په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٠\٢٠١٦

    جێ پێکانی مەکوژێننەوە.

سمکۆ ئەحمەد

ئەو منداڵە حەزی لە چاوشارکێیە
لە خەنەکی سلیمانی پالاسا
فێری وانەکانی ئەشق بووە
منداڵە بیدەنگەکەی (مەکتەب)ی ئەردەڵان
گەورە بوو نەك دوو دار
سێ جەنگیشی بینی
لە نێو تۆز و خۆڵەمێشی جەنگەکاندا
وێڵ بوو بە دوای گوڵی شین دا دەگەڕا
قوتابییەکی (یافیع) بوو
سەوزی لە بەهار دەردەکرد و
چاوی لە زەڵم جێمابوو
جێ پێکانی مەکوژێننەوە
چی کۆڵان و گردۆڵکەی ئەم شارەیە
شەوانە گوێبیستی شیعرە مەستەکانی ئەون
چی باخچەو داری مل رووتە
چاوەڕێی دوا کۆپلەی ئەون
کێ ئەیوت (عیرفان)؟
(حەسیب ساڵح) و خەنەکی یاری مناڵیت
دوا مەنزڵگەی وشەکانت بن؟
ئەوانە کوا لە خەمی ئاسك و
گوڵەکانی لاڕێ دەگەن
(عیرفان) کە گەڕامەوە ئەمجارە
نەمدۆزیتەوە
ژێر گوڵە دەمەشێرەکانی حەوشەکەش گەڕام بۆت
نەمبینیتەوە
تەنیا دار هەنارەکان بۆنی جارانیان لێدەهات
ژێر پرچی سنەوبەرە خەمگینەکەش گەڕام بۆت
نەمدۆزیتەوە
شیعرە هەتیوەکانت بە فرمێسك
دێرەکانی خۆیان تەواو دەکرد
پوورەی هەنگی بیرەوەرییم درزی برد و
هەنگەکانی بۆ شیلەی وشەکانت
هانایان برد
تکام کرد لە باران
جێ پێکانت لە کووچە و کۆلانەکانی شاردا نەکوژێنیتەوە
تۆ بڕۆ و ئاوڕ مەدەرەوە
ئەم شارە زۆر تەسك بووە
چیتر جێگات ناکاتەوە
کات بۆ ماڵئاواییەکیش نەماوە
وەك ریشۆڵەکانی سلێمانی
بێ ئاوڕدانەوە بڕۆ
خۆت و پێکە شەرابەکەت
وا بایەکی وەشت بردی
خۆت وتەنی پیاو بە مەستیی جوانە
بۆیە تۆش بە جوانیی مردی؟

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ ئه‌حمه‌د
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک