراوجۆردا بەرەوڕووە. قەرزی
گشتیی زۆر گەورە، ناکۆکیی سیاسی لە ناو کۆنگرێس و ناڕەزایەتییە
کۆمەڵایەتییەکان، سنووری توانای واشنتن بۆ بەردەوامبوون لە جەنگێکی
درێژخایەندا نیشان دەدەن.
لە هەمان کاتدا، جەنگی بۆ سەر ئێران و ئەمسیاسەتە دەبێت لە چوارچێوەی
گۆڕانی سیستەمی جیهاندا بخرێتە بەرچاو. جیهان لە سیستەمێکی
چەندجەمسەریدایە؛ چین و ڕووسیا و هێزە ناوچەییەکان هەر یەکەیان
بەرژەوەندیی تایبەتییان هەیە، بۆیە ئەمەریکا ناتوانێت هەمیشە وەک تەنها
جەمسەرێکی بێهاوتا بڕیار لەسەر هەموو ناوچەکە بدات، بۆیە لە جەنگیدا
بۆسەر ئێران تەنگەژەیەکی گەورەی بۆ دروستبووە.
شکستی ئەمەریکا لە جەنگی بۆسەر ئێراندا کەمێک درەنگ کەوت، بەڵام شانسی
ئەوەی هەبوو کە خەڵکی ئێران لەگەڵ رژێمی دڕندە و هاری کۆماری ئیسلامیدا
نین. ئەگەر کۆمەڵگایەکی نەوەد ملیۆنی وەک ئێران بە تەواوی لە پشتی
رژێمکەدا بوونایە، ئەوا شکستی ئەمەریکا زووتر دەبوو.
هەروەها جەنگەکە بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک ڕێکەوتن و هاوکاریی و
کێشەی ناوچەیی لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا؛ لەوانە ڕێکەوتنی مەکە
لەلایەن سعودیە، تورکیا و پاکستان، ڕێکەوتنی تورکیا و میسر، و هەروەها
هاوکاریی ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە لە
٢٠٢٦دا گرنگییەکەی زیاتر بووەو هەروەها کێشەی نێوان ئیسرائیل و تورکیا
لەناو سوریادا.
تا بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە ئەم دەورەیە کێشەکانی ناوخۆی
زیاتر دەردەکەون، قسەکانی قالیباف توندترە لە قسەکانی پزیشکیان، و
ئەمەش نیشانەی جیاوازیی هەڵوێستی ناوخۆی دەسەڵات و هێزی باڵی توندڕەوە.
ئەگەر جەنگەکە ئەم باڵانەی تا ڕادەیەک لە یەکتر نزیک کردبێتەوە، ئەوا
دەورەی توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان دەتوانێت ئەم یەکڕیزییە لاواز
بکات و ناکۆکییە ناوخۆییەکان زیاد بکات. بە تایبەتی ئەگەر جەنگ کۆتایی
بێت، چی دەبێتە بەهانە بۆ رژێم بۆ ئەوەی وەڵامی خواست و داواکارییەکانی
خەڵک نەداتەوە؟ لەو بارودۆخەدا، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری
ئیسلامی لەگەڵ ناڕەزایەتیی ناوخۆ زیاتر دەبێت.
لە بەرامبەردا، لە چەند رۆژی رابردودا، مەیلی ئێران بۆ دانوسان
لەقسەکانی سەرانیدا دەردەکەون، بۆ نموونە پزیشکیان جەختی لەوە
کردووەتەوە کە دانوستان و ڕێگای سیاسی دەتوانێت باشترین ڕێگا بێت بۆ
شکاندنی قەیرانی ئێستا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە گوشارە ئابووری و
سیاسییەکان کۆماری ئیسلامی ناچار دەکەن زیاتر بیر لە دانوستان بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، گۆڕینی سیاسەتی ئەمەریکا لە هێرشە سەربازییەکانەوە بۆ
توندکردنەوەی گەمارۆ و گوشارە ئابوورییەکان، نیشانەی گۆڕانێکی گرنگ لە
ستراتیژیی واشنتن دەخاتەڕوو. ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە بەردەوامبوون لە
جەنگ بەو شێوەیەی لە سەرەتادا پلانی بۆ دانرابوو، ئاسان نییە و بۆیە
هەوڵ دەدرێت بە گوشارە ئابوورییەکان ئێران ناچار بکرێت بۆ دانوستان و
قبوڵکردنی هەندێک مەرج.
بەڵام لە هەموو جەنگ و گەمارۆیەکدا خەڵک زۆرجار یەکەم قوربانییەکانن.
گەمارۆ دەتوانێت گوشار بخاتە سەر رژێم، بەڵام هەمان کات دەتوانێت
بارودۆخی ژیانی خەڵک خراپتر بکات. بۆیە گرنگترین پرسیار تەنها ئەوە
نییە کە کام لایەن لە جەنگدا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵکو ئەوەشە کە ئەم
قەیرانە بۆ خەڵکی ئێران و خەڵکی ناوچەکە چی بەرهەم دەهێنێت.
لە هەمان کاتدا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەتایبەتی لەلایەن پاکستانەوە،
دەتوانن هەنگاوێک بن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی هەردوو
لایەن بۆ سەر مێزی دانوستان. بەپێی هەواڵەکانی ئەمڕۆ ٢٤ی ئاب ئەمەریکا
چوارچێوەیەکی توندی ئابوری بەسەر ئێراندا رادەگەیەنێت، لەکاتێکدا پاش
ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا عاسیم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان
پەیوەندی بە ترامپەوە کرد، هەر ئەمڕۆ گەشتە تاران و چاوی بەسەرانی
کۆماری ئیسلامی کەوت بۆ نزیکردنەوەی هەردوولا بۆ دانوسان.
لە کۆتاییدا، گەمارۆ ناتوانێ ئامانجەکانی ئەمەریکا بهێنێتەدی و
دانوستانیش بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی خەڵک ناتوانێت ئاشتییەکی
پایەدار دابین بکات. چارەنووسی ئێران و ناوچەکە بەوە پەیوەستە کە جەنگ
بۆ کێ دەبێتە ئامراز، و ئاشتی بۆ کێ دەبێتە ئەنجام.
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|