په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠١٧

چەردەیەک لە ھەمبەر سەربەخۆیی و گشتپرسیی.


ناودار زیاد       

(١)
سەرۆکی ماوە بەسەرچووی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێز مەسعود بارزانی بەکۆکردنەوەی ھێزو لایەنەسیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، وادەی ئەنجامدانی گشتپرسیی دیاریکرد، ھەڵبەت ئەمە بەبێ دیراسەت و پڕۆژەیەکی ڕوون و ئاشکرا. لەکاتێکدا بەڕێز مەسعود بارزانی ئەمە بە مافی شەرعی و یاسایی میللەتی کورد دەزانێت کە خۆی بە ناشەرعی و نایاسایی لەسەر کورسی حوکمڕانی دانیشتووە، ئەمەش دووفاقی و لێکدژییەکی زەق و بەرچاوە.


(٢)
بزوتنەوەی گوڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشێک لە خەڵکی کوردستان سەرباری ئەوەی خەونی لەمێژینە بە دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە دەبینن و، وێڕای ئەوەی پێیان وایە تەوقیتەکەی گونجاوو لەبار نییە، بەڵام پڕۆژەکە ڕەت ناکەنەوە، بەڵکو دەیانەوێت میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی پڕۆسەکە یاسایی و نیشتیمانی و دامەزراوەیی و لۆژیکی و دیراسەتکراو بێت، نەک حیزبی و خێڵەکی و عەفەوی و ھەڕەمەکیانە.


(٣)
ھاوکێشەی وڵاتانی دراوسێ و ھەرێمی و نیودەوڵەتی ئاڵۆزو فرە ڕەھەندو تەمومژاوییە، لەلایەکەوە خوێندنەوەو تێگەیشتن لێی ئەرکی دامەزراوە پەیوەندیدارە حکومەییەکانە، ئەوانەی کەوا خەڵکانی گوێڕایەڵی حیزبی و ناپسپۆڕو ناشارەزایان لێ داناوەو بزوتنەوەی گۆڕان و خەمخۆران و مشورخۆرانی بێلایەن و سەربەخۆش چەندین ساڵە ھاوار ھاواری ئەوەیانە پێویستە ئەرکەکان بەپێی لێھاتوویی و پسپۆڕییەکان دابەش بکرێت، کەچی گوێیان لێ ڕانەگیراوە. لەلایەکی ترەوە لەبری پەیوەندی حکومی ھەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە( پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ) کارێکی وایانکردوە پەیوەندییە سیاسیی و دبلۆماسییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مۆرکێکی حیزبی و شەخسی ھەبێت. ھەر بۆیە بێسەروبەرییەک لە پەیوەندی ھێزەکانی باشوری کوردستاندا ھەیە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و دنیا بەگشتی، ھەرچەندە ھیچ کەسێک چاوەڕوانی ئەوە ناکات دەوڵەتانی دیکە گڵۆپی سەوزی گشتپرسیی و سەربەخۆییمان بۆ ھەڵکەن، چونکە ئەمە لە کورتترین واتادا بەمانای دەستوەردانە لەسەروەری وڵاتان و دژە لەگەڵ پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەرباری ھەبوونی ماددەی تایبەت بە مافی سەربەخۆیی گەلانی ژێردەست بە ڕێکاری یاسایی و دامەزراوەیی و دیبلۆماسی کە ئێمە تائێستا پێی ھەڵنەستاوین، بەڵام دەبێت ئەو وڵاتانە لەبەرچاو بگرین کە کاریگەریان لەسەر پڕۆسەی سیاسی ھەیە لەسەر ھەرێمی کوردستانی عێراق: حکومەتی بەغدا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ گشتپرسیی و بڕیاری جیابوونەوەدا نییەو دژی ئەوەشە گشتپرسیی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت! ئاشکرایە ئەمەریکا خاوەن ئەجێنداو بەرنامەیە لە عێراقدا، گشتپرسیی و سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دژی ئەجێنداو بەرنامەکانییەتی، ھەر بۆیە دژی ڕادەوەستێتەوە. دەوڵەتی تورکیا لە کۆتا لێدوانی وەزارەتی دەرەوەیدا ھاتووە; بێ دوودڵی دژی گشتپرسیین، وە پێشیان وانییە بتوانن بڕیارەکە بە یاسایی و کرداری جێ بە جێ بکەن. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەڵێن دابەشکردنی عێراق بابەتێکە دوژمنانی ھەرێمی کوردستان دایانڕشتووەو ئەمە دەبێتە مایەی لەناوبردنی ھەموو دەسکەوتەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق. ئەوەی دڵنیاییش دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بریتییە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، مافی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان، نەھێشتنی پێشێلکاری و توندوتیژییەکان و گەندەڵی. ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی کۆتا ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارانەدا شەرمەو نەنگییەکی زۆرمان بەربڕاوە.


(٤)
دواتر بۆ ھەمووان ڕوون بۆوە کە چوون بۆ برۆکسل چالاکی و ھەوڵی دیبلۆماسی نەبوو، بەڵکو تەنھا خەڵکانی دەرخستن و نمایشکردن بوو، ئەو کۆبوونەوەیەی کە ڕێکخرابوو لە ھۆڵی پەرلەمان نەبوو، بەڵکو لە ھۆڵی تایبەت بە کۆنگرەی ڕۆژنامەگەری بوو، لە کۆی ٣٦ دەوڵەت، نوێنەری ٧ دەوڵەت بەشداربوون. ئەمە سەرباری کەمتەرخەمی نوێنەری حکومەتی ھەرێم لەڕووی ئامادەکارییەکانەوە.


(٥)
بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە مەسەلەی سەربەخۆیی پڕۆسەیەکی نیشتیمانی و پڕۆژەیەکی ستراتیژیە، پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی ھەبێت و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان بێت، چونکە بەمجۆرە دەتوانین قەناعەت بە ھەندێک وڵات بھێنین و، ھەندێک وڵات و نەتەوەش خۆیان ھاوسۆزو پاڵپشتمان دەبن لەھەر بارێکدا. ئەمە لە کاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت ڕەھەندێکی شەخسی و حیزبی بداتە ئەم مەسەلەیە، بەڵام خۆشبەختانە بنکەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان و کادیرە باڵاکانیان و بەشێکی بەرچاو لە ڕۆنشبیران و نوسەران و خەڵکی ھۆشیارو چاوکراوە توانیان تەڵەو پیلانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبە پاشکۆکانیان پووچەڵ بکەنەوەو پەردە لەڕووی مەترسییەکانیان ھەڵماڵن.


(٦)
وێڕای ئەوەی کە ئێمە دەتوانین بە فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی بەغداو تورکیاو ئێرانەوە داھاتمان بەدەست بخەین و لەئەگەری نەمانی ئەو دەرچانەدا داھاتەکەمان وەکو پێویست نییە کە بتوانین بە کولەمەرگیش بێت خۆمانی پێ بژێنین، بەڵام ئەوە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە کە لەحاڵەتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا دەبێت خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەغداو تورکیاو ئێران ئامادە بکەین، جگە لەوەی کە ئەو تواناو ھێزە لەئارادا نییە، ئایا ئەمە دووچارکردنی خەڵکی کوردستسن نییە بە نەھامەتیی و ماڵوێرانی و کاولکاری؟ ئایا خەڵک چیتر بەرگەی ئەم ھەموو پەت پەتێیە دەگرێت کە خەتاکەی بە پلەی یەکەم ھێزە سیاسییە کوردییەکان و سیاسەتە چەوت و کورت مەوداکانیانە.


(٧)
بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی داوای ئەوە دەکەن لە ڕێگەی پەرلەمانەوەو، نوێنەرانی گەل مەسەلەی گشتپرسیی تاوتوێ بکەن، کەچی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھێزە سیاسییەکانی دیکە ئەمە بە پەڵپ و بیانوو دەزانن و دەڵێن بۆ مەسەلەیەکی ئاوھا چارەنوسسازو نیشتیمانی نابێت ئەم خواستە بکرێتە بەھانەو بەربەست. لەکاتێکدا ئەوەی بووە مایەی ئەوەی بیانوو بداتە دەست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەچاوێکی سوک و کەمەوە تەماشای نەریتی حوکمڕانی بکەن لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەوەبوو بە زەبری چەک و گوشارو زەبروزەنگ دەرگای پەرلەمانەکەمان داخراو، ڕەوایەتی و یاساییبون و دامەزراوەییبوونی بەڕێوەبەرایەتییە خۆماڵییەکەمان چووە ژێر پرسیارەوە.


(٨)
گومان لەسەر ڕاستگۆیی و دڵسۆزی بانگەشەکارانی دروشمەکانی دەوڵەتی سەربەخۆو گشتپرسیی ھەیە، ئەگەر تەنھا یەک ڕەھەندی ئەم گومانە وەربگرین، دەکرێت ببێتە مایەی بڕواپێکردن، ئەویش ئەوەی ئایا ئێستا بارودۆخی ناوخۆی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبارترە بۆ وروژاندنی گشتپرسیی یان کاتی پڕۆسەی ئازادی عێراق٢٠٠٣ و دوای پڕۆسەی ئازادی و تا قەیرانی موچەو پارەو ھاتنی داعش!؟ بێگومان حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان ئەگەر خزمەت بە ئاییندەی خەڵکی کوردستان بکەن و شانازییەک بۆ کورد تۆمار بکەن با ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییەکانیان خۆش بکەن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکەن و سەروەری یاساو ئازادی بەدیبێنن. لەم سەردەمەدا سیاسەت و حوکمڕانی بەبەکارھێنای کەرەستە و توانو بەردەستەکان ئەرکی سەرەکی بریتییە لە وەگەڕخستنی سەروەت و سامانەکان و دابەشکردنی داھاتەکان بەعەدالەتی، بەڵام دەبینین حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمەدا تا سەر ئێسقان کەمتەرخەم و دەست کورت بوونە، ھەربۆیە خەڵک متمانەی بە پڕۆژەو بەڵێنەکانیان نەماوە، جگەلەوەی ھەمووان دەزانن ئێستا ئەولەویەتی خزمەت کردن بە خەڵک چاککردنی باری ئابوری و گوزەران و بەدامەزراوەییکردنی بەڕێوەبەرایەتیەکانە نەک گشتپرسیی و سەربەخۆیی.


(٩)
ئەوە بۆ ھەمووان ئاشکرایە ئەو زمانەی بانگەشەکارانی گشتپرسیی پێی دەدوێن ئاستێکی نزم و لاوازی سیاسیی و دبلۆماسی لەخۆیدا ھەڵگرتووە، یەکجار نەفەس کورت و خێڵەکی و دوژمنکارانەیە. ئەمە خاڵێکی ھەستیارو گرنگە. ئەم شێوازو ئەدەبیاتە نزمە لە لێدووان و دانوستاندن و وتووێژکردن کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەیە لەسەر لاوازکردنی قوەت و جازبییەتی خواست و داواکارییەکانمان بۆ قەناعەتپێکردنی لایەنی بەرامبەر.


(١٠)
ئەوەی کە تائێستا ھیچ کەسێک نازانێت وردەکاری و بەرنامەو ڕێکارو ئەجێنداکانی گشتپرسیی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان چییەو چۆنەو، وەک مەتەڵ ماوەتەوە، ئەوە گەواھیدەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە ھیچ پڕۆژەیەکی نوسراوو دیراسەتکراو لەئارادا نییە. ئەوەی ئاشکراو زانراوە تەنھا ئەوەیە مەسەلەی سەربەخۆیی و گشتپرسیی فڕێدراوەتە گۆڕەپانەکە، بەڵام سەرباری کاردانەوەی توندو نائومێدکەری وڵاتان بەگشتی، کەچی خۆشبەختانە ڕۆشبیران و نوسەران و سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ھۆشیارانە کەوتونەتە تاوتوێکردن و ھەڵسەنگاندنی ئەم مەسەلەیە. لەکاتێکدا لەسەر ئاستی ھێزە سیاسییەکان ئەو لایەنەی ڕەخنەگرانە کەوتۆتە ھەڵسەنگاندنی سودو زیان، ڕەھەندە ئەرێنی و نەرێنییەکان، ئەگەرو پێشبینییە ھەنوکەیی و دوور مەوداکانی ڕیسکی وروژاندنی گشتپرسیی و سەربەخۆیی زیاتر بزوتنەوەی گۆڕانەو، لایەن و ھێزە سیاسییەکانی دیکەشی ناچار بەھەڵوەستە لەسەرکردن کردووە.


(١١)
لە دۆخێکدا کە ھیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە لە ناوخۆدا دیموکراسیەتەکەمان ناتەواوەو کەمایەسی زۆرە، پانتایی ئازادییەکان تەسک و تەنگەبەرەو پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ ھەیە، دامەزراوەکانی حوکمڕانیمان گەندەڵ و ناسیستماتیکن، لایەنی پیشەسازی و بەرھەمھێنان سفرە، کشتوکاڵ لە ئاستێکی سەرەتایی و دواکەوتودایەو، وڵات توانای پشت بەخۆبەستن و خۆژیاندنی نییە. بەم حاڵەوەو بەچاوپۆشیکردن لە کەموکوڕی و ناتەواوییەکان دەتوانین دەوڵەت ڕابگەیەنین، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ڕووبەڕووین لەگەڵ مەترسی و خەتەرێکی گەورەی ئاسایش و ئابوری، چونکە ئاشکرایە ھێشتا حکومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقدایە کەچی وڵاتانی تورکیاو ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر سنورەکانمان دەبەزێنن و دەستدرێژی دەکەن، جا نەخوازە بەغدا خۆی سەنگەرت لێ بگرێت بەڕێککەوتن لەگەڵ تورکیاو ئێران. ئەمە سەرەڕای ئەوەی سەرلەبەری کاڵاو شتومەک و پێداویستییەکانمان لە دەرەوە بۆمان دێت و ھاوردەکراوە.


(١٢)
خەڵکی کوردستان بەگشتییەکێک لە خەون و ئاواتە ھەرە لەپێش و پیرۆزەکان لەلایان ئەوەبووە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببین بە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان، کەسانێکی زۆر ھەر ھێزێکی سیاسی دروشم و بانگەشەی ڕزگاری نیشتیمانی سەربەخۆیی بەرزکدایەتەوە شوێن ئەو ھێزە دەکەوت، ھەبووە لەم سۆنگەیەوە لەم حیزبەو بۆ ئەو حیزب سەنگەری خەباتی گواستۆتەوە، کەچی ھەر ئەم کەسانە ئێستا دژی ئەوەن پارتی دیموکراتی و یەکێتی نیشتیمانی و پاشکۆکانیان ئەم شانازییەیان بەر ببڕێت، ئەمە ڕق و کینەو دوژمنایەتی لەپشتەوە نییە، پێویستە بە ھەڵە تێنەگەن، بەڵکو کاردانەوەی بەرئەنجامی نەریتی بیست و پێنج ساڵەی حوکمڕانییە چەوتەکەیانە، کە جگە لە خوڵقاندنی کارەساتی گەورەو خستنە ژێر پێی شانازی و شکۆمەندییەکانی نەتەوەکەمان و لاقەکردنی ھەرچی بەھای جوان و پیرۆز ھەبوو نەیانتوانی ھیچی دیکە پێشکەش بکەن.

 

znawdar910@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک