په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠١٦

چەردەیەک لەمەڕ سێ دیاردەی کوشندە.


ناودار زیاد       


هەبوونی ڤایرۆس لەناو هەر شوێنێکی جەستەی مرۆڤدا بەواتای ئەشکەنجەو ئازارە بۆ ئەو لەشە، سیستەمی لەش ناهاوسەنگ ئەکات و مایەی تێکچوون و خەلەلە لەپێکهاتەو بونیادی ئەو مرۆڤەدا. لەم کاتەدا لەهەنگاوی یەکەمدا کەسەکە ئەبێ بەهەر ڕێگەیەک بێت پشکنین بکات و ڤایرۆسەکە بدۆزێتەوە. وەلێ لەقۆناغی دووەمدا بەهەر میکانیزم و وەسیلەو کەرەستەو ماددەیەکی تەندروست و دروست کوشتن و لەناوبردنی ئەو ڤایرۆسە هەم واجب هەم ڕەوایە. کەواتە بەم پێودانگ و لۆژیکەبێت دەتوانین بڵێین کۆمەڵگە وەک جەستەی مرۆڤێک وایە، پێویستە لەو ڤایرۆسانە پاکبکرێتەوە کەخزاوەتە ناو لەشییەوەو بۆتە هۆی داغانکردن و داڕزاندنی. دەی کەواتە لەئێستادا هیچ ئەرکێک لەو ئەرکە فەرزترو پیرۆزترو واجبتر نییە ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسانەبینەوە کەوا لەناو ئەندامەکانی جەستەی ئەم کۆمەڵگە شەکەت و ماندووە گەرایان داناوە. ئەگەر بپرسین ئەم ڤایرۆسانە چین ئەوا هەر پسپۆڕو شارەزایەک ئەتوانێ چەند دانەیەک لەڕەچەتەکەی خۆیدا بنوسێ و بەمەش لیستێکی گەورەی لێ دەرئەچێت. بەڵام من سێ ڤایرۆسی مەترسیدار لەڕەچەتەکەی خۆمدا ئەنوسم کەپێموایە هەریەکەیان دەردو بەڵای کوشندەن بۆ جەستەی ئەم کۆمەڵگە کەنەفتەو بەتەواوەتیش بڕستیان لەبەربڕیوە. وەپێم وایە ئەگەر کو بەهۆشیاری و تێگەیشتنێکی قوڵەوە بەرەنگاریان نەبینەوە ئەوا داهاتووی تەندروستی کۆمەڵگەکەمان نزیک ئەکاتەوە لەشەلەل کردن و لەپێکەوتن و ئەتوانم بڵێم گەیاندنی بەدۆخی بێ بزاوتی و مردنیش، ئەوانیش بریتین لە؛

۱/ مێنتەڵێت و زهنییەتی دواکەوتووانەی خێڵەکی و عەشائیری. هەڵبەت مەبەستم ئەو نەریتە چەوتانەیە کەوا لەگەڵ سروشت و بەها مرۆڤایەتی و مەدەنییەکان ناکۆک و ناتەبایە، لەنموونەی بەخشینی دەسەڵات بەکەسێک یان ژی بنەماڵەیەک لەخێڵێکدا کەدەبنە پەناگەو دەزگایەکی ناڕەسمی ، تەداخول ئەکەن لەکاروباری دامەزراوە ڕەسمییەکانی دەوڵەتداو خودان دەیەها هەژموون و دەسەڵاتی زەوتکاری و قۆرخکردنن. بەچاوی ناموس و شەرەف لەژن ڕوانین و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی لەجۆری دیاردەی کوشتن و پیادەکردنی فشاری ناڕەوا لەسەر ئافرەت. زاڵبوونی دەسەڵاتی پاتریارکی و باوکسالاری و، خولانەوە لەچواردەوری فەرمانەکانی باوک وەک سەنتەرو چەق و ناوەندی بڕیاردان....هتد.

