په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٨

    چەپکە هۆنراوەیەکی قاسم سعودی.*

                                  

 قاسم سعودی                          و: نەژاد عەزیز سورمێ


پاککردنەوەی ماڵ.


گەنجێک دەناسم
شەوانە
لە گۆڕەوە
بەرەو ماڵەکەی دەفڕێ ..
شیر و سەوزە
لە ئاشپەزخانە دادەنێ ..
وانە بە منداڵەکانی دەڵێ
ماڵەکە بە باشی پاک دەکاتەوە
زەردەخەنەیەک
بۆ وێنەی ژنە مردووەکەی و
سەری پیرە دایکی ماچ دەکا
کە تەواو بە ھەتیوانەوە ماندوو بووە.

قاچی ھاوسێم.


جارێکیان
قاچی ڕاستیم
لە ھاوسێکەم خواست ،
بەو مەرجەی
دەستی چەپمی بدەمێ ..
بەو شێوەیە
ئەندامەکانمان ھەردەم دەگۆڕینەوە
تا ئەو بەیانییەی
ھات داوای دەممی لێ کردم
کە بۆی ھێنامەوە
خۆشترین و
درێژترین ماچی
لە دونیادا پێوە بوو.

وەختێ مریشک ھێلکەیەکمان پێشکێش دەکا.


تەنانەت خواردنی سووتاوی
ئاشپەزخانەی دایکیشم
لە نێو ددانماندا پێدەکەنێ
لێ زۆری پێ ناچێ دەگری ،
کە ئاردمان تەواو دەبێ ..
پاشان ناکاو
مریشکەکە ھێلکەیەکمان دەداتێ
ناکاو درەخت لە ماڵ ھەڵدێن و
باوکم بە خەمباری
دەگەڕێتەوە ..
تا بە بێدەنگی
لە بارەی شەڕەوە پێمان بڵێ
لە وڵاتیدا بێدار بووەتەوە.

کەڕادەی مریەم.


دەڵێی لەگەڵ تۆ
لە کەڕادەی مەریەم پیاسە دەکەم
ئێمە ناپەڕینەوە ..
پرد پێماندا تێدەپەڕێ ،
ماسی و قایەخ و تفەنگ
بە دەورمان ھەڵدەبەزنەوە
ئینجا
سەر لە ئۆتۆمبێلەکەوە ھەڵدەبڕی
دەست بۆ سەربازەکانی بازگە
ڕادەوەشێنی
بە چرپەوە پێم دەڵێی :
ئەوە بە تۆ دەچێ
ھەموو سەربازەکان بەمن دەچن ..
بۆ تۆ دەخەنن
منیش بە تەنێ
لە کەڕادەی مەریەم
چاودێریان دەکەم.

منداڵێکەی ژێر کەلوپەلان.


ئەو خانەوادەیەی بە تەنێ
لە تاریکیدا ڕێ دەکا ،
خانەوادە نییە
پاشماوەکەیەتی ..
ماڵێک بە تەنیا ژوورێک
مێزێکی شەت و خوار
ھەندێ بجگوڕی ھەتیوکەوتوو ..
ناکاو (دەق)ـەکە دەوەستێ
منداڵێک
لەژێر کەلوپەلەکاندا
یارمەتی برا شیرەخۆرەکەی
بۆ ڕۆیشتنی یەکەمجاری دەدا.

ئەو کیژەی بەھەشتی خۆش ناوێ.


باشە ..
ئەو کیژەتان بینیوە
ھەمیشە ھەڵە
لە ھەڵبژاردنی جل و بەرگە سادەکانی دەکا ؟
کیژەکە سەوزەفرۆشە
ئەو کیژەی بەھەشتی خۆش ناوێ ،
ئەمڕۆ شووی
بە وێنەی سەربازێک کرد
کە لە بازاڕ
لە گیرفانی پیرەمێردێکەوە کەوتبوو.

زوو نووستن لە ژووردا.


ژوورە بچکۆلەکەم
سەربازی زۆری تێدایە
لە ژیانمدا ناسیوومن
کراسەکانم بەشیان ناکا
خواردنیشم ..
ئەوەی خەمبارم دەکا
ناوی ھەمووانم لەبیر چووەتەوە .
لە ژوورە بچکۆلەکەمدا
زوو چرا دەکوژێنمەوە
تا ئەو سەربازانەی
شەوانە
لە سەرمدا دەقیژێنن ..
بنوون.

درەخت.


دارە وشکەوەبووەکەی
بەر دەرگای ماڵەکەمان
بەزین
وردە وردە خواردوویەتی
دایکم بڕیاریدا بیبڕین
کە دەستمان پێ کرد
لەگەڵ یەکەم لێدانیدا :
وێنەی باوکم کەوت
لەو کاتەی ڕواندوویەتی .
لەگەڵ لێدانی دووەم :
وێنەی دایکم بە جلی بووکێنی .
لەگەڵ لێدانی سێیەمدا :
دارەمەیتی براکانم
لە لێدانی چوارەمیندا :
دارەکە ڕاقەناو
ئێمەش تا بەیانی گریاین.

پایسکل.


کە منداڵ بووم
خەونم بەوە دەبینی
پایسکلێکم ھەبێ
بۆ ھیچ نا
جگە لەوەی بەخێرایی
لە پاسەوانی قوتابخانەی کچان ھەڵبێم
چاوبڕکێم لەگەڵ ھەموویاندا دەکرد
کەچی ھەموو جارێ
پێڵاوەکانیان
میھرەبانییان بۆ پشتم دەنواند ..
من وەک پێویست قۆز نەبووم
منداڵێکی لەڕو زمانپیس و سەربەگێچەڵ بووم ،
کە گەورە بووم
سواری زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی بووم
تفەنگ و
شەھید و
بریندارم
خستە سەر پشتم ..
ھەمان پشت
کە پێڵاوی کچان ڕاویان دەنا.

ئەو کورسییەی لە ماڵێدا دێ و دەچێ.


کە منداڵ بووین
درۆیان زۆر لەگەڵ کردین
وتیان خوا لە بەرزایدا دەژی ..
بەڵام ئەمڕۆ
ھەستم کرد لە ماڵی ئێمەیە و
لە ژووری دایکیشمە
کورسییە نووستوەکەی
بۆ چاک دەکاتەوە ..
چونکە خودا کورسی بە ھاتووچووی خۆش دەوێ
کە دایکان ،
لە ژوورەکانەوە
بۆ ئاشپەزخانە
دەگوێزێتەوە.

جل و بەرگی قوتابخانە.


ھێشتا بچووک بووم
تۆپانێمان
دژی تیپی
گەڕەکی ھاوسێمان دەکرد
ئەوان کراسی پان و پۆڕی سپی و
پێڵاوی وەرزشیی نایابیان دەپۆشی
تەنانەت گۆرەویەکانیشیان
درێژ و وەکو یەک بوو ..
ئێمەش پێخواس
جل و بەرگی قوتابخانەمان لەبەر دەکرد
کە دایکمان ھەموو ڕۆژێ دەیشووشتن
چی دیکەمان نەبوو
یارییەکە درێژ و ڕژد و چەشەبەخش بوو
تا ئێستاش تەواو نەبووە ! ..
یارییەکە تەواو نابێ...

پارچەیەک شیرینی.


لە دە ساڵیمدا
تا نەچمە چایخانە
باوکم تەلەفزیۆنێکی بچووکی بۆ کڕین
جامی جیھانی پێ ببینین لە ئەرژەنتین
ئەوکاتە نیوەی ماڵمان باخچە بوو
منداڵانی گەڕەک
گشتیان دەھاتن
کێمبس
** ببینین
من نەمدەھێشت بێنە ژوورەوە
ئەگەر پارچە شیرینیەک نەدەن ..
بەخشندە بووم لەگەڵیان.

لە ھەشت سەعاتدا.


پێی دڵخۆش بووم
یەکەم جار بوو دەچوومە شەڕ
لە پاسدا
کچێکی جوانم لە پاڵ دانیشت
زۆر لە سیمایەوە ڕامام
لە ھەشت سەعاتدا ،
زەماوەندم لەگەڵدا کرد
سێ منداڵمان پەیدا بوون
ماڵێکی بچکۆلە ، جۆللانەیەکی سادە و
چەند مریشکێکی بەختەوەری تێدا بوو
لە ھەشت سەعاتدا ..
کە گەیشتینە وێستگە
بە تەنێ گەڕامەوە ماڵەوە.

ژنی باپیرم.


داپیرم نەچووەتە کوردستان
بەڵام دەڵێت
خەڵکی لەوێ دەم بە خەندەن !
داپیرم لە نزیک ڕووبارێکی بچووکدا دەژیا
لێ کە باپیرم
خانوویەکی بۆ لە بەغدا کڕین
ڕووبار لەگەڵ داپیرمدا
ھاتە ژوور
بەڵام
لەو شەوەیدا
گوللە تۆپ باڵیان گرت ..ھەڵات
داپیرم نەچووە شەڕ
ئەو لە سیمایاندا دەیبینی
تۆپی قورس و
بریندار و ژنی سەربازەکان و
ژنانی خەمباری گەڕەک
ھەر کاتێ سەریان وێک دێتەوە
دەچنە ژووری داپیرەم
نەختێک پێبکەنن ،
کە باسی ژنی دووەمی باپیرم دەکا لە کوردستان
کوردستان ،
کە ھەرگیز نەمدیوە.

زەماوەند.


لە زەماوەندی
سەوزەفرۆشی ھاوسێمان
منداڵگەلێکم بینی چاوەڕێن
لەگەڵ دانانی خواردن ھێرشیان ھێنا
منداڵێک نەبێ
لە جێی خۆی نەبزوت ،
لەکاتێکدا برادەرەکەی
بەخێرایی پەلی داوێت
تیککە گۆشتێکی بۆ بێنێ
ئەو منداڵەی دانیشتبوو
کوێر بوو..

ژنانی شەو.

ژنانی شەوم زۆر خۆش دەوێن
لەبەر ئەوەنا
دڵی بەرزیان ھەیە
یان زۆر بە خەڵکی دەخەنن
بەڵکو یەکیانم بینی
باوەشی بە سەربازێکی خەمباردا کردبوو
نەیدەناسی
کیسەیەکی گەورەی میوەی
بۆ منداڵەکانی پێدەدا..

ئەو سەرەی بە سۆپا دەچێ،


ئەو سەرەی بە سۆپا دەچێ
سەری ھاوسێمانە
فرۆشیاری جل و بەرگی کۆنی سەربازی
ئینجا بەھۆی
ھەڵگێڕ و وەرگێڕی جل و بەرگی سەربازان
تەواوی شەڕ دەبینێ و
بە گەرمی دەگەڕێتەوە ناو منداڵەکانی .

باخچەی قوتابخانە.


کە مامۆستا وشەی (شەڕ)ی نووسی
منداڵان بایەخیان پێ نەدا
زۆر چاوەڕێی پشوو بوون
ھەندێ ئاو و شەربەت و
شەڕە دەنووکی جوان لە باخچەدا
کە گەورە بوون :
ناکاو خۆیان
لە سەنگەر و دارەمەیت و
بیناکانی خانەنشینیدا دیتەوە
گوللەیان بەدواوەیە
تەنێ ڕاویان دەنێ
بێ ئەوەی بایەخێک بەمە بدا
مامۆستا
کە وشەی (شەڕ)ی نووسی و بە درێژایی وانە گریا..

بە نموونە.


ڕۆژێ دونیا سەرسام دەکەم
بە نموونە
شەقێک لە جوانترین کچی شار دەدەم
پاشان لە باوەشی دەگرم ..
یان دەست و قاچگەلێکی دەسکرد
بۆ ئەو تۆلازانە دەکڕم
کە تا کێڵگەی مین خۆیان ھەڵدا ..
یان دەچمە ناو ھێلکەی چۆلەکەیەک
دەست بەسەر ئەو کۆرپەلەیە دادەنێم
کە جل و بەرگی سەربازی دەبینێ
بێگومان ڕقی لێم دەبێتەوە .
وەک مۆری ڕزق
لەگەڵ دەستفرۆشان دەنووم
یان لە کتێبەکانی قوتابخانەدا
وەک وێنەی زۆردارێک
بەڵام
من نەخۆشم دایە .. نەخۆش
دەرمانیش لە گۆڕستانە.

___________________________________________
پەراوێز:
* قاسم سعودی : شاعیرێکی عەرەبی عێراقییە ساڵی ١٩٦٩ لە بەغدا لەدایک بووە، تا ئێستا چەندان کۆشیعری بڵاوکردوەتەوە و چەند خەڵاتێکی وەرگرتووە لەوانە خەڵاتی (الشارقە) بۆ داھێنانی ئەدەبی. شیعرەکان لە کۆشیعری قاسم سعودی -(الصعود علی ظهر أبی) - دەزگای (العنوان) بۆ بڵاوکردنەوە - چاپی یەکەم - ٢٠١٦ کراون بە کوردی.

** ماریۆ ئەلبێرتۆ کێمبس: یاریکەری ھەڵبژاردەی ئەرژەنتێن لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو کە لە جامی جیھانی ١٩٧٨دا بە یەکێک لە گۆڵکەرە بەناوبانگەکان ناسێنرا.

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک