١٢\٩\٢٠١٢
جێ پێکانم
مەکۆژێننەوە.

سمکۆ ئەحمەد
عیرفان لەگەڵ ئەو گوڵانە سەفەری کرد کە لە
گەڵای پرتەقاڵ دەچوو، مناڵییمانی پڕ کردبوو
لە شانۆگەری و قسەی خۆش، ئەو حەوشە
و چیمەنەکەی بەجێ نەهێشت تا دوا
دڵۆپی فرمێسکی نەکردە قولی مشتییەوە.
عیرفانی برام باسی چیڕۆکی چاخی سەهۆڵبەندان
و تەمی ناو کٶڵانەکەی دەکرد،
بەس ئەوانەی بە زمانی زەبر دەدەوێن و بە خەیاڵی کۆشتن دەژین دەیانوت
سەرخۆشە و خڵەفاوە.
عیرفان خەمی پەپوولەیەکی وێڵ و ئاسکێکی پێ پەتیی
دەخوارد، بەس کێ
خەمی ئەوی دەخوارد؟ ئەو شارە هەمووی جێ پێی
ئەوە، مناڵە بێ دەنگەکەی قوتابخانەی
ئەردەڵان گەورە بوو، فێری چیرۆک و حکایەتی
جەنگە خۆڵەمێشییەکان
بوو، بە تەنیایی عادەتی گرتبوو، حەسەن زیرەک
هاوڕێی شەوانی مەستیی
بوو.
عیرفان سەفەرێکی ناوەختی کرد، ئەو هۆتێلەی
کە بە منداڵیی لە خەنەکەکەی چاوشارکێی دەکرد
بووە دوا وێستگەی
ژیانی. موسافیرێکی مەرغوب نەبوو دایانبەزاند،
لە شەوێکی بۆن مەرگاوییدا ژیانیان لێسەند،
هەردەم دەیوت پیاو بە مەستیی جوانە،
بۆیە ئەویش ویستی بە جوانیی
بمرێت.
عیرفان، لە دوا تەلەفونماندا ماڵئاواییمان
نەکرد. بمبوورە کە من ئەمشەو چرای دڵم لەسەر
دڵت دابگیرسێنم.
کە گەڕامەوە جگە لە هەنارەکانی حەوشەکەمان
هیچی تر نەبوو لە جاران بچێت، هیچی تر بۆنی
مناڵییمانی لێنەدەهات.
تۆ بۆیە بڕیارت دا بڕۆیت چونکە لەم کوردستانە ئازادەی برای
دوبەی دا جێگات نەما بوو، دەبووا
بڕۆیشتیایە تا فریای رابردوو بکەویت.
تۆ شاعیری سەردەمی کتێب و قەڵەم و شەوانی بەر مۆمی سلێمانی
بوویت، ئەم سلێمانییە
نامۆیە بێت جێگات ناکاتەوە،
بڕۆ براکەم ئێستا ماڵئاوا.

یابان
ماڵپهڕی سمکۆ ئهحمهد
|