۲/ شوێنکەوتەیی و پاشکۆیی بۆ پارت و حیزبە سیاسییەکان. پێم وایە ئەم دیاردەیە پەڵەو شورەییەکی گەورەیە بەسەر ئیرادەو هزری ئەو کەسەوە. هەڵبەت بەشداری هەر هاوڵاتییەک لەناو حیزبێکی سیاسییدا مافێکی سیاسی و یاساییەو نکۆڵینەکراوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی حیزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لەدوای بنیادنانی دامەزراوە یاسایی و ئیدارییە خۆبەڕێوەبەرییەکانیشەوە پڕۆسەو چالاکی حیزبایەتییان لە ڕێرەوی ئاسایی خۆی دوورخستەوەو بەشێوازێکی هەڵەو ناشایستەو نادروست ئاڕاستەیان کردو سەرپاکی کۆمەڵگەیان بەحیزبی کرد، بۆیە هەڵوێستی دڕاندنی ناسنامەی حیزبی و مانەوەمان وەک کەسێکی سەربەخۆو بێلایەن تاڕۆژی دەنگدان و هەڵبژاردن ئەرکێکەو لەم دۆخەدا لەخزمەتی کۆمەڵگەکەماندایە. لەدنیادا پارتی سیاسی بریتییە لەناوەندو گەیەنەرێک لەنێوان کۆمەڵگەو دەسەڵاتی سیاسیدا کەهاوکات ئامڕازێکە بۆخزمەتکردن بەکۆمەڵگە لەڕێی پیادەکردنی ئەو پەیڕەوو پڕۆگرامانەوە کەبانگەشەی بۆ ئەکات، کەلەڕێیەوە متمانەی خەڵکی بەدەستهێناوە. کەچی لەم کۆمەڵگەیەدا حیزبی سیاسی زۆرینەی رەهای تاکەکانی لەخۆیدا تواندۆتەوەو بێ کاریگەریانی کردووە. سڵاحیاتی لەسەرووی سێ دەسەڵاتە سەروەرییەکەوەیە(دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان، دادوەری). جێپەنجەو مۆرکی خۆی داوە لەتەواوی هزرو هەڵوێست و کردەوەو چارەنوسی تاکەکان. پانتاییەکی گەورەی قەڵەمرەوو سەرحەدی ناسنامەو ئەوێتی تاکەکانی داگیرکردووە بەجۆرێک ڕۆڵی تاک لەکۆمەڵگەدا لەدەرەوەی حیزب یەکسانە بەسفر....هتد.

۳/ ڕووبەڕووبونەوەی گشت دیاردە توندڕەوو بۆگەن و داڕزاوەکان کەدەرهاویشتەی عەقڵیەتی پێڕەوانی ئایینی ئیسلامە. ئەو دیاردانەی بەمیرات لەبیرکردنەوەو باوەرەکانی زانا توندڕەوە موسڵمانەکانەوە بەجێماون، لەنموونەی تەکفیرکردن و ڕەتکردنەوەو بەسوک تەماشاکردنی ئەویتری بیرجودا. جەختکردنەوەی زۆر لەسەر لایەنە ڕووکەشی و سروت و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان، دژایەتی کردنی ژانرەکانی ئەدەب، فەلسەفە، هونەر، شانۆو موزیک، نەسازان و ناکۆکی موسڵمانان لەگەڵ سروشتی مرۆیی و ڕێژەییبونی حەقیقەت. دروستکردنی تاکێکی دووفاق و دیماگۆج لەڕێگەی فەلسەفەو پەروەردە ناسروشتی و ئاڵۆزکاوەکەیەوە....هتد. هەڵبەت ئایینی ئیسلام جگە لەبەهاو مۆڕاڵە گەردوونی ومرۆڤایەتییەکانی ناوی کەپاوانی هیچ ئایین و ئایدۆلۆژیاو کلتورو میللەتێک نییە لەنموونەی راستگۆیی، دەسپاکی، پاک و خاوێنی، بەڵێن ...هتد. ئەوا سەرلەبەری نوسراوو دەق، بەرنامەو ڕێساو بنەماکان، نەریت و کلتورو مێژووەکەی شایانی خستنە ژێر نەشتەری ڕەخنەو دووبارە ڕاڤەکردنەوەو هەڵسەنگاندنەوەیە بەڕۆح و ووزەی مرۆڤی نوێ. لەکاتێکدا کەناتوانرێ قسە لە بەتاڵکردنەوەی کۆمەڵگە بکەین لەئایین بەڵام دەتوانین قسە لەبونیادنانی تاکێک بکەین کەبەهۆشیارییەکی قوڵ و تێگەیشتنێکی نەرم و مرۆڤانەوە پیادەی بیروباوەڕە ئایینییەکانی بکات.

 

 

znawdar910@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک